داواکارى گشتى و پەتاى کرۆنا

Thursday, 03.12.2020, 0:07

1925 بینراوە


بڵاو بونەوەى پەتاى کرۆنا لە کوردستانێکى وێرانەدا لە کاتێکدایە کە تەواوى دەزگا تەندروستیەکانى داتەپیوە بەدەست سیستەمێکى حیزبیەوە، سەرەڕایى بێویژادنى هەندێک دکتۆر و دەرمانى بیکوالیتى و زیانبەخش، دەسترۆشتوانى حیزبى و حکومەتى بەهەڵکەوتیش ڕێگەیان ناکەوێتە نێوەندە تەندروستیەکان نەک بۆنەخۆشى، لەدۆخێکى وەهادا ڤایرۆسى کرۆنا لەکوردستاندا بڵاو بۆتەوە کەسیستەمى تەندروستیەکەى خۆى پێشتر جۆرەها ڤایرۆس و میکرۆب لێیداوە و مایەیى نیگەرانی گشتیە وە پلانى بەرەنگار بونەوەى ئەم پەتایە لەهەندێک ئامادەکارى و ڕێوشوێنى سەرەتاییە زیاتر نییە.
ئەم خالانە زۆر گرنگن ئەبێت هەڵوێستەى لەسەر بکرێت :
١- لاى هەموان ئاشکرایە کە ئەم ڤایرۆسە و ئێستا بووە بەپەتایەکى گشتگیر لە ئێرانەوە هاتووە و بۆ خۆلادان لەو ڕێکارە تەندروستیانەى کە گیراونەتەبەر خەڵکانێک بە قاچاخ لەسنورەکانى ئێرانە وە پەڕیونەتەوە بۆ هەرێمى کوردستان و بەلیست ناوەکانیان بڵاوکراوەتەوە.
ئەبوایە : داواکارى گشتى یەکسەر و دەستبەجێ سکاڵاى دژى ئەو کەسانە بجوڵاندایە و هەتا ڕێکارى یاساى بەرامبەریان بگیرێتە بەر.


٢- دووەم : لیژنەى فەتوا لە هەرێمى کوردستان پاش فتواى پیاسەکردن لەگەڵ سەگ و فتواى ژن و تەکسى، فتوایەکى مەرگبارى بۆ ڤایرۆسى کرۆنا دەرکرد، کە وتارى نوێژى هەینى ڕاناگیرێت، مزگەوتەکان داناخرێت و ئەوەى بەم پەتایە بمرێت شەهیدە.
ئەم لیژنەیە بەرگى ئاینى بەبەرى بڵاوبونەوەى ئەم ڤایرۆسەدا ئەکات و بەتەنگ گیانى هاوڵاتى هەرێمەوە نیە بۆ مەرگ و شەهید بون داوەتیان ئەکات.لەکاتێکدا وڵاتى سعودیە کەعبەى لەهەموو زیندەوەرێک خالیکردووە لە پێناوى پاراستنى گیانى هاوڵاتیان و تەشەنەنەکردنى ئەم پەتایە.
ئەمە تاوانێکى گەورەیە ئەبوایە داواکارى گشتى سکاڵاى لەسەر ئەم لیژنەیە تۆمار بکردایە و ئەوە سوکایەتیە بە پەیڕەوانى ئاینى ئیسلام، تەنها خودا ئەزانێت کە کێ شەهیدە نەک لیژنەیەک کەئاوا گاڵتە بەهەست و ئیرادەى خەڵک بکات و خوێنساردانە پەیامى مەرگ بە ئاشکرا بەگوێى خەڵکدا بدات.
ئەبوایە : داواکارى گشتى سکاڵاى لەسەر ئەندامانى ئەو لیژنەیە بجوڵاندایە و بەسزاى ئەو تاوانەیان بگەیەنێت.
ئەم لیژنەیە هیچ بناغەیەکى یاساییى نیە، یاسایەکى تایبەت بەم فتوابازانە نیە و ئەوانیش بە ئارەزوى خۆیان فتواى سەیر و سەمەرە دەرئەکەن و خەریکە کورد ئەکەن بە گاڵتەجاڕى جیهان
ئەبوایە داواکارى گشتى بەرامبەر نایاساییى بونى ئەم لیژنەیە ڕێکارى یاسایی بگرتایەتەبەر.

٣- پاش بریارى حکومەت بەداخستنى شوێنە گشتیەکان و لەنیو ئەوانەدا مزگەوتەکان بۆخۆپاراستن و تەشەنەنەکردنى ئەم پەتایە، بەڵام زۆرێک لەمەلاکان لەپەنا مزگەوتەکان یان لەدەشت و دەردا نوێژى بەکۆمەل ئەکەن بەبێ گوێدانە بریارى حکومەت و ئەوقاف چارەنوسى میللەتێک بەرەو چ مەرگەسات وکۆمەڵکوژیەک ئەبەن.
ئەبوایە : داواکارى گشتى بۆ پارێزگارى مافى ژیانى خەڵکى کوردستان بەوەڵام بهاتایە سکاڵاى لەسەریان ببزواندایە، هەرێمى کوردستان لەلێوارى ئەوەدایە بچێتە گرەوى ئەم نمایشکارە درۆزنانەى ئاین.
لەکۆڵکەکە بەهێزەکانى پشتگیرى و دروست جێبەجێکردنى یاساو ڕێزگرتنى سەروەرى و پاراستنى سیستەمى گشتى , بونى سیستەمى داواکارى گشتى یە کەباڵى دووەمى سیستەمى دادوەرییە بەپێى مادەى ( ٨٩ ) لە دەستورى عێراق ساڵى ٢٠٠٥، بەڵام دەسەڵاتدارانى لەکوردستان لەبەرژەوەندیاندا نیە واز لەو میراتەى بەعس بهێنن کە دەزگاى داواکارى گشتى بەشێک بووە لەدەسەڵاتى جیبەجیکردن و ئێستا هەربەو شێوەیەیە و هیچ سەربەخۆییەکى نیە.
دەزگاى داواکارى گشتى بەپێى یاساکەى و یاساى ژمارە ( ١٨ ) ساڵى ٢٠٠٧ مادەى چوارەم بەبڕگەى یەکەم و دووەم دەسەڵاتیکى چاکى هەیە بۆ دەخالەت و پیادەکردنى ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر هەر پێشلکارى و کارى نابەجێ بەرامبەر سیستەمى گشتى، بەڵام بۆ ئەم دەزگایە ئاوەها دەستەپاچەو بێکاریگەرە تەنها لەوبوارانەدا نەبێت کەدەسەڵات داخوازە بەنمونە وەکو جوڵاندنى سکالا دژبە نەوشیروان مستەفا.
ئەم دەزگایە وەکو هەرجومگەیەکى زیندوویترى حکومەت لەژێر چەترى بنەماڵەى بەرزانیدایە و چۆنیان بوێت و بەرژەوەندیان لە کوێدا بێت وازى پێدەکەن، ئەگەر لەناوەندێکى دادوەریدا ئەندامێکى داواکارى گشتى خاوەن وێژدان ویستى چاو لەناهەقیەک نەپۆشێت و بیەوێت رێکارێکى یاساى پیادەبکات واتە ویستى سکالایەک بجوڵێنێت ئەوا دەسەڵاتى ئەوەى لێسەندراوەتەوە بەپێى ئەم نوسراوەى خوارەوەى سەرۆکە پارتیەکەى داواکارى گشتى :




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)