جیاوازیی جێندەری لە زماندا خەسڵەتێکی بایۆلۆجییە

Wednesday, 11/03/2020, 23:18

4789 بینراوە


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: یاسین محەمەد 
--------------------
ئەگەرچی توێژەران بەو بۆچوونە قایلن کە کچان باڵاترن لە توانای زمانەوانیدا بە بەراورد لەگەڵ کوڕاندا، بەڵام تا هەنوکە هیچ کەسێک بنەمایەکی بایۆلۆجی نەخستووەتە ڕوو کە ئەو جیاوازییانە بسەلمێنێت.
بۆ یەکەمجار و لە دۆزینەوەیەکی ڕوون و ئاشکرادا، توێژەران لە زانکۆی نۆرس وێستێرن و زانکۆی حەیفا ئەوەیان خستە ڕوو ئەو بەشانەی مێشک کە بەرپرسن لە کاری زمانەوانی لە کچاندا ئاڵۆزترن بە بەراورد لەگەڵ هی کوڕان، هەروەها کوڕان و کچانیش پشت بە بەشی جیاواز دەبەستن لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی زمانەوانیدا.
دوگلاس دی بورمان توێژەر لە زانکۆی نۆرس وێستێرن لە بەشی ڕیچارد پێپەر بۆ زانست و پەیوەندییەکان دەڵێت "دۆزینەوەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن پڕۆسەی زمان زیاتر هەستییە لە کوڕاندا و تەجریدییە لە لای کچان، ئاماژەیەکی باشە بۆ فێرکردنی منداڵان و تەنانەت پشتیوانیکردنی لایەنگرانی جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لەنێو هۆبەکانی خوێندندا."
لە ڕێگەی بەکارهێنانی لەرەوێنەی موگناتیسییەوە توێژەران پێوانی چالاکی مێشکی 31 کوڕ و 31 کچیان کرد کە تەمەنیان لەنێوان 9-15 ساڵ بوو، لە کاتێکدا کە ئەوان قسەیان دەکرد و ئەرکی زمانەوانییان ئەنجام دەدا. ئەرکەکان لە ڕێگەی دوو شێوە هەستەوە پەخش دەکرانەوە -بینین و بیستن. کاتێک لایەنی پەیوەست بە هەستی بینینەوە دەخرایە ڕوو، منداڵەکان وشەکانیان دەخوێندەوە بێ ئەوەی گوێی لێ بگرن. ئەوەیشی کە بە شێوەی دەنگ بڵاو دەکرایەوە ئەوان تەنیا گوێیان لێ دەگرت و نەیاندەویست سەیری بکەن.
بە بەکارهێنانی شێوازی ئاماری ئاڵۆز، توێژەران هەستان بە دیاریکردنی جیاوازییەکانی پەیوەست بە تەمەن، ڕەگەز، جۆری فەرمانی زمانەوانی، ئاستی وردی ڕاییکردنی کارەکان و شێوازەکەی (نووسین بێت یان قسەکردن) کە بەهۆیانەوە وشەکان دەخرێنە ڕوو.
توێژەران ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە کچان زیاتر چالاکن لەو ڕووبەرەی مێشکدا کە پەیوەستە بە زمان بە بەراورد لەگەڵ کوڕان. زانیارییەکە لە ئەرکەکاندا لەو ناوچانەوە دێت لە مێشکی کچاندا کە پەیوەستە بە بواری زمانەوانییەوە. هەروەها ڕادەی وردی بەجێهێنانی فەرمان پەیوەندی هەیە بە ڕادەی چالاکی لە هەندێک لەو ناوچانەی پەیوەستن بە زمان.
ئەوەی مایەی سەرسامی بوو بۆ ئەوان هەمان حاڵەت لە کوڕاندا بە دی نەدەکرا. لە کوڕاندا ڕادەی وردودرشتی کارەکان لە کاتێکدا وشەکانیان دەخوێندەوە پشتی دەبەست بەوەی چۆن بەزەحمەت ناوچەکانی بینین لە مێشکدا کار دەکەن. لە حاڵەتی گوێگرتن لە وشەکاندا ئاستی بەجێهێنانی فەرمان لای کوڕان پشتی دەبەست بەوەی چۆن ناوچەی بیستن لە مێشکدا کار دەکات.
کوڕان لەوانەیە بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵبەسەنگێنرێن لە ڕووی ئەو زانستەی بە دەستیان هێناوە لەوانەکاندا لە ڕێی تاقیکردنەوەی زارەکییەوە، هەروەها ئەو زانیارییەی بە دەستیان هێناوە بەهۆی خوێندنەوەوە دەکرێت لەڕێی تاقیکردنەوە بە شێوازی نوسین هەڵبەسنگێنرێن. سەبارەت بە کچان کە پڕۆسەی زمان شتێکی تەجریدییە، پیادەکردنی ئەو میتۆدە جیاوازانە شتێکی پێویست نییە.
بورمان پێی وایە "یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کوڕان جۆرێک لە ئاستەنگیان لە بەردەم بێت لە پڕۆسە هەستییەکانیاندا کە بووەتە لەمپەڕ لە بەردەم زانیارییە بینراو و بیستراوکاندا بە جۆرێک کە ڕێگەیان لێ دەگرێت بچنە نێو ناوچەکانی پەیوەست بە زمان لەناو مێشکدا. ئەمەیش وای کردووە کچان خێراتر گەشە بکەن وەک لە کوڕان، لەم بارەیشدا ئەو جیاوازییە لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا بەپێی تێپەڕبوونی کات دیار نامێنێت."
لێکدانەوەیەکی دیکە ئەوەیە کوڕان پەیوەستی بینراو و بیستراو دروست دەکەن بە جۆرێک کە ئەو مانایانەی پەیوەندییان هەیە بە وشەیەکەوە دەهێنرێن بۆ مێشک لە ڕێی بینین یاخود بیستنی وشەکەوە. ئەمە لە کاتێکدا لێکدانەوەی دووەم کوڕان بە کەم توانا دادەنێت لەنێو کایەی زماندا، ئەو جۆرە پەیوەستییە هەستییانە لەوانەیە گەشەکردنێکی دەستەبەر کردبێت بۆ پیاوانی سەرەتایی کە لەپێناو مانەوەیاندا پێویست بوو بە شێوەیەکی خێرا مەترسییەکانی پەیوەست بە بواری بینین و بیستن بناسنەوە.
ئەگەر نمونەکە بۆ ژنان پشت ببەستێت بە تۆڕێکی زمانی ئەبستراکت لای کوڕانیش پشت ببەستێت بە ڕووبەرە هەستییەکانی مێشک، لێرەدا ئەو پرسیارەی کە هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە ئەوەیە ئایا دەکرێت ڕوون بکرێتەوە کە بۆچی ژنان زۆرجار چوارچێوەی زیاتر دادەنێن وەک لە پیاوان.
ئەگەر داوا لە ژنان بکەیت تا ڕێنماییت بداتێ ئەوا گوێبیستی ئەمە دەبیت "لە شەقامە سەرەکییەکەوە بە لای چەپدا پێچ بکەرەوە، بە جادەکەدا بڕۆ و بە لای کۆگەی دەرمانەکەدا ڕەت ببە، پاشان بۆ لای دەستەڕاست وەرگەڕێ، ئا لەوێدا دوکانێکی گوڵ هەیە لەسەر سوچەکە و قاوەخانەیەکیش لەسەر شەقامەکە."
ئەم جۆرە زانیارییانە لە ڕێنماییەکاندا ڕەنگە یارمەتی ژنان بدات لەبەرئەوەی هەموو زانیارییەکە پەیوەندی هەیە بەو چەمکە ئەبستراکتەی بەرەو کوێ بڕۆیت، ڕەنگە پیاوان تەنیا داوای یەک سەرەداو بکەن و ئیدی خۆیان سەرقاڵ بکەن بە زانیاریی نوێیەوە.
9/12/2012
سەرچاوە:
http://www.sciencedaily.com/releases/2008/03/080303120346.htm

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە