له وێنەيەك نەورۆز بەرخۆدانە ئەگەر لە گوندێكى كوردستانيش بێت

Wednesday, 25/03/2020, 19:20

3392 بینراوە


یادی نەورۆزی ئەمسال زۆر بە غەریبی وە بەبێ نازی بەڕێکرا، کورد نەیتوانی بۆنە نەتەوەیەکەی و سەری ساڵی نوێی کوردی ٢٧٢٠ بە دڵی خۆی زیندوو بکاتەوە، ئەویش لەبەر پەتای کرۆنای حاجی تـڕامپ کە ژیانی ھەموو جیھانی شێواندووە! نەورۆز ھەموو کات سیمبولی بەرخۆدان بووە لەبەرامبەر دوژمنان، ئەبێ ھەر ئاواش بمێنیتەوە. بە ئاگری نەورۆز دەبێ دڵی پـڕ لە قینی بەعسیەکان و ئیمبریالیەکان و شۆﭭێنیە ئەردۆگانیەکان و عوببادیەکان و خەزعەلیەکان...ھتد بسوتێندرێن ھەردەم بەرخۆدانی دلسۆزانی کورد ئاگر بەردا لە ڕق و قینەو ستەمەکانیان تا ھەلا ھەلا ئەبن بە دۆزەخی ڕەشی خۆیان ئەگەن. بەرھەڵستبوون بەرامبەر دوژمن بە ئاگری نەورۆز مانای دەروونی زۆری ھەبووە و ھەیە لە ناخی کوردە دڵسۆزو پاکەکەکان، بێگومان نەوەکو وەک نازناو دەمبەرچیەکی ھەولێری شاری کوردان ئێستا بوەتە حەداد؟! لەسەر پشک و دەنگی کوردان پلەیەکی بەرزی پەرلەمانیش وەردەگرێ بوەتە ملیونیر و کە چی خۆی بە کوردستانی ئەزانی؟ نەوەک کورد! ئەگەر لەڕەچەڵەکی بپێچینەوە خۆشناوی ھیران و نازەنین دەردەچێ!؟ بەھەر حاڵ ئەوەش یەکێکە لە نابوتە ناشیرنەکان دەست و کلکەکانی تورکیا بۆیان تاشیوین.
نەورۆزی ساڵی ١٩٦٣ بەکاتێکی سەخت تێپەڕیووە، ئەو کاتە نالەبارەی کە عێراق بەگشتی و کوردستانی عێراق پێیدا تێپەڕیبوو، مەعلومە کە بەعسیەکان ئینقلابیان بەسەر حوکمی عەبدولکەریم قاسم کرد لە ٨ ی شوبات ١٩٦٣ وە عەبد السلام عارف کە بەعسیش نەبوو بەڵکو ئیسلامیەکی شۆﭭینی بوو بەسەرۆکی عێراق و، ئەحمەد حەسەن بەکریش بوو بە سەرۆک وەزیران. لەو ئینقلابەش بێجگە لە عەبدولکەریم قاسم و ھاورێکانی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس تیا چوو بە دەستی بەعسیەکان. لەگەڵ ئەوەش کە تەنیا ٤٠ رۆژێک بەسەر ئەو ئینقلابە پەتایە تێپەڕی بوو بارەکە زۆر شڵەژاوبوو، بەڵام ھەروەک لەو وێنەیەی سەرەوە دیارە کە لە گۆندی قوڕشاغلو گیراوە لە رۆژی نەورۆزی ساڵی ١٩٦٣، ئەو گوندەی دەیان شەھیدی ئازاو و دلێری بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بەخشیوە، چەندەھا مامۆستاو دکتۆرو نووسەرو ئەدیبی لێدەرچووە.
چیرۆکی وێنەکە ئەوەیە چەند گەنجێک لە تەمەنی بیست ساڵان دڵسۆزی کوردایەتی و خوێندەواری خەڵکی ئەو گۆندە کە ئەو کات لە شاری ھەولێریش نیشتەجێ بوونە بـڕیار ئەدەن ئاگری نەورۆز بکەنەوە لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی دلێر لە گوندەکەیان. ئەو گەنجانەش مامۆستا ئیسماعیل عەدۆ ئەحمەد کە کادیرێکی چالاک و ئازای ڕیکخستنەکانی ئەو کاتەی بزاﭭی رزگاریخوازی کورد بوو وەرزشوانیش بووە برایەکەیشی پێشمەرگە بوو بەناوی خەسرۆ، لەگەڵ دکتۆر جومشید حەیدری ھاورێی گیانی بە گیانی، ئەم دکتۆرە نیشتمانپەروەرێکی ئازاو چاونەترس بوو دوایی بەرەو رووسیا سەری ھەڵگرت، لەگەل مامۆستا شەوکت حاجی و، مامۆستای خوالێخۆشبوو عمر شێخ ئاللە، یادی بەخێر کە نووسەروو ئەدیبێکی ناودار بوو زۆر خەریکی زیندوو کردنەوەی کەلپوروو پەندی کوردی بوو. ئەم چەند بەڕێزانە بـڕیار ئەدەن ئاگری نەورۆز بکەنەوە دیارە چەند پێشمەرگەیەکیش ئامادە ئەبن لە گوندەکەو لەگەڵ خەڵگی گوند، کامیرایەک دەھێن و ئەم یادە پیرۆزو بەرز ڕادەگرن و، کچ و کوڕی ئەو گوندە پێکەوە وەک سیمبولی بەرخۆدان لەو کاتەوە ئاھەنگەکە دەگێرن بەبێ گوێدان بە ئەحکامی عورفی بەغداو بەعسی فاشی. ئەوەی لەلایەن گرنگ بووە ئەوان بە کاری خۆیان ھەستن ئەگەر لە گوندێکی کوردستانیش بێت ئەو یادگاریە جوانە بۆ نەوەکانیان بەجێبھێڵن!. من خۆزیام ئەخواست ئەو کات کامیرای ﭭیدیو ھەبایە تا بمانزانیبایە چیانووتوە بە دەنگی ئەو کچە کوردانە چ سروودێکی خۆشیان ژەنیە لە دەشتی کاکی بەکاکی قورشاغلو.
ئەم وێنەیە بۆ نەوەی کوردی ئەو سەردەمە وانەیەکی گرنگ ھەیە لێی وەربگرین، بە بەرخۆدان و کۆڵنەدانی باب و باپیرانمان بزاﭭی کورد بۆ سەربەخۆیی بوون بەردەوامە تا ئێستا، ئەبێ ھەموو کات ھەر کەسەو لە شوێنی خۆی کاری خۆی ئەنجام بدات بە دەستە جەمعی و پێکەوە ئەبێتە ژێرخان، وە دونیای ئەمرۆ زۆر سەرقاڵەو جەنجاڵە ھەر چەندە ناسۆریەکان زۆریش بن نابێ کەس بوەستێ تا ئەگەین بە ئامانج. با ئێمەش ھەزاران یادگاری ئاوا بۆ نەوەکانی دوا رۆژ بە جێبھێلین. خودای گەورە پشت و پەنای ھەر چوار پارچەی کوردستان بێت، ھەموو کوردیش بە تایبەت ئەو گەنجانەی ئەو یادگاریە کە ئێستا پیر بوونە لە لەعنەتی کورونا بپارێزێت اللھم ئامین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە