KURDISTANPOST
دڵشاد سەید بەرزنجی
میدیای گۆڕان لە تۆپخانەوە بۆ ماستاوخانە
Monday, 30/03/2020, 8:34
6936
بینراوە
لە سەرەتای مەسەلەی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، مشتومڕێكی توند هەبو كە ئەم بەشداریە بە خێروبێر بۆ گۆڕان ئەشكێتەوە و یەكێتی و پارتیش ناچار ئەبن وەك گۆڕان خەریكی چاكسازی بن، یان ئەمجارەش وەك خولی پێشو هەندێ مەسڵەحەتچی وەك رێباز حەملان لەسەر حسابی گۆرانخوازان ئەچنە ناودەسەڵات و ئەبنە پارتی و هەم عەیبەش لۆ بزوتنەوەكە؟
هەڵسەنگاندنی ئاستی سەركەوتن و شكستی ئەم مەسەلەیە بۆ جەماوەر ئەهێڵمەوە، ئەوەی جێگەی سەیروسەمەرەیە میدیای گۆڕانە كە لە سەردەمی كاك نەوشیرواندا وەك تۆپخانە گەندەڵكارانی ئەكوتا و كونە مشكی لێ كردن بە قەیسەری!
ئێستا میدیای گۆڕان لە نزمترین ئاستی خۆیدایە، كەناڵی كەی ئێن ئێن كە رۆڵێكی گەورەی هەبو بۆ دژایەتی گەندەڵكاران و ركابەرایەتی میدیاكانی دەسەڵاتداران بۆ رازی كردنی دڵی یەكێتی و پارتی داخرا بێ ئەوەی میدیاكانی ئەو دو حیزبە و بەتایبەت پارتی هیچ سڵێ لە سوكایەتی بە كاك نەوشیروان و رێبازەكەی بكاتەوە. ئێستاش دەیان ملیار دینار بۆ كەناڵەكانی روداو و كەناڵ 24 و رۆژنامەكانی هەولێر و باس و وشە تەرخان ئەكرێت. تاكە راگەیاندنێكی گۆڕان كە ماویەتی رادیۆی گۆڕانە
بەرپرسی رادیۆكەش كە بەهرۆز حەمەعەلیە پێشتر بە پارەی یەكێتی لە میسر ئەیخوێند و ئێستاش بە كارئاسانی پارتی لە دكتۆرا ئەخوێنێ هەواڵەكانی كوردستان تەنانەت بە كۆرۆناشەوە كۆپیەكی میدیاكانی پارتیە و بڵاوی ئەكاتەوە بۆیە رادیۆكەیان ناوناوە رادیۆی حسك چونكە جگە لە گۆرانی و هەندێ هەواڵی كۆن هیچ رۆڵێكی نەماوە
بزوتنەوەیەك تا دوێنێ خاوەنی تۆپخانەی میدیا بوبێ و ئەمرۆش ماستاوخانە جگە لە شكستێكی گەورە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا، رۆحی نەوشیروان مستەفاشیان بەجۆرێ عادز كردوە ئەگەر بە راگوزەرێ بێتەوە ئەم وڵاتە بە دڵنیایی بزوتنەوەی گۆڕان ناناسێتەوە!!
دڵشاد سەید بەرزنجی
© 2019- Kurdistanpost