Wednesday, 11/03/2020, 23:23
4295 بینراوە
بیری نیشتمانی كوردستانی (4 - 16)
مەترسی هەرە مەزن کە ڕوبەڕوی گەلی کوردستان بۆتەوە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە داگیرکەری کوردستان داگیرکەرێکی نیشتەجێیە، وەك دەبینرێت دەوڵەتە داگیرکارەکانی کوردستان بانگەوازی ئەوە دەکەن کە گەلی کوردستان بەشێکن لە "گەلی تورك" و "گەلی عێراق" و "گەلی سوریا" و "گەلی ئێران" وە کوردستانیش بەشێکی جیانەکراوەیە لە خاکی ئەم وڵاتە داگیرکەرانەی کوردستان. بە واتایەکی دیکە دەوڵەتە داگیرکەرەکان، کوردستان بە بەشێك لە موڵکی خۆیان دەزانن و بەمەش گەلی کورد لە خاوەندارێتی و ناسنامه دادەماڵن، و کورد وەك نەتەوە و کوردستانیش وەك وڵات، دەسڕنەوە و سەروەت و سامانەکەشی تاڵان دەکەن.
کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە لەلایەن چەندین دەوڵەتەوە، بۆیە دابەشکراوە و هەر بەشێکیش پەیڕەوی سیاسەت و كولتور و زمان و ئابوری و کۆمەڵایەتی دەوڵەتە داگیرکارەکە دەکات، و هەروەها دەوڵەتە داگیرکەرەکان سامانە سروشتیەكانى کوردستان دەدزن. لە ئەنجامی ئەو دابەشکردنەدا و پیلانى وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و نەبوونی سەرکردایەتیەکی لێزان و سەردەمیانە، شۆڕشەکانی کورد دابەش و لاواز بووە و وایکردوە کە هەر پارچەیەك بە جیا بۆخۆی تێبکۆشێت بەدوور لە بەشەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتەکانی هەرێمەکان و ناوچەکانی کوردستان لە کاتە جیاوازەکاندا شەڕی یەکترییان کردوە لە جیاتی یەکگرتن و شەڕکردن دژی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان.
دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەستاوەن بە بڵاووکردنەوەی هزری نەتەوەیی شۆڤینی لوتبەرز لە ناو نەتەوەکانیاندا و بەگوێدا خوێندنی زانیاری درۆ و هەڵە لەسەر ڕەچەڵەك و مێژوو و شارستانی گەلی کورد، لە چوارچێوەی پلانێکی بەرنامەکراو بۆ دروستکردنی ڕق و دوژمنکاری لە نێوان گەلی کورد لەلایەك وە گەلانی تورك و فارس و عەرەب لە لاکەی دیکەدا، بۆ ڕاکێشانی گەلانی خۆیان بۆ لای خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆژە ڕەگەستپەرستەکانیان بۆ سڕینەوەی گەلی کورد وەك گەل و بە بەعەرەبکردن و بەفارسکردن و بەتورككردنى گەلی كوردستان و نیشتمانەكەی، و تاڵانکردن و دزینی سامانەکەی.
دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەڕێوەدەبرێن لەلایەن دەسەڵاتى ڕەگەسپەرست و دواکەوتووەوە، کە هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن بۆ ئەوە گەلی کورد بسڕنەوە لەڕێی سڕینەوەی شوناس و زمان و مێژوو و كولتور و کەلەپورەکەیەوە. ئەم دەسەڵاتە ڕەگەستپەرستیانە هەموو جۆرێك لە توندوتیژی بەکارهێناوە بۆ لەناوبردنی گەلی کوردستان و بەرگرتن لە خەباتی سەربەخۆبوونی وڵاتەکەیدا، و هەستان بە ئەجامدانی لەناوبردنی بەکۆمەڵ بە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژیان و دانانی گەمارۆی ئابووری دژیان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی سوتماكکردنی زەوی و کاولکردنی دەیان هەزار گوند و شارەکانی کوردستان و دەرکردنی خەڵکەکەی و سوتاندنی دارستانەکانی کوردستان و کاولکردنی ژینگەکەی و کارکردن بۆ سڕینەوەی ناسنامه و زمان و مێژووی دێرینی کورد.
© 2019- Kurdistanpost