ماری ڕیچمۆند

Tuesday, 10/03/2020, 21:54

4902 بینراوە


ئامادەکردن و وەرگێڕانی: یاسین محەمەد
-------------------
ماری ئێلین ڕیچمۆند (1861-1928) ڕێنماییکارێکی کۆمەڵایەتی پێشەنگە. لە ساڵی 1861 لە بێلێڤیل، ئیلینۆی لە دایک بووە. تەمەنی منداڵ بوو کاتێک دایکوباوکی کۆچی دواییان کرد، ئەوەیش وای کرد بچێتە لای داپیر و ئامۆژنی لە باڵتیمۆر لە میریلاند. داپیری کە یەکێک بووە لە داکۆکیکاران بۆ بەدیهێنانی مافی دەنگدانی ژنان، بە کەسێکی ڕۆحانی و پەڕگیر ناسرابوو. ئەویش لە کەشێکدا پەروەردە بووە کە سیخناخ بووە بە گفتوگۆکردن لە بارەی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و بیروبۆچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆحانییەوە. هەر ئەوەیش بووەتە هۆی ئەوەی شارەزایی زۆر بە دەست بهێنێت و گرنگی بدات بە کەسانی هەژار و کەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت. ڕیچمۆند تا تەمەنی 11 ساڵی هەر لە ماڵەوە خوێندوویەتی، دواتر چووەتە قوتابخانەی گشتی. ئەو دەبوو لە ماڵەوە بیخوێندایە، چونکە داپیری بڕوای بە سیستەمی پەروەردەی تەقلیدی نەبوو! کاتێک لە ماڵەوە دەیخوێند خۆی بۆ خوێندنەوەی چەندین بابەت تەرخان کرد، لە بواری فێربوونیشدا پشتی بەخۆفێرکردن دەبەست. لە تەمەنی شازدە ساڵیدا خوێندنی باڵای تەواو کرد، لەگەڵ یەکێک لە ئامۆژنەکانیدا چوو بۆ نیویۆرک، دواتریش ئەو ئامۆژنەی زۆر نەخۆش دەکەوێت و ئیدی دەستبەرداری ماری دەبێت تا پشت بە خۆی ببەستێت، ئەو بە داماوی بە جێ دەهێڵێت. پاش ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە نیویۆرک بە هەژاری ژیان دەباتە سەر، دەگەڕێتەوە بۆ باڵتیمۆرو بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەبێتە دەفتەردار، دەچێتە پاڵ کڵێسای یەکتاپەرست (Unitarian Church) و کار دەکات بۆ بەرەوپێشبردنی پسپۆڕییە کۆمەڵایەتییەکەی. لە ساڵی 1888 داوا پێشکەش دەکات بۆ کارێک تا وەک یاریدەدەری خەزێنە کار بکات بۆ ڕێکخراوی خێرخوازی کۆمەڵگا (CSO). ئەم ڕێکخراوەیش لە چەند شارێکدا بوونی هەبوو، یەکەمین ڕێکخراویش بوو کە بنەمایەکی بۆ کاری ڕێنماییکاری کۆمەڵایەتی دانا کە خزمەتیان بە هەژار و کەمدەرامەت و کەسانی خاوەن پێداویستی دەکرد. ئەزمونی ئەویش لەم ڕێکخراوەدا بووە هۆی ئەوەی بەشدار ببێـت لە کایەی کۆمەڵایەتیدا.

بەشداری لە کاری کۆمەڵایەتیدا

ماری ڕیچمۆند خەڵکی لە CSO و کاری خۆبەخشی ئاگادارکردەوە. ئەو وا ڕاهێنرابوو بۆ ئەوەی ببێتە "میوانی ئازیز" ئەوەیش زاراوەیەک بوو بۆ کارمەندی کۆمەڵایەتی [واتە: توێژەر یان ڕێنماییکاری کۆمەڵایەتی]. سەردانی ماڵی ئەو کەسانەی دەکرد کە کەمدەرامەت بوون و هەوڵی دەدا یارمەتییان بدات تا بارودۆخی ژیانیان چاک بکەن. دەستی کرد بە وەگەڕخستنی چەندین بیرۆکە سەبارەت بەوەی چۆن کارمەندی کەیس دەکرێت ڕێنمایی بکرێت بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کەمدەرامەتن. لە ساڵی 1909 یارمەتی دامەزراندنی تۆڕێکی ڕێنماییکاری کۆمەڵایەتی دا، هەروەها پەیڕەوێکی بۆ دانان تا بە پێی ئەو پەیڕەوە کار بکەن. ئەمەیش ئەو کاتە دەستی پێ کرد کە ئەو بوو بە بەڕێوبەری بەشی ڕێکخراوەی خێرخوازیی ڕەسڵ سەیج فاوندەیشن لە نیویۆرک.
بەهۆی بیرۆکەکانی چەندین کتێبی بڵاو کردەوە سەبارەت بەوەی: سەردانی هەژاران بە شێوەی هاوڕێیانە و دەستنیشانکردنی کۆمەڵایەتی و کاری کۆمەڵایەتی لەسەر کەیس چییە و دەبێت چۆن بێت. لەو کتێبانەیدا ئەو تێگەیشتنی خۆی لەسەر ئەوە خستبووە ڕوو کە پێی دەوترێت ئەركی ڕێنماییکاری کۆمەڵایەتی. بیرۆکەکانی لەسەر بنەمای تیۆری کۆمەڵایەتی و کێشەی کۆمەڵایەتیی خێزانێک یان تاکێک بوو کە دەبوو سەرەتا سەیری حاڵەتی کەسەکە یان خێزانەکەی بکرێت، پاشان کەسە نزیکەکانی وەربگیرێن لە خێزان و قوتابخانە و کڵێسە و کار و ...تاد. پاش وردبوونەوە لەو هۆکارانە، ئیدی کۆمەڵگا یاخود حکومەت دەبێت بەدواداچوونیان بۆ بکات. ئەمەیش بەهاگەلی ئەوتۆی بەسەر کەسەکەدا دەسەپاند بۆ ئەوەی ئەو بەهایانە ببنە یارمەتیدەرێک بۆ کەسەکە تا بتوانێت بارودۆخی ئەو کەسانە بەرەو باشتر ببات. ڕیچمۆند زیاتر جەحتی دەکردەوە لەسەر هەڵنانی کەسەکە وەک لەوەی بیانشکێنێت بەهۆی بوونی کەموکوڕییەکەوە. ئەو زیاتر جەختی دەکردەوە لەسەر منداڵ و کاری پزیشکی کۆمەڵایەتی و خێزانەکان. هەموو بۆچوونەکانی لەمڕۆدا بوونەتە بنەما بۆ کاری کۆمەڵایەتی لە بواری پەروەردەیدا.
هەروەها ئەو کاریگەریی هەبووە بەسەر مێژووی ئاسودەیی کۆمەڵایەتییشەوە ئەوەیش لە توێژینەوەکەیدا بە دیار دەکەوێت لە ژێر ناوی: نۆ سەد و هەشتا و پێنج بێوەژن کە تیایدا سەرنجی چەندین خێزانی داوە و لە ڕەوشی کاریانی کۆڵیوەتەوە، هەوەرها ڕۆ چووەتە نێو ئەو سەرچاوە داراییانەی ئەو بێوەژنانە هەیانبووە، دواجاریش قسە دەکات سەبارەت بەوەی دەبێت ئەو بێوەژنانە چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت لە ڕێی سیستەمی ئاسودەیی کۆمەڵایەتییەوە.
ئەو توێژەر و ڕێنماییکارە کۆمەڵایەتییانەی کە ئەو کاری لەگەڵ کردوون لە ڕوسێڵ سەیج فاوندەیشن، لەنێو ئەوانەدا بوون کە بۆ یەکەم جار ئەو گوڕوتینەیان پێ دراوە تا لەپێناو بەرەوپێشبردنی میتۆدگەلێک یاخود سیستەمگەلێک کار بکەن بۆ یارمەتیدانی کەسانی کەمدەرامەت. سەرکەوتنی ئەو و پێشەنگییەکەی لە بواری بەرەوپێشبردنی کاری کۆمەڵایەتیدا بووە هۆی هاندانی چەندین ڕێکخراوی دیکە تا پاڵپشتی دارایی پێشکەش بکەن لەپێناو بەرەوپێشبردنی کاری ڕێنماییکاری کۆمەڵایەتیدا.

24/3/2014

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە