ئامۆژگاریەکانى کۆرۆنا بۆ ئێمەى مرۆڤ چیە؟

Friday, 03/04/2020, 1:02

3983 بینراوە


ئەوەى ماوەیەکە دونیای سەرقاڵ کردووەو وەک هەڕەشەو مەترسیەکى خەتەرناک هەموو جومگەو کایەکانى ژیانى مرۆڤایەتى گرتۆتەوە، پەتای کۆرۆنایە.
کۆرۆنا لەشکرێکی لەبن نەهاتووە، دەیەوێ لەرێی دەستەو تاقمەکانیەوە کۆنتڕۆڵی ژیانی سەر زەوى بکات، جا ئەوەى وایکردووە ئەو لەشکرە بە رق و تووڕەییەوە  تەنگ بەهەموو سنوورەکان بچنێ و بچێتە هەموو گەرەک و شارو وڵاتێک و ژەهری تۆڵەى خۆی بڕژێنێ، چەند خاڵێکە وەکو پەیامێک پێمان دەڵێ: ئێوەى مرۆڤ تا کەى پەندو ئامۆژگاری وەر ناگرن؟ ئەم خاڵانەی هۆشدارییە ئەگەر بەخۆتاندا نەچنەوە  بڕیار  لەسەر قڕکردنتان دەدەین:
1-تا کەى ژینگە پارێزنابن، بەزەییتان بە گرۆیی بەشەریەت نایەتەوە، ئەو هەموو گارگە خنکێنەرە، ئەو هەموو  دەزگا قڕکەرەى بۆ بەرژەوەندى خۆیان گوێ بەپیس بوونى هەواو تەنک بوونى بەرگە هەوا نادەن.
سەیرتان کردووە لەو ماوەیە بەوای منەوە هەوایەکى پاک و سافتان بۆ گۆی زەوى گەڕاندۆتەوە، ئەگەر بەقسەى ئێمە بکەن، ساڵانە بۆ یەک مانگ یان یەک دوو هەفتە هەموو جموجۆڵە بازرگانیەکان و کارگە پیشەسازیەکان بوەستێنن و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بەهەموو شێوەیەک راگیرا، ئەوجا دەزانن چ خزمەتێکتان بەمرۆڤایەتى گەیاندووەو چەندە خزمەتى خۆتان کردووە.
2-ئەگەر قەرەباڵغی خەڵک هۆکاربێ بۆ گواستنەوەى زۆرێ پەتاو نەخۆش، ئەوە لەم ماوەیە من رێنماییم پێ دەرکردن کە خۆتان لە کۆبوونەوەو دروست بوونى قەرەبالغی بپارێزن، کەواتە بۆ ئەوەى ترس یەخەگیرت نەبێ، داواتان لێ دەکەم دوای کشانەوەى ئەو لەشکرەى ئێمە ئەوە بکەنە دروشم و هەوێنی کاروباری رۆژانەتان و لەبیری مەکەن.
3-بێزارکردنى ئەم و ئەو بەتایبەت لەوسەردانانەى هیچ نیەت و ئامانجێکى تێدا بەدى نەدەکرا جگە لە زەمکردن و بوختان و لەکەدارکردن و کەمکردنەوە لە پێگەو پلەو پایەى ئەم و ئەو، بۆ لەمەودوا سەردانەکانتان سنووردار بکەن و با سەردانەکان بۆ کاری چاکەوخێرو بابەتى بەسوود بێت. وەئەگینا بەیەکجاری رێ بە هاتنە دەرەوەتان نادەین.
3-تێکچوونى شیرازەى خێزان لەهەموو کۆمەڵگاکان بەرەو داڕمان و لێکهەڵوەشانەوە چووە، ئەوە ئێمەین ئەو پەیامە بە گوێتان دەدەین کە گرنگى بەبنەماکانى خێزان بدەن، شکۆی خێزان بگەڕێننەوە، لەکاتێکدا بازرگانە چاو چنۆکەکان بۆ مشتێ پارەو بۆ رابواردنى خۆیان بە شەش مانگ نەدەچوونە ماڵەوە و ژیانى هەموو ئەوخێزانەیان فەرامۆش کردبوو، لێرەدا ناچارت دەکەین بۆ ماوەیەک لەماڵەوە بمێنیتەوە تا لە هەست و سۆزى خێزانت تێ بگەیت و بزانى تەنیایی و دابڕان و مانەوە لە کونجی ماڵ بۆ ئافرەت چەند ناخۆشە، ئەوە لەبیر مەکە ئەگەر من لەشکرەکەم لە شارەکەت کشاندەوە.
4-تۆی بەرپرس ئەوەندە هەواو نەفسیەتى گەورە دەرون و مێشکى داگیر کردبووى، بۆ پشمینى مناڵێک  یا خۆت و خێزانت بە تەلەفۆنێک فرۆکەیان بۆ ئامادە دەکردى تا سەفەری دەرەوە بکەیت و بیبەیتە لای باشترین دکتۆر و بابای هەژاریش لەنەبوونى پارە تەنها چەکى دەستى ئەوە بوو دەیوت: دەى هیچ نیە چاک دەبیتەوە، کەچی ئێستا وەکو تۆی هەژار ناتوانێ مناڵەکەى لەماڵەوە بباتە دەرەوەو هەموو سەرکردەکان بەجۆرێ لە من دەترسن ئیتر شتێک نەماوە پێی بڵێن: عەنتەری، ئەوانەى هەڕەشەى سڕینەوەیان لەم وڵات و ئەووڵات دەکرد، ئێستا لەبەردەم ئێمە چۆکیان داداوە، کەواتە با هیچ هێزێکى دەست رۆیشتوو، هیچ بەرپرسێک بە چەک و سوپاو پاسەوانەکانى نەخوڕێ، ئەوە ئێمە بمانەوێ بێ ئەوەى دەستى کەسیان پێ سوور بکەین، تەفروتونایان دەکەین، تکایە رێی ئاشتى بگرنە بەر.
5-ئەوانەى بەیانى لەوڵاتێ نانى بەیانى دەخۆن و بۆ نیوەرۆ لەوڵاتێکى تر نان دەخۆن، چاوتان لە هەژارەکان بێت، تەنها ئەوماوەیەخۆتان ببینن چۆن ریسوا بوونە، فەرموو بزانم دەتوانن بەکەیفی خۆتان ئەو سەفەرە بکەن؟
6-لە کۆتاییدا ئەوەندە دەڵێین: خۆتان پاک و خاوێن رابگرن، خواردنێک مەخۆن کە حەرامە، حەرامێک تۆ نازانى چ نەخۆشیەک بەدوای خۆی دادێنێ و پەیامى ئێمە بۆ ئێوە ئەوەیە دەبێ هەمووتان بە یەک دەنگ، بەیەک رەنگ ژینگەى مرۆڤایەتى بپارێزن، بیر لە کاولکاری مەکەنەوە، تۆی مرۆڤ لهەر ئاستێکدا بیت، ئیتر دواجار جیاوازیت نیە لەگەڵ ئەو هەژارەى هیچی لەماڵ نیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە