ئەردوغان لەژێر سێبەری ڕێککەوتنی سوچیدا دژی ڕوسیا چی کرد!؟

Monday, 09/03/2020, 3:24

6808 بینراوە


نزیک بوونەوەی ڕوسیا لە تورکیا، واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی لەگەڵ تورکیا، فرۆشتنی موشەکی ئێس- ٤٠٠ بە ئەردوغان، ئەوە ناگەیەنێت کە ڕوسیا هەژماری زلهێزێکی جیهانی بۆ تورکیا دەکات، لەگەڵ خۆیدا لە یەک تای تەرازوو دەیبینت و دایدەنێت، یان لەسەر ئاستی دنیادا ئەو هەژمارەی بۆ دەکرێت. موجامەلە کردنی تورکیا لەلایەن ڕوسیاوە مانای ئەوە نییە کە ڕوسیا لە هێزی سەربازی و ئیمکاناتی تورکیا دەترسێت. دەمێکە لە مێژوودا ئەوە ساغ بۆتەوە کە تورکیا تەنیا بە گیان ژن و منداڵ و خەڵکی سیڤلی بێ چەکی وەک کورد و ئەرمەنی توانیویەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی سەرکەوێت.
ڕوسیا و تورکیا دوو یاریکەری سەرەکیین لە جەنگ و گرفەتەکانی سوریادا. هەردووکیان بە ئەندازەی یەکتر تاوانبارن لە کوژرانی چوار سەد هەزار کەس و ئاوارەبوونی سەدان هەزاری دی. ئەو دوو وڵاتە بۆ بردنەوە لەو گەمەیەدا تاکتیک و ئەجێندای تایبەتییان هەیە. هەردووکیان جگە لە سوپا خاوەن هێز و میلیشیای چەکدارن. ڕوسیا و تورکیا هاوپەیمانن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە تەباکان و ناتەباکان و سەرۆکی وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کارتی فشاریان لەسەر ئەو بیناغەیە دژ بە یەک بە دەستەوەیە. ئەوان بۆ ئەوەی مەرجەکانیان بەسەر یەکدا بسەپێنن، لە کاتی پێویستدا بۆ بەرژەوەندییەکانیان ئەو کارتانە دژ بە یەک بەکار دەهێنن. یەکێک لەو کارتانەی کە بەدەست ڕوسیا بوو، کارتی کوردی ڕۆژئاوا بوو، کە پوتین بۆ ڕازی کردنی دڵی ئەردوغان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی سوچی لەگەڵی بەکاری هێنا، بۆ ئەو مەبەستە هێزەکانی لە عەفرین کشاندەوە، گەلانی ئەو دەڤەرەی لەژێر ڕەحمەتی سوپای تورکیادا جێهێشت!
ڕوسیا بەم هەڵوێستەی ناپاکی بەرامبەر هاوپەیمانیەکی دڵسۆزی خۆی کرد، کە کوردی ڕۆژئاوا بوو، هەقیقەتی خۆی بۆ گەلانی دنیا دەرخست کە چەندێک هێزێکی بێ پرنسیپ و بێ مۆڕاڵە و لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەویی و ناوچەکە شەرمەزار بوو. ئەم کارە ناجورەی ئەو کاردانەوەی خراپی هەبوو لەسەر ناوبانگی ڕوسیا. بێ گومان پوتین ئەمەی بۆ ئەردوغان کرد بۆ ئەوەی دواتر بتوانێت ڕێککەوتنی سوچی لەگەڵ تورکیادا واژۆ بکات. پوتین لەم ڕێککەوتنەدا بەهیوای ئەوەبوو، کە ئەردوغان هاورێیەکی دڵسۆز بێت، پابەندی بەڵینەکانی نێوانیان بێت، کە لە چوارچێوەیەکی فەرمی لە ڕێککەوتنی سوچی خاڵبەند کرابوون، کە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە دەبوایە ئەردوغان هێز و میلشیای چەکداری سەربەخۆی لە ئیدلیب بکشێنێتەوە، ئەو شارە وەک هێلکەیەکی سپی کراو لە ڕێگەی ئەسەدەوە ڕادەستی ڕوسیا بکات!
مۆسکۆ و ئەنقەرە، هەمیشە بای ئەوە یارمەتی میلیشیاکانیان دەدەن تا ئەو ڕادەیەی کە بتوانن لەو جەنگانەی کە ئەوان دەیانەوێت گوزەر بکەن، تا ئەو کاتەی مەرجەکانیان دەسەپێنن نەک بۆ ئەوەی ئەو هێزانە بەرەو سەرکەوتن ببەن یان بتوانن ئامانجی ئەجێندا سیاسیەکانیان لەنێو گرفتەکاندا بپێکێن. ئەوان کاتێک کە کاریان بەو هێزانە نەما، بۆ پاراستنی نهنێیەکانیان ئینجا هەوڵی لەنێوبردنیان دەدەن و سەڕۆکەکانیشیان بە کوشتن دەدەن. واتە ڕوسیا خۆی لەو ڕاستییە گێل کردوە کە ئەردوغان هەوڵ دەدات، کار بۆ ئەوە دەکات، کە وەک سەرکردەیەکی یەکەمی ئیسلامیی لە دنیای عەرەبی و ئیسلامیی و سونە مەزهەبدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتە سەر تەختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و کڵاوی سوڵتان لەسەر کا، هەژماری بۆ بکرێت، لەبەرئەوە هێشتا ئەردوغان پێویستی بەو میلیشیانە ماوە و مەحاڵە جارێ لەنێویان بەرێت و سەرکردەکانیان بکوژێت!
لە یەکەم ڕۆژی ڕێککەوتنی سوچی تا هەنووکە کە دوو ساڵ بەسەر ئەو ڕێککەوتنە تێپەڕیوە، ئەردوغان هێزی میلیشیای چەکداری هەیئەی تەحریری شامی لە ئیدلیب نەک هەر نەکشاندەوە، بەڵکو شانبەشانی ئەوان، لەو شارەدا جەنگی دژ بە هاوپەیمانەکانی ڕوسیا کرد، کە یەکێک لەوان ئەسەد بوو. گەیشتە ئاستێک ڕوسیا و تورکیا لە ئیدلیب جەنگی ڕووبەڕووی ڕاستەوخۆیان لەنێواندا هەڵگیرسا، کە دەمێک بوو ڕوسیا خۆی لە جەنگێکی لەو جۆرە دەپاراست، هەمیشە خۆی وا دەردەخست کە بووە بە هەڵگری پەیامی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا، بەڵام لەبەر لاملی کردنی ئەردوغان و پابەند نەبوونی بە ڕێککەوتنی سوچی، ڕوسیا ئەمەی بۆ نەچووە سەر، نەیتوانی لە ڕێگەی میلشیاکان و سوپای سوریادا شەڕی تورکیا یەکلای بکاتەوە و بە ناچاری ڕاستەخۆ هاتە سەر هێڵ و سەری بە ئەردوغان شۆڕ کرد!
ئەردوغان لەژێر سێبەری ڕێککەوتنی سوچیدا، لە پشت پۆتینەوە، هەوڵی دا وەکو سەرکردەیەکی ئیسلامی سونی لە دونیای وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی خۆی بنوێنێت و دەستی بە جموجۆڵ کرد. ئەو جگە لەوەی کە هاوکاری میلیشیاکانی ئیدلیب بوو دژ بە ئەسەد و ڕوسیا، لە خاکی تورکیاوەش یارمەتی ڕێکخراوی حەماسی دەدا بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا پەلوپۆ باوێت و ئەوانیش وەک سەرکردەیەکی ئیسلامی بێ هاوتا لە ئەردوغان بڕوانن.
ڕێککەوتنی سوچی یارمەتیدەر بوو کە ئەردوغان وەک ئەستیرەیەکی سونە مەزهەب زێتر دەستی ئاواڵا بێت، بۆ ئەوەی هاوکاری زێتری ئیخوانەکانی میسر بکات، کە ئەمە گرفتی زێتری نەک تەنیا بۆ سوریا و ڕوسیا دروست کرد، ئەڵبەتە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و میسریشی خستە مەترسیوە. هەردوو وڵات لەم هەڵویستەی هاوپەیمانەکەی ڕوسیا نیگەران بوون، لە کاتێکدا ڕوسیا لەو ماوە دیاریکراوەدا خۆی لە ئیسرائیل و میسر زێتر لە جاران نزیک کرد بوو، گەلێک گرێبەستی ئابووریی و سەربازیی لە گەڵ هەردوو وڵاتدا بەست بوو، کە نەیدەویست ئەو هەوڵە دیبلوماسیانەی پوچەڵ بێتەوە، ئیسرائیل و میسری لێ زویر بێت و دوژمنایەتی بکەن!
تورکیا لەژێر پەردەی ڕێککەوتنی سوچیدا، پاڵپشتی سەرسەختی حکومەتی سەراجی ئیسلامی لیبیای کرد، لە کاتیکدا ڕوسیا لە دژە سەنگەری ئەو حکومەتەدا یارمەتی حەفتەری دەدا. ئەردوغان هەر بەوە نەوەستا پەلوپۆی بۆ ئەفغانستانیش هاویشت و لە جاران زێتر هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ ئەوەی لەوێش هەژماری سەڕۆکێکی ئیسلامیی بۆ بکرێت، پەیوەندییەکانی لەگەڵ قەتەر و تونسیش قوڵتر کرد و مەشق پێ کردنی میلیشیا سونەکانی لە عیراق لە جاران زێتر کرد. لە سایەی هەمان ڕێککەوتنیشدا موشەکی ئێس-٤٠٠یشی لە ڕوسیا کڕی.
ئەردوغان، زانیاریی هەبوو کە پاکستان بە دۆخێکی سەختدا ڕەت دەبێت، قەیرانی ئابووری لەو وڵاتەدا سەریهەڵداوە، بۆ بەهێز کردنی پێگەی سیاسی و ئاینیی خۆی لەنێو کۆمەڵگەی ئیسلامیی ئەو وڵاتەدا، یارمەتیدانی ئابووری وەک ئامرازێک بەکارهێنا و توانی حکومەتی پاکساتن هەڵخەڵەتێنێت و بۆ پێکانی مەبەستەکانی لە هۆڵی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا چەند جارێک وتار و گوتەی خۆی ڕاگەیاند و دژ بە هیندستان خۆی کرد بە خاوەنی کێشەی کشمیر. بەمجۆرە ئەردوغان ڕێککەوتنی ئابووری واژۆ کرد، پەیوەندیی بازرگانی نێوان تورکیا و پاکستان هەنووکە ٩٠٠ میلیۆن دۆلارە، ئەردوغان لەگەڵ پاکستان ڕێککەوتووە تا ساڵی ٢٠٢٣ ئەو ڕێژەیە بەرزکاتەوە بۆ ٥ بیلیۆن دۆلار. شایەنی ئاماژە پێ دانە کە ئەردوغان لە چەند بۆنەیەکدا دوپاتی کردۆتەوە کە پاکستان پاڵپشتی لە هەڵویستەکانی ئەو دەکات بە تایبەتی لە هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین و داگیرکردنی.
ئەردوغان لەژێر سێبەری ڕوسیادا و دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی سوچی زێتر لە جاران وەک موسڵمانێکی توندڕەو خۆی پێشانی کۆمەڵگەی نێونتەوەیی دا. ساڵی ڕابردوو کاتێک کە کاری تیڕۆری لە کەنیسەیەکی نیوزیلاندا ئەنجام درا، ئەردوغان وتارێکی توندی دژ بە ئوسترالیا و نیوزیلاندە پێشکەش کرد، ئەو کارە تیڕۆرەی بەستەوە بە جەنگی ئوسترالیا و نیوزیلاند کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دژ بە تورکیا کردبوویان. دوای ئەو وتارە سەڕۆک وەزیرانی ئوسترالیا وەڵامی ئەردوغانی دایەوە.
جەنگی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، کێشمەکێشمیان لەسەر بەرژەوەندیی ئابووری. بۆ خۆپاراستن لە شەڕی ڕووبەڕووی ڕاستەوخۆ کۆمەڵێک میلیشیای سەربەخۆیان دروست کردوە و بەکاریان دەهێنن. بە شێوەیەکی گشتی، بوونی گرفت و جیاوازی نێوان گەلانی ئەو دەڤەرە، دابەشبوونیان لەنێو گروپ، حزب و ڕێکخراوی سیاسی لەژێر چەتری سەرکردەی بەرژەوەندیی پەرستی خۆفڕۆش، کۆمەڵێک فاکتەری گرنگن کە بوونەتە هۆی دروست بوونی دۆخێکی نائارام لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لە ئاکامدا بە میلیۆنان خەڵکی سیڤل ئاوارە و دەربەدەر بوون. یەکێک لەو زلهێزە ناوچەیانەی کە ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە خوڵقاندنی ئەو جۆرە دۆخە سیاسەتەکانی ئەردوغانە، جگە لە سوپاکەی بە سەدان هەزار میلیشیای دروست کردوە کە بۆتە هۆی نائارامیی و ناسەقامگیری بارودۆخی گەلانی ئەو ناوچەیە بە تایبەتی لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کە بە میلۆنان خەڵک دەربەدەر بوون. سەرباری ئەوەش کەمپی پەنابەرانی لە وڵاتەکەی کردۆتەوە، کە ساڵانە بە بیلیۆنان دۆلار لە وڵاتان وەردەگرێت، کە گوایە ئەو داڵدەی پەنابەرانی داوە، کە بە دڵنیاییەوە سێ بەشی ئەو پارەیە دیار نییە چی لێ دەکرێت و بەتێروتەسەلی بۆ پەنابەران خەرج ناکرێت. ئەردوغان سەرەڕای ئەوەی کە دوو ساڵە ڕێککەوتنی سوچی لەگەڵ ڕوسیادا واژۆ کردوە، دەیەوێت ئەمریکا و ئەوروپا پشتیوانی لێ بکەن بۆ ئەوەی لە ئیدلیب دژ بە ڕوسیا بجەنگێت، بۆ سەپاندنی ئەو مەرجە بەسەر ئەوروپا ئەو پەنابەرانە وەک کارتی فشار بەکار دەهێنێت، حاڵی حازر دەستی کردوە بە شێوەیەکی نامڕۆڤانە، ئەو پەنابەران لە تورکیا دەردەکات، بەرەو سنووری وڵاتەکانی ئەوروپا ڕاویان دەنێت. ئەردوغان بە بێشەرمی لە وتارەکانیشیدا بەو جۆرە هەڵوێستە خۆی هەڵدەکێشێت!


دەرەنجام:

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پوتین و ئەردوغان بۆ ڕاگرتنی جەنگی ئیدلیب ڕێککەوتنێکی دیان واژۆ کرد. ئەو ڕێککەوتنە تەنیا نیمچە ڕێکەوتنە، هەمان چارەنووسی ڕێککەوتنی سوچی دەبێت، نابێتە هۆی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە سوریا و کلیلی کردنەوەی دەرگەی چارەسەر نییە. ئەو ڕێککەوتنە تەنیا کاتی و ناوچەییە، واتە ڕاگرتنی جەنگ نییە لە سەرتان سەری سوریادا، تەنیا ڕاگرتنی جەنگە لە ئیدلیب.
کێشەی نێوان ڕوسیا و تورکیا کۆتایی نەهاتووە، لەبەرئەوەی تورکیا و میلیشیاکانی تەنیا لە ئیدلیب نین، ئەڵبەتە لە زۆر ناوچەی دی ئەو وڵاتە هەن، بە تایبەتی لە عەفرین کە ڕوسیا خۆی ئەو شارەی ڕادەستی تورکیا کرد، ئێستاکە دەبێت باجەکەی بدات و ئەویش جەنگێکی دی بە نێوچەوانەوەیە. تورکیا دوای هاوپەیمانەتی لەگەڵ ڕوسیا و ئیران لە جەنگی دژ بە داعشدا وا بە ئاسانی سوریا جێناهێڵێت، لە کاتێکدا ڕوسیا بە بۆنە بووبێت یان بێ بۆنە هەمیشە دوپاتی ئەوەی کردۆتەوە کە ئەو لەگەڵ سوریایەکی یەکگرتوە بە سەڕۆکایەتی ئەسەد، دواتر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەستکاری کردنی دەستوری ئەو وڵاتە واتە پاراستنی سنووری جوگرافیای سوریای کۆن کە ئەردوغان ئەوەی ناوێت.
گرفتی نێوان ڕوسیا و تورکیا لە لیبیا بەردەوامە، ئەردوغان لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ئەوان نابن بە میوان ئەگەر بانگێشت نەکرابن بۆ لیبیا و ئەوان پشتیوانی لە حکومەتی شەڕعی لیبیا دەکەن، کە ئەمە پێچەوانەی خواست و بەرژەوەندییەکانی ڕوسیایە. هەڵوێستی ئەردوغان و پوتین بەرامبەر بە میسر، قەتەر، سعودیە جیاوازە. کۆمەڵێک گرفت و کێشەی دی لە ناوچەکە هەیە کە لەسەر کۆی هەموویاندا ڕوسیا و تورکیا هەڵوێستیان جیاوازە، هەروها ڕەنگە ئەوجارە ئەردوغان بە تەواوی پابەندی بەندەکانی ڕێککەوتنی سوچی نەبێت و خاڵی تازە و مەرجی دی بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ. لە هەمووشیان گرنگتر ئەوەیە کە ئەردوغان هێشتا دەیەوێت ببێت بە سوڵتانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ناوچەکە، بۆ ئەم بیرۆکەیش کارانە کار دەکات، کە بەرژەوەندیی ڕوسیا لە ناوچەکدا دەخاتە مەترسیوە و بەدیهێنانی ئەو خەونە کە مەحاڵە ئەردوغان ڕوسیا بەرامبەر بە تورکیا لاواز دەکات، کە هەرگیز زلهێزەکانی دنیا نەک تەنیا ڕوسیا ڕێگە بە زەبەلاح بوونی تورکیا و بوونی بە زلهێزێکی جیهانی نادەن.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە