کۆرۆنا و قەیرانى دارایی هەرێم و خۆپیشاندانی چاوەڕوانکراو

Friday, 03/04/2020, 1:24

3435 بینراوە


هەموومان لەو پەتایە بەدەر نین کە ئەمڕۆ بەناوى کۆرۆناوە هەموو دونیای تەنیوە.
ئەوەى لەم نووسینە دەمەوێ ئاماژەى پێ بدەم، کاریگەریەکانى کۆرۆناو بێ بەرنامەیی حکومەتە بۆ داهاتووى ئەم هەرێمە کە ئاخۆ: ئەگەر ئەم پەتایە درێژەى هەبێت، چارەنووسی مووچەخۆران و کاسبکاران بەکوێ دەگات؟.
لەم رۆژانە بەپێی لێدوانێکى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بە راشکاوانە ئاماژەی بەوەدا کە لە هەرێم داهاتى نەوت ناشەفافەو سێکتەرەکانى دیکەى پەیوەست بەداهات بەجۆرێکە لە نەبوونى هیچ رەسیدێک و نەختینەیەک لە بانکەکان، رەنگە حکومەت  پەنا بباتە بەر بڕینى دەرماڵە یان گەڕانەوەى پاشکەوتى مووچەى فەرمانبەران.
لێرەدا چەندپرسیارێک سەرهەڵدەدات: ئایا بۆچی حکومەتەکانى پێشوو نەیانتوانیوە کەرتى تایبەت  ببوژێننەوە کە ئەگەر نرخی نەوت بەو شێوەیە نزم بۆوە، بتوانێ پشت بە سێکتەرەکانى دیکە ببەستنن.
لەم هەرێمە شتێک بەناوى کەرتى تایبەت بوونى نیە، کەرتێک کە هاوڵاتیان یا ئەو قوتابیانەى دوای ساڵانێک خوێندن و بەدەستهێنانى بڕوانامە، بتوانن داوای دامەزراندن لە حکومەت نەکەن و لە کەرتى تایبت کار بکەن و ئەو کەرتە تایبەتیەى لەم هەرێمە بانگەشەیشی بۆ دەکرێ  قۆرغکراوەو لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستى بەسەر گیراوەو تێنیویەتى هاوڵاتیان ناشکێنێ.
هەروەها ئەو بڕە مووچەى مانگانەبەغدا بەرامبەر بە 250هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە دەینێرێ، حیکمەت چیە ئێمە نەتوانین بەهەموو ئەو داهات و نەوت و غازەى هەمانە ئەو بڕەى ماوەتەوە بۆ موچە دابین بکەن.
خەڵکێکى زۆر لەم هەرێمە کاسبکارە ژیانى لەسەر قووتى رۆژانەیەو بەهۆی قەدەغەى هاتوچۆوە کە لەماڵەوە ماونەتەوە، پارەیێ نیە بۆ ماڵەوەى دابین بکەن و  ئاریشەکان دوای ئاسایی بوونەوەى بارودۆخەکە دەردەکەوێ کە چۆن دەیەها خێزان بەهۆی نەبوونیەوە لێک هەڵوەشاوەتەوە لەکاتێکدا نە حکومەت و نە دەوڵەمەندەکان کاریان بۆ ئەوە نەکردووە لە باری گران و مەعاناتى ئەو خێزانانە کەم بکەنەوە کە پارەیان نیە کرێی مانگێکى خانووی پێ بدەن و  هێشتا ئەو ویژدانە لەناخی کوردەواری شۆڕ نەبۆتەوە کە جگە لە کەسانێکى کەم، ئەویتر ئامادە نیە دوو سەد و پەنجا دیناریەک لە هەقی خۆیان خۆشبن.
ئەگەر ئەم رەوشە درێژە بکێشێ، پێشبینى ئەوە دەکرێ هەموو شتێک گرانبێ و  لە هەرزای ئێستای شتەکان هێشتا کەسانێک ئەو توانایانەیان نییە دەستیان بەهەموو شتێک بگات، ئاخۆ لەگرانبوونى کاڵاکاندا پەنا ببەنە بەر چی؟
بۆیە دەستبردن و پەنا بردنى حکومەت بۆ  کەمکردنەوەى مووچە (کە هیوادارم تەنها دەنگۆیەکى ناراستبێ) جگە لەوەى هەیبەتى ئەم حکومەتە کەم دەکاتەوە و خەڵک کە دیناری لەماڵ نەبێ ئیدى دەربەستى تووشبوون بەکۆرۆنا نابێ و پێی وایە ئەو کە هەر مردووە با بە کۆرۆنا بمرێ باشترە و لەم رووەوە پەنا دەباتە بەر شەقام و رەنگە ئەوجارە خۆپیشاندانەکان بە ئاقارێکى مەترسیدار بڕوات،
لەم روانگەوە ئەوەى پێویستە لەسەر حکومەت ئەنجامى بدات:
1-کەمکردنەوەو راگرتنى  خەرجیەکان و راگرتنى تەواوى پرۆژە خزمەتگوزاریەکان .
2-ناچارکردنى هەموو ئەو بەرپرسە مشەخۆرە حزبیانەى لەسایەى ئەم حکومەتە بوونەتە ملیۆنێرو ملیاردێر کە دەبێ بۆ ئەو بارودۆخە دەستپێشخەربن کە ئەوان چی بوون ؟ چیان هەبوو؟ چۆن لەپڕێک بوونە کورێک؟ .
3-پەنابردنى حکومەت بۆ قەرزى ناوەکى یا دەرەکى بۆ ئەوەى باڵانسی ئەو بارودۆخە رابگرێ.
4-پێم وایە بە کەمکردنەوەى مووچەى فەرمانبەران دۆخەکە پێ دەنێتە قۆناغێکى خەتەرناک کە ئەگەر لەدەست دەرچوو، زۆر بەئاسانى بڵێسەى ئەوئاگرە ئاسایی نابێتەوە، چونکە جێی داخە خەڵک کە ئاه بۆ سەدام بخوازێ ئەوەش ئەو پەڕی بێ ئومێدى مرۆڤەکان نیشان دەدات، رەنگەتا ئێستا بیرمان لەو قسانە نەکردبێتەوە کە بەرپرسانى حکومى لەوانە وەزارەتى دارایی کە دەڵێت: تا مووچە لە بەغدا نەیەت ناتوانین مووچە دابەش بکەین.
سەیرە پێمان وابێ حکومەتى بەغدا شکست خواردوەو کەچی چاومان لەدەستیەتى. دەبا بیر لە داهاتوو بکەینەوە، بیر لەو پڕۆژانەى هەرێمەکان لە قەیران و نەهامەتیەکان دەرباز دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە