هەڤاڵ بۆ ئێمە لە باشور پێش ناچین!؟

Sunday, 22/03/2020, 22:27

10903 بینراوە


ناونیشانی ئەم وتارە پرسیاری هەڤاڵێکی "پەکەکە" بوو، کە لە سلێمانی ئاڕاستەی منی کرد.هەڤاڵەکە درێژەی پێدا و ووتی : دەمەوێ بپرسم، بۆچی ئێمە لە باشور گەشە ناکەین، بەتایبەت لە سلێمانی؟
لە وەڵامدا ووتم:
ئەگەر بەڕاستی دەتەوێت بزانیت و بەدوای هۆکارەکەیدا دەگەڕێیت، زۆر سادە دەتوانم پێت بڵێم، کە خەڵکی لەگەڵ حیزبێکدا دەبێت خاوەندارێتی لە گەلەکەی بکات، لەگەڵ پارتیی و یەکێتی دەست تێکەڵ نەکات، دوایش هەڵوێستی هەبێت لە لێقەومانی گەلەکەی، گەلی کورد لە باشوور بە دەست پارتی و یەکێتیەوە توشی دەیان کارەسات و لێقەومان بووە، ناکرێت، پەکەکە پشت لە گەلی خۆی بکات لە باشوور، بە پێچەوانەوە روو لە دەسەڵاتی کوردی بکات، کە تەنیا بە ناو دەسەڵاتی کوردییە.جگە لەوە چەند خاڵێکی گرنگی دیکەش هەیە:
- چۆن ئێوە پێش دەکەون کە هەمووشەوێک بەعسیەک دەچێتە سەر کەناڵە کوردییەکان و دەڵێت: من لەگەڵ سەرۆک ئاپۆدا بووم و وەک قسەکەری قەندیل و هەڤاڵانی لێهاتوە! ئەو بەعسیەش "محەمەد ئەمین پێنجوێن"یە.
ووتم:
- هەڤاڵ ئێوە چۆن پێش دەچن، ئەگەر گەنجێکی ئەم شارە ببێت بەگەریلا وای دوردەخەنەوە و وونی دەکەن کە نەناسرێتەوە، لەجیاتی ئەوەی دوای پەروەردە و مەشقپێکردنی بیگەڕێنەوە بۆ باشور.
- چۆن پێش دەکەون کە دووجار لە باشوور لەگەڵ پارتی و یەکێتی چوونە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، خەڵک تاسەر ئێسقان لێیان بێزارە، جەلال دەباخێکی پیستان دەکردە دەمڕاستی خۆتان.
- ئاخر چۆن پێش دەچن کە رەخنە، یان ووشەیەک چییە نەتان ووتوە بە پارتی، کە ٧٠ گەریلا و هونەرمەندی لەهەولێر زیندە بەچاڵ کرد.
- چۆن پێش دەچن بەیەک ووشە باستان لە تاوانی ١٧ی شوبات و ئەو هەموو ڕووداوەی بەسەر گەلی باشوردا دێت بەدەستی دەسەڵاتە بەدڕەوشتەوە .ئێوە ئەو هەموو تاوانەی ئەم دەسەڵاتە دەبین و قسەیەک ناکەن .گەر لە ١٧ی شوباتدا بهاتنایەتە دەنگ، هەموو گەلی باشور دەبووە پشتان و دەبوونە پەکەکە.
ئاخر هەڤاڵی من ...
- چۆن ئێوە پێش دەچن کاتێک هەڤاڵ قەرەیلان دەڵێت: قسەکانی نێچیر ئەرێنیە و مەسعود بارزانی کەسێکی شیاوە بۆ سەرۆکی هەرێم.
- ئاخر چۆن پێش دەچن کاتێک پرسەنامە بۆ مردنی برای نێچیری هەرزە و خائین دەنووسن و دەیکەنە قارەمان لێمان کە خۆمان نایناسین نەمان بیستوە لەو زیاتر کەسێکی وا پیس و خائین هەبووبێت .بەڵام پرسە نامە بۆ ئەو هەموو قوربانیە نانێرن کە بەدەستی ئەو دەسەڵاتە لەناو چووە، بەڵکو هەر قسەش ناکەن .
- کاتێک تورکە فاشیەکان ئۆجەلانیان گرت، گەنجێک لە سلێمانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەڵام کاتێک دەسەڵات بە بیکەیسی تەقە لەگەنجان دەکات ئێوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن، ئاخر بۆیە پێش ناچن .
- ئێستاش مەزڵوم کۆبانی ستایشی پاڤێڵ و پۆڵات و لاهور دەکات، کە دەشزانن ئەمانە چەنێک لەخیانەت هەڵکێشراون .هەر دوێنێ بوو ١٦ ئۆکتۆبەر ٥٣% خاکیان دایە دەست عێراقێکی تاوان .
- چۆن پێش دەچن پەستا پەستا سەرانی سەر بۆیاخکراو خائین دێن لەقەندیل وێنەتان لەگەڵ دەگرن و هەمووشیان ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشداربوون لەپلانی تورکیادا بۆ لەناو بردنی ئێوە 
- تاڵەبانی پێی دەوتن سەردەمی گیڤارا بەسەر چوە چەکەکانتان دانێن، کە مردیش ئێوە کردتانە سەرکردە و پیاوی سیاسەت و ڕێبازەکەیتان وەک حیکمەت پیشانی ئێمە دەدا.
-  ئێستا نازانم هەڤاڵ کەوتویتە کوێ تا باسی ئەم وێنەیەشی بۆ بکەم و پێی بڵێم:
(ئەم وێنەیەی "عەمید شاناز و هەڤاڵ قەرەیلان" باشترین و دوایین وەڵامە کە بۆچی ئێوە لە باشوور و لە سلێمانی بۆ پێش ناچن).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە