دەست لەسەر تێکشکانی خەڵک هەڵگرن بێکەرامەتەکان

Wednesday, 04.01.2020, 2:25

4733 بینراوە


بەلای منەوە کەسێتی مرۆڤ لەژیان گەورەترە ، ٢٨ساڵە هەرچی لەدەسەڵات نزیک دەبێتەوە ، دەبێتە نوێنەری ستەمکار ، لەسەرەتای ئەم حوکمەتە کوردیە قەشمەرەوە ئێمە هاواردەکەین ، ئێوە دەبێت بەتەنگ بەهاکانەوە بن ، مرۆڤی ئازاد دروست کەن تا بەرگەی ڕۆژە سەختەکان بگرێت ، بەڵام ئێمە قسەمان بۆ کێ دەکرد؟ بۆ کەسانێک کە خۆیان هیچ بەهایایەکیان نەبوو ، ئەوان لە مەملەکەتی بێبەهاوە هاتبوونەلامان ، خۆیان هەموو شتێکیان لەدەست دابوو وە بەتێکشکاوی گەڕابونەوە لامان . بۆیە لەهەموو دەرکەوتنێکیاندا هەستیان بە بێبڕوای و سوکی خۆیان دەکرد .
رێزی شکۆداری چییە ؟ ئەم دوو وێنەیە قسە زۆر هەڵدەگرێت ، ئەمە تەنها دوو وێنە نی یە ، بەڵکو سەدان وێنەو فیلمی کورت و کوێرو بەرنامەی هەرچی پەرچی یە کە لەماوەی ئەم ٢٨ ساڵەدا نمایشی دەکەن . بەڵام هەموویان بەتاڵن لەشکۆ ،کەچی پڕ پڕەن لەبێحورمەتی بەتاک بەتاکمان ، تێکشکان ، سوککردن ، داماوی ، ترس ، سواڵ ، ئەمانە خۆیان کەسانی هەرزانن ، لەناو پۆشاکی گران بەهادا ، بەڵام پۆشاک کەرامەتی بۆ کێ گەڕانۆتەوە،کاتێک مرۆڤ کەرامەتی نەبێت ؟
بیرمە منداڵ بووم ، ماڵێک لەگەڕەکەمان بوو ، پیاوەکە لە شاری موسڵ لەدار درابوو لەسەر سیاسەت کردن ، ژنەکە چەند منداڵی هەبوو ، دایکێک هەردەووت پڵنگە ، نەفسێتکی بەرز ،ببوە چەتر بۆ منداڵەکانی ، زۆرجار باوکم کە ئێواران دەهاتەوە ، دووتەبەق هێلکە ، یان زەفی پڕ میوە یان گۆشتی لەحەوشە دادەنا ، کە تاریک دەبوو دەیووت ، بڕۆ لەگەڵ ئەم دینارەدا یان نیودینارە دا ،بیبە بۆ ئەو ماڵە ، کوڕم کەس نەت بینێ؟ کە خاڵکێکت دی بگەڕێرەوە ، تۆ لەدەرگاکەیان بە و ئەمانە دانێ بۆیان ، بەڕاکردن وەرەوە . نەیەڵی منداڵەکانی بتبینێ ، با بێباوکی ئازاریان نەیات . ئەم کارەم چەند جارێک کرد ، نەکەس منی دی نەڕۆژێک لەڕۆژان لەباوکم گوێ لێبوو کە کارێکی وای کردوە .
ئەم نمونەیەم بۆیە هێنایەوە کە باس لەکەرامەت بکەم ، باوکی من کرێکاربوو ،ئێمە سامانێکی وامان نەبوو کە لێمان زیادبێت ، باوکم بێئەوەی قسەمان بۆ بکات پێیی دەوتین "هەژاری هۆکارێک نی یە ، بۆئەوەی خۆت بەکەم سەیرکەیت" ژیان یەک جارە مرۆڤ مەحکومە بەمردن تاکە جارێک ، بەڵام ئەم دەسەڵاتە قەشمەرە هەموو ڕۆژێک تاک بەتاکمان دەکوژێت ، ئاخر گەر سبەینێ ئەم منداڵانە گەورەبوون دەبێت چۆن لەژیان بڕوانن ؟ چۆن بکەونە ناو کاروباری ژیان و کۆمەڵگاوە ، ئەم دەسەڵاتە هێندە وانەکانی فێری شکستی کردووین ، نەهاتوە دروستمان کات ، کەناڵەکان هەرکەسێک دەدوێنن ، لە بەتەمەنەوە تا گەنج تا ژن تاپیاو ،هەموویان یەکشت دەڵێن ئەویش سواڵە ، کڕوزانەوەیە ، داواکاری یە ، بێئاگا لەوەی ماف دەبێت بسێنرێت ، نەک بۆی بپاڕێتەوە . کەلتوری ئەم وێنە گرتنە بۆ خۆ دەرخستن کەلتورێکە تەنها لە و هەرێمەی ئێمە زەقبۆتەوە، بیرتانە لە کاتی شەڕی داعشدا چەند لەم هەرچی پەرچیانە دەچوون وێنەیان بەچەکەوە دەگرت لە و دەشت و دەرەدا ، تابڵێن ئێمەش لەبەرەکانی شەڕین ، ئێستاش کۆرۆنا بوە بەوەجبەی دوهەم لە بڵاو بونەوەی وێنە ، بۆئەوەی سوکایەتی بەخەڵکی هەژار بکەن .
ئەم مرۆڤانە چونکە خۆیان خاوەنی کەسایەتی نین و گومانیان لە مرۆڤبونی خۆیانە ، دێن لەسەر تێکشکانی کەسانی تر خۆیان نمایش دەکەن ، تاکو بلێن ئێمە بەخشندەین ، نازانن ئەوانە سواڵی لایک و دەسخۆشی دەکەن ، لەکاتێکدا مرۆڤی ڕاستەقینە پێویستی بە ستایش نی یە چونکە ستایش کردن مانای گومانی چاکە لەکەدار دەکات . بەم کارەتان کە نمایشی دەکەن ، بەر لەمردنی جەستەیمان دووچاری مردنی دەرونی ڕۆحیمان دەکەنەوە . ئەم قەشمەر خانەیە هەڵگرن نەفرەتان لێبێت .
دواجار هەرکاتێک تۆ کە دەرگا لە م بەشەرە پیسانە دەکەیتەوە و بەڕویاندا پێدەکەنی مانای مردن دەگەیەنێت بۆت ، هەرکاتێک یاخی بوویت دەرگات لەم بەشەرە پیسانە نەکردەوە مانای ئەوەیە بەنەمری ژیان دەکەیت .
دواجار یابانێکان دەڵێن " ئەوماسیەی کە لەنوکی قولابەکە رزگاری دەبێت ، هەمیشە گەورەتر دەر دەکەوێت".




(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 3/5)