یادی شکۆی کۆچی دوایی گەورە بیرمەندی کورد مامۆستا (مەسعوود محەمەد)

Friday, 03/04/2020, 1:05

3698 بینراوە


لە فۆڕمی - گازندەیی و سکاڵایەک– دا
----------------------------
ئێمە ئیمڕۆ لەبەردەم شکۆی یادی مەرگی بیرمەندێکی کورداین... کە زیاتر لە نیو سەدە بە تاقی تەنیا، لە ھەلومەرجێکی ھێجگار ئاڵۆز و سەختی ڕۆژگاری ململانێ سەخت و ڕادیکالەکان دا . لەدەڤەرێکی پڕ لە کێشمەکێشی خوێناوی و لە نێو فەزایەکی دواکەوتووی بەجێماوی ھەژاردا، تەنیا بە خۆیی و قەڵەم و باوەڕ و فیکرییەوە، لە مەیدانی کایەکانی مەعریفە و ڕۆشنبیریی و زمان و نووسینی کوردیدا، تاکە شۆڕەسوارێکی بێ ڕکەبەری گۆڕەپانەکە بوو.
بیرمەندێک تەنیا باڵ دەجەنگا دژ بە لەشکرێکی بێ فەڕ ، لە خوێنەوارو خاوەن بڕوانامە و قەڵەم بەدەست،لە ناحەزانی سەر لێشێواوی و دواکەوتوویی لاسایکەرەوە و ڕاسپێردراوی ئێرە و ئەوێ....
بیرمەندێک مەیدانی شەڕی بە مانای - ململانێی ئەقلانی و شارستانییە دوور لە زەبروزەنگەکەی - لە گەڵ ئەوانیتردا بۆ خۆی دیاری کرد بوو. بەڵام چ کەسێ نەبوو لەو لەشکرەی ئاماژەمان پێدا، بە بوێرییەوە بێت و بچێتە مەیدانەوە و زۆرانباری لەگەڵ قەڵەم و ھزری بکات.... لە خۆ ڕابفەرمووێ و بێ و ئەم بیرمەند ڕاپێچێتە سەر شانۆ و بە دیاکۆکی بابەتی تاووتوێی پرسە گرنگەکانی نێو پانتایی سیاسەت و ڕۆشنبیری و فیکری ئەو ڕۆژگارەی لەتەکدا بکات.
بیرمەندێک لە ھەر پێگە و مەقام و شوێنێکدا بوو بێت، بێ شەرم و کۆکردن لە کەس و دەسەڵاتێک ، ئەوەی زادەی ھەق و ڕاستی و کوردایەتی بووبێت، و ویستبێتی ھەرچییەکی تر بڵێ، وتوویەتی و نووسیوێتی بێ پەروا لە بەرزترین فۆڕمی داڕشتن و بە ھەناسەیەکی پڕ لە خاکەڕایی و زۆر بابەتی و واقیعییەوە پێشکەشی کردووین .

- بەر لە پشکووتنی هۆشی مرۆ ئیمکان نەبووە کاری سەر بە کۆمەڵایەتی پەیدا  بووبێت.

- کەسێک خەریکی براکوژی و دراوسێ بڕینەوە بێت، بە تەنەکە و بەرمیلیش  رۆشنایی تێ بکەیت، شەرەفی سەگێکی میگەلپارێزی نابێت.

- درۆکردن لەگەڵ میللەتدا، بە لای منەوە خیانەتی بێ تەئویلە.

- کە تاک ئیرادەی نەبوو، کۆمەڵ دەبێتە مەملەکەتی بێ ئیرادان.

- من لە ئاست نەزەرییەکان دەڵێم:( واقیعمان لێ نەکوژن، نووسەریش لێی داوا  دەکرێ، واقیع بە قوربانی نەزەرییە نەکات.

- لەوانەیە موریدێک خۆی قوربانی شێخێک بکات، بەڵام گیسکێک بە قوربانی  وڵاتەکەی ناکات.

- ئەگەر خراپترین ناهەقی ئەو ناهەقییە بێ، کە دەبێتە خزمەکاری مرۆ، چونکە  مرۆ لە پێوانەی خێر و شەردا، لە هەموو زیدەوەرێک شایستەتری حیساب بۆکردنە.

ئەم بیرمەندە گەورە مامۆستا(مەسعوود محەمەد) ە( ١٩١٩ ـ ٢٠٠٢) ، کە بارستایی کەسایەتی فیکری بارتەقای بابەتگەلێکی چڕوپڕی تژی لە پرسی گەورە و پیرۆز لە بوونی مرۆڤ و بەھا جوانەکانە، لە ڕەھەندێکی قووڵ و فراوانی خزمەتی کوردبوون دا.
مامۆستا مەسعوود بە کتێبە فیکرییەکانی، ناو و پێگەیەی گەورە و سەرمەشقی بە ترۆپک و پانتایی و درێژایی « ھزر و مێژوو و جوگرافیا و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی» کوردبوون دا ، نەخش بووە.
ئەم بیرمەندە تا لە ژیاندا بوو، جگە لە داتاشینی تۆمەت و جوێنی بازاڕی و ھەڵبەستی درۆ و دەلەسە و نامەردێتی حیز بە خاڵی خۆی فێرە! و دژایەتی کوێرانە و بایکۆتی نەزانانە و ھەموو شێوازە ناشیرینەکانی تری دژایەتی، ھیچی تری لە زۆربەی ھەرە زۆری ھاو قەڵەم و ھاو ڕۆشنبیر و ھاو سەردەمەکانی خۆیەوە نەچنییەوە. سیاسییەکانیش لەگەڵیدا وەک پێویست بە مروەت نەبوون. ئەم بەرە سەرلێشێواو و ناحەزە چەندی بۆیان بکرایەبا، ڕووی لاپەڕە ڕووزەردەکانیان ڕەش دەکردەوە، بە جوێن و باسی نزم و پووچ و بریندارکردنی کەسی مامۆستا مەسعوود.
ئەوە بڕگەیەکی خەمناکی چیرۆکی دوێنێمانە ، دەی ئەوەتا ئێستا لە سایەی دەسەڵات و توانای خۆیی خۆمانەوە، چ بایەخدانێک بەم بیرمەند و کەسە سیمبۆلییەکانی تری مێژوومان نییە... ھەر ئەوانە لەبەرچاو و ڕێز لێگیراون!، کە چوونەتە ژێر چەتری حیزب و لایەنێکەوە و خۆیان چەمەلەخی شوێنێک کردووە. لەم پرۆسەیەشدا ڕێوی کراوەتە شێر و خراپ بە باش و..ھتد.
ھیچ کام لە ئێمە ھیچ شەقامێکی سەرەکی و ناوەندی پێشکەوتووی جیھانی نەدی، بە پەیکەری بیرمەند و ئەدیب و ھونەرمەندەکانی نەڕازابێتەوە. لە شارێکی وەک بەرلین دا ، ناوی گۆتە بەسەر زیاتر لە 55 شوێن لە شەقام و قوتابخانەوەیە و بگرە شانۆ و پەیمانگا گەورە گەورەی فەرمی و نافەرمی بەناوی گۆتەوە ھەیە. کەچی وەک دەزانین ناوی مامۆستا لە شارەکەی خۆی و ناو بنەماڵە رۆشنبیرەکەی خۆی ، شاری کۆیەی ئازیزی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی و ھونەر !کۆتەڵ و پەیکەرێ بۆ گەورە زانا و فەیلەسووف و بیرمەند مەسعوود محەمەد بەرچاو ناکەوێت.!..
ئای چ ئەفسووسە ئەم دنیای ئەقڵێت و سیاسەت و دەسەڵاتی کوردییە!؟ ئای چەند ئازاربەخشە کوردبوون لەسایەی دەسەڵاتێکی بێ ئاگا و نابەرپرس و دوور لە ھەستی کوردبوون دا . برالە داخۆ تۆ پێت سەیر و سەمەرە و جێی پرسیار نییە، مەیدانی قەزافی و جەواھیری و شەقامی فڵان و فیسار لە کوردستان ھەبێ، کەچی وەک ئەوەی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندی تایبەتی بەناوی مەسعوود محەمەدە نییە، کوچە و کۆڵانێکیش بەرچاوناکەوێت، تابلۆی ناوی ئەم بیرمەندەی لەسەر بێت....!

- پێی ناوێ مێژوو بگۆڕین، ئەگەر هیچمان لە دەست دێت، با ئیستا و دواڕۆژ  بەرەو چاکتر بگۆڕین.

- کەمووکورتی هۆشی مرۆ لەوەدا نییە نەتوانی ئەو دیاردانە لێکبداتەوە کە  تێیانناگدا، بەڵکو لەوەدایە کە بە هەڵە لێکیان دەداتەوە.

- هەموو هەقیقەتێک دەزگیرانی منە.

- بیرو کۆمەڵگە هەردووکیان خەسڵەتی مرۆڤن و ناکرێ بۆ یەکتر هاڕین،  بەڕەڵایان بکەین

- خەڵکە دەتوانێ لە ئاینی خۆی دەرچێت، بەڵام لە نەتەوەی خۆی نا.

- لاپەڕەی مێژوو و کۆمەڵایەتی بەوە دادەخرێتەوە، مرۆ لە بوونێکدا لابەری و  تەنها غەریزە تێیدا فەرمانڕەوا بێ.

- ئەگەر خراپترین ناهەقی ئەو ناهەقییە بێ کە مرۆ ئازار دەدا، باشترین  حەقیقەت ئەوەیە، کە دەبێتە خزمەتکاری مرۆ، چونکە مرۆ لە پێوانەی خێر و  شەڕدا، لە هەموو زیندەوەرێک شایستەتری حیساب بۆ کردنە.

ئەرێ تۆش ناپرسی بۆ سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی ھێندە بێ مروەت و قێزەون و چاو قایم و زات کوێرە؟!. چۆن دەتوانێ و بە چ ڕوویەکەوە نکۆڵی لە ھەڵاتن و ئاوابوونی خۆر بکات؟!..وەک ئەوەی ناو و بەرھەم و ھزری مەسعوود محەمەد پەردەپۆش دەکات. ئاخر فەرامۆشکردنی ھزر و قەڵەمێکی وەک مەسعوود محەمەد، واتە بەھەند وەرنەگرتنی تێکڕای فیکر و ڕۆشنبیریی و مەعریفەی کوردی. ئەمەش واتە نادیدە گرتنی چیای پیرەمەگروون و لوتکەی حەسارۆستی نیشتمان.{ ٣ بەرگ نوسین لەسەر حاجی قادر و ٣ بەرگ لەسەر مرۆڤ و دەوروبەر و ٢ کتێب لەسەر نالی و چەندان بەرھەمی تری ناوازە و بەنرخ لەسەر زمان و فیکر... ھتد}، چۆن نرخیان بۆ دانانرێت و لە بیر دەکرێن؟!..دە پێم ناڵێن چۆن و لە چ زەمینەیەکدا دەتوانرێ ئەم خەرمانە لە فیکر و فەلسەفە و مەعریفە وەلا بنرێ و بازی بەسەردا بدرێت؟!..
ھەقی خۆمانە بپرسین ئەم کەمتەرخەمی و کێماسییە چ مانایەکی ھەیە و چ پەیامێکی ترسناکی لە خۆ گرتووە؟! داخۆ ڕەوای ھەقە دەسەڵاتێکی خۆیی لەشکرێ قەڵەم بەدەست و ھەزاران دەستگای میدیایی زەبەلاح، مەرگی کەڵە بیرمەندێکی کورد جێی بایەخیان نییە؟!...
بیرمەندێک بە ھەموو پێوەرێک بە بیرکردنەوەی قوڵ و نووسینی بەپێز و چڕوپڕ و زمانێکی بێ ھاوتا لە دەربڕین و داڕشتن دا، جێدەستی تاقانەی بە سەرلەبەری مێژووی نیو سەدەی ڕابووردووی فەرھەنگ و نووسینمانەوە ھەیە. کارێکی لەم چەشنە چەند نیشانەی بێباکی و گێلێتیی و لە خۆبایی بوونە، دە ھێندە بەڵگەی نەزانی و ناکارامەیی و نادڵسۆزیی و خۆکوژیشە.
ئاخر مامۆستایەک بتوانێ بە زەبری قەڵەمێکی ڕووت و بێ پشت و پەناو بێکەس، ئەم ھەموو خزمەتە بکات و شەڕی ئەو بەرەیەکی فراوانە بکات و بەرگری لە چەمکی « کوردبوون» و بەھای « مرۆڤ» بکات، کە بەخۆڕایی و ترسنۆکانە دەیان سەپاند بەسەریدا، دەبێ چ مرۆڤێک بوو بێت؟!.. چەند متمانەت و باوەڕی بە خۆی ھەبوو بێت .تا چ ئەندازەیەک پشت ئەستوور و بەھێز بوو بێت، بە قەناعەتە فیکریی و فەلسەفییەکانی؟!. چەند خۆی بە ڕاست زانیبێت... حیکمەت و زرنگی ئەو ھەڵوێستە، ئەوە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دەری خست ، کێ ڕاست و کێ سەرگەردان و دوای کڵاوی بابردوو کەوت بوو.
ھەرچۆنێک بێت، مەسعوود محەمەد حەزی لە چەلەحانێ و وتی وتی و چیرۆکە بێزراوەکانی شیر لۆ داپیرە و ئاستی نزمی بازاڕی ھەلاھەلاکراوی رۆشنبیریی کوردی نەبوو. گەر شەڕیشی پێ فرۆشرابێت، بێدەنگی ھەڵبژاردووە. یاخود زۆر بەدەگمەن بە ئەدەبێکی بەرزەوە وەڵامی داوەتەوە.
ئەو تەنیا یەک شەڕی بە ئاشکرا دەکرد و سەنگەرێکی ھەڵبژارد بۆ شەڕەکەی ، کە ڕەھەندی داکۆکی کردنەکەی و بەرەکەی بۆ خێر و خۆشی گشتی بێت، بۆ توانەوەی شەختە و ھەڵتەکاندنی دۆگماکان بێت، بۆ ژیانێک بێت مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی سەروەر بێت، نەک زەلیل و کۆیلە، مرۆڤ ڕەفتارە خراپەکانی کەمکاتەوە و تای تەرازووی چاکەی قورس بکات...
سەدەی بیستەم، ئەگەر کورد ژانێکی گرتبێ، ئەوە مەسعوود محەمەد لەدایک بووە. ئەم بیرمەندە ئەگەر ھەموو شتێکیشی نەوتبێ !، ھێندە بەرھەم و نووسینی شاکاری دوای خۆی بۆ بەجێھێشتووین، پڕن لە وەڵامی پرسیارە ھەستیار و مەتەڵ ئاساکان . ئەو پرسیارانەی خوێنەر ناچار دەکەن، ئەقڵ و مێشکی بۆ بخاتە کار، ئەو پرسیارانەی پێویستە بە تێڕامان و بیرکردنەوە ئیستیان لەسەر بکرێ. ھاوکاتیش مامۆستا بە وەڵامدنەوەی پرسیارە ئالۆزەکان و کردنەوەی گرێکوێرەکان، چرایەکی ڕووناکی داگیرسان بۆ ڕاماڵینی تاریکی و کەم کردنەوەی نەزانی و پاراستنی بەھای پیرۆز و داھێنەرانەی مرۆڤ و تەختکردن و گوڵڕێژکردنی ڕێگای ژیانێکی شایستەی ناواخن تێر بە ئازادی و پێشکەوتن و زانیاری و حەسانەوەی بە ڕوومەت.
بە درێژایی بیرکردنەوە و نووسین، مەسعوود محەمەد ھەوڵ و تەقەلایەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵە و ڕۆشنبیرکردنی جەماوەری چەواشەکراو و بەگژداچوونەوەی درۆ و دەلەسە و بێ مانایی و ھەڵبڕینی دەستی ڤیتۆ بەرامبەر بە ناڕاستی و ستەمەکان بووە، بە دروشمی گیان و پرنسیپ و ئاگایی بەرز و بە فۆڕمی ڕاستی و ھەق ویستن و خۆشەویستی مرۆڤەوە.لەم ھاوکێشە و ڕووبەرەشدا، بەشە گەورەکەی پەند و وانە و ئامۆژگارییەکانی بۆ ڕۆڵە نەوجەوانەکانی نەتەوەکەی خۆی بووە.
ڕاستییەک ھەیە سەرووی ھەموو باسەکان دەکەوێتەوە. ئەویش بریتییە لە وەی مەرج نییە من ھاوباوەڕی ھەر کەسێک بم و کتومت وەک یەک بیر بکەینەوە،. ئاخر بیرمەندێک دەڵێ:(گەر دووان وەک یەک بیریان کردەوە، یەکێکیان زیادەیە) بەڵام زۆر گرنگە چاوپۆشی لە ھەقیقەت راستی نەکرێ و بەشە ھەقی ئەو کەسەی جیاواز لە تۆ بیر دەکاتەوە بپارێزرێ. ناحەزە فیکرییەکانی مەسعوود محەمەد تاک و تەرایەکی ڕێزداریان لێ دەرچێ، سەرپاکیان ھێندە زاڵم و جەللادی سەر گیان و ئازادی بیر و ھزر و فکربوون، بە ژەھری ئایدۆلۆژیاکەی خۆیان، مافی مەسعوود محەمەدی بیرمەندیان بە ئاشکرا زەوت دەکرد. ھەرچەند لەگەڵ ئەوەی ئەوانە سەردەمێکی زۆر خاوەنی ھێز و دەسەڵات بوون، لێ بە ھەموو ھەوڵ و چەواشەکاری و پلانگێڕیی و کڵابازییانەوە، نەیان توانی بارستایی و قەبارەی کاریگەرێتی و ھێز و گەورەی مەسعوود محەمەد بسڕنەوە.
بۆ ئەم یادی18 ساڵ تێپەربوونە بەسەر کۆچی دواییدا، مامۆستا مەسعوود محەمەد دا ، مەڵۆیەکتان لەخەرمانی بیر و نووسینینە ڕەنگینەکانی تێهەڵکێش کردووە.1.4.2020
ـ من کە دێم باسی مرۆڤ دەکەم بە هەموو عەیب و عارییەوە لە پێشەوە سەلماندوومە و لە خۆم کردووە بە ئایین.کە مرۆڤ هەرچەند لە پلەی زێدە کز و بەرەژێری تێگەیشتن و بەخۆنازین و ڕەفزی بەندەییدا بێت،دیسانەوە هەر خۆی تاکە کاریگەری مێژوو و کۆمەڵایەتییە و بێ ئەو ڕووت و ڕەجاڵەی کە جارێکیان دەبێتە میری سەربڕ و جارێکیشیان پێڵاوی ئاغا و شێخ و ڕابەری سیاسی ماچ دەکات و لە لایەکی دیکەوەش چرای زانست و داد و شەرافەت هەڵدەگرێت،بێ ئەو مەخلووقە هەرچی سروشت هەیە گیانی شانازی و نرخی بەرز و ئیبداع و دۆزینەوە و داهێنان دەدۆڕێنێت و دەبێتە قەپیلککی حەتاڵ و بەتاڵ،بێئاگا و بێنیاز... مرۆ ئیعجازی هەرە هەرە هەرە گەورەی چەرخوفەلەکی نۆ نهۆمی کۆنینە و فەزای بێسنوور و بڕانەوەی سەردەمی زانست و تەکنیکە."هەتا دەمی ئەم نووسینە قسەکەم بە ڕاستی موتڵەق دەزانم، ئەوجا ئەگەر لە دواڕۆژدا ئیعجازی گەورەتر پەیدا بوو،واتە دۆزرایەوە،ئەوسا قسەکە دەگۆڕێت بە هێنانە خواری پلەی مرۆڤ لە ژمارە یەکەوە بۆ ژمارە دوو.
ـ پیاوانی سیاسی،بە بەڵێنی خۆشکردنی ژیانی ئێرە و پیاوانی ئاینیش بە بەڵێنی ژیانی ئەولا، گەورەترین جەهەنەمیان بۆ خوڵقاندووین.
ـ بەر لە پشکووتنی هۆشی مرۆڤ،ئیمکان نەبووە کاری سەر بە کۆمەڵایەتی پەیدا بوو بێت.
ـ کەسێک خەریکی براکوژی و دراوسێ بڕینەوە بێت، بە تەنەکە و بەرمیلیش ڕۆشنایی تێ بکەیت، شەرەڤی سەگێکی مێگەلپارێزی نابێت.
ـ درۆکردن لەگەڵ میللەتدا،بەلای منەوە خیانەتی بێ تەئویلە.
ـ کە تاک ئیرادەی نەبوو، کۆمەڵ دەبێتە مەملەکەتی بێ ئیرادان.
ـ من لە ئاست نەزەرییەکان دەڵێم: تەنها ئەوەندە چاکەمان لەگەڵ بکەن واقیعمان لێ نەگۆڕن. نووسەریش لێی داوا دەکرێ، واقیع بە قوربانی نەزەرییە نەکات.
ـ لەوانەیە موریدێک خۆی بە قوربانی شێخێک بکا، بەڵام گیسکیک بە قوربانی وڵاتەکەی ناکات.
ـ ئەگەر خراپترین ناهەقی ئەو ناهەقییە بێ کە مرۆ ئازار دەدا، باشترین حەقیقەت ئەوەیە،کە دەبێتە خزمەتکاری مرۆ. چونکە مرۆ لە پێوانەی خێر و شەڕدا،لە هەموو زیندەوەرێک شایستەتری حیساب بۆ کردنە.
ـ پێی ناوێ مێژوو بگۆڕین،ئەگەر هیچمان لەدەست دێت، با ئێستا و دوا ڕۆژ بەرەو چکتر بگۆڕین.
ـ کەمووکورتی هۆشی مرۆ لەوەدا نییە نەتوانێ ئەو دیاردانە لێکبداتەوەکە تێیان ناگا،بەڵکو لەوەدایە کە بە هەڵە لێکیان دەداتەوە.
ـ هەموو هەقیقەتێک دەزگیرانی منە.
ـ بیر و کۆمەڵگە هەردووکیان خەسڵەتی مرۆڤن و ناکرێ بۆ یەکتر هاڕین، بەڕەڵایان بکەین.
ـ خەڵک دەتوانێ لە ئاینی خۆی دەرچێت،بەڵام لە نەتەوەی خۆی نا.
ـ لاپەڕەی مێژوو و کۆمەڵایەتی بەوە دادەخرێتەوە،مرۆ لە بوونێکدا لابەرێ و تەنها غەریزە تیایدا فەرمانڕەوا بێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە