خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی داخرانی عەقڵی ئەمەریکی ئالان بلوم

Thursday, 26/03/2020, 2:15

6663 بینراوە


ئامادەکردن و وەرگێڕان: یاسین محەمەد
-------------------------
داخرانی عەقڵی ئەمەریکی کتێبێکی ئالان بلومە لە ساڵی ١٩٨٧ نووسیویەتی. لەم کتێبەدا ئالان بلوم باسی ئەوەمان بۆ دەکات چۆن خوێندنی باڵا شکستی بە دیموکرسیيەت ھێناوە و ڕۆحی خوێندکاری ئەم سەردەمەی کۆڵەوار کردووە. تیشک دەخاتە سەر ئەوەی "کرانەوەی" ڕێژەگەرایی بە پێچەوانەوە بووەتە ھۆی "داخران"ێکی گەورە. بلۆم پێی وایە "کرانەوە" و تێگەیشتنی ڕەھا ھزری ڕەخنەیی لاواز دەکەن و ئەو تێڕوانینانە لە ڕیشە دەردێنن کە کەلتورەکان پێناسە دەکەن.
لەم کتێبەدا، بلوم ڕەخنە لە زانکۆ ھاوچەرخەکان دەگرێت و بە سەرچاوەیەکی شکستھێنانی فێرخوازەکانی دادەنێت. ڕەخنە لە بزاوتی فەلسەفی و مرۆڤایەتی ھاوچەرخ دەگرێت، بە بۆچوونی ئەو مامۆستایانی فەلسەفە زمانێکی ئاسایی شرۆڤەکاری یاخود پۆزەتیڤزمی لۆجیکی بە کار دێنن و ھیچ ئەرزشێک بۆ مەسەلە سیاسی و ئاکارییە "مرۆڤێنراوەکان" دانانێن و شکستیان ھێناوە لە وروژاندنی ئەوەی بۆ خوێندکاران گرنگن. مامۆستایانی بواری ئەدەبیاتیش پەیڕەوی ھەڵوەشاندنەوە پیادە دەکەن، ھانی ناعەقڵانیەت و گومانگەرایی دەدەن و پێودانگی "حەتميەت" ھەڵدەوەشێننەوە کە پەیوەستە بە فەلسەفەیەکی ڕاستەقینە و ڕۆشنبیری ئەوانە زیاد و بەرفراوان دەکات کە دێنە نێو ئەو حەتمیەتانەوە. تاڕادەیەکی زۆر ڕەخنەکانی بلوم لە دەوری ئەو بۆچوونەی دەخولێتەوە کە کتێبە مەزنەکانی ھزری خۆرئاوا وەک سەرچاوەیەکی دانایی لە بەھا داماڵراون. ڕەخنەکانی بلوم ھەر بە زانکۆکانەوە ناوەستێن و خۆی ھەڵدەقورتێنێتە نێو قەیرانە مەزنەکانی کۆمەڵگای ئەمەریکيیش. داخرانی عەقڵی ئەمەریکی لەیەکچونێکی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ڤایمار (ئەو کۆمارەی کە لە ماوەی نێوان ١٩١٩-١٩٣٣ لە دەرەنجامی جەنگی جیھانی یەکەمەوە لە ئەڵمانیا سەری ھەڵدا) دەخاتە ڕوو. ئەو دەڵێت فەلەسەفەی لیبراڵی ھاوچەرخ ھزری ڕۆشنگەریی جۆن لۆکی تەقدیس کردووە کە ئاماژە بەوە دەکات تاقە کۆمەڵگایەک دەبێت تەنیا لەسەر بەرژەوەندی خۆی دروست بکرێت، بە دەرکەوتنی قوتابخانەی ڕێژەگەراییش لەنێو ھزری ئەمەریکادا ئەم حاڵەتە دوو ھێند بووە و قەیرانی لێ کەوتووەتەوە.
بە لای بلومەوە ئەم حاڵەتە کەلێنێکی لەنێو ڕۆحی ئەمەریکییەکان دروست کردووە و دیماگۆگییەتێکی توندڕەوانەی بەرھەم ھێناوە وەک ئەوەی لەنێو ڕێبەرانی خوێندکارانی ساڵانی شەست بە دي دەکرێت (مەبەستی شۆرشی خوێندکارانی فەرەنسایە لە ساڵانی ١٩٦٠) کە بە بۆچوونی بلوم ئەوەيش ھاوشێوەی ئەوەیە کە نازیيەکان ھەستان بە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی کە لە کۆمەڵگای ئەڵمانیدا ھەبوو لە ڕێی کۆماری ڤایمارەوە. لە باری دووەمدا ئەو پێی وایە بانگەشەی فەلسەفە و تێگەیشتنی عەقڵی سەبارەت بە ئازادی ھزر بە فەلەسەفەیەکی درۆینە یاخود ئایدۆلۆجیایەکی ھزری تەوق دراوە. پێی وایە ڕێژەگەرایی یەکێکە لە نیشانەکانی فەلسەفەی مۆدێرن کە شێوە فێرکردنی ئەفلاتونی و سوکراتی تێکوپێک داوە.

ڕەخنەی بلوم لە بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە ھاوچەرخەکانی زانکۆ و نێو کۆمەڵگا بە گشتی لە مەیلی فەلسەفی و کلاسیکی ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە. بە لای بلومەوە شکستی پەروەردەی لیبراڵی ھاوچەرخ بووەتە ھۆی سەرھەڵدانی بێبەرھەمی کۆمەڵایەتی و خوی سێکسی خراپ لای خوێندکاران، ھەروەھا دەستەوەستانی کردون لەوەی بتوانن شێوە ژیانێک بۆ خۆیان گەڵاڵە بکەن لەنێو ئەو ئۆفەرانەی جیھان بۆی دەستەبەر کردون و بە سەرچاوەی سەرکەوتن ھەژمار دەکرێن. بلوم پێی وایە ڕەھەندی بازرگانی بەھایەکی باڵاتری ھەیە وەک لە خۆشەویستی یاخود خواستێکی فەلسەفیيانە بۆ گەیشتن بە ڕاستی یان بەدواداچوونێکی مەدەنیيانە بۆ شکۆ و شەرەفمەندیی.
لە یەکێک لە بەشەکانیی کتێبەکەیدا، کاریگەرییە فەلسەفییەکانی مۆسیقای ميللی شرۆڤە دەکات لەسەر ژیانی خوێندکاران، مۆسیقای پۆپ یان ئەوەی بە مۆسیقای ڕۆک ھەژمار دەکرێت لە چوارچێویەکی مێژوییدا دادەنێت ھەر لە کۆماری ئەفلاتونەوە بۆ ئارەزووی دیۆنیزیانەی نێتشە. بۆ یەکەم جار بە گرنگییەکی فەلسەفی ڕاستەقینەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات، سەرنجێکی زۆر چڕ دەدات بە پیشەسازی کە ئامانجی بازاڕکردنەکەی منداڵ و ھەرزەکارانن کە پەیڕەوکارانی سەرەکین، ھەمان ئەو ئابورییە بۆرژوازییەی پێشومان تێدا دەچەسپێنێت و بە ناوی ئازادی و لیبراڵیزمەوە گوزارشتی لێ دەکات. بلوم لە سوکرات و ڕۆسۆ و ئەرستۆ و نێتشەوە دەگاتە پەیبردن بە دەسەڵاتی مۆسیقا لەسەر ڕۆحی مرۆڤ. ئەو دەبێژێت ئەو سەربازەی کە خۆی دەخاتە نێو جەنگەوە لە ژێر کاریگەریی دەنگی دەھۆڵدایە، ئەو پیاوە ئاینییەی نوێژ دەکات لە ژێر کاریگەریی موناجاتی ئاینیدایە، عاشقیش تەفرەی گیتارێکی ڕۆمانسیيانە دەخوات، ھەروەھا ئاماژە بەو نەریتە فەلسەفییە دەکات کە پەروەردەی مۆسیقا بە شتێکی بنەڕەتی دادەنێت. میک جاگەری ئەستێرەی پۆپ بە نوێنەرێکی کاردیناڵ دادەنێت بە دووڕوویی و شەھوەتێکی بێبەرھەم تۆمەتباری دەکات. مۆسیقای پۆپ زمان و وێنەی سێکسی بە کار دێنێت بۆ لەخشتەبردنی گەنجان و ڕازیکردنیان بەوەی ئەو یاخیبوونە کەمەی کە ھەیانە بنەمایەکی سیاسی ھەیە، لە کاتێکدا ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەوان لە لایەن پارەدارانەوە کۆنترۆڵ کراون کە لەمڕووەوە نمایشکارێکی باشن، میک جاگەریش بە تەواوەتی خزمەتی وەھا حاڵەتێک دەکات. بلوم پێی وایە جاگەر بە لای ھەندێک لە خوێندکارانی زانکۆوە پاڵەوانە بە تایبەت لای ئەوانەی کە ڕژدی بە ناوبانگ و سامانەکەی دەبەن، بەڵام ئایا بە ڕاستی بەرگەی ئەو بژاردە کەمانە دەگرن کە لە بەردەستیاندايە. ھەرچەندە ئەو بەشەی بۆ مۆسیقای ڕۆڵ و ڕۆک تەرخان کراوە چل پەڕە دەگرێتە خۆ، بەڵام بلوم تەنیا ناوی سێ تیپی موسیقی دەبات. ھاوشان لەگەڵ ئەوەی ئەدەب ڕۆڵێکی پەراوێزی ھەیە لە ژیانی گەنجان و پەیوەندییە سیکسییەکانیان، لە بەشی یەکەمیدا ھەوڵی داوە ڕەوشی پەروەردە ڕوون بکاتەوە بە شێوازێکی جيا لە ئابوریناس یان دەروونناسێک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە