کۆرۆنا و فەرەنسا، خوا یاریمان لەگەڵ دەکات

Monday, 03.09.2020, 3:11

2220 بینراوە


هەتا ئەمڕۆ لەفەرەنسا نزیکەی 1000 کەس توشی نەخۆشی کۆرۆنا بون، یانزە کەسیان مردون، ئەوانەی کە مردون زۆربەیان کەسانی بەساڵا چو و لاوازبون. فەرەنسا لە قۆناغی دوی نەخۆشیەکەدایە، واتە لە قۆناغی یەکەمدا پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرا کە لە وڵاتێکی ترەوە دەهاتنە سەر ئەرزی فەرەنسا پاشان دۆزینەوەی نەخۆشی ژمارە سفر واتە ئەو کەسەی یەکەم جار توشی نەخۆشیەکە بوە، بەجیا دادەنرا هەتاوەکو ئەوانی تر توش نەبن، یان دابڕانی ئەو ناوچانەی کە نەخۆشی کۆرۆنای تێدا تەشەنەی سەندوە، بەلام وادیارە کەهەفتەیەکی تر دەچینە قۆناغی سێ، واتە وەک نەخۆشی لەرزوتا هیچمان پێناکرێت و نەخۆشەکان لەماڵەوە دەمێننەوە هەتا چاک دەبنەوە یان دەمرن. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە لەرزوتا هەمو ساڵێک نزیکەی هەشت هەزار کەس دەکوژێت لەفەرەنسا، واتە نزیەی لەسەدا یەکی توشبوەکان کەدەگاتە هەشت سەد هەزار بەڵام کەس باسی ناکات، هەتاوەکو ئێستاکە کۆرۆنا لەسەدا یەکو نیوی کوشتوە. پەرلەمان دوێنێ داخرا لەبەر ئەوەی کە پەرلەمەنتارێک توشی کۆرۆنابوە و هەروەها پەرلەمانتارەکان زۆریان کەسانی بەساڵاچون. کۆبونەوەی خەڵکی لە پێنج هەزار کەس وەک کۆنسێرتو هەندێک روادوی تر دواخراون. خەڵکی باسی نەخۆشیەکە دەکەن بەلام زۆر ترسیان نیە، میترۆ و بازڕ خەڵکی کەمتر لێیە لە جاران، دەبێت بوترێت کە ئاو وهەواش بە پێی وەرزەکەمان زۆر ساردترە. ئەوانەشی لەسایتە عەرەبیەکانەوە وەری دەگرن کەگوایە ڤاکسین دۆزراوەتەوە ئەوە هیچ بنەمایەکی نیە، بە پێی هەوالەکان پێویستمان بە سالێکە. قۆناغی چوارەم ئەوەیە کە هەموشت وەک خۆی لێ دێتەوە.

چەند سەردەمێک لەمەوبەر بیرمەندو فەیلەسوفەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە گوایە بەبۆنەی رونەدانی شەڕ و پەتاوە ژمارەمان زۆرتر بوە لەسەر زەوی، تەنانەت ئابوری ناسی فەرەنسی، ژاک ئەتالی دەیوت کە دەبێت پەتایەک بێتو ژمارەیەکی زۆر لەخەڵکی بکوژێت، ئەمەش وەک پیویستیەک. هەروەها باسی پێویستی گەڕانەوەی شەڕێکی جیهانی دەکرا بۆ داڕمانو دروستکردنەوەی سەرلەنوێ وەک لە ڕابوردودا، ئەگەر لە ڕابوردودا هەمو نیو سەدەیەک شەڕێکی جیهانی روی ئەدا ئێستاکە هەمو ڕێگریەک کراوە، ئەو ڕێگریەش تەنها چەکی ئەتۆمی نیە بەڵکو سیستەمی کۆمۆنیکاسیۆنی مۆدێرنە کە کۆمەڵگەی مرڤایەتی کردوە بە یەک جیهانی دانەبڕاو لەیەکتری، بەلام لەهەمان کاتا ئەم گردبونەوەیە لەدەوری یەکتری پێوسیستی بە ڕوداوی زۆرترە ؛ کاتێک وەسسیلەیەک دروست دەکەین بۆ مەبەستێک دەبێت هەمیشە کارابێت، سیستەمی ئەنتەرنێتو کۆمۆنیکاسیۆنی خێراو سایتە کۆمەڵایەتیەکان روداوی هەمیشە نوێیان پێویستە کە تەنها سمتی کارداشیان بەس نیە بۆ خەریککردنی مرۆڤایەتی، هەر ئەم تێکەڵبونەشمانە کە ئابوری جیهانی سواری ئەسپی بێلغاو کردوە و شوڵی بێ مۆراڵی لێ هەڵکێشاوە، هەر بۆیەش ئەم ئابوریە هەمیشە پێویستی بە هەڵئاوسانە، لەکاتێکدا خەڵکی دەیبینن کەئەو هەڵئاوسانە باری ژیانیان باشترناکات، بەڵکو بە پێجەوانەوە، لەبەر ئەوەی هیزێکی پێجەوانە نیە دژی سیستەم وەک لەسەردەمی کمۆنیستیدا، بۆیە کاپیتالیسم قۆڵی لێ هەڵکێشاوە و پیاوانی سیاسیش لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتو ئەفریقادا نازانن پارەکانیان لە چ کونێکدا بشارنەوە هێندە زۆرن. کەواتە ئەم پەتایە و چەندەها کارەساتی تری ژینگە کە پێدەچیت لەداهاتویەکی نزیکدا روبەروی ببینەوە جێگەی ئەو هێزە دەگرێتەوە کە روبەروی ئەو سیستەمە دەبێتەوە کە بەبێ وچان بە کوێرانە لەژێر کاریگەری هیزێکی نادیار مل دەنێت، هەتاوەکو پشویەکی پێبداتو بیتوانێت سەیری ڕوخساری خۆی بکاتو پرسیاری لێبکات :

شاخەکە من جوانم یاخود تۆ؟

مرۆڤ وەک بونەوەرێک بەرهەمی ئەو سروشتەیە کە تیایدا دەژی، ئەو سروشتەی کە هەمیشە بەبێ وچان لە جوڵاندایە، بورکانو تۆفانو بارانو بومەلەرزە و ...تاد، خۆ پەتا و شەڕیش بەرهەمی هەمان سروشتن، جگە لەوەی کە مرۆڤ بەهۆی داڕمانو گۆڕانکاریکردن لەدەوروبەری بە مەبەستی مانەوە و بژێوی ژیانی، ئەم روداوانەی زیاتر کردون. کاتێک ساڵی 1320 مەنگۆلەکان بەشیکی زۆر جیهانیان داگیرکردو کوشتارێکی زۆریان کرد لە جیهاندا، لەسەدا بیست هەتا چلی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی داگیریان کردبون بە پەتاو کوشتار لەناوچون، لەدوای مەنگۆلەوە 1520، 1620، 1720، 1820، 1920، 2020، وەک سایکلێک ئەم پەتایانە دوبارەدەبنەوە، باسی لەناوچونی داینەسۆرەکان ناکەین. هەرچەندە مرۆڤ جیا لەهەمو بونەوەرەکانی تر، جیا لە ئاژەلان، توانای هەڵبژاردەی هەیە لە کارەکانیدا، کە ناوی ناون خراپەو باشە، کە هەریەکەشیان بە پێی دیدی خۆی دەبنە خراپەو باشە دەنا هیچ کارێک لەئەزەلیدا نە خراپە و نەباشە، بەلام پێدەچیت ئەو هەڵبژاردەیە سنورداربێتو روداوەکان دوبارەببنەوە و سایکلەکان سەپێنرابن بەسەریدا هەر سەردەمەو بەجۆرێک، مردنی ملوێنەها مرۆڤیش لەسەر زەوی چی دەگۆڕێت لە قەدەری گەردون ؟ ئەوە نەبێت کە هەمو کارێک کەدەیکەین، توشی کاردانەوەیەک دەبینەوە، کاتێک دەستت دەکێشیت بە دیوارێکدا دیوارەکە کاردانەوەی دەبێت لەسەر دەستت، ئەم پەتایەش هەر هەمان دەوری کاردانەوەیە، کاردانەوەی خراپەکانمان نا چونکە بۆ سروشت خراپەو باشە بونی نیە تەنها کاردانەوەی کارەکانمانە لەم گەردونەدا وەک پوشوپەڵاشێکی دڕکاوی، مەبەستم لەوە نیە کە بڵیم لەبەر ئەوەی کە چینیەکان شەمشەمە کوێرە دەخۆن بۆیە پەتای کۆرۆنۆمان بۆ هاتگە، نا، چونکە شەمشەمە کوێرە هەروەک مەڕومانگا وان کە موسلمانان دەیکەن بەخێر لەبەردەم خواکانیاندا، روداوی شەڕ یان پەتا وەک جۆرێک لە پشوودان لەو رەوتەیە کە مرۆڤایەتی گرتویەتیە بەر، چونکە کاتێک تۆ لە ئەکسیۆندایت دیمەنەکانی دەروبەرت وەک خۆیان نابینیت، دیمەنەکان تێک دەشکێن، شکڵێکی تریان هەیە، واقیعی نین، کاتێک دەوەستیت ئەوسا دەتوانیت بەرهەمی کارەکەت ببینیت، وەک سانتۆگوستان دەڵێت : کۆتایی هەموشتێک لەدایکبونی جیهانێکی نوێیە. لەدوای هەمو شەڕی جیهانیەکیش بوژاندنەوە و دەستپێکردنەوەی ژیانێکی تر بوە، ئەم بوژاندنەوەیەش لەهەمو بوارێکدا، هونەری و سیاسی و ئابوری و فەیلەسوفیش، بیرۆکەی نوێ بە هێزێکی زیاتر بنیاتنەر خۆی نمایشدەکات دوای داڕمانی دەروبەرمان.


*
ئەو لەزەتەی کە پێمان دراوە لەکاتی جوتبوندا، لەکاتی سێکسکردندا پاداشتێکە و پێمان دراوە هەتاوەکو بەردەوام بین لەسەر ئەم زەویە و نەوەی نوێ بخەینەوە، سروشت هەڵمان دەخەلەتێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سروشت کوێرە و هیچ مەبەستێکی نیە چونکە ئەگەر بشزانێت کە تۆ ئەو تۆوە ڕۆ دەکەیتە سەر زەوی هەر ئەو لەزەتەت پێ دەبەخشیت، کەواتە روداوەکان ئۆتۆماتیکینو هیچ مەبەستێکیان لەپشتەوە نین، وەک بومەلەرزە و بورکانو سونامی دوبارە دەبنەوە، ئەوە ئێمەین کە ئاراستەیەک، مانایەک ئەدەین بەو ڕوداوانە، چونکە ئەگەر ئێمە وەک شایەت بونمان نەبێت لەم سەر ڕوی زەویە، ئایا ئەم ڕواداوانە بونیان هەیە بەبێ ئێمە ؟ هەر ئەمەشە کە پێمان دەڵێت کە پێ دەچێت ئێمەی مرۆڤ وەک پیویستیەک بونمان هەبێت لەسەر روی زەوی، لەگەڵ ئەوەشدا کە سروشتمان تەواو شەڕانگێڕیە، کارمان داڕمانو لەناوبردنی چەندەها ئاژەلو روەک بوە لە ڕابوردودا، ئایا ئێمە تەنها خواوەندێکی داڕمێنەرین، ئەهریمەنین ؟ هەر بۆیەش لەم سەردەمەدا گەڕانەوە بۆ فکری کۆنەپەرستی بەربڵاوە، لەبەر ئەوەی کە تەکنەلۆژیو داهێنانەکانمان نە خستۆتە خزمەتی مرۆڤایەتی هەربۆیەش گەڕانەوە بۆ فکری کۆنەپەرستی لەهەمو جیهاندا لەگەشەسەندندایە ، لەئەمەریکا خەڵکی دەڵێن کە زانست هەڵی خەلەتاندون چونکە زەوی تەختەو خڕ نیە، هەر بەو پێیەش وردە وردە ، کەسایەتیە کۆنەپەرستەکان واخەریکن دەبنە ئەکتەری سەرەکی لە بڕیاردان لەژیانماندا. پەتاو شەڕو روداوێکی گەورە هەمو ئەم شتانە دەداتە بەرپرسیار وەک چۆن لەڕابوردودا خودا تاوەری بابیلۆنی ڕوخاند، بە ڕێکەوت لەو کاتەدا کە بابیلۆن گەشتبوە لاوازی دەسەڵاتی. بۆ یە لە کوردەواریدا دەڵێین : خوا هەتا کێو نەبینێت، بەفری تێناکات.