کلیلی جینی بۆ بەرەوپێشچوونی مێشک

Friday, 03/04/2020, 0:55

4465 بینراوە


وەگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: یاسین محەمەد
------------------------
لە دەهەزار منداڵ دانەیەکیان لە کاتی لەدایکبووندا سەرێکی بچوکی نائاساییان هەیە. هۆکاری ئەم بارە نائاساییەیش کە بە سەربچوکی یاخود مایکرۆسیفەڵی (microcephaly)ی ناسراوە، بوونی کەموکوڕییە لە گەشەکردنی شێوە سەرەتایی (ئاوڵەمەیی)ەکەی مێشکدا. منداڵانی هەڵگری مایکرۆسیفەلی گەلێک دوا دەکەون [لە ڕووی گەشەی عەقڵی و جەستەیی و تەنانەت کۆمەڵایەتییشەوە] بە بەراورد لەگەڵ منداڵانی ئاساییدا و ئەگەری ژیانیشیان کەمە. هەندێک حاڵەتی ئۆتیزم و شیزۆفرینیایش پەیوەندییان هەیە بە تێکچوونی باری ڕێکخستنی قەوارەی مێشکەوە.
هۆکارەکانی لاوازی گەشەی مێشک لەوانەیە هۆکاری ژینگەیی بن (بۆ نمونە: خراپ بەکارهێنانی ئەلکول یاخود تیشکدانەوە) یاخود ڕەنگە هەوکردنی ڤایرۆسی بێت (بۆ نمونە: سورێژەی ئەڵمانی) لە ماوەی سکپڕیدا. لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە بازدانی جینییش ببێتە هۆی ڕوودانی ئەو کێشەیە.
دەیڤس کەییس سەرۆکی دەستەیەک لە پەیمانگای IMP جینێکی نوێی دۆزیوەتەوە کە بەرپرسیارە لە مایکرۆسیفەڵی. ئەو لەگەڵ خوێندکارێکی خۆی بە ناوی مارتن بروس کە خوێندکاری دکتۆرایە لەو بوارەدا توانییان جینی TUBB5 بدۆزنەوە کە بەرپرسیارە لەو حاڵەتە. ئەو جینەی لێپرسراوە لە دروستکردنی تیولین، دروستکەری خانەکانی پەیکەری هەناوییە. هەر کاتێک خانەکە بجوڵێت یاخود دابەش ببێت پشت دەبەستێت بەو ڕێبەرەی کە لەو پەیکەرە ناوەکییەدا هەیە کە وەک داربەستێک ڕۆڵ دەبینێت.


توێژەرانی IMP پێکەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ توێژەرانی زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا، توانییان دەستکاری فەرمانی جینی TUBB5 بکەن لەنێو مێشکی مشکێکی لەدایکنەبوودا. بۆیان دەرکەوت کە کارێکی لەو جۆرە دەبێتە هۆی دروستبوونی بارێکی دژوار لەنێو قەدەخانە و زیان بە گواستنەوەی دەمارەخانەکانیش دەگەیەنێت.
بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا دەرەنجامەکان لە مرۆڤیشدا هەمان ئەنجام دەدەن بە دەستەوە، دەیڤد کەییس لەگەڵ هەندێک پزیشکی دیکەدا دەستیان کرد بە هەماهەنگی. تیمە فەرەنسییەکە بە ڕێبەرایەتی جەمیل چیلی توێژینەوەیان لەسەر 120 نەخۆش ئەنجام دا لەوانەی کە نەخۆشی مێشک و ئیفلیجی بوون. دەرکەوت کە سێ لەو منداڵانە بازدانی جینی TUBB5 تیایاندا ڕووی داوە.
ئەم زانیاریانەیش دەرەنجامێکی گرنگە بۆ ئەو پزیشکانەی کە چارەسەری ئەو منداڵانە دەکەن کە نەخۆشی مێشکیان هەیە. ڕێگەخۆش دەکات لە بەردەم بەرەوپێشبردنی تاقیکردنەوەی جینی نوێ کە بنەمایەک دەڕەخسێنێت بۆ راوێژی جینی و یارمەتی باوان دەدات تا پلان بۆ ئایندە دابنێن. لە ڕێگەی تێگەیشتن لەوەی چۆن جیاوازیی جینی دەبێتە هۆی کەمتوانایی مێشک، ئۆمێد دەکرێت زاناکان ڕۆژێک بتوانن دەرمان و چارەسازی نوێ بدۆزنەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو جۆرە کەسانە.
دۆزینەوە نوێیەکەی توێژەرانی IMP لە ڕۆژنامەی Cell Reports بڵاو کراوەتەوە. بە لای دەیڤس کەییسەوە تێگەیشتن لە ئەرکی TUBB5 کلیلی تێگەیشتنە لە گەشەکردنی مێشک. ئەو دەڵێت "پڕۆژەکەمان ئەوە پیشان دەدات چۆن توێژینەوە لە تاقیگەکاندا دەکرێت یارمەتی باشکردنی ژیان بدات لەنێو کلینیکە پزیشکییەکان."
دیسەمبەری 2012
• ئەم بابەتە و هەندێک لە بابەتە وەرگێڕراوەکانی پێشووتریش لە ماوەی نێوان ٢٠١١-٢٠١٥ وەرگێڕراون. لێرەدا لە ڕووی زمانەوانی و ڕێنووسەوە ڕێک و یەک خراون. بەم نزیکانە لە توێی چەند کتێبێکدا بڵاو دەکرێنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە