لاواز بوونی بیری نەتەوایەتی و نیشتمانیی لای تاکی کورد

Friday, 20/03/2020, 12:56

2678 بینراوە


بێ گومان لە ناونیشانی ووتارەکە ڕوونە، کە مەبەستم هەموو تاکێکی کوردە بە بێ جیاوازی، بەڵام، لە پێش هەموو دا پارتە ڕامیارەکان و ڕۆشنبیرەکانن، کە هیچ هەنگاوێکی کارەکی لەم بوارە دا نەیان ناوە تا مرۆڤی کورد وەکو مرۆڤەکانی تری نیشتمانەکان لە جیهان دا خۆی بناسی یا خۆی بناسێنی بە بێ پاشگر؟، یا لە کاتی پێناسینی پێناسەکەی کوردی و کوردستانی بێ بە بێ پاشگری بێگانە و چەپەڵ؟؟.
تۆ بڵێ پارتە کوردستانیەکان، بە تایبەت پارتی و یەکێتیی نازانن گوتاری ڕامیاری (سیاسی) نەتەوەێیک کە لە سەر خاکی خۆی دەژێ پێویستە چۆن بێ و چ کۆمەڵە وشەێک بەکار ببا؟؟!!. هەندی جار بیستومە خاوەنی بریار لە هەرێمی کوردستان دا، مەبەستم سەرکردەکانی ئەو دوو پارتە کە لەسەرەوە هیما بۆیان کردین لەبەر میری (دەوڵەت)ە زل هێزەکان وەکو ئەمریکا و بەریتانیا و فەرنسا هتد ناتوانن گوتاری کوردستانی سەربەخۆیان بێ!! لەبەرئەوە دەبێ گوتارەکەیان وەکو بەشێک لە گوتاری قەوارەی عێراقی داگیرکەر بێ؟؟!!. ئەمن وەکو هاونیشتمانێکی کوردستانی پڕسیار دەکەم، کێ پێویستە لە کێ بترسێ؟، دز لە خاوەن ماڵ دەترسێ یا خاوەن ماڵ لە دز؟؟!! بێ گومان وڵامەکە ئەوها دەبێ: دز دەترسێ، تا کردارە بێ ئابروەکەی ئاشکرا نەبێ لە ناو خەڵک و ڕیسوا بێ. خوێنەری هێژا، کوردی باشوور و ئەو زل هێزه، مەبەستم بەریتانیا.. و هاوپەیمانەکانی وەکو دز و خاوەن ماڵن، ئەوان پێویستە ترساو بن لە کورد نە بە پیچەوانە؟ چونکە ئەوە - بەریتانیایە- تاوانی کردووە دژ بە گەلی کوردی بریندار، کاتی کە لە چواریەکەی یەکەمی سەدەی بیست هەڵسا لە کۆمەڵەی گەلان بە کردەوە ناشیرین و ناشیاوەکەی دژی نەتەوەی کورد و بەشێک لە نیشتمانەکەی لکاندە قەوارەی عێراقی دروست کراو. بەپێی ئەمەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، ئەرکە لەسەر شانی خاوەن بریار لە هەرێمی کوردستان، گوتارێکی نەتەوایەتی و نیشتامانی روون و ئاشکرای بێ، تا ئەم بەشەی گەلی کورد لەم هەرێمە دا پەیوەندی (انتماء) ڕاستەقینەی هەبێ بۆ گەلی کورد و خاکی کوردستان؟. خوێنەری هێژا، ئەگەر گوتاری کوردی چ لای ڕامیارەکان یا لا ڕوشنبیرەکانی کورد گوتارێکی سەر بە خۆی بێ هیچ کات تاکی کورد کاتی کە هێما بۆ بەشێک لە بەشە داگیرکراوەکانی کوردستان دەکا هەرگیز ناوی قەوارەی داگیرکەر وەکو پاشگر لە گەڵ ناوی کوردستان بەکار ناهێنی؟ بۆ نموونە، ناڵێ کوردستان ئێران، یا کوردستان ترکیا هتد، ئەو کات وەکو گوتم هیچ ناوێک لەم ناوە نەفرین کراوانە وەکو پاشگر لە گەڵ ناوی نیشتمانەکەی خۆی بەکار ناهێنی. شیانە هاو نیشتمانیکی کورد بڵێ ئەم ئاخاوتنە هیچ نییە، پێ ئەڵێن: نە هەڤاڵ.. وشیاربە کاتی کە ناوی قەوارەی داگیرکەر وەکو پاشگر لە گەڵ نیشتمانەکەت بەکار دەبەی ئەوە نیشان ئەدا کە ئەمە هێمای شێوانی پێناسەی نەتەوە و نیشتمانە. هەر تاکێکی کورد ئەگەر ڕێزی خۆی گرتووە وەکو مرۆڤ کاتی کە هێما بۆ سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا هەرگیز ناڵێ سنووری ئێران؟، یا کاتی هێما بۆ باکووری کوردستان دەکا ناڵێ سنووری ترکیا؟، یا ناڵێ ئێمە کوردی عێراقین! یا بە باشووری کوردستان ناڵێ کوردستانی عێراق! یا ڕێزی خۆ دەگری و هەرگیز ناڵێ کوردستان بەشێکە لە عێراق، کە تاکو دەستوورەکەی عێراقی ئەمڕۆیش وەها ناڵێ؟ یا بەعەرەبی داگیرکەر ناڵێ برا عەربەکان! هتد. ئاخر با ئەو کوردە کە ئەو ڕستە نا شیرینە بەکار دەبا تۆزێک وەکو هەر مرۆڤێکی تر لەسەر گۆی زەوی کە خاوەن نیشتمانە بیر بکاتەوە کە ئەو کات باش دەزانی باشووری کوردستان سنووری لە گەڵ ئێران و ترکیا و سووریا نییە تا هێما بۆیان بیکا بە ناوەکانیان وەکو دراوسێ؟؟؟ خوێنەری بەڕێز، گەلی کورد ئەگەر هەڵگری ئەم ئەلیف و بایەی سەربەخۆی نەبێ لە مێشکی دا کە بناخەی بیری سەربەخۆیەتی هەرگیز سەرناکەوی بەیەک جاری لە ژێر دەستی داگیرکەرانی هەرچی و پەرچی عەرب و ترک و فارس. بێگومان ئەمڕۆ کە ئادەمیزادە لە وەرچەرخانێکی گەورەدایە ئەرکە لەسەر شانی ڕوشنبیرانی کورد ئەگەر بە راست ڕوشنبیرن و خۆیان بەکورد و کوردستانی دەناسن پێویستە تێکۆشن چ بە قسە یا بە نوکە پێنووس ئەم خەوشە نا نەتەوەیی و نا نیشتمانیە لەناو کوردەواری دا پاک بکەنەوە، بێگومان ئەگەر نە هەستنە سەر پێ و نەیکەن ئەوکات هەتا هەتایە شەرمەزاری مێژوو بن، چونکە بەگوێرەی جێگەیان لە ناو کۆمەڵگا دا پێش ڕامیارەکانن، لەبەر ئەمە ئەم ئەرکە پێرۆزە پێش هەموو دەکەوێتە سەرشانی ڕوشنبیر چ ئەم ڕوشنبیرە نووسەر بێ یا هەڵبەستوان بێ یا دەرهێنەر بێ یا شێوەکار بێ هەتادوایی، پێویستە لە کارەکانیان دا کەسایەتی کورد و کەلتووری کوردی و شارستانیەتی کوردی نیشان بدەن، نووسەری کورد بەهەر زمانێک بینووسێ پێویستە دیار بێ لە ناو ڕستە نووسینەکانی کە ناسنامەکەی کوردیە، هەروەها هەڵبەستوانی کورد پێویستە زمانی ڕەسەنی کوردی بکار بهێنی لە هۆنراوەکانی دا، نە بەدرۆ بە ڕاست وشەی بێگانە بەکار بهێنی، بە تایبەت وشەی عەرەبی کە خودی عەرەبەکان لە کەنداو کە یەکەم نیشتمانی عەرەبە زمانی عەرەبی بەجێانهێشت و ئەمڕۆ زۆربەیان بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، دیسان پێویستە دەرهێنەری کورد لەو وینەیە کە پیشانی بینەر ئەدا لە کەناڵە کوردیەکان کەسایەتی کوردی، لە گەڵ شارستانیەتی کوردی لە دیمەنەکان نیشانی بینەری کوردی بیدا، نە لە فیلمەکان و دراماکان شەپقەی "فەیسەلی" لە سەر ئەکتەرەکە بیکا! یا لە جاتی وینەی هەر گورانیبیژێکی کوردی وینەی "کازم ساهر" لە ماڵی ئەکتەرەکە هەڵوەسی! بە ڕاستی دا، گۆرینی هەر شتێکی کوردی ڕەسەن لەلایان هەر کەسێک بێ بۆ شتێکی نا کوردی ئەو کابرایە بە بێ جیاوازی تاوانبارە لە بەرامبەر گەل و نیشتمان و مێژوو.
"بووکێ لەگەڵ تۆمە خەسوو تێبگە"
تێبینی: خوێنەری هێژا، من محەمەد مەندلاوی هاونیشتمانێکی کوردم، دڵپاک و بێخەوشم، ئەم قسانەی کە لە سەرەوە کرد لە دڵسوزیە بۆ کورد و کوردستان نە شتی تر.
١٩ ٠٣ ٢٠٢٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە