بۆ یەکەمجار: تیرۆری غەفور مەحموودیان لە سەر دەمی کۆماری مهاباد

Wednesday, 11/03/2020, 0:50

7272 بینراوە


پێشەکی:

مێژوو ناشادرێتەوە،ئەوە مرۆڤەکانن مێژوو دەشاڕنەوە. قەوز و پۆشکردنی دیرۆک بە مەبەستیی تایبەت پێکدێ. نەتەوەی کورد لە سەدەی رابوردوودا لەو بوارە هەڵەی یەکجار مەزنیی کردوە، هۆی هەڵەکانیش ئەو کەسانە بوون کە وێنەی سەرکردە یان رێکاریی حیزبیی ویستوویانە بەو شێوەیە کە بۆ خۆیان پێیان باش بووە دۆزیی کورد چارەسەر بکەن.
تەماح بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایان بەڕێوەبەرانی حیزبیی یان بنەماڵەکانیان بارودۆخێکی وای خوڵقاندووە کە کوردستان هەرئاوا ژێر دەستە بمێنێتەوە. کێ باوەڕدەکا دوای ٢٩ جار سەرهەڵدان ئەوە بێ ژیانی کورد لە هەر چوار بەشی وڵات! ئەوە چ رەمز و ڕازێکە کە کۆمەڵگای کوردەواریی بە دەستی خۆی قارەمان و سەرکردە دروست دەکا، کاتێك وەخەبەردێ کە سەرەچەرم ئاوبردوویەتی و کار لە کارترازاوە. سەرکردەکان یان تەسلیم بون، یان تیرۆرکراون یان بوونەتە داردەستیی دووژمن! بەشە مەینەتیش بۆ کوڕە هەژار و بنەماڵەی ئەو کەسانە ماوەتەوە کە منداڵەکانیان شەهید بوون یان بۆ خۆیان پەراوازەی هەندەران کراون! مێژووی شاراوە و جێگای بەتاڵی مێژووی خەسارناسیی دوونەهامەتین کە کورد پێیانەوە دەناڵێ! بێ بەختیەکی دیکە دیرۆکمان لەوەدایە بیانیی زیاتر رووداوە مێژووییەکانمانی تۆمار کردوە و نووسیویەتیەوە. ئەوەی بۆ خۆمان کردوومانە زۆر کەم ولاوازن. بە پیرۆزکردنی تاقمێک سەرکردەی کوردیش وەها بۆتە بریندارکردنی جەستەی مێژوومان کە هیچ دەرمانێکی دیرۆکیی بۆ نادۆزینەوە. ئەو رێگوزەرە تاڵە چین، چین، چین وتوێژەکانیی کۆمەڵگای فیدای هەوا و هەوەسیی کەسانێک کردوە کە وێنەی رێبەر و رزگاریدەری کورد ئەوەی کە بۆ خۆیان ویستوویان ئەنجامیان داوە! لە دوای هەر شکستێکیش پەنایان بۆ خەڵكی بێ دەرەتان هێناوە و خەتایان خستۆتە سەر ملی دوژمن! زۆر هاسان پاکانەیان بۆ خۆیان هێناوەتەوە کۆڵ کۆڵ دیرۆکی شاراوەیان دەرخواردی ڕای گشتی کورد کردوە! هەڵدانەوە و ئاشکراکردنی هیندێک لە لاپەرەکانی شاراوەی مێژوومان ئەگەر کارێکی دژوار بێ، بەڵام پێویستە مێژوو تا سەر داناپۆشرێ، تا سەریش بێدەنگیی قەبوڵ ناکا.

تیرۆری غەفور مەحموودیان...!

دیمۆکراسی بە قەبوڵكردنی بیروڕای بەرانبەرت هەڵدەسەنگێردرێت.
لە ماوەی ١١مانگی حوکومەتیی قازی محەممەد کەسێک بە ناوی غەفورمەحموودیان تیرۆرکرا! غەفور مەحەمودیان کەسایەتیەکی ناودار و چەپێکی رووناکبیری شاری مهاباد بووە، کە لە شاری تاران ژیاوە و دەرسی خوێندوە. ئاغای مەحموودیان حوکومەتیی قازی محەممەدی بە دەسەڵاتێکی دەرەبەگیی و ئاغاوەتیی و دواکەوتوو دەزانی، بەڵام هیچ دژەکردەوەیەک بەرانبەر بەو تیرۆرە ئەنجام نەدراوە و تا کۆتایی تەمەنیی کۆماری مهاباد هیچ کەسێک بەو تیرۆری غەفورمەحموودیان تاوانبار نەکرا! ئاغای یوسف رێزوانی لە کتێبی ژیان و چارەنووسی عەبدولڕەحمان زەبیحی لە نووسینی عەلی کەریمی لە بارەی ئەو ڕووداوە ئاوای نووسیوە:
بە دەستوری شەخسیی قازی محەممەد، لە کۆلانی جوولەکەکان لە شاری مهاباد عەفور مەحموودیان تیرۆر کرا! هەروەها ئاغای کوردستانی خەڵكی شاری بۆکان کە بەرپرسی ئیتلاعاتی شارەوانی کۆماری مهاباد بووە لە خۆییم بیستووە کە دەیگووت:
دەستور درا بە من کە بە نەهێنی غەفورمەحموودیان بکوژم! بەڵام من مرۆڤ کوژ نیم. ئەو دەستورەم جێ بە جێ نەکرد.

ئەوە دەستورە دەبێ جێ بە جێی بکەی و مەحموودیان بکوژی

چوومە لای قازی محەممەد گووتم:ئەوە کاڕێکی ناشەرعیە چۆن دەبێ بە بێ پرس ومەحاکەمە ئەو کەسە بکوژم؟ قازی فەرمووی: ئەوە دەستورە دەبێ جێ بە جێی بکەی و مەحموودیان بکوژی! منیش بە توڕەیی ڕۆیشتم و گووتم هەرگیز کاری ئاوا ناکەم، هەر چی دەبێ با ببێ.
غەفور مەحموودیان تیرۆر کرا! بکوژەکانی ناویان، مام قادر بە نازناوی قادر بێستانچی و هاشم سەعید بوون. دوای رووخانی کۆماری مهاباد چوونە وڵاتی عێراق (مەبەست باشووری کوردستانە). مام قادر لە کۆیە و رانییە دەژیا، هاشم سەعیدیش لە شاری هەولێر نیشتەجێ بوو.
ئەو دوو کەسە لە پێشمەرگەکانی جێ متمانە بوون لە لای قازی محەممەد، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی لە ژیاندا مابون و بنەماڵە و منداڵیشیان لە عێراق پێکهێنابوو. میرزا مستەفا خەلیل پوورئازەر، کە کارمەندیی خانەنشینی ئیدارەی بە یاساییکردنی بەڵگەکان بووە، لە سەردەمی کۆماردا یەکێک بووە لە ئەفسەرەکانی کۆماری مهاباد، ئەو رووداوە بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە:
قادر و هاشم بە منیان گووت بچۆ بۆ ماڵی ئاغای غەفوریان و پێی بڵێ قازی مەحەممەد دەیهەوێ تۆ ببینێ و دەگەڵ خۆت بیبە بۆ لای قازی محەممەد. من (مستەفا خەلیل پوور) بە بێ ئەوەی ئاگام لە هیچ شتێک بێ چوومە ماڵی غەفور مەحموودیان و پێمگووت، هەستە با بچین بۆ لای قازی محەممەد. ئەویش بە بێ یەک و دوو دەگەڵم هات. لە حاڵیکدا شان بە شانی یەکتر دەڕۆیشتین ودەچووینە ماڵی قازی محەممەد، هێشتا زۆر لە ماڵەکەی خۆی دوور نەکەوتبووینەوە دوو پێشمەرگە لە پشتەوەڕا ئاغای غەفور مەحموودیان دایە بەردەستڕێژی فیشەک و تیرۆریان کرد! مەحموودیان لە تەنیشت من کەوتە عەرز و مرد! قادر و هاشمیش بە خێرایی ئەو شوێنەیان بە جێ هێشت و هەڵاتن!

قازی محەممەد بۆ پرسەکەی بەشداریی کرد 

قازی محەممەد بۆ ونکردنی گومانەکان بۆ خۆی لە ڕێورەسمی پرسە و سەرخۆشیی مەحموودیاندا بەشداریی کرد! بنەماڵەی غەفورمەحموودیان منیان بە تۆمەتباری سەرەکی دەزانی. هەتا کو رۆژێک قورعانێکم هەڵگرت و چوومە ماڵی عەفور مەحموودیان و قورعانەکەم لە بەر چاوی بنەماڵەی مەحموودیان لە سەرعەرزدانا و دەستم لە سەر راگرت و سێ جار سوێندم پێ خوارد کە من ئاگاری هیچ شتێک نیم لەو رووداوەدا. کارەساتەکەم بۆ شڕۆفە کردن و ناوی ئەو دوو پێشمەرگەم گووت، کە منیان دەتەڵە هاویشتبوو تا ئەو تیرۆرە ئەنجام بدەن. بەو جۆرە بوو کە من لە لایان بنەماڵەی مەحموودیان بێ گوناح دەرچووم.
 
لە بەرە بەیانی دەی خاکەلێوەی ساڵی ١٩٤٧ ئیبڕاهیم مەحموودیان برای ناونجی غەفورمەحموودیان کە لاقێکی شەل بووە و دەشەلی، دوای ئێعدامی قازی محەممەد و دوو لە خزمانی چوو بۆ تەنیشتی ئەو دارەی کە قازی محمەدی پێ هەڵاوەسرابوو، لە پێش چاوی ئەو خەڵكەی کە حەبەسابون لە شاری مهاباد، دەستی کرد بە جنێو و لۆمەکردنی قازی محەممەد، کە لە کاتی خۆیدا دەستوری کوشتنی غەفوری برای دابوو. کاتێک کە ماندوو دەبوو، بە گۆچانەکەی دەستی لە جەنازەی بێ گیانی قازی مەحەممەدی دەدا!
دوای ئەوەی کە کۆمار رووخا، ئەو دوو پێشمەرگەیە (قادر و هاشم ) بۆ هەتا هەتایی هەڵاتن و چوونە باشووری کوردستان. ئەوە لە حاڵێکدایە، کە وەزیر و بەرپرسانی باڵای حکومەتی قازی لە لایان دەسەڵاتی ناوەندیی تاران عوفوویان بۆ دەرچووو ناچار نەبون، کە لە مهاباد بەرەو هەندەران کۆچ بکەن. ئەوان توانیان لە ژێر سایەی دەسەڵاتیی پادشایی بنەماڵەی پەهلەوی درێژە بە ژیانیان بدەن!
کام ئەقڵی سەلیم ئەوە قەبوڵ دەکا لە حالێکدا وەزیر و بەرسی پایە بڵند و ئەفسەرانی کۆماری مهاباد دوای رووخانی کۆمار متمانەیان بە ئەمنییەتی ژیانی خۆیان بێ، بەڵام ئەو دوو پێشمەرگەیە بە بێ ئەنجام دانی هیچ جورمێک لە ناو کۆماردا هەڵێن و ڕابکەن؟ بەو پێیە بووکە بە دەستوری قازی محەمەد تیرۆری فیزیکیان لە سەر یەکەم جودا بیردژ بە سیاسەتەکانی قازی محەممەد ئەنجامدا! هەتا ئەوڕۆش ئەو شێوە ترۆرە فیزیکیە ناموبارەکە دوای قازی بۆتە کولتور لە ناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێڕان!
لەو کاتەوە سەدان کەس بوونە قوربانیی تەسویە حیسابی ناو خۆیی حیزبیی و دەرەوەی حیزبیی. ئەو رەوشە لە ناو حیزبی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش بۆتە کۆپیی و لە ئاستێکی بەرفاراوانتردا جێ بە جێ دەکرێ. هەنووکەش لە ناو دامودەزگای پاراستنی بنەماڵەی بارزانییەکاندا بۆ لە ناو بردنی رەخنەگرانیان لە دەرەوە وناوخۆی حیزبیی کوری کوشتن و تیرۆر پەیرەو دەکرێ.
هەموو ساڵێک لە ساڵوەگەڕیی کۆماری مهاباددا دیموکراتەکان و لایەنگرەکانی ئەو حیزبە بە شانازیەوە باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی تەمەنیی یەکساڵەی کۆماردا تەنیا کەسێک کوژراوە! هیچ کەس ناوی غەفور مەحموودیان نابات، هۆی کوشتنی ئاشکرا ناکات.! ئەو کەسەی کە کوژراوە ئەو بێبەختەیە کە کەسێکی رووناکبیر و هوشیار بووە، کە بەوشێوەیەی لە سەرووی بابەتەکە باسی کراوە تیرۆر کراوە.
رووداوەکان ناشاردرێنەوە رۆژێک دەگات رووی راستیەکان ئاشکرا بکرێن.

تێبینی:

ئەو بابەتە یەکەمین جارە لە کوردستانپۆست بڵاو دەبێتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە