بیل گەیت لە ٢٠١٥دا، باسی ڤایرسی کڕۆنا دەکات و رەخنە دەگرێت!

Thursday, 26/03/2020, 2:22

8685 بینراوە


ئاشتی برایم ئەفەندی: بیل گەیت لە ٢٠١٥دا، باسی ڤایرسی کڕۆنا دەکات و رەخنە دەگرێت!
لە مێژووی ژیانی کۆن و تازەی مرۆڤایەتییدا، ڤایرسی کڕۆنا تەنیا پەتایەک نەبووە کە یەخەوبەرۆکی مرۆڤی گرتبێت، قەیرانی تەندروستی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا بە دیاری بۆ کۆمەڵگە هێنابێت. بە درێژایی ئەو مێژووە، ئەڵبەتە پەتای زۆر هەبوون کە بەنێو خەڵکدا بڵاوبۆتەوە و بۆتە هۆی کارەساتی مەزن و مردنی بە کۆمەڵە.
لە ساڵانی نێوان ١٣٤٦-١٣٥٣دا پەتای "مردنی ڕەش" لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا هات، هەندێک سەرچاوەی مێژووی ئاماژە بەوە دەدەن، کە ئەو پەتایە نیوەی دانیشتوانی ئەوروپای کردە قوربانی، گەیشتبووە ڕادەیەک گۆڕی بە کۆمەڵیان بۆ مردووەکان هەڵدەکەند و دواتر دەیانسوتاندن.
لە ساڵی ١٧٩٣دا لە ڕوسیا کاتێک کە کاترینی دووەم دەسەڵەتدار بوو، لە مۆسکۆ نەخۆشی "تاعون"، تەشەنەی کرد، تا کۆنتڕۆڵکردنی سەدهەزار کەسی کردە قوربانی. لە ساڵی ١٧٩٣دا "گرانەتای زەرد" لە شاری فیلادلفیا پایەتەختی ئەو کاتی ئەمریکا لە وەرزی گەرمادا بڵاوبۆیەوە، تا زستانی ئەو ساڵە درێژەی خایاند. لە ئاکامدا پێنج هەزارکەس بەو پەتایە مردن.
جگە لەسەرچاوە مێژوویەکان کە کراون بە پەڕتووک و باس لەو کارەساتانە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر چیرۆکەکانی ژیانی منداڵییمان لە یاد بێت، کە چۆن کەسوکار بۆیان دەگێراینەوە کە پەتای " تەنگە نەفەسی، کۆخەڕەشە، کولێرا و گرانەتایان" دیوە و بە کۆمەڵ خەڵک مردووە. دواتر باسی هاتنی قەیرانی ئابووریان دەکرد کە ناوین بە زەمانی " گرانی" دەناساند.
ئاشکرایە کە دنیای ئەو کات، وەک دنیای ئەمڕۆ نەبووە، کە دانیشتوانی سەر گۆی زەوی بە ئاسانی تێکەڵاوی یەکتر بن، پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی لەنێوانیاندا دروست بێت، هەروها زانست و تەکۆنۆلۆژیای ئەو کات بە ڕادەی ئەمڕۆ گەشەی نەکردبوو، تا چارەسەر بە ئاسانی بۆ ئەو نەخۆشیانە بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوە کاتێکی خایاندوە و خەڵکێکی زۆر بوون بە قوربانی، ئینجا توانراوە ئەو دەردانە دەرمان بکرێن و مڕۆڤ بتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، وێرای ئەوەش میدیا و ئەنتەرنێت نەبووە، کە یارمەتیدەر بووبێت ئەمڕۆ ئاسا هەر ڕووداوێک لە چوارمشقی دنیادا ڕووبدات، کۆمەڵگەی مڕۆڤایەتی سەر گۆی زەوی دەمودەست لێی ئاگادار بکرێتەوە، بە مانایەکی دی، بە شێوەیەکی گشتی دانیشتووانی هەسارەی زەوی بێ ئاگە بوونە لە هەواڵ و گوزەرانی یەکدی.
مێژووی کەون و تازەی پەتا، پەیدابوونی ڤایرس و کارەساتە سروشتییەکان و دەستکردەکان ئەو ڕاستییەیان سەلماندوە کە حکومەتەکان و دەسەڵاتدارانی سیاسی وڵاتانی دنیا، هەمیشە ئامادەکاریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە نەکردوە، گوێ خۆیان لەو جۆرە بابەتانە خەواندوە کە ئەوانەی لەو بوارەدا پسپۆرن زەنگی مەترسی ڕوودانی ئەو جۆرە کارەساتەیان لێداوە و سەرنجی ئەوانیان بۆ ڕاکێشاوە. کاتێک کە ڕووداوەکان هاتونەتە پێشێ ئینجا بە پەلەپروزێ کەوتونەتە کارکردن، وایان دەرخستووە کە ئەوانیش وەک زۆرینەی سادەی نێو کۆمەڵگە، بە کتوپڕی ئەو کارەسات و ڕووداوانە ڕووبەڕوویان بۆتەوە، کە لە هەقیقەتدا ئەمە ڕاست نییە.
لە دنیای سەرمایەداریدا "پارە" هەموو شتێکە، هەموو ئەو کەسانەی کە لەسەر ئاستی دنیادا ناوبانگ دەردەکەن، بەشێوەیەکی گشتی ئەوانەن کە میلیاردێرن، یان میلیۆنێرن، بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدرێت کە ئەم سەرمایەیە چۆن پێکەوە نراوە! لەم دنیایەدا نەخۆشخانەی پێشکەوتوو هەن بەڵام هەمیشە بەرگەی کارەساتە تەندروستی کتوپڕەکان ناگرن، یان بە ئەندازەی دانیشتوانی وڵاتەکە ناتوانن خزمەتە تەندروستییەکان بەشێوەی پێویست بگەیەنن، بە دڵنیاییەوە لەو جۆرە وڵاتانەدا ئەوەندەی هەوڵدەدرێت قومارخانەیەک دروست بکرێت و بە بلیاران دۆلاری لێ خەرج بکرێت، بە سەدان هەزار کورسی و ئامێری قومارکردنی تێیدا بێت، ئەوەندە گرنگی بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەک نادەن کە بە ئەندازەی دانیشتوان، تەختی نەخۆشیان هەبێت و هەمان خەرجی قومارخانەکەی هەبێت کە خزمەتی تەندروستی مڕۆڤ بکات. نمونەیەکی دی نەخۆشخانەی شاری لەندەن هەرگیز بەهاکەی ناگات بە باڵەخانەی شاژن. لەبەرئەوەیە کاتێک کە کارەساتێکی وەک "ڤایرسی کڕۆنا"، یان ڤایرسی "ئەفلەوەنزای بەراز"، "ئەنفلەوونزای ئیسپانی" هیتر سەرهەڵدەدا، خەڵک تووشی نەهامەتی دێت، بەڵام هەمیشە دەسەڵاتدارانی سیاسیش پێگەیەکی شەرمەزارییان لەنێو گەلاندا دەبێت.
ڕوودانی کارەساتی سروشتی، پەتا و بڵاوبوونەوەی ڤایرسی سروشتی و دەستکرد لە مێژوودا، بوونەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک کەس خولیای ئەوەیان لا دروست بووە و گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی، کە دەبێت ئەو جۆرە کارەساتانە بخرێنە بواری شێکردنەوە، توێژینەوە، پشکنین و خوێندنەوەی تایبەتی بۆ بکرێت، بە تایبەتی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، پرۆفیسۆر و زانای لێهاتوو هەڵکەوتوون، کە لە ناوەندەکانی توێژینەوەدا ژیانیان بۆ خوێندنەوە و شێکردنەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە تەرخان کردوە، پێشبینی ئەو جۆرە کارەساتانەیان پێشوەخت کردووە، لە میدیا، یوتیوب و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ئەگەر تەنیا بە هەوڵدانی شەخسیش بووبێت ئەو باسانەیان بە خەڵک ڕاگەیاندووە و زەنگی مەترسی دووبارە بوونەوەی ئەو کارەساتەیان لێداوە. ئەوان دەنگیان هەڵبڕیوە بە مەبەستی ئاگادار کردنەوەی گەلان و دەسەڵاتدارانی سیاسی بۆ خۆئامادەکردنی پێشوەخت، بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگر بن لە تەشەنە کردنی ئەو جۆرە ڤایرسە سروشتییە یان دەستکردە.
ڤایڕسی کڕۆنا ئەگەر دەستکردی مڕۆڤ بووبێت یان سروشت، لە ئەنجامدا دنیای هەژاندووە، کێشەی بۆ گەلانی جیهان خوڵقاندووە، کۆمەڵێک کەس بوون بە قوربانی و بەتەنیا ڕووبەڕووی مەرگ بوونەوە، مەراسیمی بە خاکسپاردنیان نەخوازیار بوو، باشترین نمونە ئیتالیا و بریتانیایە، بەڵام دووبارە دەسەڵاتدارانی دنیا خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جەنگی ئەو ڤایرسە ئامادە نەکردوە لەگەڵ ئەوەی بیل گەیت بە ڕاشکاوانە لە ساڵی ٢٠١٥دا لە باسێکیدا لەژێر ناونیشانی " ئێمە بۆ پەتای داهاتوو ئامادەنیین!" بە چاوێکی ڕەخنەگرانە لە جۆری ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتداران لە ڕووداوەکان دەڕوانێت و هەڵسەنگاندیان بۆ دەکات و دەڵێت: 
" کە ئێمە منداڵ بووین هەمیشە نیگەرانی ئەوە بووین کە جەنگی ئەتۆمی ڕوونەدات و ئێمە تووشی کارەسات نەکات. لەبەرئەوە بوو دایکم لەژێرخانی ماڵەکەماندا بەرمیلێکی دانابوو پڕی کردبوو لە خۆڕاک و ئاو، بۆ ئەوەی ئەگەر هێڕشی ئەتۆمی ڕوویدا، ئێمە بچینە ژێرخان و ئەو ئاو و خواردنە بەکاربهێنین. بەڵام کارەساتەکانی دنیای ئەوڕۆ جیاوازی هەیە لەگەڵ کارەساتەکانی دنیای ڕابردوو، ئەگەر لە دوو دەیەی داهاتوودا، هەر شتێک هەبێت، کە توانای کوشتنی دەمیلیۆن مڕۆڤی هەبێت، ئەوا بێ گومان ڤایرسە، نەک هەڵگیرسانی جەنگ و بەکارهێنانی موشەک.
ئێمە ئیمکاناتێکی زۆرمان بۆ 'چەکی ئەتۆمی" تەرخان کردوە، بەڵام هیچ کارێکمان نەکردوە بۆ ڕێگریکردن لە پەتا و ڤایرسی سروشتی، خۆمان ئامادە نەکردەوە بۆ هاتنی پەتای داهاتوو. بۆ نمونە "ئیبولۆ" کە پەیدا بوو، کێشە لە هەبوونی سیستەمێکی خراپ نەبوو، ئەڵبەتە هەر سیستەمان نەبوو. گروپێکمان نەبوو کە لە زانایان پێکهاتبێت، بۆ ئەوەی بزانن، کە پەتایەکە لەچی سەریهەڵدابوو، چارەسەری چی بوو، بۆ بڵاوبۆیەوە؟ لەگەڵ ئەوەی کە زۆرێک لە ئەکەدمیان بە خۆبەخشی دەستبەکار بوون، بەڵام گروپێکی پزیشکی لێهاتوومان نەبوو کە دەمودەست ئامادە بن بۆ دۆخەکە و خوێنی ئەوانە وەربگرن کە بوون بە قوربانی و تاقیکردنەوەیان لەسەر مڕۆڤ بۆ بکەن. زۆر شت هەبوو کە ئامادەنەکرابوو. کەواتە دەسەڵاتداران نەیانتوانی بوو ئامادەکاری پێشوەخت بۆ دۆخەکە بکەن. خەڵک هەن کە بودجەیان بۆ تەرخان کراوە کە توژێنەوە دەربارەی پەتاکان بکەن، بەڵام بودجەیان بۆ تەرخان نەکراوە کە ئامادەکاری ئەو شتانە بکەن کە باسم کردن. لە فلیمی سینەمادا دەبینین، کە گروپێکی ئەکادمی ئامادەکراو هەن، ئامادەن دەست بەکاربن، ڕووبەڕووی پەتاکە ببنەوە، ئەمە تەنیا لە دنیای فلیمەکانی هولیودا هەیە.
کەمتەرخەمی لە خۆئامادەکردن ئامانجەکەی ئەوە دەبێت کە پەتای داهاتوو زۆر لە ئیبولا خراپتر بێت، کە بووە هۆی کوشتنی زێتر لە دەهەزار کەس و لەچەند وڵاتێکدا بڵاوبۆیەوە. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە ئیبولا لە هەوا بڵاونابێتەوە، دووەم تیمێکی تەندروستی هەوڵی خۆیان چڕکردەوە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی، سێیەم ئەبلو نەگەیشتە ناوچە دوور و دابراوەکان و ئەگەر بگەیشتبا ئەو ناوچانە ئەوا ژمارەی مردووەکان زۆر زیاتر دەبوو.
لە پەتای داهاتوودا بەخت یاوەرمان نابێت، لەبەرئەوەی زۆر خەڵک هەڵگری ڤایرۆسەکەن و نازانن بە فڕۆکە گەشت دەکەن و دەچنە بازارەکان. ڤایرسی داهاتوو ڕەنگە سروشتی بێت یان لەلایەن تیرۆریستەکانەوە دروست بکرێت، ئەو شتانە کاردانەوەیان دەبێت و دەهەزار جار لە جاران زێتر دۆخەکە خراپ دەبێت. ئەگەر سەیر بکەین ئەفلەوەنزای ئیسپانی لە ساڵی ١٩١٨دا لە ماوەی ٢٦٣ڕۆژدا بە دنیا بڵاوبۆیەوە ٣٣،٣٦٥،٥٣٣ کەسی کوشت، کەواتە ئێمە کێشەی گەورەمان لەپێشە بەڵام دەتوانین سیستەمێکی تۆکمە دابمەزرێنین بۆ بەرەنگاریبوونەوەی. ئێمە خاوەن تەکنەلۆژیا و زانستین کە باسمان کرد، کە دەبێت لە شتەکان ووردبینەوە، ڤاکسین دژی دروست بکەین و لە نەخۆشخانەکان ئامادەیان بکەین. باشترین ڕێگە ئەوەیە کە فێربووین چۆن خۆمان بۆ جەنگێک ئامادە دەکەین، کە لەشکرێک سەربازمان هەیە ئامادەن بجوڵێن، سەرچاوەی سەربازی و ماددیمان هەیە، بەهەمان شێوەی خۆمان بۆ ڕووبەڕووبووەنەی پەتای داهاتوو ئامادە بکەین، ڕاهێنان بە خەڵک بکەین کە فێربن کە چۆن ڕووبەڕووی ئەوە ببنەوە. یەکەم شت دەبێت سیستەمێکی نەخۆشخانەی چاک ئامادە بکەین، کە خەڵک ڤاکسین بکات، لەبەرئەوەی پەتاکە بەخێرای بڵاودەبێتەوە. دووەم: گروپی تەندروستی ڕاهێنانیان پێ بکرێت، کە یارمەتی کەسانی موختەس بدەن، لەگەڵ سوپا شانبەشانی یەکتر کاربکەن، لەبارەی لۆجیستی شت بەخێرای بگوازنەوە و بگەیەننە شوێنی مەبەست و دواتر دەبێت جەنگی ڤایرسەکە بکەین. لە کۆتاییدا ئامرازی پشکنین و تیشکی پێشکەوتوومان دەوێت، بۆ دەستنیشانکردنی حاڵەتەکە و ڤاکسینمان دەوێت، تا بزانین چۆن ڕووبەڕووی ئەو جەنگە دەبینەوە. نازانم بۆ ئەو مەبەستە بودجەی چەندمان پێویستە، بەڵام دەزانم ئەو کارە خەرجیەکی زۆری دەوێت، کە پێشبینی ٣ترلیۆن دۆلاری دەکرێت، بەڵام لە ئەنجامدا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەپارێزێت، دەبێت ئەوە ببێتە کاری پلە پێشینە. دەبێت پەلە بکەین چوونەکە کات لە بەرژەوەندیمان نییە، خاڵی پۆزەتیف لە ئەلبۆ ئەوە بوو کە زەنگی ئاگاداریکردنەوە بوو، ئەگەر ئێستا دەست پێ بکەین دەتوانین ئامادە بین بە ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای داهاتوو
".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە