کۆڕۆنا(کۆڤید 19) لە نێوان پەتایەکی سروشتی و شەڕێکی بایۆلۆجیدا

Friday, 03/04/2020, 1:13

4214 بینراوە


ململانێی نێوان مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی نێوان چینەکان تا جیاوازی چینایەتی زیاتر بێت ململانێکانیش زیاتر دەبن و شێوە و شێوازی بەربەرەکانێی زیاتر بەخۆوە دەبینێت. سیستەمی سەرمایەداری هەردەم بەدوای بازاڕ و قازانجدا دەگەرێ، هەتا ئەگەر لەسەر لاشەی مرۆڤەکانیش بێ بەلایەوە گرنگ نیە، بەڵکو ئاستی قازانجەکە بەلایەوە گرنگترینە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا(کۆڤید 19) وەک دەزانین سەرەتا لە ووڵاتی چین بڵاوبۆوە دواتر چەندین ووڵاتی تری گرتەوە ئێستا لە زۆربەی ووڵاتانی گۆی زەوی بڵاو بۆتەوە، ئەوەی کە تێبینی دەکرێ بڵاوبوونەوەیەکی زۆر خێرایە و زیانەکانیشی زۆر مەترسیدارە، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە هێشتا جێگای گوومانە.
پزیشکان بە گشتی و پسپۆڕانی تایبەت بەڤایرۆسەکان واتە(ڤیرۆلۆگی) لە ڕووی پیشەییەوە دەڕواننە بابەتەکە و لەو باوەڕەدانین کە مرۆڤ دەستی هەبێت لە دروستکردنی ئەو ڤایرۆسە یا ووڵاتێکی وەک ئەمەریکا دەستی هەبێت لە بەرهەمهێنانی ئەو ڤایرۆسە و بڵاوکردنەوەیدا. بەدەر لە بابەتە پزیشکیەکە لە ڕووی سیاسیەوە دەبینین سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد تڕەمپ پێداگرە لەسەر ئەوەی کە ناوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا(کۆڤید 19) بگۆڕێ و بیکاتە(ڤایرۆسی چینی) ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە بە ململانێی نێوان ئەو دوو ووڵاتە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا پێداگری ئەمەریکا دژ بە چین لەم کاتەدا بە واتای لە دایکبوونی جەمسەرێکی ترە بەرامبەر بە ئەمەریکا کە ڕەنگە ئەو جەمسەرە تازەیە لە ڕوانگەی ئەمەریکا ووڵاتی چین بێت؟ یا ئەمەریکا هەست بە خۆی دەکات لە قۆناغی کۆتایی سەرکردایەتی کردنی سیستەمی سەرمایەداریدایە. 
دەرکەوتنی چین وەک زلهێزیکی ئابووری و چاوەڕێش دەکرێ لە داهاتوودا ووڵاتی هندستان بەهەمان ڕێچکەی چین ببێتە زلهێزێکی تری ئابووری لە جیهان تەرازووەکە لە ئاستی جیهان دەگۆڕێ و تاک جەمسەری کۆتایی پێدێ و فرە جەمسەری پێکدێت، ئەوەش بێگوومان پێگەی سیاسی و ئابووری ئەمەریکا لاواز دەکات. لەبەرئەوەی ئەمەریکا زوو هەستی بەو ڕاستیە کردووە، بۆیە دژایەتی چین دەکات. ئەو گریمانەیە وایکردووە مرۆڤ بە گومانەوە بڕوانێتە ڤایرۆسی کۆڕۆنا(کۆڤید 19) کە تەنگی بە مرۆڤایەتی هەڵچنیووە.
پرسیارێکی تر کە لای مرۆڤ دروست دەبێت سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەویش ئەوەیە ووڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا کە پیشەنگن لە دروستکردنی تەکنەلۆجیای تەندروستی و خاوەن سیستەمی تەندروستی زۆر پێشکەوتوون بەتایبەتی ئەڵمانیا دواتر بەریتانیا و فەڕەنسا و تا دەگاتە ئەمەریکا، هۆکار چیە سەرەتا زۆر بەسادەیی مامەڵەیان لەگەڵ ڤایرۆسی کڕۆنا کرد؟ لە توانایاندایە بچنە سەر مانگ و مانگی دەستکرد دروستبکەن خاوەنی باشترین پیشەسازی ئەلیکتڕۆنی و پیشەسازی قورسن، لە کاتێکدا بە ملیارەها دۆلار تەرخان دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڕۆنا و قەرەبووکردنەوەی ‌هاووڵاتیانی ووڵاتەکانیان، چۆن دەبێ ژمارەیەکی کەم لە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە نەخۆشخانەکانیاندا هەبێت، یا ماسک و پێداویستی تر لە نەخۆشخانەکانیاندا نەبێت یا زۆر کەم بێت کە لە خودی ئەو ووڵاتانە دروست دەکرێت و بەرهەمدەهێندرێت و هەناردەی ووڵاتانی تریش دەکرا؟ لەوەش سەیرتر لە ووڵاتی(سوید) حکومەت پێیوابوو ئەگەر گەنجەکان تووشی کۆڕۆنا ببن ئەوا بەرگری لەشیان بەهێز دەبێت، ئەو بۆچوونە وەکو ئەوە وایە ووڵاتێک پێشوازی لە ڤایرۆسەکە بکات!!
ووڵاتی ئیتاڵیا بەتەنیا توانای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نیە، یارمەتی پێوویستی لە ووڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی ئەوروپا و ناتۆ پێنەگەیشت، بەڵکو ووڵاتی چین فریای کەوت ئەوەش پێگەی چین زیاتر بەهێز دەکات، چین یارمەتی گەیاندە ووڵاتانی تریش لەوانە فەڕەنسا و بەلجیکا و ئێران و عیڕاق و هەرێمی کوردستان.
لێرەدا ئەوەی ڕوودەدا ئەگەر نەتوانین حوکمی لەسەر بدەین کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا شەڕێکی مایکڕۆبایۆلۆجیە لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەرپا کراوە لە پێناو داڕمانی ئابووری ووڵاتێکی وەک چین، بەڵام دەتوانین بڵێین ئاماژەیەکی حاشا هەڵنەگرە بۆ لاوازبوونی ئەمەریکا و سیستەمی سەرمایەداری، بەرەو کۆتایی چوونی تاک جەمسەرییە لە جیهان، باجەکەش خەڵکی چەوساوە دەیدات و دەبێتە قوربانی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە