ماسکی لێبوکێک هەڵماڵرا

Friday, 03.20.2020, 14:19

3584 بینراوە


چارەنووست خۆت دەبێ دیاری بکەی
نەک تەمایەر بی لە بۆت کەن هەندەران.
(قانع)
----------------------
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا یەک لەو ڕووخسارە لێبوکانەی ئێستای دونیای سیاسەت، یەک لەو کاراکتەرە بێفەڕ و بێسەروبەرانەی نێو جیهانی ئەمڕۆ کە هاوشێوەی بەشێک لە سەرانی سیاسەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەویش لەخۆوە خۆی هەڵداوەتە نێو دەریای سیاسەتەوە و دەیەوێت لە ناویدا فێری مەلە ببێت و جگە لە سامانێکیش کە لە باوکییەوە بۆی ماوەتەوە هیچ بەهرەیەکی دیکەی نییە، بووە بە مایەی زۆرترین پشتپێبەستن لەنێو کۆمەڵگایەک کە هیچ شتێکی لە جێی خۆیدا نییە و نوخبە و ڕەعیەتیشی خواوەکیلی ڕەقەم لێ دەدەن، ئەو کۆمەڵگەیەیش کۆمەڵگەی کوردییە و کاراکتەرە لێبوکەکەیش بێ لە ترەمپ کەسێکی دیکە نییە.
ئەم پیاوە پیاوەتییەکی لەگەڵ جیهانی غەیرە -بە دۆست و نەیارەوە- کرد کاتێک بە هۆی بێئاگایی و نەزانینی سیاسەت ئەو دەمامکەی سەر ڕووی دزێوی سەرمایەداری لابرد، پێی وتین کە ئەو سیستەمە چی گەرەکە و چۆن بیر دەکاتەوە. هەموو ئەوانەیشی ئەمڕۆ دەستەبژێری سیاسی دەستڕۆیشتوون لە خۆرئاوا (ئەوروپا و بە تایبەتیتریش ئەمەریکا) بۆیە سەنگەریان لەم کابرایە گرتووە، چونکە دەستەکەی کەشف کردوون! بەڵێ، ئەوان نایانەوێت کەسێکی [ساویلکە و ڕاشکاو] هەموو نهێنییەکانیان بخاتە ڕوو. هەر ئەوەیشە دەوڵەتانێکی دیکەی (بە تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) ملهوڕتر کردووە و وای کردووە گوێ بە داواکانی ئەمەریکا نەدەن، چون لە مێژە و گەلێکیش بە باشی لەم دیوە شاراوەیەی تێگەیشتوون.
دەوڵەتانی خاوەن ئەزموونی سیاسی باش لەوە گەیشتوون بانگەشەی دیموکراسییەت و مافی مرۆڤی خۆرئاوا جگە لە گەمەیەک زیاتر شتێکی دیکە نییە کە ئەوان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دایانڕشتووە و هەر بۆ خۆیشیان لە سایەیدا حەساونەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت بوترێت لە ئێستادا ئەوروپا لەمڕووەوە گەلێک دۆخی باشترە و گەمەی دیموکراسییش تیایدا بە ڕادەیەکی زۆر جوانترە و بە پڕۆسەیەکی کامڵتریشدا ڕۆیشتووە. تەنانەت لە ڕووی بانگەشەی مافی مرۆڤیشەوە پێشەنگتر و ڕاستگۆترە لەو بەشەی تری خۆرئاوا کە دەکەوێتە نیوەگۆکەی دیکەی زەوییەوە. لە ئەوروپا سیستەمی دیموکراسی کامڵترە و فرەیی تیایدا پەرەسەندووترە، هەرچی ئەمەریکایە –لانیکەم لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا- دەسەڵات تیایدا بۆ دوو پارت یەکلایی بووەتەوە کە هەر وەک چۆمسکی دەڵێت هەردووکیان یەک کۆمپانیان. ڕەنگە هەر ئەم چەقبەستووییەی سیاسەت بووبێت کە لە ماوەی ڕابردوودا وای کردووە هەمیشە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی دەنگنەدەر بمێننەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕاڵف نادر و کەسانی دیکەیش سوکەهەوڵێکیان داوە بۆ خستنەڕووی نمونەیەکی جیاوازتر. ترەمپیش کە لە لاوە خۆی کرد بە دونیا پیسەکەی سیاسەتدا هەر ئەو هۆکارە هێنایە پێشەوە –خەڵکانێک کە دەیانویست نمونەیەکی جیاوازتر ببینن. ئەگەرچی بۆچوونێک هەیە کە پێی وایە گروپێکی دەستڕۆیشتوو هەن بە تایبەت لە ڕووی ئابورییەوە کە بە زۆری زایۆنین و پێشوەختە بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە کێ دەبێت ببێت بە سەرۆکی ئایندەی ئەمەریکا. گەرچی من ئەو تێزە نادیدە ناگرم، بەڵام هەر چۆن بێت دەبێت بڵێین کە ترەمپ بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی نەبوو بە سەرۆک، بەڵکوو بە زۆرینەی بازنەی هەڵبژاردن سەرۆکایەتییەکەی بردەوە کە دەرەنجامەکەی بەم جۆرە بوو: 304 بۆ دۆناڵد ترەمپ، 227 بۆ هیلاری کلینتۆن، ئەمە لە کاتێکدا بە پێی سەرچاوەیەک خاتوو کلینتۆن نزیک بە سێ ملیۆن دەنگ زیاتری هێنابوو لە ترەمپ! هەر ئەوە پێمان دەڵێت کە دیموکراسییەت چ گەمەیەکی خەڵەتێنەرە. خودی دۆناڵد ترەمپیش پێشتر گازەندەی لە دەست ئەو شێوازە سیستەمەی هەڵبژاردن کردبوو لە ئەمەریکا کەچی دەرەنجام بە قازانجی خۆی شکایەوە. بەهەرحاڵ، ئەوە پەیوەندی بە سیستەمی ئیداری و شێوازی حوکمڕانی ئەو وڵاتەوە هەیە، بەڵام جێگەی سەرنجە و لەگەڵ مانا سادەکەی دیموکراسیدا نایەتەوە کە حوکمی گەلە. 

ترەمپ کەسایەتییەکە کە هەر لە ساتی دەرکەوتنیەوە لە دنیای سیاسەت مشتومڕی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. لەسەر وەختی دەرکەوتنی ئەودا بوو بۆ یەکەمجار کۆمارییەکان زۆرترین بەربژێریان بۆ هەڵبژاردن خستە ڕوو. زیاتر لەوەیش هەندێکیان دۆناڵد ترەمپیان وەک نوێنەری کۆمارییەکان نەدەناساند، بگرە لە قۆناغی دواتریشدا کاتێک زیاتر لێی چووە پێش و بووە تاکە بەربژێر، بەشی هەرە زۆری ڕەمزە دیارەکانی کۆمارییەکان خۆیان لێ بوارد و دەنگیان پێ نەدا، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لەوانەیش هاوشێوەی ترەمپ بە کەسانی گەلێک پەڕگیر و توندئاژۆ ناسرابوون، لە نمونەی: بوش و ڕەمسفێڵد و ۆڵفۆویدز. دەبێت بوترێت ترەمپیش بە هەوڵ و تەقەلای خۆی گەیشتە سەرۆکایەتی و ڕووگیری هیچ شتێکی ئەو پیاوماقوڵانەی سیاسەت نەبوو، بەڵکوو ئەوە هەندێک لەوان بوون کە چاوەخواری پاڵپشی و دەستگیرۆیی پێشتری ئەم بوون.
***
ئێستا ئێمە لە جیهانێکدا دەژین نەتەوە یەکگرتووەکان و دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئامڕاز و بەهاگەلێکن بەدەست خواپێداو و دەستڕۆیشتووەکانەوە نەک ئەوەی دامەزراوە و چەمک و بەهاگەلی سەربەخۆ بن یاخود کۆدەنگی جیهانیان لە بارەوە هەبێت. زلهێزەکان لە کوێدا بیانەوێت ئەو دامەزراوە و چەمکانە بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆیان بە کار دەهێنن و سواغی کارەکانی خۆیانی پێ دەکەن. بەو شێوەیەیش چەمکەکانی مافی مرۆڤ، دیموکراسی، تیرۆر، ئاشتی ... بەو جۆرەن کە ئەو کەمایەتییە دەستڕۆیشتووە پێناسەی دەکەن نەک ئەوەی لە واقیعدا چۆنن. لە شوێنی دیکەیشدا ئاماژەم بۆ کردووە کە هیچ وڵاتێکی ئەمڕۆ دیموکراسیەت نایبات بە ڕێوە، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەو شێوە سیستەمە هەر لە یۆنانەوە بۆ خۆی تێبینی زۆری لەسەر بووە. دیموکراسیەت بووەتە بەهایەکی ئایدیاڵی و جێبەجێکردنی بەو شێوەیەی بیرمەندان داوایان کردووە لە دنیای ئەمڕۆدا بوونی نییە. کەچی دیموکراسییەت بووە بە ئاین و لە ئاوەزی [هەندێک لە] ڕۆشنبیراندا ڕەتکردنەوەی کوفرێکی سەریحە. وەک ئەوەی نەزانن بەشێکی گەورەی کارەساتەکانی سەدەی بیستەم لە سایەی چەتری ئەم چەمکەدا بەرپا کراوە -هەموو ئەوانەی هەڵگیرسێنەری ئەو جەنگە بوون بە پەیژەی ئەو سیستەمەدا گەیشتوونەتە دەسەڵات. کاتی ئەوە نەهاتووە مرۆڤایەتی بیر لە ڕێگەیەکی دیکە بکاتەوە کە زیاتر پێداگری بکات لەسەر جێبەجێکردن و چەسپاندنی بەهاگەلی وەک: دادپەروەری، بەختەوەری، ئازادی، پێکەوەژیان؟ ئەڵبەت کە بەهاگەلی باشتری دیکەیش زۆر هەن. وەک وتمان ئەوە نمونەی دیموکراسییە لە ئەمەریکادا کە هیلاری سێ ملیۆن دەنگی زیاتر هێنا کەچی ترەمپ بوو بە سەرۆک بە سیستەمێکی هەڵبژاردن کە پێشتر خۆیشی دژایەتی کردووە، ئەمە سەرباری ئەوەی چل و دوو لە سەدی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو لە هەڵبژاردنەکانی 2016ی ئەمەریکادا دەنگیان نەدابوو! ئەمە بارودۆخی ئەمەریکای ڕێبەر و لوتکەی دیموکراسی بێت، بێگومان ڕەوشی وڵاتانی دیکەی جیهان باشتر نابێت. چین و ڕووسیا هەڵبژاردنێکی ڕوواڵەتییان تێدایە و سیستەمیان چەسپاوە، خوا هەڵناگرێ بۆ خۆیشیان زۆر بانگەشەی دیموکراسی ناکەن. هەرچی ئەوروپایە کە ئێستا سیستەمی حوکمڕانی و ئیداری لە ناوخۆدا لە هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان جوانترە سەرەڕای ئەوە بەشێکیان سیستەمی حوکمڕانییان پاشایەتیی دەستوورییە، هێشتا تارمایی جەنگی جیهانی دووەمی بەسەرەوە ماوە و وەک ژێردەستەیەکی ئەمەریکا و قەرزداری پڕۆژەی مارشاڵ بە دیار دەکەوێت. لە کەنەدا و ئوستورالیا و ژاپۆن و مالیزیا و هەندێک وڵاتی خۆشگوزەرانی دیکەی جیهانیش نمونەی هاوشێوە دەبینین. ئەگەر ڕاستگۆ بین و درۆ لەگەڵ خۆمان نەکەین پاشایەتی –کە بە تێڕوانینی من سەرکەوتوترین شێوەی حوکمڕانییە- بۆ خۆی لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسیدا نایەتەوە و ناگونجێت، بەڵکوو بەزۆر گونجێنراوە. کەواتە ئەوەی خۆرئاوا دەخوازێت خۆشگوزەرانی و بەرەوپێشچوونی وڵاتەکانیانە نەک پابەندبوون بە ناوەڕۆکی چەمک و بەهاکانیانەوە. پەیامێکی ئەم نووسینەیش ئەوەیە تاکی کورد بەو چەمکانە هەڵنەخەڵەتێت، خۆشباوەڕی مرۆڤی کورد لەوەدایە لە ماوەی ڕابردوودا پێی وابووە خۆرئاوا (ئەمەریکا و ئەوروپا) هەموو کارێک لە بەرژەوەندیی ئەوان دەکەن دژ بە وڵاتانی دراوسێ و لە ناوخۆیشدا میللەت ئەوانی بەپاڵپشت و فریادڕەس زانیوە دژ بە ستەمکارییەکانی حوکمڕانانی ناوەوە. بەو پاساوەی گوایە جەنابیان پێشکەوتووخواز و عەلمانی و پارێزەری مافەکانی مرۆڤن ئیدی خۆرئاوا داکۆکییان لێ دەکەن. لە کاتێکدا پێچەوانەکەی ڕاست بووە، ئەوەی ئەوان ویستویانە لە دوژمنانی ناوخۆ و دەرەکی چنگیان کەوتووە. ئیدی بەو جۆرە پابەندبوون بە ناوەڕۆکی چەمکەکانەوە تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەوان وەستاوە. لە کوێدا ویسبێتیان تیرۆریست بووە بە شۆڕشگێڕ و شۆڕشگێڕ بە تیرۆریست. تەنانەت لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهانیش دەسەڵاتدارانی خۆرئاوا بە هەمان شێواز مامەڵە بەو چەمک و بەهایانە ناکەن -لە شوێنێک پێداگیرییان لەسەر دەکەن و لە شوێنێک بێدەنگی هەڵدەبژێرن. کورد وتەنی: بە ڕبەیەک دەکڕن و بە ڕبەیەک دەفرۆشن. هەر ئەوەیش وا دەکات کوشتنی حەریری و خاشقچی دەبێتە قەوانێک و دوای ساڵانێک هەر لێ دەدرێنەوە، لەو لایشەوە کوشتنی دەیان و سەدان هەزار لە گەلانی ناوچەکە لە ژمارەیەک زیاتر هیچی تر نییە!
****
گەلانی شکستخواردوو هەمیشە شکست و هەڵەکانیان خستووەتە ئەستۆی ئەوانی دیکە، دەکرێت کوردیش لەنێو ئەو گەلانەدا پۆلێن بکرێت. ئێمە تا ئێستا نازانین گەمە جیهانییەکان کەس ناناسێت و گەر یاریزانێکی باش نەبیت خۆت باجەکەی دەدەیت. کورد گەرەکییەتی لە مەیدانەکەدا بێت و خەڵکیش گەمەی بۆ بکەن! هەر بۆیە ئەو نەک نەبووەتە گەمەکەرێک، بەڵکوو بووەتە گەمەپێکراو و خودی یاریچەکەیش. هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان گەلێک ئاڵۆزن و دەبێت بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. ئەوەیش هەر تەنیا کاری سیاسییەکان و حیزبەکان و حکومەت و پەرلەمان نییە، بەڵکوو دەبێت ڕاوێژ بە لایەنی پەیوەندیداری دیکەیش بکرێت، لە نمونەی: ناوەندەکانی توێژینەوە و کۆڕبەندی هزری و زانکۆکان. تا ئەو ڕادەیەی پێویستە کەسانی دنیادیدە و بەئەزموونیش بەشدارییان پێ بکرێت. لە وڵاتانی خۆرئاوا لەسەر بابەتێکی سادەی وەک: قەدەغەکردنی پەچە لە شوێنە گشتییەکان و بانگدان لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە ڕای چەندین لایەن وەردەگیرێت تا دەرەنجام لە چوارچێوەی بڕیارێکی سیاسیدا گەڵاڵە دەکرێت، ئەوەیش بە شێوەی پڕۆژەیاسا دەبێت لە پەرلەمانەوە یاخود پڕۆژەبڕیار لە ڕێگەی حکومەتەوە. مەخابن! لای ئێمە لە پرسە هەرە هەستیارەکانیشدا کە چارەنووسی میللەتێکی پێوە بەندە هیچ گەڕانەوەیەک بە دی ناکرێت بۆ لای ئەم ژێدەرە گرنگانە، ئەمە سەرباری لاوازی ئاست و توانای ئەو ناوەندانەیش.
****
خوێندنەوەی سایکۆلۆجی و ناسینەوەی کاراکتەرەکان لێکەوتەی بەهێزی دەبێت لەسەر تێگەیشتنی واقیعە سیاسییەکە و دۆزینەوەی ڕێگە دروستەکە. بۆ نمونە: خاڵی بەهێز و لاوازی بکەرە سیاسییەکان، شێواز و جۆری گفتوگۆ، باکگراوند و ئاستی بیرکردنەوە و ژیری، زمانی جەستە و ڕادەی هەڵچوون و پابەندی و ئەتەکێت گرنگن بۆ زانینی توانا و ئاستی بەرامبەر. لێرە بۆ کام لە سەرکردەکانی جیهان و ناوچەکە ئەم شێوازە شرۆڤەیە کراوە؟ ئەوەیش دووری خستووینتەوە لە پەیبردن بە مانای قوڵی دیپلۆماسییەت و نەخوێندنەوەی جوڵەی بەرامبەر.
پێویستە چیدی کورد میللەتێکی خۆشگلەیی نەبێت، بە هزری بابەتییانە و بە چاوی ڕەخنەوە بکەوێتە خوێندنەوەی دیاردەکان. بزانێت هەموو شتێک هۆ و ئەنجامە ئەوەی بەسەرمان دێت هۆکارەکەی لە دەستی خۆماندایە. ئەوە خۆمانین گۆڵکاری باش نیین، خۆمانین دەرفەتەکان ناقۆزینەوە، خۆمانین خۆ تێ هەڵدەقورتێنین و هیچیشی لێ نازانین. لە هاوکێشەی نێودەوڵەتیدا هەر وەکوو مەیدانی حەشر هەر کەس هاواری خۆی دەکات. چ عەقڵیەتێکە پێت وابێت ترەمپێکی بازرگان [خاڵی لە هەموو ویژدان و مرۆڤایەتییەک] لەوپەڕی دونیاوە بێت خزمەتی ئێمە بکات، ئەو کە شێت و حەیرانی پارەیە چۆن بە بەلاش پارەی خۆی بخاتە ئاوەوە؟! ئەو ڕۆژانە ئەوە دەدات بە گوێی جیهاندا کە ئەوان چەندین ترلیۆن دۆلاریان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرف کردووە، بێ ئەوەی کەسێک بپرسێت لە چیدا؟ بە چی؟ چۆن؟ سەرباری ئەوەی هەر جاری و ژمارەیەکیش لێ دەدەن [جارێک دەڵێن چوار ترلیۆن دۆلار، جارێک دەڵێن: شەش، هەشت، دە، یازدە ..] ڕەنگە ئەم ژمارە قەبانەیش بۆ ئەوە بێت تا لە ناوخۆ و دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پەردەپۆشی ئەو هەڵمەتی تاڵانکردنەی دنیای دەرەوە، بۆ وێنە: خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت. پێشتر پڕوپاگەندەی تریشیان هەبووە بۆ مەرامی هاوشێوە، بۆ نمونە: بەر لە وادەی ڕوخانی قەزافی دەوترا ئەو سەرۆکە خاوەنی 200 ملیارد دۆلارە کەچی کە خۆی تیاچوو دەنگوباسی ئەو ملیارەها دۆلارەیش بە قودرەتی قادر ون بوو! تۆ بڵێیت لەگەڵ جەستەی قەزافیدا لە بیابانەکانی لیبیا نەکرابێت بە ژێر خۆڵەوە؟ یان کێ ناڵێت لەوانەیە لە باخەڵە قوڵ و ئەمینەکانی سەرمایەداراندا تا ئێستایش پارێزراو بێت یاخود لە باڵەخانە بەرز و هەوربڕەکانی ئەواندا هێشتایش مامەڵە و کاسبی پێوە بکرێت. بەر لەوانەیش بۆ سەدام و دیکتاتۆرەکانی دیکە پڕوپاگەندەی هاوشێوەیان کردووە –ئەوانەی کە بە هۆی پەیڕەوکردنی لانیکەمی سۆشیالیزم بازاڕیان بە ڕوویاندا داخستبوو، سەرودڵیان گرتبوون. ئیدی با کەس باسی ئەوە نەکات لە بەر بەدکارییەکانی (سەدام) لە کار خراوە.
بۆ ئەوانەی پێیان وایە ئەمەریکا دەزگایەکی خێرخوازییە و چاکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دەوێت، با تەماشایەکی دەوڵەتانی ئەمەریکای باشوور بکەن کە هەندێکیان بۆسۆیان لێ هەڵناستێت و گەلەکانیان لە برساندا زروکەیان دێت. ئەمەریکا نەک هەر یارمەتی نەداون، بەڵکوو ئەگەر خۆیشیان دەسەڵاتێکیان هەڵبژاردبێت و بەدڵی جەنابی نەبووبێت، دەستی وەرداوە و گوێلەمستێکی خۆی داناوە، بۆ ئەوەیش نمونەیەکی حازربەدەست هەڵکشانی ئۆگۆستۆ پینۆچییەیە بە پەیژەی هەواڵگری ئەمەریکادا بەرەو دەسەڵات لە ڕێگەی تیرۆرکردنی سەرۆکی هەڵبژێرراوی چیلی سەلڤادۆر ئەلیندی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. باشە بیرتان نەکردووەتەوە ئەم کاک ئەمەریکایە بۆ یارمەتی وڵاتێکی هەژاری وەک هندۆراس نادات کە سنووری ئاویشی لەتەکیدا هەیە؟ بۆ دەیان ساڵە لە هەموو لایەکەوە ئابڵوقەی هاوسێترین وڵاتی خۆی داوە کە کوبایە؟ بۆچی گەمارۆی ئابوری خستووەتە سەر ڤەنزەویلا و بۆلیڤاری کردووە بە پوش و ئابورییەکەی نەفروتونا کردووە؟ بۆ لەسەر سنووری مەکسیک هەنوکە سەرقاڵی هەڵچنینی دیواری ترەمپە؟ بە ڕاست بۆچی؟! بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی دیواری بەرلین یان ڕکابەری شورای چین بکات لە چاخی نوێدا؟ من ئەوە ناچێتە مێشکمەوە کە بۆ ڕێگریکردن بێت لە تاوان، ئاخر ئەمەریکا خۆی نغرۆی تاوانە –لە ناوخۆ و دەرەوەیشدا. خۆی گەلانی ئەو ناوچەیەی برسی کردووە و پشێوییەکی بۆ ناونەتەوە کە دەبێت هەتا ماون هەر مژۆڵی بەرهەمهێنانی تاوان بن. جارجارەیش بەشێکی هەناردەی باکوور بکەن! ئەو زلحۆرتە تەنیا کوردە بێبەرامبەر لە بەرپێیانیدا دەکەوێت. هەموو جاریش هەر ئەوە شانە و ئاوێنەی داوە بە دەستییەوە. لە ڕاستیدا ئەو لە بەر بێکەسییە ئێمەی کردووە بە کەس. لە دەڤەرێکدا ڕووی کردبێتە هەر شوێنێک سەگەلیان تێ بەرداوە. ئەو کاتەی کەسانی دیکە پاتەیان تێ دەگرتن، ئێمە گوڵبارانمان دەکردن. کەچی وا ئەوان دەمانخەنە ژێر پێی پاتەتێگرەکانەوە و زۆریش بێڕێزانە باسی بۆنی خۆشی گوڵەکانی ئێمە دەکەن! باشیان خوێندوینەتەوە! دەزانن چەند ساویلکەین و بە زمانی لوس و موجامەلە چەند هەڵدەخەڵەتێین! لە بەر چاوی ئەوان ئێمە ئەو منداڵە گوێڕایەڵەین کە هەرگیز گەورە نابین! بە موجامەلە و هەڵنانێک بە ئافەرین و ئاقڵ و شێری خۆم، ئیدی ئەوەی بیانەوێ بۆیان دەکەین. لە کوێی دنیادا هەیە چاوپێکەوتن و وێنەگرتن لەگەڵ سەرۆکی وڵاتێکی دیکە بە دەستکەوتی نیشتیمانی دابنرێت؟ ئەمە هەمان ئەو نەریتە خراپەیە کە لە ناوخۆدا کەسانی بودەڵە لەگەڵ کەسانی خاوەن پلە و پۆست وێنە دەگرن و مەراییان بۆ دەکەن تا بەڵکوو ئەمە خوایە شتێکیان دەست بکەوێت یان لە بەرچاوی دۆست و دوژمن خۆیان (موهیم) پیشان بدەن، وەک تەهافەنی لە خولەچەخماخەدا کاتێک دەیەوێت تەرفیع بکات تەکلیف لە چەخماخە دەکات و بە هاوڕێکانی دەڵێت "خولە موهیمە و لە هەموو موهیمەکانی تریش موهیمترە!" بەڵام ئەوە لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا ناخوات. بیرمان چوو بیرلسکۆنی دانەوییەوە و دەستی قەزافی ماچ کرد کەچی کە ئەمەی دواتریان گڵۆڵەی کەوتە لێژی، هەر بیرلسکۆنی خۆی تۆمەتباری کرد بەوەی کە هەوڵی داوە تیرۆری بکات! بەڵێ ئەوان ڕۆژانە لە ناوماندان و باش هەڵیانسەنگاندوین، دەزانن بایی چەندین؟! هەر بۆیە لەو کاتەی ناکۆکی دەکەوێتە نێوان ئێمە و دەوڵەت و نەتەوەیەکی دراوسێوە، ئێمە دەکەن بە قۆچی قوربانی. لە داڕشتنەوەی عێراقی نوێدا گوێیان لە داخوازییەکانی کورد نەگرت، تەنانەت فیدراڵیشیان بە زۆر دەبینییەوە بۆی، بەڵام ئای! ئەو کاتیش کورد نەیزانی بۆ کارتەکانی بگەڕێت.
****
پێویستە ئەم جارە کورد هەڵەی جەنگی داعش دووبارە نەکاتەوە کە تیایدا چووە ژێر باری جەنگێکی بریکارییەوە و لەبری هەموو جیهان جەنگا، بەڵام لە کۆتاییدا هیچی پێ ڕەوا نەبینرا. دەبێت ئەوە بە گەلان و دەوڵەتانی عەرەبی ڕابگەیەنرێت کە تورکیا ئامانجی خاکی ئێوەیە لە کەنداوەوە تا زەریا، لە قەتەر و سعودیەوە تا دەگات بە مەغریب و مۆریتانیا. خاکی کوردستانی ڕۆژئاوایش جگە لە دەروازەیەک کە تورکیا دەیەوێت بە زەبری شەق تێکی بشکێنێت شتێکی دیکە نییە. دەبێت نالی وتەنی کوتاڵ و پارچەکانمان بە بەدەل سەودا بکەین نەک بە حەلاش و بەلاش بیخەینە ژێر دەستیانەوە. بۆ ئەوەیش ئابوری سعودیە و توانای سەربازیی میسر یەکجار گرنگن.
دەبێت توێژەر و [بیرکەرەوە]کانمان دەستبەرداری گوتاری عاتیفی ببن و واز لە هۆنینەوەی شیعر و داڕشتنی پەخشان بهێنن بە ناوی توێژینەوە و شرۆڤەکردنی دۆخەکەوە. ئاخر چەند لەو شرۆڤەکار و چاودێر و [بیرمەندە سیاسییانەمان] هەن کە لە ڕابردوودا خوێندنەوەیەکی ڕاست و دروستیان بۆ ڕەوشی ئێستا کردووە و فەرمایشتەکانیان پێکاویەتی؟
ئەردۆگان بەم هەڵمەتەی بۆسەر برا و هاوزمانەکانی ئایلان ویستی ئەو منداڵە [کوردە] سوورییە وە بیر مرۆڤایەتی بهێنێتەوە کاتێک لە وتاری دووایین خولی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەو زاتە گازاندەی ئەوەی کردبوو کە "مرۆڤایەتی زوو ئایلانی منداڵی لە بیر کرد." ئەم دووفاقییە تەنیا لای ئەردۆگان نییە، بەڵکوو ڕوویەکی زەقی کاراکتەری سیاسیی نێو دونیای مۆدێرنە، بەڵام لای ئەردۆگان و نوخبەی دەستڕۆیشتووی هاوزمانی تا بڵێیت خەستوخۆڵترە. بەڵێ، ئەمە دونیای هەژار و بەشمەینەتەکانی دونیا نییە، بەڵکوو دونیای ئەوانەیە کە لە بەرژەوەندی خۆیان گەڵاڵەیان کردووە.
ئەردۆگان لەو پڕۆسەیەدا تەنیا نییە، سەرباری نوخبەی سیاسی دەستڕۆیشتوو کە پێک هاتوون لە کەسە دیارەکانی نێو هەر سێ پارتە سەرەکییەکەی تورکیا و کەسانی سەربەخۆ و جیابووەوەی بە نەژاد تورک، سوپایەکیش لە ڕۆشنبیر و قەڵەمبەدەستیشی لەگەڵە. ئا لەو جۆرە پێشهاتانەدایە کە هەموو گەل لە تاقە کەسایەتییەکدا بەرجەستە دەبێت، لە باری ئەمڕۆدا ئەو کەسایەتییە ئەردۆگانە. هەر ئەوەیش خاڵی بەهێزی ئەردۆگانە کە بە هەموو جیهان ناتوانن بۆڕی بدەن. ئەردۆگان لە ئێستادا نوێنەرایەتی ئەکەپە و مەهەپە و جەهەپەیش دەکات. نوێنەرایەتی یەڵدرم و باخچەلی و کلیچدار ئۆغڵو و تەنانەت عەدنان ئۆکتار و گویلەنیش دەکات. کوان لە کوێن پاموک و شەفەق؟ ئورهان پاموک لەپێناو کارئاسانی گەیشتن بە خەڵاتێک و ڕازیکردنی دڵی خۆرئاوا و مەسیحییەت گەڕایەوە بۆ مێژووی سەدان ساڵە و پێی لە ڕووداوێک نا کە تا ئێستا لای زۆرینەی هاوزمانەکانی و تەنانەت لای هەندێکیش لە خۆرئاوا (بۆ نمونە: بێرنارد لویس) بە هەڵبەستراو و ناڕاستی دادەنێن کە ئەویش ڕەشەکوژی ئەرمەنە. کەچی ئەم عەقڵە ئازادە ئامادە نییە بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ئەمڕۆ لە دەوروبەری خۆی بەرامبەر بە گەلێکی بندەستی دیکە دەگوزەرێت دێڕێک بڵێت! ئەلیف شەفەق لە وتارێکدا کە لە لایەن سایتی بەناوبانگی (ted.com) بڵاو کراوەتەوە پەکوو لە دەست ئەو جیهانە دەکات کە نازی هاوڕەگەزبازەکان هەڵناگرێت. کەچی خانمی هەست ناسک لە هەگبەیدا هیچی بۆ کۆژانی ئەم گەلە بندەستە پێ نییە -نە ئەلفێکی بۆ کوژرانی ژن و منداڵانی باشوور و خۆرئاوای وڵاتەکەی نووسیوە و نە شەفەقێکی بە ڕوویاندا کردووەتەوە، لە کاتێکدا سەری زمانی و بنی زمانی هەر فێمینیزم و پرسی ژنە! دەبێت نەتەوەی تورک ئەوە بزانن کە جەنابی ئەردۆگان هەڵەیەکی سترایجی دەکات کاتێک ماف لە نەتەوەیەک دەسەنێت و دەیدات بە نەتەوەیەکی دیکە. باشترە بۆ تورک –وەک نەتەوە- کێشەکانی لەگەڵ کورد لە چوارچێوەی تورکیادا چارەسەر بکات وەک لەوەی برابەشێکی نوێ بهێنێتە ناوەوە –ئەڵبەت لێرەدا مەبەستمان عەرەبە. ئەمڕۆ بە ملیۆنان ئاوارەی عەرەب براونەتە ناوچەکانی کوردستانی باکوور و ڕۆژئاوا پاساوەکە هەرچی بێت دەرەنجامەکە تێکدانی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانەیە. عەرەبیش هەستی نەتەوایەتییان بەهێزە و هەر وا بە ئاسانی دەستبەرداری نابن. ئەوەیش خراپ بەسەر تورکیا و تورکاندا دەشکێتەوە. ئەو دیدە لە پەرۆشییەوە نییە بۆ تورکان، بە قەد ئەوەی بەتەنگەوەهاتنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و دوورکەوتنەوەیە لە توندوتیژی. چوون گومان لەوە ناکرێت ستەم هەر ستەم بەرهەم دەهێنێتەوە و توندوتیژییش هەر توندوتیژی لێ چاوەڕێ دەکرێت. سەرباری ڕەهەندە مرۆییەکەی، پێدانی ڕەگەزنامە بە چەندان ملیۆن ئاوەرە لە لایەن تورکیاوە مایەی سەرنجە. با ڕەهەندە سیاسییەکەیشی بە لاوە بنێین، تۆیەک نەتوانی مافی پێکهاتەیەکی گرنگی وڵاتەکەت دابین بکەیت، چۆن بتوانیت لەگەڵ خەڵکانی وڵاتێکی تر ڕاستگۆ بیت، ئەی ئەوان چۆن بتوانن متمانە بەم بێگانە حەفتامنەتییە بکەن؟!
****
کورد لە گەڵ دەرەوەی خۆیدا هەمیشە گەمژانە سیاسەتی کردووە، لە دۆستایەتیدا سەرڕاست بووە و لە دوژمنایەتیشدا سەرڕاست. گەر مێژوو بخوێنینەوە دەبینین: گەلانی سەردەست هەمیشە تا بۆیان کرابێت تاوانەکانیان بە پێی پێودانگ و یاسا خۆجێیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە –تورکیایش لەوانەیە. وا ئەمڕۆ لە ڕێگەی پەرلەمانەکەیەوە کە قەوارەیەکە لەو سیستەمە دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەی تورکیا، بڕیاری داگیرکردنی وڵاتێکی دیکە دەدات و بۆیشی دەچێتە سەر، یاسا نێودەوڵەتییەکان و ناتۆیش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتگیری دەکەن. خۆرئاوایش سەرباری هەندێک پرتەوبۆڵە بەریان بۆ واڵا کردووە. ئێمە نە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا و نە لە ڕووانگە مێژووییەکەیشەوە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا نەبووین و نیین. گەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین و کێشەی ئەرمەن بە نمونە وەربگرین، تورکیای کارکردەی ئەمڕۆ و عوسمانی دووربینی دوێنێیش زیرەکانە ئەم مەلەفەیان لە خۆیان دوور خستووەتەوە. جارێ لە سەرەتاوە وروژاندنی ئەم کێشەیە پێناچێت لە قازانجی کورد بێت. بمانەوێت و نەمانەوێت ئێمەی کورد بە تۆمەتبارێکی ئەو ڕووداوە [گوماناوییە] هەژمار دەکرێین. بۆیە دەڵێم گوماناوی –سەرباری چەندین دیدی مێژوونووسان لەو بارەیەوە- ئەو پڕۆسەیە [ئەگەر بەو جۆرەیش بێت کە باس دەکرێت] تورکیا بە داکۆکیکردن لە خاکەکەی دژ بە دەستوەردانی دەرەکی دەزانێت و پێی وایە لە میانی شەڕدا بووە و بۆ کپکردنەوەی ئەو یاخیبوونانە بووە کە هەڕەشە بوون لەسەر یاکپارچەیی خاکەکەی. ئەرمەنەکان داوای ئۆتۆنۆمی یان قەوارەیەکی سەربەخۆیان کردووە، ئەوەیش بە پاڵپشتی ڕووسەکان. لێرەدا کورد و ئەرمەن بە جۆرێک لە جۆرەکان دوو گەلی لەخشتەبراو و ژێردەستە بوون. جەنگی ڕاستەقینە لەنێوان تورک و ڕووسەکاندا بووە. ڕووسەکان ئەرمەنەکانیان وەپێش خۆیان ناوە بۆ مەرامی پاوانخوازی خۆیان و تورکەکانیش بۆ هەمان مەبەست کوردەکان. ڕەنگە هەندێک جاریش سەرباری هەستی ئاینی، هەستی نەتەوایەتی و ناوچەگەری و خێڵەکیشیان تێدا چاندبێتن بەوەی ئەو ناوچانەی ئێوە داکۆکی لێ دەکەن سەرزەمینی خۆتانە کە هەر بە ڕاستییش وابووە. ئا بەو جۆرە ڕووداوەکە بەو ساناییە نییە. سەرباری هاوسۆزیی ئێمە بۆ گەلی ئەرمەن لە هەموو بارێکدا. لە لایەکی دیکەیشەوە گەلانی سەردەست –تورک و ڕووس بە نمونە- هەموو کارێکیان بە بەرنامە و ستراتیج و بە پێی یاسا بووە، چ ئەوەی سەد ساڵ لەمەوبەر کردوویانە چ ئەوەی ئەمڕۆ بۆ سەدساڵی ئایندە ئەنجامی دەدەن. ڕەنگە لە وروژاندنی زۆربەی ئەم جۆرە کەیسانەدا گەلانی سەردەست مەلەفەکان لە بەرژەوەندی خۆیان هەڵبدەنەوە و دەستە چەورەکەی خۆیان بەسەر گەلانی تردا بسڕن. بە دڵنیاییەوە هەموو بەڵگەنامەی پەیوەست بەو پرسانەوە ئەوەی لە بەرژەوەندی خۆیانە بە زامنی دەیانپارێزن و پاراستویانە. گەر تاوانبارکردنێک هەبێت دەڵێن: ئێمە بە پێی یاسا جوڵاوینەتەوە، گەر کارێکی نایاسایی کرابێت دەڵێن: لە دەرەوەی ئاگاداری ئێمەوە بووە. هەمان شتیش بۆ گروپە چەکدارەکانی ئەمڕۆی سەر بە تورکیا و وڵاتانی تریش لە ناوچەکەدا ڕاستە. ئەو هەڵانەی ئەو گروپانە دەیکەن نە لە ئێستا و نە لە ئایندەیشدا تورکیا بەرپرسیارێتییەکەی هەڵناگرێـت. ئا بەو جۆرە کەتنەکەیشت پێ دەکەن و شایەتومانەکەیشت پێ دەهێنن. لە ماوەی ڕابردوودا کاتێک فەڕەنسا مەسەلەی ئەرمەنی جوڵاند، تورکیا کەوتە هەڵدانەوەی مەلەفی جەزائیر –دوو ملیۆن شەهیدەکە. دەبێت بزانین ئەو دەوڵەتانە هەموو دەستیان بە خوێنی مرۆڤایەتی سوورە و دەزانن چۆن سەر و دڵی یەکتری دەگرن. بۆ ئێمەی گورد گرنگە بزانین چۆن و بە چ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە پرسانەدا دەکەین.
****
گەلانی سەردەست لە ناوچەکە هەوڵیان داوە لێزانانە وەبەرهێنان بە گەلانی بندەستیانەوە بکەن. ئیسرائیل بە نمونە وەربگرین هەمیشە هەوڵی داوە وەبەرهێنان لە دوژمنەکانی [عەرەب و موسڵمانەکان]دا بکات و لە بەرژەوەندی خۆی بە کاریان بهێنێت. وەبەرهێنان لە سەرزەمین و خاک و ئاوی ئەوان، لە فەرهەنگ و میرات و کەلەپوریان، لە توانای هزری و جەستەییان تا دەگات بە توانای ڕۆحییان. ئەوان وەبەرهێنان لە پەرتەوازەکردنی نەیارانی خۆیاندا دەکەن و لەوەیشدا قازانجی باشیان دەست دەکەوێت. لەم سۆنگەوە سەرهەڵدانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران [وەک هەژمونێکی شیعی] و ڕژێمی پێشووی عێراق و دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و چەندین هێزی دیکەی [سونی] لە ناوچەکەدا بە خێر بەسەر ئیسرائیلدا شکاوەتەوە. ئەڵبەت بەو مانایە نا کە ئەوانە دروستکراوی ئیسرائیل بن، بەڵکوو لەو سۆنگەیەوە کە هیچ کام لەوانە نەک زیانێکی ئەوتۆیان بۆ ئیسرائیل نەبووە، بەڵکوو سوودیشیان پێ گەیاندووە و زیانەکانیان تەنیا بۆ کۆی گەلانی ناوچەکە بووە. تا گەیشتووە بە ڕادەیەک کە هەموو بڕست و حەوسەڵەی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە وێرانکاریدا سفر بووەتەوە. بیهێننە پێش چاوتان: گەر بهاتایە و ئەو وزە زۆرە فیزیکییەی تا ئێستا لەم ناوچەیەدا لە شەڕ و کاولکاریدا بە هەدەر دراوە لە ئاوەدانیدا سەرف بکرایە ئێستا چی بووین و لە چ ئاستێکی گەشەکردندا بووین، ئەمە ئەگەر توانای ئابوری و گەشەی ڕۆشنبیری و بوارەکانی دیکەیش نادیدە بگرین. لەم سۆنگەیەوەیە کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران دروست دەبێت، عەرەب هەموو توانای خۆی چڕ دەکاتەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ دوژمنێکی تازەدا و ئیسرائیلیان بیر دەچێتەوە و خەیاڵیان لای ئەو نامێنێت، بەڵکوو ئەو خۆی دەکاتە فریادڕەس و چاکەخواز و سەرگەورەیشیان -دەبێتە پشتوپەنای کۆنە ئامۆزاکانی لە دژایەتیکردنی ئەو دوژمنە وەهمییەی خۆی و ئەوانیشدا! ئا بەو شێوەیە گەلی زیندوو یارییەکە عاقڵانە ئەنجام دەدات نەک هەر ئامڕازەکان زیرەکانە بە کار دەهێنێت، بەڵکوو سوود لە توانای عەقڵی و بەدەنی بەرامبەرەکەیشی وەردەگرێت –تەنانەت ئەگەر دوژمنیشی بن- بۆ بەرژەوەندی خۆی کە دواجار لەبری ئەوەی شەڕی لەگەڵ بکەن، ناچار دەبن بیپارێزن. ئەو سیاسەتە کە ڕەنگە تژی بێت لە عەقڵ و خاڵی بێت لە ئەخلاق ئامڕازی سەرکەوتنی زۆرێک لە گەل و دەوڵەتانی سەرزەوی و دەڤەرەکەیشە. هەر ئەوەیش ئامڕازی سەرکەوتنی هەر کام لە 1- ئیسرائیل. 2- تورکیا. 3- ئێرانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. گەلانی وەک کورد و بەشێک لە عەرەبیش قوربانی نەزانینی ئەم گەمەیەن. دۆڕاوی ناوچەکەیش هەر ئەو دوو گەلەن، چونکە خاکیان دۆڕاندووە بە تایبەتی کورد. هەرچی ئەو سێ گەلەی ترە –یەهود، تورک، فارس- سەرباری هەر شکستێکیش بە سەریان هاتبێت بستێکی ئەو خاکەی بانگەشەی خاوەندارێتی دەکەن نەکەوتووەتە دەست بێگانە.
****
کورتبینی دیدگا تەنیا لای خەڵکی عەوامی نێو جڤاتی کوردی بوونی نییە، بەڵکوو لای ڕۆشنبیر و خوێندەوار و شرۆڤەکار و سیاسەتمەدارانی کوردیش هەمان دۆخ دەبینرێت کاتێک دەبینین مەزاج و ئارەزووی خۆیان تێکەڵ بە خوێندنەوەکانیان دەکەن، بەڵام واقیع جۆرێکی ترە. هەر ئەوە وای کردبوو کاتێک تورکیا فڕۆکە ڕووسییەکەی خستە خوارەوە کەسانێک پێیان وابوو ئیدی ئەوە قیامەتی تورکیایە یان لە ناکۆکی نێوان تورکیا و ئەمەریکادا دیدی هاوشێوە بینراوە. ئەوەی گرنگە ئێمە چۆن سوود لەو ناکۆکۆییانە وەربگرین. بەداخەوە لە کوردستان تا ئێستا ناوەندێکی ئێرانناسی و تورکیاناسی بوونی نییە، بەڵام ئەوان باش ئێمە دەناسن. مێژوو، جوگرافیا، سایکۆلۆجیا و فەرهەنگی ئێمەیان زۆر باش خوێندووەتەوە. کورد وتەنی: ئەو چاوە کوێر بێت دوژمنی خۆی ناناسێت! هەرچەندە من هیچ گەلێک بە دوژمنی گەلێکی دیکە نازانم، بە پێچەوانەوە لەگەڵ پێکەوەژیان و ڕێزی تەواوی نێوان هەموو گەلانی ناوچەکەم، بەڵام ئەوەی دیارە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە دۆستایەتی گەلی ئێمە ناخوازن. لە بارێکی لەو چەشنەیشدا خوێندنەوەکانمان بەرهەمی عاتیفە بن، هیچیان لێ سەوز نابێت.
وا دەردەکەوێت ئەو هەرێمەی دوای 1991 لەسەر دەستی ئەمەریکا لە باشوور دروست بووە بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆدەنگی ئێران و تورکیایشی لەسەر بووبێت، بەڵکوو ڕەنگە هەواڵگری ئەو وڵاتانەیش ڕۆڵیان لە دیزاینکردن و بەڕێوەبردنیشیدا هەبووبێت. ئەمەیش هەر تەنیا پەیوەندی نییە بە لاوازی ناوخۆوە، بە قەد ئەوەی پەیوەندی هەیە بە تۆکمەیی کاری دامەزراوەیی ئەوان و ستراتیجی قوڵی خوێندنەوەی بەرامبەرەوە. هەر بۆیە هیچ مەترسییەکی دروست نەکردووە، بگرە نیعمەتێک بووە بۆ ئەوان. ئەگەر زۆرینەی وڵاتانی عەرەبییش لەوەدا ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبووبێت دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی کاری دامەزراوەیی و بێئاگایی ئەوانیش –هاوشێوەی ئێمە- لە سیاسەت.
****
لە ئێستادا گەلێک سەرۆکی پاوانخواز و ستەمکار لە جیهاندا دەرکەوتوون (ترەمپ، پوتین، ئەردۆگان، بەشار، ڕۆحانی، کیم یۆنگ ئون) لە نمونەکانیانن. لە بەرامبەردا سەرۆکانی وڵاتانی وەک (چین [هەرچەندە شی جین پینگ هەر وەک ئەو گروپەی یەکەمە لە هەندێک شتدا]، هندستان، بەڕازیل، مەکسیک، کەنەدا، ژاپۆن، ئوستورالیا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا پێناچێت ئەو مەیلەیان هەبێت –لەبری پەلهاویشتن زیاتر بە ناوخۆوە سەرقاڵن. ئەوەی ئێستا ترەمپ ئەنجامی دەدات هاوشێوەی ئەوەیە کە هیتلەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم ئەنجامی دا کاتێک کەوتە هەڕەشە و پەلاماردانی وڵاتان، بەڵام ئەمەی ئێستای ئەمەریکا زیاتر ڕەهەندی ئابوری هەیە نەک سیاسی. تۆ بڵێیت ئەمە وا بکات ئەمەریکا تەریک بکەوێت و جیهان لە بەرەیەکدا لە دژی خۆی خڕ بکاتەوە؟ ئایا عاقڵییە کورد هێندە ئومێدی بە ئەمەریکا هەبێت و هەموو سێوەکان بخاتە سەبەتەی ئەمەریکاوە؟ ئەو ئەمەریکایەی جێمتمانەی هاوپەیمانەکانی خۆی نییە و پەیماننامەکانی خۆی جێبەجێ ناکات. جیهانی ئەمڕۆ جیهانێکی فرەجەمسەرییە، ئەمەریکا تیایدا هێزی یەکەمە نەک تاکە هێز. چەندین زلهێزی دیکە هەن ئەگەرچی قورسایی ئەمەریکایشیان نەبێت، دەوەستنەوە لە ڕوویدا. خۆ ئەگەر پێکەوە بچنە بەرەیەکەوە ئەمەریکا بێدەنگ دەکەن. لە سەدەی حەڤدە ئەوروپییەکان مەترسی خۆیان لەوە پیشانداوە ئەگەر ڕۆژێک دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی یەک بگرن و پێکەوە پەلاماری ئەوروپا بدەن بەو شێوەیە هەموو جەبەرووتی خۆرهەڵاتیان لە بەردەم دەبێت و بە ئاسانی ئەوروپا داگیر دەکەن. بۆیە پێشنیازی ئەوە هەبووە کە هەمیشە ئەو دوو دەوڵەتە لە ململانێدا بهێڵرێنەوە. لە سەدەی هەژدە و نۆزدە چەندین جار ئێمبراتۆیەتی عوسمانی نزیک دەبووەوە لە هەڵوەشانەوە و داڕمان، ئەوروپی و ڕووسەکان بە جیا پاڵپشتیان دەکرد و لە دژی یەکتر بە کاریان دەهێنا. لە ئێستادا تورکیا و ئێران و ڕووسیا بە ڕوواڵەت وا دەردەکەون لە بەرەیەکدا بن.
ئەگەر لە گۆشەنیگایەکی ئابورییەوە تەماشا بکەین لە ساڵی 1980ەوە تێکڕای بەرهەمی ساڵانە (GDP)ی ئەمەریکا کە ئەو کات و ئێستایش ئابوری یەکەمی جیهانە هەر تەنیا حەوت ئەوەندەیەک گەشەی بە خۆوە بینیوە، لە بەرامبەردا وڵاتێکی وەک چین کە ئەو کات دەیەمین ئابوری جیهان بووە، نزیک بە حەفتا ئەوەندە گەشەی بە خۆوە بینیوە و لە ئێستادا دووەمین هێزی ئابورییە. پێویستمان بە عەقڵێکی گەورە نییە تا پێمان بڵێت هێندەی نەماوە چین کورسییەکەی پێ لەق بکات. تەنانەت وڵاتێکی وەک هندستان کە لە ساڵی 1980 لە پلەی دەیەمیشدا نەبووە، هەنوکە لە پلەی پێنجەمی (G20)دایە و ئابورییەکەی بەردەوام هەر لە گەشەکردنە. ئەم پەرتبوونە ئابورییەی جیهان لە خزمەتی فرەجەمسەریدایە و ڕەهەندێکی ئیجابی هەیە گەر بە باشی لێی ورد ببیتەوە.
پێویستە بوترێت ئەمەریکا تەنیا لە ئابوریدا یەکەم زلهێز نییە، بەڵکوو لە ڕووی سەربازی و فەرهەنگی و گەشەی زانستیشەوە یەکەمە. لە ڕیزبەندی زانکۆ باشەکانی جیهاندا لە پلەی یەکەمدایە، بەڵکوو لە هەندێکیاندا لە ڕیزبەندی 100 زانکۆ نایابەکە زیاتر لە نیوەی بەر ئەو کەوتووە. بەڵام دیسانەوە دەبێت بڵێین لەم ڕووە و لە ڕووی دیکەیشەوە تاکە وڵات نییە، ڕەنگە لە هەندێک لایەنەوە وڵاتانێک هەبن پێشیان دابێتەوە. بە گشتی لوتکەی باڵادەستی ئەمەریکا ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بووە تا ناوەڕاستی نەوەدەکان، لەو بەروارە بە دواوە ئەگەرچی ئەمەریکا لە پەرەسەندنەکانی بەردەوامیش بووبێت، بەڵام زلهێزی دیکە دەرکەوتوون لە وێنەی چین و هندستان و بەڕازیل. گەشەی هەندێک لەوانە بە ڕادەیەکە تەنگی بە ئەمەریکا هەڵچنیوە، بەتایبەت چین و هندستان. بەرهەمی چینی نەک تەنیا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا، بەڵکوو خودی ئەمەریکایشی داگرتووە. لە بەرامبەردا ئەمەریکا زیاتر ئامادەییەکی سەربازی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. وڵاتێکی وەک عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەرهەمی چینی و تورکی و ئێرانی بازاڕەکانی داگرتووە.
لە ئێستادا جگە لە وڵاتانی دراوسێ سعودیە و ئیمارات و وڵاتانی دیکەیش مەیلیان بە لای هەرێمی کوردستاندا هەیە تا وەبەرهێنانی تێدا بکەن و کاڵاکانیانی تێدا ساغ بکەنەوە. ئەگەر ئێمە سیستەمێکی سیاسی تەندروستی ئابوریمان هەبووایە دەکرا لێزانانە سوود لە هەموو ئەو وڵاتانە وەربگرین، بە وڵاتانی دراوسێیشەوە. دەکرا ناکۆکی نێوان هەموو ئەو وڵاتانە بخرایەتە بەرژەوەندی میللەتەوە، بێ ئەوەی بهێڵین دەستوەردانی سیاسی بکەن چ جای ئەوەی بە ڕێگەی سەربازی و بێشەرمانە بۆردومانمان بکەن و داگیرمان بکەن. ئێستا کە ئەوە ناکرێت، هەر وڵاتێک دێت و بۆ بەرژەوەندیی خۆی جێپێی خۆی دەکاتەوە. گەر بوار بدرێت دەکەوینە ژێرپێی هێزە ڕکابەرەکانەوە، بەو شێوەیە ئێمە لە تۆپێک زیاتر نابین و هەر کەس هەڵدەستێت و بۆ ئامانجی خۆی شەقمان تێ هەڵدەدات.
کاتێک دەوڵەتی عوسمانی هەڵوەشایەوە و پاشماوەکەی کەوتە دەست وڵاتانی خۆرئاوا، تورکیای نوێ ڕایگەیاند قبوڵ ناکات بەشێک بێت لە خوانی سەرسفرەکە، بەڵکوو دەیەوێت بەشێک بێت لە میوانەکان! بەو واتایەی کە ئەو نەک بوار نادات ناوچەی ئەنادۆڵ بکەوێتە بەر قەپاڵی ئیمپریالیزمی ئەوروپی، بەڵکوو دەیشبێت لە پاشماوەی ئەو ناوچانەی پێشتر پێی وتراوە قەڵەمڕەوی عوسمانی پشکی هەبێت. بەم عەقڵییەتەوە تورکیا بەری گرت لەوەی ببێتە وڵاتێکی داگیرکراو لە قۆناغێکدا کە لە لوتکەی لاوازی خۆیدا بوو پاش هەرەسهێنانی دەوڵەتی عوسمانی. هاوشێوەی ئەمە کاتێک لە ماوەی ڕابردوودا ئەردۆگان بانگەشەی ئەوەی کرد بە قوڵایی چەندین کیلۆمەتر دێتە ناو خاکی سووریاوە و هەموو خاکی کوردستانی ڕۆژئاوا داگیر دەکات، بۆ ئەوە بوو داوای بەشە گەورەکە لە وڵاتانی خۆرئاوا بکات تا بەشە کەمەکەی پێ ڕەوا ببینن. ئێرانیش لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا چەندین جار لە لایەن ڕێبەر و سەرکردە و پاشاکانیەوە لە شکستی حەتمی دەرباز کراوە و ئەگەر شکستی کاتیشی بەسەر هاتبێت پیاوگەلێکی تێدا دەرکەوتوون هەڵیانساندووەتەوە. چیرۆکی سەندنەوەی بەندەر گەمبرون لە لایەن شا عەباسەوە لە ساڵی 1622 لە پورتوگالییەکان و لەسەر شانی ئینگلیزەکان و کردنی بە بەندەر عەباس نمونەیەکی سەرکەوتووانەی سیاسەتکردنی شاکانی ئەوانە. لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم ئێرانییەکان ڕێگەیان دا سوپای ڕووسەکان بێنە ناوەوە تا نەکەونە ژێر دەستوپێی ئیستعماری ئەوروپییەوە، هەرچەندە بۆ خۆیان دانیان بەو دەسەڵاتەی ڕووسەکانیشدا نەدەنا. هەر وەک چۆن ڕێکەوتنی نهێنی قەوامو سەڵتەنە لەگەڵ سۆڤیەتییەکان و بەڵێنی پێدانی ئیمتیازی نەوتی بە هاریکاری مەجلیس و کشانەوەی سۆڤیەتیش لەسەر ئەو بنەمایە و ڕەتکردنەوەی ئەو پرسە لە لایەن مەجلیسی هەڵبژێرراوی دواترەوە نمونەیەکی دیکەی سەرکەوتنی سەرانی سیاسییە لە ئێرانی نوێدا. هەرچی ڕێبەرانی کوردە –لە ڕابردوو و ئێستایشدا- هەر چاویان لە دەستی بێگانە بووە کارێکیان بۆ بکات!
****
لە ئێستادا کۆمەڵگای کوردی –بە هەر چوار پارچەکەی کوردستانەوە- دابەش بووە بەسەر حیزبەکاندا، حیزب وەک ئامڕازێکی نوێ بووەتە جێگرەوەی خێڵ لە نەریتی کۆندا. تاک و نوخبەی وشیار ئەوەی پێی دەڵێن ڕۆشنبیر و کۆمەڵگای مەدەنی نەیانتوانیوە وشیارییەکی نیشتیمانی دروست بکەن، ئەو هەستە نەتەوەییەیشی لە ئارادایە ئاڕاستەیەکی شۆڤێنییانەی بێسەروبەر و بێئامانجی وەرگرتووە بە شێوەیەک کە نازانرێت شوێنکەوتووانی داوای چی دەکەن. بە پێچەوانەی بیری نەتەوەیی فارس و تورک و یەهودییەکانەوە کە بەعەقڵانیکراون و ئامانجدارن –ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانییان هەیە- بیری نەتەوەیی کوردی زیاتر لە بیری نەتەوەپەرستی عەرەبییەوە نزیکە کە یەکپارچە عاتیفییە و هەر ئەوەیش ئیلهامبەخشێتی کە پڕە لە قسەفڕێدان و پەلاماردانی شکستخواردووانە و خۆبەزلزانین و شانازیکردن بە [وەهمی] ڕابردوو و هەڵشاخان بەوانی دیکەدا. بۆ نمونە تاکی کورد کاتێک شکستێک دەهێنێت تەنیا بەوە ناوەستێت کە پەلاماری وڵاتان و نەتەوەکانی دەوروبەر بدات -کە پاساوێکی ئەخلاقی هەیە- بەڵکوو دەکەوێتە پەلاماردانی عەرش و قورش، لە ئەمەریکا و ئەوروپاوە پیایدا دێت تا ئەوپەڕی دنیا، بە سەرجەم دامودەزگا و ناوەندەکاندا دێتە خوارەوە! ئەوەی نایەوێت پێی لێ بنێت هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە. خۆ ئەگەر مامەڵەی یەهود بەو شێوەیە بوایە هەرگیز بە خەونیش دەوڵەتیان نەدەبینی. ئەوەی ئەوانی هێشتووەتەوە ڕۆحی تەحەدا و بەرەنگاربوونەوەیە هەم لە ئاستی دەسەڵات و هەمیش لە ئاستی گەل، بەڵام لای ئێمە وا دەردەکەوێت گەل و دەسەڵات مەنجەڵ و سەرقاپ بن –ئەو گەلە هەرگیز نایەوێت جێ بەو دەسەڵاتە خواروخێچە لەق بکات.
کۆمەڵگای کوردی نەیزانیوە سەربەخۆ و لە خزمەتی خۆیدا سیاسەت بکات. سیاسەت وەک یاریی شەتڕەنج هەزاران ڕێگەی سەرکەوتن و هەزاران ئەگەری دۆڕاندنی هەیە. دۆزینەوەی ڕێگاکانی سەرکەوتن دژوارە، بەڵام مەرج نییە پێویستی بە قوربانی هەبێت وەک ئەو قسە باوانەی بێ بیرکردنەوە فڕێ دەدرێن، بەڵکوو پێویستی بە ڕامان و قوڵبوونەوەیە. پێویستی بە سیاسەتمەداری نیشتیمانپەروەر و گەلی زیندوو هەیە کە ئێمە بە داخەوە هیچیمان نییە. بیهێننە پێش چاوتان ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ئەتاتورک دەرنەکەوتایە، ئەگەر هەبوو تورکیایش بە دەردی هەمان وڵاتانی تری ناوچەکە بچوایە، گەر شێخ زاید نەبووایە ئیمارات وەک یەمەنی لێ دەهات. چوون پێناچێت ئەو گەلە هێندە زیندوو بن، وا دەردەکەوێت ڕێبەرێکی ئاقڵ بەو ئاقارەیدا بردبن لەگەڵ ڕەچاوکردنی فاکتەرە دەرەکییەکانیش. لە هندستان گاندی و نەهرۆ ڕێگەکە خۆش دەکەن، لە قۆناغی دواتردا کەسانی وەک عەبدولکەلام و مانمۆهان سینگ و سیاسەتمەداری مەزنی دیکە ڕێگەی پێشکەوتن دەدۆزنەوە. لە کوردستان هەر [سیاسەتمەدارێک] هاتووە بە ناوی نەتەوە و خاکەوە هەندێکی بە کوشت داوە. خاکیش چوون تەڕاویلکە تا بێت لێمان دوور دەکەوێتەوە، ئەوەیشی بە دەستمان هێناوە نەک تاسەی نەشکاندووین، بەڵکوو بە داخەوە تاڕادەیەک وای لێ کردووین خەون بە گەڕانەوەوە بۆ ڕابردوو و سەردەمانی پێشووەوە ببینین.
کارەساتە گەر بیرکردنەوە و ڕامان و توێژینەوە بمانگەیەنێتە ئەوەی کە هیچ هێزێکی سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان [ی گەورە] بەدیل نییە بۆ داگیرکەرانی کوردستان، سەرباری قوربانییەکانیان. هەستەکان گاڵمان بدەن نەفرەت بکەین لە داگیرکەران، بەڵام ئاوەز و بیرکردنەوە بەرمان لێ بگرێت و نەهێڵێت ئافەرین بۆ هیچ هێزێکی کوردی بنێرین. گوزارشتێکی هەڵە هەیە کە دەوترێت "تەنیا چیاکان دۆستی کوردن" ئەگەرچی واقیعیش بەو جۆرە بێت خۆمان دەستمان لە زەقکردنەوەی ئەو حاڵەتەدا هەیە. گەلان بۆ خۆیان هەوڵی دۆزینەوەی دۆست دەدەن. ئەوەی دۆستی کورد و هەموو گەلێکی دیکەی ئەم سەرزەمینەیشە: ئاوەز و داهێنانە.
****
پرسیاری ئەوەی کورد دەبێت چی بکات، پرسیارێکی گەلێک ئاڵۆزە و وەڵامەکەی لە توانای ئەم نووسینەدا نییە، بەڵکوو لای ئەوانەیە کە سیاسی و ڕاوێژکاری سیاسی و توێژەرن کە ئێمە بە ژمارەی کەم و بە شێوەی پەرشوبڵاو کەسانی لەو جۆرەمان هەیە. زانکۆکانیش بە پێی پێویست نەبوونەتە ناوەندێک بۆ پێگەیاندنی کادر و توێژەر و خاوەن هزری سیاسی. هەموو ئەوەی من لێی بێگومانم کورد –هەم گەل و هەم دەسەڵاتیش- هەمیشە بژاردە هەرە خراپەکانیان دەستنیشان کردووە. ئەو گەمەیەیشی لە ساحەی کوردیدا دەکرێت کەسانێکی دیکە بۆمان دەکەن و پێمان دەکەن. هەر ئەوەیش سیحری مانەوەی ئێمە بووە تا ئێستا -مانەوەیەک پڕ لە پاشکۆیەتی و وابەستەیی. ئێمە کاراکتەری نێو یارییە کۆمپیوتەرییەکانین گەمەکەرەکان لە دەرەوە هەڵماندەسوڕێنن، شکست و سەرکەوتنی ئێمە شکست و سەرکەوتنی ئەوانە. ڕەنگە خۆیشمان ئارەزووی ئەوەمان هەبێت لەو خەو و غەفڵەتەدا بمێنینەوە. لە ئێستادا چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە زۆرن ئەوانەی داوای هەڵگیرساندنی جەنگ لە هەرێم و ناوچەکەدا دەکەن، بێئاگا لەوەی قوربانی ئەو جەنگە بە پلەی سەرەکی هاوڵاتییانی بەشمەینەتی کوردستان دەبێت. کورد بێ هیچ ستراتیج و بەرنامەیەک دەخزێتە نێو ئەگەری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە.
مەیلی کورد بۆ پاشکۆیەتی و وابەستەیی ڕەهەندێکی سایکۆلۆجی و فەلسەفی قوڵی هەیە. لە دیوێکەوە لە دنیابینی سەقەت و چەقبەستوویی تاک و مرۆڤی ئێمەوە سەرچاوەی گرتووە، لە دیوەکەی دیکەوە ڕیشەی کەلتوری و مێژوویی هەیە. ئەوەی کارەساتە ئێمە ناخوازین خۆمان ڕاپسکێنین و لەو مۆتەکەیە خۆمان دەرباز بکەین. نەبوونی خواستی سەربەخۆیی پەیوەستە بەو دۆخە سایکۆلۆجییەی تاکی کورد لە لەدایکبوونەوە لەگەڵی گەورە دەبێت، هەمیشە هەست دەکات دەبێت سەرپەرشتی بکرێت –ڕەعیەت لە لایەن بەرپرسانەوە و بەرپرسانیش لە لایەن دنیای دەرەوە. ئا بەو شێوەیە مرۆڤی کورد گەورە نابێت هەمیشە هەست دەکات باوکێکی هەیە دەبێت چاودێری بکات و ئەرکی ئەمیش وەک زەڕنەقوتەیەک تەنیا دەمکردنەوەیە. هەر ئەو هەستی خۆبەکەمزانینەیە کە وا لە بەرپرسان دەکات دوای دەیان ساڵ لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن بە خۆیان بڵێن: هێشتا ساواین! لە لایەکی دیکەوە پرسێکی فەلسەفییە و ڕەهەندێکی ئۆنتۆلۆجی هەیە، مرۆڤی کورد هەست بە بوونی خۆی ناکات، خۆی ناناسێت و نازانێت کێیە؟ خۆی جیاکاری بەرامبەر بە خۆی دەکات و هەست دەکات بە بەراورد بەوانی دیکە، ئەم هەر لە بنەڕەتەوە بە لاوازی ڕسکاوە. پەی بە قورسایی خۆی نابات و هەمیشە حەزی لە دەروێشایەتییە. کۆمەڵگەی بە چاوی شێخ و مورید دابەش کردووە. ئەوەیش وا دەکات خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە. هەمیشە چاولەدەستی کاسەهاوسێیە و چاوەڕوانی دەستی خەڵکە. لە نەزانی تێ دەکەوێت، بەڵام نایەوێت خۆی لێ دەرباز بکات، چون نەزانی ڕەحەتی گیانیەتی. هەر ئەوەیشە وای کردووە چل ملیۆن مرۆڤ داهێنەری ئەوتۆی تێدا هەڵنەکەوێت و لەسەر نەخشە شوێنێکی ئەوتۆی نەبێت.
هەڵەیەکی دیکە بەراوردکردنی کوردە بە یەهود و ئیسرائیل - گەلێکی کۆڵەوار بە گەلێکی تەواو زیندوو، گەلێک کەمترین داهێنەری تێدایە بە گەلێک کە زۆرترین داهێنەری تێدایە ... ئیسرائیل لە سەرەتای دروستبوونییەوە پاڵپشتێکی ئەوتۆی نەبووە -تەنانەت ئەمەریکایش پاڵپشتی نەبوو- جگە لە سۆڤیەت و بەریتانیا کە تاڕادیەکی کەم پشتیوانییان کردووە. بەڵام ئەوان گوێیان بەوە نەداوە، نەک خۆیان دروست کردووە، بەڵکوو دەستیان لە دروستکردن و بەکارهێنانی ئەوانی دیکەیشدا هەبووە. بە جۆرێک ئێستا وا دەردەکەوێت ئەمەریکا بارمتەیەک بێت لە دەستی ئیسرائیلدا و لەو ڕێگەیەیشەوە جیهان هەڵدەسوڕێنن. بە درێژایی مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل ئەمەریکا لە ئاست هیچ ڕەفتارێکی ئەو دەوڵەتە ناڕازی دەرنەبڕیوە و مافە ڤیتۆکەی زیاتر لە خزمەت ئیسرائیل بە کار هێناوە تا خودی خۆیشی. لە بەرامبەردا ئیسرائیل دژ بە چەندین ڕەفتاری ئەمەریکا کە دڵخوازی ئەو نەبووبێت، دەنگی بەرز کردووەتەوە. هەر لۆبی زایۆنی بوون لە ئەمەریکا کاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کرد. ئیسرائیل وێڕای پەرتەوازەکردنی نەیارەکانی، هەوڵی بچوککردنەوەی سەرجەم دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشی داوە لەسەر حسابی بەرفراوانکردنی خۆی ....
****
هەڵەی دیکەی ئێمە ئەوەیە ناتوانین هەڵسەنگاندنێکی بابەتی بکەین بۆ خۆمان و ئەوانی دیکەیش. وەک یەکێک لە سیاسەتمەدارە کۆچکردوەکان دەڵێت: هەمیشە ژوورهەڵسەنگاندن (overestimate) و ژێرهەڵسەنگاندن (underestimate) بۆ خۆمان و ئەوانی دیکە دەکەین. کارەساتە ئەو هەموو بە ناو شرۆڤەکار و ڕۆشنبیر و خوێندەوارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زبڵ هەڵدەڕێژن بە ناوی نووسینەوە، بە دڵی شاشەکان و حیزبەکان و سەرکردەکان شرۆڤە دەکەن. بە مەزاجی شەخسی خۆیان (نەیارانی گەلەکەمان) دەدەن بە زەویدا کەچی لە زەمینەی واقیعدا ئەوان ملهوڕتر دەبن. ئەو جۆرە دەربڕینانە زیاتر سەرانی کورد بە لاڕێدا دەبەن و تەنیا هاونیشتیمانی مەدەنی دەخەنە داوەکەوە.
ناسینی بەرامبەر [دۆست یان دوژمن -پێم وایە چەمکی وەک دۆست و دوژمن لە ڕووی سیاسییەوە چەمکگەلی ڕوون نەبن] هەنگاوێکی گرنگە بۆ خۆبەرەوپێشبردن. بەراوردکردنی تورکیا و ئێران بە عێراق و سووریا و بڕێک لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەڵەیەکی گەورەیە و لە بێئاگایی لە فەرهەنگ و مێژووی ئەو دوو وڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئێران لە ئەزموونی چەند هەزار ساڵی دەوڵەتداری خۆیدا دوو شکستی گەورەی ڕووبەڕوو بووەتەوە، جارێک پاش هاتنی ئیسلام و لەسەر دەستی موسڵمانەکان کە دواتر خۆی دروست دەکاتەوە، جارێکیش لەسەر دەستی مەغۆل کە هێندە نابات هەڵدەستێتەوە. هەرچی تورکیایشە شەش سەد ساڵ یەکێک لە مەزنترین زلهێزەکان بووە، لە قۆناغێکیشدا هێزە هەرە گەورەکە بووە. بە ئێستایشەوە –سەرەڕای ئەو هەموو شکست و داکشانە ئابورییەیان- هەردوو خاوەنی بەهێزترین ئابوری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستن (تورکیا پلەی یەکەم و ئێران پلەی سێیەمە لە ڕووی ئابورییەوە). تورکیا ئەندامی G20 و ئێرانیش تێکڕای بەرهەمی ساڵانەی (لە بەرامبەر توانای کڕین) GDP (PPP) لە پلەی هەژدەیەمدایە. هەردووکیان دوو هێزی کاریگەری سەربازی و سیاسیی ناوچەکە و جیهانن، توانای خۆبەڕێوەبردنیان لە ئاستێکی بەرزدا سەلماندووە، لە ئاستی پەیوەندیی نێودەوڵەتی خۆیان ئیسپات کردووە [بە داخەوە ئەمە ڕاستییەکی تاڵە و دەبێـت پێی لێ بنێین، تا زیاتر بەرچاومان ڕوون بێت. نەک دانیشین و بە دڵی خۆمان پەخشان بنووسین.] ئەوەی لێرەدا گەرەکمە بێڵێم: ئێمە لەم نێوەندەدا چۆن بتوانین هەست بە قورسایی خۆمان بکەین، تێبگەین لەوەی پەیوەندیی نێودەوڵەتی پەیوەندیی سۆزداری و ژوانبەستن نییە -دان و سەندنە. لە هاوکێشەی جیهانی ئەمڕۆیشدا بچوکترین وڵات یان قەوارە یان تەنانەت هێزی سیاسی قورسایی و کاریگەریی خۆی هەیە، ڕەنگە هەندێک جار بارتەقای زلهێزەکان بن گەر بزانن ئەو هێزە کەمەی خۆیان بە کار بهێنن. هەر ئەو نهێنییەیشە بووەتە هۆی بەرەوپێشبردن و سەرخستنی چەندین دەوڵەتۆکەی وەک: ئیسرائیل، سەنگاپور، قەتەر، بڕۆنای، ڤاتیکان، مۆناکۆ و چەندین وڵات و ناوچەی دیکە. کورد تا چەند توانیویەتی لەنێو ئەو گەلەگورگەی ئەمڕۆ پێی دەڵێن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆی لە نێچیربوون قوتار بکات یان لانیکەم گورگەکان تێک بەربدات تا کەڵبەیان لە خۆی دوور بخاتەوە. ئەمەریکا تا ئێستا نەیپەرژاوەتە سەر ڕووبەڕووبوونەی ڕاستەوخۆی ئێران، بەو پێیەی لە ساڵی 1979 و دواتریش لە 2003ەوە بیرۆکەی بردنە دەرەوەی شۆڕش لە لایەن ئێرانەوە بە کردەیی پەیڕەو کراوە و چڕ بووەتەوە. ئێرانییەکان ژیرانە لە بەرژەوەندیی خۆیان شەڕی خۆیان لە دەرەوە سپۆنسەر کردووە لە هەر کام لە ئەفغانستان، عێراق، سووریا، لوبنان، فەلەستین، یەمەن و شوێنان دیکەیش، تەنانەت شەڕی دیپلۆماسییان گەیاندووەتە خۆرهەڵاتی ئاسیا و ئەفەریقا و ئەمەریکای لاتین و تاڕادەیەک ئەوروپایش. پێشووتر ڤێتنام و کوبا و کۆریای باکوور لە لایەن سۆڤیەت و چینەوە پارێزراو بوون بەو پێیەی هەڵگری ئایدۆلۆجیای کۆمۆنیزم بوون، بەڵام ئێران تەنیا لە ڕێگەی بەرژەوەندییەوە ئەو کارەی بۆ کراوە لە لایەن ڕووسیای میراتگرەوە. هەمان شت بۆ ئیسرائیل و تورکیایش ڕاستە، بەو واتایەی ئەو وڵاتانەیش خۆیان لە شوێنی شیاودا هێزیان بە کار هێناوە [مەبەست لە هێز تەنیا لایەنە سەربازییەکە نییە، بەڵکوو لە هەموو ئاستەکاندا]. ئایا ئێمە دەتوانین وەک ئەو سێ وڵاتە پەیوەندییەکانمان ڕێک بخەین یان لەسەر بنەمای سۆز و سەرسامبوون بە هێزی نەبڕاوەی ئەوانی دیکەوە بەردەوام دەبین؟ دیسانەوە دەپرسین: ئەوە چ بیرکردنەوەیەکە پێی وابێت ئەمەریکا دۆست و هاوپەیمانی کوردە و -بێ هیچ گوشارێک- لەپێناو بەرژەوەندیی ئێمەدا شەڕی ئەوانی دیکە دەکات. گەر ئەنفال و هەڵەبجەیش بخەینە مێژووەوە، هێشتا دووکەڵی عەفرین و کەرکوک دانەمرکاوەتەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا دیارە هیچ وڵاتێک دۆستی وڵاتێکی دیکە نییە، بەڵکوو هەندێک نزیکترن لەوانی دیکە کە بەرمەبنای بەرژەوەندییە. ئەمەریکایش مۆدێلە کاریگەرەکەی ئەم بوارەیە. ئەمەریکای پاشای ئەمڕۆی جیهان کە دەوڵەتانی دیکە چوونەتە سەر دینەکەی پەیڕەوکاری مۆدێلێکی پراگماتییە. ئیدارەی ئەمڕۆی ئەمەریکا پێمان دەڵێت کە ئەوان هیچ دۆستایەتییەک نازانن، دۆستایەتیشیان بۆ ئیسرائیل بەرمەبنای کاریگەریی لۆبی زایۆنییە بەسەر ئیدارەی ئەمەریکاوە. وڵاتێک شەلوکوێرم بکەوێتە پەلاماردانی هاوپەیمانەکانی و گەمارۆیان بخاتە سەر و لە ڕێکەوتنەکانی خۆی بکشێتەوە، کەی شایستەی متمانەپێکردنە؟ کوا لە پای ئەو هەموو ئومێدەی مرۆڤی کوردە؟ چۆن وا بکەین ئەمەریکا وەک مرۆڤ و وەک کیانێک مامەڵەمان لەگەڵ بکات نەک وەک ئامڕاز و داردەستێک؟ بە هاوپەیمانمان بزانێت نەک بە بەکرێگیراو؟ چۆن هەموو وڵاتان بە وڵاتانی دراوسێیشەوە ناچار بکەین بەرژەوەندیی مرۆڤی کورد بکەن بە پێشینە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەوارەی کوردیدا؟
****
بە پێی تێۆری قازیی ڕەش (بجعە السوداْ )ی بیرمەندی لوبنانی نەسیم نیکۆلا تالیب ڕووداوە مەزنەکانی مێژوو پێشبینی ناکرێن لە وێنەی سەرهەڵدانی ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و جەنگە جیهانییەکان و پەتای کوشندە و کارەساتی وەک یازدەی سێپتەمبەر یان مایەپووچبوونی بانکەکان و بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی کانزا و نەوت و دراوەکان. هەر وەک چۆن لە کۆندا وەک نوکتەیەک ناوی قازیی ڕەش هێنراوە، گوایە قاز ناکرێت ڕەش بێت کەچی دواتر دەرکەوت کە هەر بە ڕاستی قازی ڕەشیش بوونی هەیە! هەڵوەشاندنەوەی گەلێک لە سیستەمەکانی ئەمڕۆی جیهان و دروستبوونی سیستەم و قەوارەی دیکە بە پێودانگ و دنیابینی ئەمڕۆ ڕەنگە لە مەحاڵەوە نزیک بێت، بەڵام لەوانەیە هەموو ساتێک ئەگەری ڕوودانی هەبێت. هەر بۆیە دەبێت خۆت بۆ هەموو پیشهاتێک ئامادە بکەیت. سێوەکان لە تەنیا سەبەتەیەکدا نەبن. لە بیرمان بێت کە دانیشتوانی شاری بەغداد لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عەباسیدا هەرگیز پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد هێزێک لەوپەڕی جیهانەوە بێت و مەزنترین شاری جیهانی ئەو سەردەمە بکاتە وێرانەیەک بە شێوەیەک کە هەرگیز بەو شێوەیەی جاران هەڵنەستێتەوە ...
بەڵێ، وەک پێشتر وتمان ئەو مامەڵە هیتلەرئاسایەی ترەمپ وا دەکات بە شێوەیەکی ڕانەگەیەنراو جیهان لە دژی یەک بگرن. باجی زۆر و گەمارۆی زیاتری وڵاتان پێناچێت عاقیبەتێکی خێری بۆ ئەمەریکا هەبێت، ئەگەرچی هەنوکە بەو جۆرەیش دەربکەوێت. باج و گەمارۆخستنە سەر وڵاتانی وەک: یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا، چین، تورکیا، ئێران، فەنزەویلا، کوبا و وڵاتانی دیکە پێدەچێت لە دوورمەودادا ئەو وڵاتانە زیاتر لە یەکتری نزیک بکاتەوە. بەوەیش ترەمپ بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی دیکەوە کار بۆ زیادکردنی دوژمنەکانی ئەمەریکا دەکات. تەنانەت قسە و کردار و بڕیار و پەیماننامەکانیش ناباتە سەر کە وا دەکات متمانە بە ئەمەریکا زیاتر لەق ببێت. ترەمپ لە لایەک دانوستان لەگەڵ کۆریای باکوور دەکات و لە لایەکیش گەمارۆی دەخاتە سەر، لە لایەک هاوپەیمانی تورکیایە و لە لایەک شەڕی ئابوری و ڕاگەیاندنی لە دژ دەکات، لە لایەک گەمارۆ دەخاتە سەر ئێران و لە لایەک داوای گفتوگۆیان لێ دەکات، لە هەموویشی گرنگتر لە لایەک چەک بە کوردان دەدات و پاڵپشتی لۆجستییان بۆ پیشان دەدات لەولاوەیش گورگانخواردیان دەکات، دەیانخاتە ژێر کەڵبە و قەپاڵی تورکیاوە! ترەمپ کەسێکی بێمۆراڵ و بێپرەنسیپە، ڕووی ڕاستەقینەی سیستەمەکەیەتی، ناکرێت وەک لێنین و گێڤارا تەماشا بکرێت، تەنانەت ئەو نابێتە پۆتینیش. ئەو هەڵقوڵاوی خێزانێکی سەرمایەدار و پەروەردەی دەستی ئەو دونیایەیە. بە پێی ڕەفتار و هەڵوێستەکانی وا دەردەکەوێت کەسێکی لوتبەرز و لەخۆبایی بێت و دوو چاوی سەری خەڵکانی هەژار و لاواز و بەشمەینەت نەبینن. سەیرە لە هیچ شوێنێکی دونیا ئەمەریکا و سەرۆکە نوێیەکەی هێندەی ئەم هەرێمە لایەنگری نییە! تۆ بڵێیت ئەمەریکا کاری هێندە مەزنی بۆ ئێمە کردبێت کە لە پای ئەم هەموو چاپلوسی و خۆبچوککردنەوەیەمان بێت؟ ئەوەی لە ڕابردودا خۆرئاوا بە ڕێبەرایەتی بەریتانیا و ئەمەریکا کردوویانە تەنیا بەکارهێنانی کورد بووە وەک کارتی فشار دژ بەو وڵاتانە. ئەگەرچی بە تێگەیشتنی من ئەو بارودۆخە داراییەی ئێران و تورکیایش کێشەیەکی ناوخۆییە و پەیوەندی بە گەندەڵی کاربەدەستانی و پێڕاکێشانی لەڕادەبەدەری ئەو دوو وڵاتەوە هەیە، بەو پێیەی باری زیاد لە توانای خۆیان خستووەتە سەر شانیان. لە ماوەی ڕابردوودا لیرەی تورکی هاتنەخواری بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، ئەڵبەت ئەوەیش پێش هاتنەسەرکاری ترەمپ دەستی پێ کرد. پەیوەندی بە شکستی ئابوری و سیاسەتی هەڵەی ئەردۆگانەوە هەبوو لە ناوچەکەدا، تورکیا بارێکی یەکجار قورسی خستبووە سەر شان. لەو سەروبەندەدا ئەردۆگان خواخوای بوو کەسێک بێتە ژێر باری ئەم شکستەی. ترەمپ دەبەنگانە ئەو کارەی بۆ کرد. سەرۆکی تورکیایش نمایشکارێکی گەلێک باشە و لەو کاتەدا خۆی وەک ستەمدیدەیەک لە پێش چاوی گەلانی تورکیا و گەلانی دیکەی جیهان پیشان دەدا. تا بڵێت ئەوە ئەمەریکایە بەو هەموو جەبەروتەیەوە شەڕی تورکیا دەکات و تورکیایش نوێنەرایەتی گەلانی ستەمدیدە دەکات، پێشتریش ئێران ئەم شێوە نمایشەی کردووە. بە کورتی: شکستی ئابوری هەردوو وڵات -ئێران و تورکیا- پەیوەندی بە خراپ بەڕێوەبردن و گەندەڵی و پاوانخوازییانەوە هەبووە و هەیە. بەڵام گومان لەوە نییە مامەڵەی نابەرپرسانەی هاوشێوەی لێدوان و تویتەکانی ترەمپ ئەم جۆرە پرسانەیان زیاتر ئاڵۆزکاندووە. ئەوەی ئێمە نادیدەی دەگرین ئەوەیە کە ئەم حاڵەتە نابێتە هۆی خستنی سیستەمی هیچ کام لەو دوو وڵاتە، بەڵکوو تەنیا خەڵکی هەژار لێی زەرەرمەند دەبن، بە تایبەت پارچەکانی خۆرهەڵات و باکووری کوردستان بەو پێیەی زۆرترین بەشخوراوی نێو ئەو دوو وڵاتە دەکەونە ئەو دوو پارچەیەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی لە چاوی گەلانی ناوچەکەوە –عەرەب و فارس و تورک- کورد بە بەکرێگیراو و ئەڵقەلەگوێی ئەمەریکا دابنرێت، بە یەهودی و زایۆنی بزانرێت یان کوردستان بە ئیسرائیلی دووەم بناسرێت؟ ئایا ئێمە چ قازانجێک لە پڕوپاگەندەیەکی لەو جۆرە دەکەین؟
ڕەنگە ئەم هەڵوێستانە بەرامبەر بە ئەمەریکا زیادەڕەوییان تێدابێت، چونکە ئەوە ڕوویەکی سیاسەتە، ئەمەریکایش ڕاستەوخۆ و بێمنەتانە ئەو ڕووە قێزەونەی پیشان داوین. ئەوەی گرنگە بێداربوونەوەی مرۆڤی کورد و دروستکردنی ڕێبەرانێکە کە هەڵگری بەها و پرەنسیپی نەتەوەیی و نیشتیمانی بن هاوشێوەی شوێنانی دیکەی جیهان. ئەتاتورک کەسێکی [دوژمن] بووە بەرامبەر بە کورد لە دیدی ئێمەوە، بەڵام بۆ گەلی خۆی [تورک] فریادڕەس بووە، تورکیای لە شکستێکی مستۆگەر ڕزگار کردووە. زۆرینەی تورک وەک پاڵەوان ئەردۆگان دەبیننەوە. بە دڵنیاییەوە گەر ئەردۆگان لە هێڵە گشتییەکانی بەها نەتەوەییەکانیان لابدات، کەسانی وەک کلیچدار ئۆغڵو و دەوڵەت باخچەلی و تەنانەت ئەندامانی پارتەکەی خۆیشی ناهێڵن وا بە ئاسانی بەسەریدا تێبپەڕێت. شاعەباسی سەفەوی لەگەڵ ئەوەی خۆی لە خانەوادەیەکی تورک بووە و کەسێکی تابڵێیت ستەمکاریش بووە کەچی خزمەتی گەورەی بە گەلی فارس کردووە، چوون ڕێبەرێکی ڕاستەقینەی فارس و ئێران بووە. لە سەدەی بیستەمدا ئێران [یان فارسەکان] نمونەی ئەو جۆرە سەرکردانەیان زۆر بووە کە هەڵگری هەستی نیشتیمانی بوون و پاراستنی گەلی فارس و دەوڵەتی ئێرانیان کردووەتە پێشینە هەر لە موسەدیقەوە تا دەگات بە خاتەمی و موسەوی، لە ڕەزا شاوە تا دەگات بە خومەینی و لە قۆناغی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیشدا لەو جۆرە نمونانە هەن. ئەمەریکا نمونەیەکی گەلێک سەرنجڕاکێشی ئەم بوارەیە. لەوێ گەشەی تەریب لە هەموو بوارەکاندا ڕووی داوە، بەڵام لە ئاستی سیاسیدا گەشەکە گەلێک زیاترە. ڕەنگە لە هەموو گەلانی دیکەی جیهان ڕێبەرانی سیاسیی خاوەن پرەنسیپ و بەتوانایان (ئەڵبەت بۆ گەلی خۆیان) زیاتر بێت. بەڵام دەرکەوتنی کەسایەتییەکی وەک ترەمپ و ڕەفتارە ئەنتیکەکانیشی پێدەچێت لە دوورمەودادا لە زیانی ئەو وڵاتە بشکێتەوە. ئەمەیش نەک لەبەرئەوەی دوژمن بە گەلەکەیەتی کە ڕەنگە لەڕادەبەدەر [و بەڵکوو زیاتریش لەوانەی پێش خۆی] خەمخۆر و پارێزەری ئەمەریکا و ئەمەریکییەکان بێت، بەڵکوو لە بەرئەوەی لە بنەڕەتەوە سیاسەتوان نییە، ئەگەرنا هەرگیز پێناچێت لە دەرەوەی ئەو ئینتیما نیشتیمانییە زاڵەوە بێت کە باڵی بەسەر کۆی سیستەمەکە و ڕێبەرەکانیدا کێشاوە. واقیع پێمان دەڵێت: ئێمە لەو جۆرە کەسایەتییانەمان نییە، تەنانەت نمونەی وەک ترەمپیشمان نییە، بە تایبەت لە ئاستی دەسەڵات و کەسانی دەستڕۆیشتوودا. نەوەیەکیش بە ڕێوەیە پەروەردەی دەستی ئەو واقیعە سیاسی و فەرهەنگییە نالەبارەیە.

چ کارەساتێکە گەر دەرەنجامەکان پێمان بڵێن نەتەوەیەک بێپڕۆژەیە و ڕێبەرانیشی مەست و بێئاگان و هەموویشیان چاوەڕوانی دەرەنجامێکی باشن! دەوترێت ئێمە جوگرافیا غەدری لێ کردووین، بەڵام گەلێک میللەتی دیکەیش هەن ئەو بیانوویان لە بەردەستدایە. گەر ئێمە جوگرافیا غەدری لێ کردبین، لە بەرامبەردا مێژوو گەلێک دەرفەتی پێ داوین. ئەو دەستکەوتانەیشی بە دەستمان هێناون تەنیا ئەوانەن کە مێژوو بە تۆپزی خستوویەتییە مستمانەوە، چارەیەکی دیکەمان نەبووە جگە لە قبووڵکردنیان. هەمیشە چانسی کورد لەوەدا بووە کە دوژمنەکانیشی لەنێو خۆیاندا ناتەبا و خۆخۆر بوون، دەنا هەر زوو شوناسیبە تەواوەتی دەسڕرایەوە.
کانونی یەکەمی 2019

• بە داوای لێبوردنەوە ئەم وتارە چەند مانگێک لەمەوبەر و بە دیاریکراوی لە کانونی یەکەمی 2-5/12/2019 نووسراوە –ئەو کاتەی ترەمپ خیانەتی لە کورد کرد و پشتی بەردان و مەیدانەکەی بۆ ئەردۆگان چۆڵ کرد تا هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا. دواتر هەندێک شتی بۆ کەم و زیاد کراوە تا بەم زمانە سادەیە گیرساوەتەوە. لەبەر سەرقاڵیم ڕەشنووسەکەیم گەڵاڵە کرد و وازم لێ هێنا، نیازم وابوو بە زنجیرە لە چەند بەشێکدا بڵاویان بکەمەوە. بە داخەوە بەهۆی بە چەند کارێکی وەرگێڕانەوە لە کاتی خۆی دووا کەوت. وا ئێستا ئەو دەرفەتە ڕەخساوە.
• بابەتەکە لە بنەڕەتەوە توێژینەوە نییە، بەڵکوو هەندێک سةرنج و دید و پێشنیازە. هەر بۆیە بە تەرزێکی ئەکادیمی نەنووسراوە. ڕەنگە هەندێک جار لە تولەڕێگەکان لام دابێت، بەڵام هەر زوو چوومەتەوە سەر ڕێگە سەرەکییەکە.




(دەنگدراوە: 14 . زۆرباشە: 2/5)