قەیرانی ئابووریی دنیا و هەرێم پێش ڤایرسی کڕۆنا بوو!؟

Thursday, 19/03/2020, 16:19

5881 بینراوە


لە دوو ساڵی ڕابردوودا، پێش پەیدا بوونی ڤایرسی کڕۆنا، شڕۆڤەکاران و شێکەرەوە و توێژینەوە ئابووریی و سیاسیەکان لەسەر ئاستی حکومەت، کۆپانیا و بانک و زانکۆکان لە دنیادا سەلماندیان، کە جیهان چاوەڕێی قەیرانێکی ئابووریی مەزن دەکات، کە شێوازی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی دنیا ئەگەر بە شێوەیەکی کاتیش بێت دەگۆڕێت و حوکومەتەکان ڕووبەڕووی تەحدایەکی گەورە دەبنەوە، بە تایبەتی لە هەندێک وڵات کە یەکێک لەوان ئوسترالیا بوو کە پێشبینی گۆڕانی دۆخی ئابووریی و ڕووبەڕووبوەنەوەی ئەو قەیرانەی لێ دەکرا. گلێن ستیڤن بەرێوەبەری ڕێسێرڤ بانکی ئوسترالیا لە ساڵی ٢٠١٩دا لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە میدیاکاندا بڵاوبۆیەوە گوتی:
" ئەو سەردەمە زێرینەی ئوسترالیا بەسەر دەچێت، ئوسترالیا لە سەداسەد توشی قەیرانی ئابووری دێت، بەڵام کاتەکەی دیار نییە". لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە قەیرانی ئابووری بە پەیدابوونی کڕۆنە ڤایرس سەریهەڵنەداوە، بەڵام ئەو بووە هۆی زووتر هاتن و هەست پێ کردنی ئەو قەیرانە کە نەتوانرێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسیی وڵاتانەوە پینەوپەڕۆ بکرێت، یان هەوڵبدرێت ئەو قەیرانە لە خەڵکی شەقام و زۆرینەی سادە بشارنەوە و نەهێڵن بەوشێوەیی کە هەیە لە میدیاکاندا بڵاوبێتەوە، ئەڵبەتە ئەوان هەوڵیان دەدا بەو شێوە و جۆرەی کە ئەوان دەیانەوێت هەواڵی ئەو قەیرانە بە خەڵک ڕابگەیەنن.
ئەمڕۆ لەسەرتاپای گۆی زەویدا قەیرانی تەندروستی و ئابووریی هەیە. حکومەت و ئابووریی وڵاتانی زلهێزی دنیای یەکەم، دووەم و سێیەم پەیوەندییەکی پتەو لە نێوانیاندا هەیە، واتە دۆخی ئابووریی و سیاسیی ئەو وڵاتانە کاردانەوەی هەیە لەسەر باری ئابووریی ئەویتر بۆ نمونە، سەرهەڵدانی ڤایرس لە چین تەنیا کاردانەوەی خراپی لەسەر باری ئابووریی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی ئەو نەبوو، ئەڵبەتە کاردانەوەی خراپی لەسەر باری ئابووریی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی وڵاتانی دیی وەک ئەوروپا، ئەمریکا و ئوسترالیا و گشت وڵاتانی دنیای یەکەم، دووەم و سێیەم و هیتر هەبوو. ئابوورییناسی بریتانی مارک کۆرنی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سکای نیوز گوتی: دەرکی پێ دەکریت کە کڕۆنە ڤایرس کاردانەوەی خراپی هەیە لەسەر ئابووری بریتانیا".
سەرمایەدارانی دنیای یەکەم، کە گشت جومگە ئابوورییە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتانە و دنیایان کۆنتڕۆل کردوە و ژێربەژێر ڕۆڵی سەرەکیی دەبینن لەسەرخستنی سەڕۆکەکان بۆ سەر کورسی دەسەڵات. لەم دنیایەدا بەهۆی بوونی بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان سەرۆکی ئەو وڵاتانەو سەرمایەداران، کە یەکیان دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی مسۆگەر بکات و ئەویتریان دەیەوێت بەرژەوەندیی ئابووریی کەڵەکە کردنی سەرمایە مسۆگەر بکات. لەو هاوکێشەیەدا ئیدارەی باش و سەرمایەی باش سەرکەوتنی ئابووریی و سیاسی بۆ هەردووکیان بەرهەم دێنێت.
حکومەتەکان ڕۆڵی سەرەکییان دەبێت لە ئیدارە دان و دابین کردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئەوەی سەرمایەدارەکان بتوانن سەرکەوتوو بن. هەردووکیان هەوڵدەدەن بۆ دابین کردنی کار و گوزەران بۆ خەڵک، بۆ ئەوەی ژینگەی ناوەخۆی وڵات ئارام بێت، کە بێ گومان ئەمە سەرکەوتنی ئەوانە، بەبێ گوێدانە جیاوازی لەنێوان چینەکان و دەرامەتیان، کە لە هەندێک وڵاتدا سەرمایەدار هەیە دەرامەتەکەی بە ئەندازەی دەرامەتی وڵاتێکە.
لە قەیرانی ئابوورییدا، چینی ناوەند و چینی هەژاری نێو کۆمەڵگە زێتر لێیان دەقەومێت، لەبەرئەوەی بە شێوەیەکی گشتی چینی ناوەند ئەو پاشەکەوتەی هەیەتی تەنیا بەرگەی ماوەیەکی دیاریکراو دەگرێت، دواتر ئەویش بێ پارە دەبێت، کار لەدەست دەدا، دەخزیت بۆ چینی هەژار. لە ئەنجامدا بەرژەوەندیی ئەو دوو چینە تێکەڵ بەیەک دەبێت. ئەگەری ئەوە هەیە دەنگی ناڕەزا دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە هەڵکشێت و ئەو دوو چینە دژ بە چینی دەسەڵاتدارانی سیاسیی و سەرمایەدارانی وڵاتەکە یەکبگرن، کە لە دنیای سێیەمدا وەک باشووری کوردستان، سەرمایەدارانی وڵات ئەوانەن کە دەسەڵاتی سیاسیان بەدەستەوەیە، بەڵام لە دنیای یەکەمدا، سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی سیاسیی دوو توێژی لەیەک جودان بەڵام بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە کە بۆ پاراستنی یەکدەگرن.
بە دڵنیاییەوە سەڕۆکی حکومەتەکان لە دنیادا ناتوانن ڕێگە لە قەیرانی ئابووری بگرن و نەهێڵن ڕوونەدا، بەڵام ڕۆڵی سەرەکییان دەبێت لەوەی کە ڕێگربن لەوەی، کە وڵاتەکە و خەڵک زێتر لەوەی کە دەبێت، زەرەرمەند نەبێت، هەروها ستراتیژ و جۆری ئیدارەدانی دەسەڵاتەکە بەشێوەیەک پەیرەو بکەن، کە ئارامی شەقام بپارێزن و هەوڵبدەن لە قەیرانەکە ڕزگاریان بێت. لە قەیرانی ئابووریی ئەمڕۆ لە جیهاندا لە هەندێک وڵات حوکومەتەکان چەند هەنگاوێکی گرنگیان ناوە وەک:

یەکەم:

سەڕۆکی ئەو وڵاتانە هەڵساون بە ڕاوێژ کردن بە کەسانی پسپۆری ئابووریی و سیاسی، پێکەوە پلان و بەرنامەیان بۆ بنمێچێکی کاتی دیاریکراو داڕشتووە، بۆ ئەوەی نەهێڵن گەلانی ئەو وڵاتانە دۆخی ئابوورییان بگاتە ئاستێک کە شەقام شڵەژانی تێکەوێت و کورسی دەسەڵات و بەرژەوەندیی سەرمایەداران بخاتە مەترسیەوە. بۆ ئەو مەبەستە پاشەکەوتی ماددی واتە "پارە" ی چەند ساڵەی وڵاتەکەیان بەکاردەهێنن، بۆ ئەوانەی کە بێ کارن یان کار لەدەست دەدەن لە ئەنجامی قەیرانی ئابووریدا بەشێک لەو پاشەکەوتە وەک موچە بەسەر خەڵکدا دابەش دەکەن بۆ ئەو ماوە دیاریکراوە بۆ ئەوەی نەهێڵن بازار لە جوڵە بکەوێت. نمونە سەڕۆکی ئەمریکا لە میدیاکاندا جاڕی دا کە ئەوانەی کار لە دەست دەدەن مانگانە ١٠٠٠دۆڵاری ئەمریکییان بەسەردا دابەش دەکەن، بەڵام ئاماژەی بە بنمێچی کاتی نەدا بۆ ئەو بڕیارە. ئوسترالیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بڕیاری دا کە ٧٥٠دۆلار لە پاڵ مووچەیان بەسەر ئەوانە دابەش بکات کە بێ کارن، یان خانەنیشینن.

دووەم:

حکومەتی ئەو وڵاتانە هەڵدەستن بە یارمەتی دانی کەرتی تایبەت بۆ هەڵساندنەوەی ئابووریی نیشتمانی و نەتەوەیی، بۆ نەکەوتنی ئابووریی نەتەوەیی و نیشتمانی، بەشێک لە پارەی پاشکەوتی وڵاتەکە تەرخان دەکەن و بەسەر بزنسی بچووکدا دابەشی دەکەن.

سێیەم:

حکومەتەکان لەگەڵ بانکەکان ڕێککەوتوون کە قازانجی قەرزی بانک بۆ هاووڵاتیان لە جاران کەمتر بکات بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خانوو بکڕن، بانک بە قازانجێکی کەم پارەیان بداتێ. شایەنی باسە کە ‌ئەم سیاسەتە کاردانەوەی نابێت لەسەر قازانجی بانکەکان تەنیا ئەوە نەبێت بە کەم کردنەوەی ئەو قازانجە خەڵک زێتر لە جاران هەوڵدەدا خانوو بکرێت واتە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە پارە لە بانک بە قازانچ دەهێنن لە جاران زێتر دەبێت، لەهەمان کاتدا ئەو کەسانە لە موچەکەیان بای ئەوەیان بۆ دەمینێتەوە کە پێویستی دی ژیان بکڕن و بازار لە جوڵە نەکەوێت.

چوارەم:

ئاشکرایە کە هەمیشە حکومەت دەوڵەمەندترە لە سەرتاپای کۆمەڵگە و دەتوانێت پارەی پاشەکەوت لە قەیرانەکاندا بەکار بهینێت بۆ بەهێزکردنی ژێرخان و زەریبە لەسەر خەڵک کەم بکاتەوە.
لەو وڵاتانە کە سیستەمی دەسەڵات دیموکراتییە، دۆخی ئابووریی کۆمەڵگە کاردانەوەی دەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکان و ساغکردنەوەی دەنگی تاک. ئەو قەیرانەی ئەمڕۆ دەبێت بە سەنگی مەحەک کە بە گشتی کۆمەڵگە خۆی ساغ دەکاتەوە دەنگ بە کام کەس یان پارت بدات کە لە تەنگانەدا باری سەرشانی خەڵکی کەم کردۆتەوە، بۆ نمونە جۆری مامەڵەکردنی ئیدارەی ترامپ لەگەڵ قەیرانی ئابووریی و تەندروستی، کاردانەوەی دەبێت لەسەر دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کە بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەو ساڵدا ئەنجام بدرێت.
هەرێمی کوردستان، بەشی شێری قەیرانی ئابووری بەردەکەوێت، لەبەرئەوەی جگە لە قەیرانی دنیا و کۆڕۆنە، نرخی نەوت یەکجار دابەزیوە، کە دەرامەتی سەرەکیی ئەو دەڤەرەیە. لەو حکومەتانەی کە دامودەزگاکانی دامەزراوەیە، بە شێوەیەکی گشتی خەڵکی شیاو لە شوێنی شیاودا دامەزراوە، بواری ئابووریی پسپۆری ئابووریی بەڕێوەی دەبات، کە ئاگای لە ورد و درشتی گۆڕانکاریە ئابوورییەکان لەسەر ئاستی دنیا و وڵاتەکە هەیە کە بەگوێرەی توانا و بەهرەی خۆی لەو بوارەدا دەرامەت و ئابووریی وڵاتەکە ئیدارە دەدات، پێشوەخت پێشبینی قەیرانەکان دەکات بە ڕاپۆرتی فەرمی حکومەتی لێ ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن پێشوەخت پلان و بەرنامەی تایبەتیان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکە، کە بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە پەیڕەوکردن و ئیدارەدانی ئابووریی لە هەرێم بەدی ناکرێت، لەسەر بنەمای خزم و کۆیلاتی پۆستە ئابووریەکان دابەشکراون. لەو جۆرە سیستەمانەدا لە قەیران و تەنگەژە ئابوورییەکاندا دۆخی ئابووریی خەڵک ئاڵۆزتر دەبێت و بارگرانی قەیرانەکە دەخەنە ئەستۆی میللەت.
ڕەنگە خەڵک هەبێت و بڵێت کە ناتوانرێت بەراورد لەنێوان ئەو وڵاتانە و هەرێم بکرێت، بەڵام ئەمە بۆچوونێکی ڕاست نییە، لەبەرئەوەی زێتر لە چارەکە سەدەیەکە کۆمەڵێک کەس دەسەڵاتدارن لە هەرێم کە کەرتی تایبەتیان بۆ خۆیان و دارودەستەیان قۆڕغ کردوە. زێتر لە چارەکە سەدەیەکە لە سنوورەکانی کوردستان بازرگانی و گومڕک هەیە نمونە گومڕکی حاجی ئۆمەران، پێنجوین و قەسری شیرین و ئیبراهیم خەلیل کە شەڕی براکوژی لەسەر ڕوودا، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە کوا دەرامەتەکەی؟ زێتر لە چارەکە سەدەیەکە لە باشووری کوردستان نەوت دەفڕۆشرێت، ‌هێڵی ئەنتەرنێت و تەلەفۆنی هەیە، ئەی کوا دەرامەتەکەی؟ ئەو هەموو ساڵە بودجە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم دێت، ئەی کوا دەرامەتەکەی؟ پاشەکەوتی زێتر لە چارەگە سەدەیکی دەرامەتی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و نەوتی کەرکوک و گومڕگەکان و بودجەی بەغداد کوا؟ بۆ ئەوەی ئەمڕۆ حکومەت بەکاری بهێنێت و نەهێڵێت خەڵک تووشی نەهامەتی ئابووریی و کۆمەڵایەتی بێت، لەبری ئەوە کۆیلە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی لە میدیاکاندا گوتی: لەبەر کڕۆنە ڤایرس نەمانتوانیوە مووچە دابەش بکەین. سەری زمان و بنی زمانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوەیە کە سەرمایەداران و خێرخوازان ئاوڕێک لە میللەت بدەنەوە لەو بارەیەوە پارێزگاری هەولێر کۆیلە "فرسەت سۆفی" لە کەناڵی تەلەفزیۆن گوتی " چەند سەرمایەدارێک گوتویانە لەم قەیرانەدا یارمەتی خەڵک دەدەن"! پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەی حکومەت چی لە کوێیە، ئەو کابرایە پارێزگاری شارێکە یان نوێنەری چەند سەرمایەدارێکە و بە ناوی ئەوان، شەکر دەشکێنێت؟! سەرەڕای ئەوە فرسەت، نەیوێرا ناوی ئەو سەرمایەدارانە بهێنێت، لەبەرئەوەی باش دەزانێت ئەوەی لە کوردستان بۆتە سەرمایەدار، بێ گومان بە ڕێگەی ناشەڕعی و دزی و خۆ نزیککردنەوە لە لێپرسراوان بووە، هەروها بڕیارێک لە حکومەتی هەرێم دەرچووە کە بە هۆی قەیرانی ئابووری و تەندروستی کرێگرتە دوو مانگ کرێ نەدا بە خاوەن ماڵ؟ ئەوە لەبری ئەوەی حکومەت لەو دۆخەدا مووچەیەک زیاتر بە کرێگرتە و خاوەن ماڵ بدات، ئەرکی کرێگرتەکە دەخاتە سەر خاوەن ماڵەکە، خۆی لە لێپرسراوەتی دابین کردنی بژێوی ژیانی هەردووکیان دەدزێتەوە و فرتەنەیەکیش لەنێوان هەردووکیاندا دادەگیرسێنێت ؟!
ئەو حزبانەی کە بەشدارن لە پەیکەری حکومەتی هەرێمدا، خەڵک فێرە دەرۆزە کردن دەکەن! دەیانەوێت خەڵک هەژار بێت و دەست پانکاتەوە! بۆ پارە خۆیان بفڕۆشن! ئەوانە هەوڵدەدەن خەڵک زەلیل بێت و بۆ قوتی ڕۆژانەی ببیت بە کۆیلەی ئەوان، ئەمە پەروەردەی سەقەتی هەندێک لە حزبە کوردییەکانی باشووری کوردستانە!؟ بە دڵنیاییەوە ئەو جۆرە مامەڵەکردنە لەگەڵ خەڵک و قەیرانی تەندروستی و ئابووریی، نە بۆ خەڵک و نە بۆ حکومەت ئەنجامی باشی لێ چاوەڕوان ناکرێت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە