ئەگەر سەد ساڵی تر لەم وێنانە بڕوانن

Wednesday, 11/03/2020, 0:40

5727 بینراوە


کۆرۆنا ئەو ڤایرۆسەی جیهانی بەخۆیەوە سەر قاڵکردوە و ماسکی کردوە بەئەمری واقیعی سەر دەموو چاوەکان ، کەچی لەنیشتمانە کڵۆڵەکەی ئێمەدا ماسکی خۆماڵی بەرهەم هێنراوە . ئەمە دەسپێکێکی زۆر خاکەراییانەیە کە ئێمە لەهەموو سەردەمەکاندا قوربانیەکی وون و غەمگینین . ئەم وێنەیە سادەیە بەڵام ڕامان دەگرێت لەبەردەم ئەوەی کە پێمان بڵێت گەر بشدۆڕێن ئەوە لەبەر ترس نادۆڕێن ، بەڵکو لەبەر چارەنوسمان کە کەسانی پوچ و هەرچی و پەرچی گرتویانەتە دەست دۆڕان دەچنینەوە ، کاتێک دەڵێن : لەپێناو سەرکەوتندا مەجەنگە ، بەڵکو لەبەر بەهاو کەرامەتت بجەنگە ، ئەم ماسکە کۆمێدیا نییە کە لە گونێیەک دروستکراوە ئەمەشەڕی بەهایە شەڕی مانەوەیە و بەدەسەڵاتدارانیش دەڵێت: ئێوە پوچترین کاربەدەستن کە لەسەرئەم ئەستێرەیە ژیان دەکەن و بونەتە حاکم بەسەرمانەوە. دواتر پیاوانی بوێر ڕێگەی تایبەتیان هەیە بۆمردن .


هەر لەسەردەمی کۆرۆنەو ڤایرۆسە ترسناکەکەیدا وێنەی کچێکی کوژراو سەرنجی ڕاکێشام کە لەبەر هەر چیەک بێت پیاوە بەناموسەکان ڕۆحیان کێشاوە ، ئەرێ ئێمە چ گیاندارێکین کە ئاوا بەرخورد لەگەڵ کچ و ژن و خوشک و دایکماندا دەکەین ، ئەرێ ژنانی باشور کە شەوڕۆژ بەدیار درامای تورکێوە دانیشون و سوکو ترسنۆک بوون ، بۆ تەنها جارێک سەیری کچانی گەریلاو شەڕڤانەکانی ڕۆژئاڤا ناکەن تا تۆزێک بوێریان هەبێت و ئەو پاشاگەردانی یە ڕاگرن کە لەلایەن کەس و کارەکانیانەوە لەسایەی دەسەڵادە فاسیدە پێیان دەکرێت ، وێنەیەکە ١٠٠ساڵی تر زۆر شتمان پێدەڵێت ئێمە هەربیریشی لێناکەینەوە چ شەرمەزاریەکە ئێمە لەناو ڕۆژگارێکدا ژیان بکەین کە ئاوا خوشکو دایکو ژننان خەڵتانی خوێن دەکرێن و سوکایەتی بەلاشەیان دەکرێت ، ئەمە پێمان دەڵێت دواجار لمی وردو بەردی گەورە هەردووکیان لەئاودا نقوم دەبن ، ئێمە گەورەو بچوکمان تاوانبارین و نقومی بێدەنگیەک بووین کەموسیبەتە ها ئەم سوکایەتیە لەدەرکی ماڵەکانی ئێمەشی دا .


کۆمێدیاترین شت ئەمڕۆ لە نیشتمانی ئێمەدا نوسین و کتێبە هەرچی جوڵایەوە ترسنۆک ، خائین، بێهەڵوێست ،دز،جاسوس فایلدار، شەوکوت، پیاوکوژ لەتاریکیدا، سەرکوتکەر ، بونەتە نوسەر یان کەخاوەنی پارەبوو بۆیان دەنوسن ، کتێبەکان هێندە زۆربووە جگە لەوەی ژینگە پیس دەکات جێگەش نەماوە لێێ هەڵگن ، جارا بەر لەوەی زانستی تەندروستی قسەمان بۆ بکات و پێمان بڵێت چاپەکان و مەرەکەبی سەرٶژنامەکان زەهرە ، کتێب و دەفتەرەکان دەکرانە لولەی گڵۆبەڕۆژە ، یان کەزۆر بونایە لە ماڵێک حەمامیان پێگەرم دەکردو دەیان کردە ناو تونەکەیەوە منداڵێک بەدیاریەوە دادەنیشت و بەدارێک ئەم دیو دیوی دەکرد تا هەمووی دەسوتا ،من خۆم ئەوەم کردوە کتێبی ماڵە دراوسێیەکی سیاسیمان سوتاند کە زۆر چێژم لە پەرەکان دەبینی کەوەک پەپولەی ڕەش دەفرین و دەنیشتنەوە ناو کورەی ئاگرە ڕەنگاو ڕەنگەکە ، بیرمە یەکێک لەکتێبەکان لێنین بوو کەسوتانمان . ئێستا ئەم ڕیزە کتێبە کە بۆ ئەم پیاوە ناشرینەیان چاپکردوە و کەس نای خوێنێتەوە ١٠٠ساڵی تر چۆن سەیری بکەین ؟ بڵێ نەوەکانی دوای ئێمە گاڵتەمان پێنەکەن ، بڵێن ئەمەیە پێشمەرگە ؟ خۆ ڕاوی مێشێکیشی پێنەکراوە . کۆرێکان قسەیەکی خۆشیان هەیە دەڵێن "کە مێش بوویت شەڕلەگەڵ پڵنگدا مەکە " ئەم پیاوە هەرچی دەکات ناتوانێت ببێت بەپێشمەرگە ، چونکە پێشمەرگە پێش بەمەرگ دەگرێت، نەک گەلێک لەبەردەم چەقۆی قەسابدا دانێت. دواجار کاتێک باس لە سەرکردەکان دەکەن وەک ئاپۆ نەوشیروان، ئەوان خاوەنی کتێبن ، بۆ ئەوەی بڵێن مەسعودیش لەوان بچێت هەرچی زووە ئەم کتێبانەیان بۆ چاپکردوە تابڵێن لەڕیزی ئاپۆیە یان نەوشیروانە .

دەتوانم بەقسەیەکی عەلی وەردی دەست پێبکەم " ئێمە ناگەڕێنەوە بۆ ڕابردوو لەبەر جوانێکانی ، بەڵکو دەگەڕێنەوە لەبەر ناشرینێکانی ئێستا " بەڕاستی نازانم ئەو کاتەی سەدام حاکمی عێراق بوو خەڵکی خاوەنی دووشت بوون، یەکەم ترس کە ئامانی نەبوو کەی و چۆن بهاتایە لەڕێگەی زمانتەوە، لەخەبەردانی ناحەزێکت ، بەگولەیەکی وێک ، نازانم ئێستا خەڵکی بیری ماوە یان نا ، جارێک سەدام لەدەرکەوتنێکیدا لە جێگەیەک شیشێک گۆشت لێدەدات بۆ ناو تەنور زۆر گەورە بەشوڵێک ، شیشێک گەورە بوو زۆر ، دوای چەند ڕۆژێک لەیەکێک لە کەبابخانەکان پیاوێک لەدەمی دەر دەچێت دەڵێت: شیشێکی سەدامیم بۆ لێدەن. ئیتر بۆ هەتاهەتایە وونی دەکەن چونکە گاڵتەی بەسەرۆک کردبوو ، بۆیە دەڵێن زمان دەتوانێت بدات بەکوشت ، یان لەکوشتن ڕزگارت کات . دووهەمین شت کەخەڵک هەیبوو کەرامەت بوو ، ئێستا ترس هەیە بەڵام کەرامەت قاتی بووە ، داخۆ عەلی وەردی ڕاستی نەکردوە؟ بۆیە ئێمە لەبەرناشرینیە زۆرەکانی ئێستا ، خەو بەڕابردۆوە دەبین، دوا جار مرۆڤ نابێت وەک بەسزمانێک لەژیاندا بەردەوام بێت ، چونکە هەر چەنێک خۆمان بنوشتێنینەوە دواجار هەر دەمرین ، تەنها جیاوازیان ژمارەی ڕۆژ و ساڵەکانە، خۆزگە گەلێک بوینایە بەکەرامەتەوە ژیانمان بکردایە !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە