چەند هەڵەیەکی بواری ئەستێرەناسی لە قورئاندا

Tuesday, 07/04/2020, 2:25

23098 بینراوە


کارل سێیگن: تێگەیشتن لە گەردوون بەو شێوەیەی کە هەیە گەلێک چاکترە لە باوەڕهێنان بە خوڕافە و ئەفسانەکان، گەرچی ئارامی و ئاسودەیشمان پێ ببەخشن.

 ---------------------
 لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان بەوە کرد، ئێمە ئەگەر بوار بەخۆمان بدەین و کەمێک موسڵمانبوونمان لەبیر بکەین، بەبێ بەپیرۆززانین و بیروڕایەکی پێشینە سەرنج بدەینە قورئان، دەبینین ژمارەیەکی یەکجار زۆر هەڵەیەی تێدایە. کاتێک ئایەتەکانی قورئان دەخوێنینەوە، پێویستە هەڵسەنگاندنێکی ڕاستگۆیانەی بۆ بکەین و وای دابنێین ئەو گوتانە هی کەسانێکی نەدیار و نەناسراون، مەبەستی ئێمەش تەنیا گەڕان و نێزیکبوونەوەیە لە ڕاستییەکان. دەبێ گەرانمان بۆ ئەوە بێت کە بزانین ئایە بیروڕا و زانیارییەکانی قورئان لۆژیکین و لەگەڵ زانستدا یەک دەگرنەوە، یانیش وڕێنە و بۆچوونی یەکێکی نەزان و ناشارەزایە؟
گەلێک لە موسڵمانان هەوڵ دەدەن پەنا ببەنەبەر ملبادانی وشەکان و ڕاڤە و لێکدانەوەی جیاجیا، بۆ شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی هەڵەکان. بەڵام دەکارین بپرسین، ئەگەر قورئان لە خوایەکی زانا و هەمووتوانەوە هاتبێ، ئایە پێشبینی ئەوەی نەدەکرد، نەوەی دواڕۆژ تووشی کێشە و گرفت دەبن، بۆ تێگەیشتنیان لەو دەقە لێڵ و ناڕوون و شاراوانە؟ ئەوانەشی کە قورئان بە کتێبێکی دەرئاسا دەبینین، بەتەواوی نەزانینی موسڵمانانمان بۆ دەخەنە ڕوو، بەوەی لەبری دانپیانان بەو قەیران و کارەساتانەی دواکەوتنیان لە ڕەوتی بەرەوپێشەوەچوون، دێن و ڕوودەکەنە ڕابردوو بۆ گەڕان بەدوای چارەسەری، لەمەشدا خوڕافات و بیرورای پڕوپووچ دەخرێتە پێش زانستە ڕاستەقینەکان، دەرەنجام پتر دوور دەبن لە بووژانەوە و پێشکەوتنە زانستییەکان. ئەوەشی پێی دەگوترێت دەرئاسای زانستی (الإعجاز العلمي)، تەنیا لێکدانەوەیەکە بۆ وشەکانی قورئان، بە جۆرێ مانایەک بدات گەلێک دوور بێت لە مەبەستی قورئان و موحەمەد. زۆر جاریش دۆزینەوەی وشەیەکە کە پێوەندییەکی بێهێزی هەبێ بە بوارێک، دەکرێتە بەڵگە و دەبەسترێتەوە بە داهێنان و بیردۆزێکی مەزنی زانستی، بەبێ گوێدان بە ڕای زۆربەی ڕاڤەکەرانی کۆن. جێی سەرنجە گشت کاتێک ناوێکی دروستکراو و نەناسراوی زانایەکی مەزنی ئەمریکایی، یان سکۆتلەندی دەدرێتەپاڵ گوتەکانیان، بۆ پاڵپشتیکردن لە دەرئاسا زانستییە هەڵبەستراوەکەیان. بەداخەوە گەلێک لە موسڵمانی سادە و نەشارەزا بە زانستەکان، باوەڕیان پێدەکەن و هەست بەو گەمژەکردن و هەڵخەڵەتاندنەیان ناکەن. بۆچی ئەو فریودانە و چەواشەکارییەی موسڵمانان درێژەی هەیە؟ لەبەرئەوەیە کە رێژەی بەشداریکردنی موسڵمانان لە داهێنانە زانستییەکان یەکجار کەم، یاخۆ هەر نییە، بێگومان ئەمەش لە هەست بەکەمیکردن و نزمی ئاستی ڕۆشنبیرییەوە سەرچاوە دەگرێت. گرفتی گەورەی موسڵمانان ئەوەیە کە پێیان وایە، هەموو ئەو داهێنانەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان لە کتێبە پیرۆزەکەی ئەواندا هەیە، هۆکاری نەبوونی تۆژینەوە زانستییەکانیشیان، پیلانگێڕی جوولەکە و دوژمنانی ئیسلامە، ئەوانەی گشت زانستێکیان لە ئاینی ئیسلامەوە دزیووە و بەناڕەوایی بە داهێنانی خۆیان دەیان ناسێنن.
ئەوەی جێی سەرنجە کاتێک بیرۆکەیەک، یان بابەتێکی زانستی نوێ سەرهەڵ دەدات و دژایەتی ئایەتێکی قورئان دەکات، دەبینین موسڵمانان بە چەند هەنگاوێک ڕووبەڕووی دەبنەوە. لە قۆناغی یەکەمدا بەرهەڵستییەکی تووندی دەکەن و هەوڵ دەدەن خۆیان لێی لابدەن، یان بە هەموو شێوەیەک دەنگەکان کپ بکەن. ئەگەر سەرکەوتوو نەبوون ئەوا دووەم جار دێن، لێکدانەوە و ڕاڤەی جیای بۆ دەکەن تا بیگونجێنن لەگەڵ قورئان. پاشان کە دەبینن زانیارییەکان ڕاستن و تەواو دژی دەقەکانە، ناچار دەبن دانی پێدا بنێن و بڵێن، بابەتەکەی قورئان مەبەستێکی دیکە هەیە.
موسڵمانانی لایەنگرانی زانستە دەرئاساکانی قورئان، دەیانەوێت وامان تێبگەینن کە هیچ شارستانییەتێک و ئاینێک پێش هاتنی ئیسلام بوونی نەبووە. بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی خۆی نەبستبێتەوە بە ئاینی پێشینان، بەچاکی ئەو لێکچوونە یەکجار زۆرەی چیرۆکەکانی قورئان و تێروانینی بۆ ئاسمان و ئەستێرەناسی لەگەڵ ئەفسانەی شارستانییەتە جۆراوجۆرەکانی وەک، سۆمەری، بابلی، میسری و گریکییە کۆنەکان دەبینێت و ناتوانێت نکوڵی لێ بکات. گرینگترینیانیش بابلییەکانن، ئەوانەی سەرچاوەی سەرەکی زانیارییەکانی تەوڕاتی کتێبی ئاینی جووەکانە کە پاشان بۆ ئیسلام گوێزرانەوە. بەتایبەتیش لە جێماوێکی نووسراوی بزماری ناونراو بە ئینوما ئێلیش (Enuma Elish)، ئەوەی کە پێکهاتووە لە هۆنراوەیەکی نێزیکەی هەزار دێڕ، تێیدا ئاماژە کراوە بە چیرۆکی دروستبوون و مەزنی خواوەندی داهێنەر (مردۆخ)، هەروەها بۆچوونی بابلییەکان دەربارەی جیهان و تەنە ئاسمانییەکان.

گەردوون لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە

دەبێ لە سەرەتاوە بڵێین کە لە قورئاندا وشەی گەردوون بوونی نییە، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوە لەبری کۆی ئەستێرە و هەسارە و تەنە (ئاسمانییەکان)، ناچارین هەندێ جار ئەم وشەیە بەکار بهێنین. نووسەری قورئان بە هیچ شێوەیەک نەیزانیووە چی هەیە لەم گەردوونەدا، لە گەلەستێرە و ئەستێرە و هەسارە و تەنەکانی دیکە. لەم ڕووەوە کەسانی وا هەن دەڵێن، زۆر ئاساییە و ناشبێت چاوەڕێی ئەوە لە قورئان بکەین کە بۆ مرۆڤانی ئەو سەردەمە، لە بنچینەیەکی زانستییەوە باسی گەردوون و چۆنەتی سەرهەڵدانی گەلەستێرە و پێکەوەنانی ئەستێرە و هەسارەکانیان بۆ بکات. لە وەڵامی ئەمەدا دەشێ بگوترێ، بەڵام ناشبێ لەبری زانست باسی خوڕافە و ئەفسانە و شتگەلێکی نادیاریان بۆ بکرێ لە نموونەی، حەفت ئاسمان و زەوی، ئەستێرەکان گڵۆپی ڕازاندنەوەی ئاسمانن، وەک تەنەکشاوەکانیش تیری ئاگرینی ڕاونانی جنۆکە و شەیتانەکانن!
پێش دەستنیشانکردنی چەند هەڵەیەک، داوا لە خوێنەر دەکەم هەوڵ بدات کەمێک زانیاری زانستی بەدەست بخات، دەربارەی ئەستێرەناسی و پێکهاتنی کۆمەڵەی خۆر و زەوی، بۆ ئەوەی بەچاکی بزانێ تا چی ڕادەیەک جیاوازییان هەیە لەوەی قورئان. هەر کەسێک تۆزێک شارەزایی هەبێت لەو بوارەدا، بۆی ئاشکرا دەبێت کە چیدیکە ئەو جۆرە بۆچوون و ڕاڤانە بۆ زانستمەندان جێی باوەڕپێکردن نین. لەبەرئەوەشە پێمان باشە لێرەدا گەلێک بەکورتی ئاماژە بە هەندێ بابەت بدەین:
گەردوون ئەو دەمەی لە ئەنجامی هەڵاوسان، یان تەقینەوە مەزنەکە (Big Bang) سەری هەڵدا، بەخێراییەکی ملیاران ملیار جار لە خێرایی تیشک دەستی بە فرەوانبوون کرد، هەر لەگەڵ فرەوانبوونی پتر و ساردبوونەوەیەکی لەڕادەبەدەر کەم، هێزی بەکێشکردن توانی دەرباز بێت لە هێزەکانی دیکە. پاشان دیسانەوە بە نزمبوونەوەیەکی دیکەی پلەی گەرمیی، لە ماوەیەکی کەمتری بەشێکی ملیۆن ملیۆنی (ترلیۆن) چرکەیەکدا، بڕێکی گۆڕا بۆ ماددە و بووە هۆی پەیدابوونی پێکھاتەیەکی مەزن لە تەنۆلكە هەرە بچووک و وردەکان. ئەم تەنۆلکانە سەدان هەزار ساڵی دییان پێویست بوو، تا پتر سارد ببنەوە بۆ پەیدابوونی گەردیلە، دواجار نێزیکەی سەد ملیۆن ساڵ دیکە بەسەر تەمەنی گەردوون تێپەڕی، تا لەڕێی هێزی بەکێشکردن و کۆبوونەوەی ماددە ئەستێرە، هەسارەکان، مانگەکان و تەنەکانی دی، پاشانیش گەلەستێرەکان چێ ببن.
ئەستێرە ئەو دەمە دروست دەبێت كە هەورە گازيەكانی توخمە سەرەتاییەکانی وەک هایدرۆجن و هیلیۆم، بەهۆی هێزی بەكێشكردنەوە لێک کۆدەبنەوە، بە پتربوونی چڕییان پلەی گەرمیی تۆپەڵەکە زياد دەکات، کاتێکیش کارلێکە ناوەکییەکان دەستپێ دەکەن، ئەو تەنە گڕ دەگرێت و ڕووناکی دەبەخشێت. ئەو ئەستێرانەشی کە زۆر گەورە و چڕن، تێیاندا نەک تەنیا توخمە سووکەکان، بگرە توخمی دیکەشی وەک ئاسن و کاربۆن و .. و دێنە بەرهەم. ئەم جۆرە ئەستێرانە کە دەگەنە ساتی لەناوچوونیان، دەتەقنەوە و دەبن بە تۆز و دوکەڵێکی زۆر، کاتێکیش بە بوونی هێزی بەکێشکردن کۆدەبنەوە، جارێکی دی ئەستێرەی نوێیان لێ دروست دەبێتەوە، تۆزەکەشی کە گەردەکانی لەخۆ گرتووە، بەیەکگرتنیان بەرەبەرە گەورەتر دەبن و هەسارەکان و چەند تەنێکی دیکەیان لێ پەیدا دەبن، دواجار بە ئەسێرە و هەسارەکان کۆمەڵە خۆرەکانی وەک کۆمەڵەی ئێمە دێنە کایەوە.
لە قورئاندا زۆر جار باس لە مەزنی زەوی و ئاسمان کراوە، بۆیە دەمانەوێ بەخێرایی ژمێرەیان بکەین. سەرەتا ئەگەر بمانەوێت مەزنی و قەبارەی گەردوون بپێوین، تا بتوانین بەراوردی بکەین لەگەڵ زەوی، پێویستمان بە خێرایی تیشکە، چونکە دوورییە یەکجار درێژەکان لە بواری گەردوونناسیدا، بە ساڵی تیشکیی دیار دەکرێن. تێبینیمان لێرەدا ئەوەیە کە گشت ژمارەی ساڵ و دوورییەکانی بەکاریان دەهێنین نێزیکەیین.
تیشک بە چرکەیەک 300 هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت، بەڵام بۆ ژمێرەکردنەکانمان دەبێ لە یەکەم هەنگاودا بزانین لە ساڵێکدا چەند چرکە هەیە:
60 چرکە (خوولەک) X 60 خوولەک (کاژێر) X 24 کاژێر (ڕۆژ) X 365 ڕۆژ (ساڵ) = 31.536.000 چرکە.
کۆی چرکەکانی ساڵ X خێرایی تیشک = ئەو دوورییەی کە تیشک دەیبڕێت لە ساڵێکدا
31.536.000 X 300.000 = 9.460.800.000.000 کم، 
واتە تیشک نێزیکەی 9 ترلیۆن و نیو کیلۆمەتر لە ساڵێکدا دەبڕێت.
لەبەرئەوەی زەوی تیرەکەی 12.740 کم دەبێ، بۆیە تیشک 0.04ی یەک چرکەی دەوێت بۆ بڕینی تیرەی زەوی.
گەلەستێرەی ئێمە (ڕێی شیری) کە خاوەنی سەروی 100 ملیار ئەستێرەیە، تیرەکەی 120 هەزار ساڵی تیشکە: 120.000 X 9.460.800.000.000 = 1.135.296.000.000.000.000 کم، 
ئەمەش لە ملیۆن ملیۆن ملیۆن کیلۆمەتر پترە. دەبێ بزانین ئەوەیان تەنیا مەزنی گەلەستێرەی ئێمەیە، چونکە گەردوون 200 ملیار زیاتریش گەلەستێرە لەخۆ دەگرێت.
ئەوەی گرینگە ئاماژەی پێ بدەین، تەمەنی گەردوون خۆی لە 13.8 ملیار ساڵ دەدات، ئەوەش وامان لێ دەکات، ئەم ژمارەیە بە نیوەتیرەی گەردوون تێ بگەین، بەمەش تیرەکەی دەبێتە دوو هێندە واتە 27.6 ساڵی تیشک. بەڵام ئەمەیان هەرگیز ڕاست نییە، چونکە گەردوون بە فرەوانبوون دەستی پێکرد و بەردەوامیشە لە فرەوانبوون، هەروەها وەک گوتمان هەڵئاوسانی گەردوون لەدەمی پەیدابوونیدا بە ملیاران جار خێراتر بووە لە خێرایی تیشک، ئەمەش وای کردووە مەزنی گەردوون بێسنوور و جێی سەرسڕمان بێت. زاناکان دەڵێن گەردوون لە کاتێکی لەڕادەبەدەری کورتی ملیاران ملیار بەشی چرکە، لە قەبارەی گەریلەیەکەوە بووە بە هێندەی قەبارەی کۆمەڵەی خۆرەکەمان!
تیرەی گەردوون بە 93 ملیار ساڵی تیشکیی دەخەمڵێندرێت:
 93.000.000.000 X 9.460.800.000.000 = 879.854.400.000.000.000.000.000 کم، واتە نێزیکەی 900 ملیار ملیۆن ملیۆن کم.
هەرچەندە گەردوون بەگوێرەی زانستی هاوچەرخ شێوەکەی تەختە، بەڵام بۆ بەراوردکردن لەگەڵ قەبارەی زەوی با وەک گۆیەک لێی بڕوانین و بەنێزیکەیی پێوانەی بکەین.
قەبارەی گەردوون = 4 X 10 توان 77 کم سێجا
قەبارەی زەوی = 1.1 X 10 توان 12 کم سێجا
کەواتە گەردوون چوار سەد ملیار ملیار ملیار ملیار ملیار ملیار ملیار جار لە زەوی گەورەترە.
پاش هەموو ئەوانە دیسانەوە دەبێ بزانین کە ئێمە باسمان تەنیا لە گەردوونی بینراوە (Observable Universe)، چونکە بەگوێرەی ژمێرەی زاناکان، گەردوون بەلایەنی کەمەوە 250 جار گەورەترە لە گەردوونی بینراو!

ئاسمان لە قورئاندا

دەتوانین بڵێین، تاکە یەک ئایەت لە قورئاندا نادۆزینەوە کە موسڵمانان لەسەر ڕاڤەکردنیدا کۆک و هاوڕابن، هیچ کتێبێک نییە، هێندەی قورئان کێشە و مشتومڕی لەسەر کرابێ. بۆ نموونە، وشەی ئاسمان بووەتە هۆی گرفتێکی زۆر بۆ موسڵمانان، وایان لێهاتووە هەر جارەی واتایەکی پێ ببەخشن، بەگوێرەی گونجانی لەگەڵ ئەو بابەتانەی کە قورئان لێیان دەدوێت. ئاسمان چەندین پێناسەی جیاجیای هەیە وەک: ماڵ و جێنشینی خوا، دواترین شوێن، بەرزایی، سەرچاوەی سروش و وەحی، سەرچاوەی سزا و ئازار، سەرچاوەی بژیو، بنمیچێک بۆ زەوی، چینگەلی هەوا، سەرچاوەی هەور و باران و بروسکە، تەنە (ئاسمانییەکان)، شوێنی گشت دیاردە و ڕووداوەکان. بێگومان ئەمانەش تەواو جیاوازن لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی ڕاڤەکارانی کۆن، ئەوانەی کە گەلێک لەوانەی ئێستە زیرەکتر بوون لە ڕووی ڕەوانبێژی و بواری زمانەوانی، گوتەکانیشیان بەدرێژایی مێژوو وەردەگیران و کەسیش گلەیی لێیان نەبووە. بەڵام موسڵمانانی ئەمڕۆکە بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت وشەی ئاسمان وا لێک بدەنەوە تا واتای گەردوون و بۆشایی دەرەوەی زەوی بگەینێت، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆکارێک و بەڵگەیەک بۆ هەڵەی خواکەیان.
لە ڕاستیدا لە زۆربەی ئایەتەکانی قورئان مەبەست لە ئاسمان، ئەو بنمیچە ڕق و تەخت و خاوەن دەرگایەیە کە دەشێ دەرز و کونی تێبکەوێت و بنوشتێندرێتەوە (لە ڕۆژی دواییدا)، ئەو چینەشە لە ڕۆژدا شینە، لە شەویشدا ڕەش و تاریکە. ئەمەش لەگەڵ گشت ئایەتەکان ڕێک دێتەوە و هیچ ڕاڤەیەکی ئاڵۆز و جۆراجۆری پێویست نییە، تەنیا ئەوەندەیە کە لە بنەڕەتەوە بۆچوونێکی هەڵەیە و تێگەیشتنێکی سادەی سەردەمە کۆنەکانە، بەڵام کاتێک موسڵمانان هەر جارەی مانایەکی پێ دەدەن، ئەوا هەڵەکان دووبارە و چەندجارە دەبنەوە.
لەبەرئەوەی بابەتەکەمان لە زانستەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە پێویستە بڵێین، هیچ شتێک نییە لە زانستدا پێی بگوترێت ئاسمان، ئەو شیناییەش کە دەیبینین، هەڵخەڵەتاندنی چاو و فریودانێکی دیتەنییە. بوونی ڕێژەیەکی زۆری گەردیلەکانی نایترۆجن و ئۆکسیجن لە هەوادا، دەبێتە هۆی ئەوەی شەبەنگی ڕەنگی شینی تیشکی خۆر لە ئاسۆدا پەرتوبڵاو ببێتەوە، بەمەش وامان لێ دەکات بەشینی بیبینین، بەڵام لە کاتی خۆرئاوابووندا، لەبەر شکانەوەی تیشکی خۆر ڕەنگی سوور دەدرێتەوە و ئاسمان بە سووری دەبیندرێت. لە هەسارەی بارام (مەریخ)، بوونی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئاسمانەکەی کردۆتە ڕەنگی زەرد و سووری شەبەنگی خۆر. بۆ بەراوردکردنیش، لەسەر مانگدا هەتا لەو دەمەی خۆریش دەبیندرێت، لەبەر نەبوونی چینی هەوا، تیشکدانەوە ڕوونادات و ئاسمانەکەی ڕەش و تاریکە. چۆن دەبێ خوا باسی بینینی شتێکمان بۆ بکات کە هەڵخەڵتاندنی چاوە، ئایە خوا نازانێ ئەمە هەمووی فریودانی چاوەکانمانە و هیچ بوونێکی ڕاستەقینەی نییە؟
لە چەندان دەقدا، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە تێنەگەیشتن و تێکەڵوپێکەڵییەکی زۆر هەیە لە تێڕوانینی قورئان بۆ تەنە ئاسمانییەکان، چونکە دانەرەکەی وای زانیووە، ئەوەی هەیە تەنیا زەوی و ئاسمانێکی ڕازاوەیە بە ئەستێرە و هەسارەکان، لەنێوانیشیاندا خۆر و مانگێک هەن. ناوهێنانی ئەستێرەکان بەبەردەوامی بەدوای خۆر و مانگدا، ئەوەمان نیشان دەدات کە قورئان نەیزانیووە خۆریش ئەستێرەیە وەک گشت ئەستێرەکانی دیکە. لە گەلێک ئایەتی دیکەشدا بەدیار دەکەوێت کە هیچ جیاوازییەک لە قورئاندا لە نێوان ئەستێرە، هەسارە، تەنە کلکدار و کشاوەکان نییە، بەڵام ئاشکرایە لای ئێمە، جگە لەو پێنج دانە هەسارەیە بەچاو بینراوە نەبێ، ئەوانەی دیکە هەر هەموویان ئەستێرەن.
لێرەدا پێویستە ئەوەش بڵێین، هەرچەندە لە سەردەمی موحەمەددا زۆربەی زانیارییەکان دەربارەی ئەستێرەناسی لەو ناوچەیەدا نەناسراو بوون، بەڵام لە شارستانییەتەکانی دیکەدا بەو شێوەیە نەبووە. لەلای گریکییە کۆنەکان چەندان کەسی بلیمەت لەو بوارانەدا سەریان هەڵداوە، بۆ نموونە، ئەریستارخوسی سامۆسی (310 – 230 پ. ز) گەردوونناس و زانای ماتماتیکی، بە پشتبەستن بە پێوانەی گۆشە و سێگۆشەکان لە ئەندازەی سەر بە زانستی ماتماتیک، توانی دووری خۆر و مانگ لە زەوییەوە بپێوێت، هەروەها لە کاتی مانگگیراندا قەبارەی هەریەکەیان بەگوێرەی ئەوەی دیکە دیار بکات. هەروەها ئیراتۆستێنس Eratosthenes (276 – 164 پ.ز.) تەختیی زەوی ڕەتکردەوە و بەکردەنی سەلماندی کە زەوی شێوەیەکی گۆیی هەیە، توانی چێوەکەشی بە ڕادیەکی باش بپێوێت.

دەستنیشانکردنی چەند هەڵەیەکی ئەستێرەناسی

ڕاڤەکارانی کۆنی سەدە سەرەتاییەکانی ئیسلام هاوڕان لەسەر زۆربەی تێگەیشتنە ڕاستەوخۆکان و واتای گشتی دەقەکانی قورئان، بۆ ئەمەش ئیبنی حەنبەل زۆر بەکورتی و پوختی دەڵێت: "قورئان ئەوەیە کە خەڵکی ئاسایی و ڕەمەکی تێی دەگات." لەسەر ئەم بنچینەیە، ئێمەش هەندێک ئایەتی قورئان دەپشکنین و لێیان دەکۆڵینەوە، بەبێ قووڵبوونەوە لە گوتەی ڕاڤەکاران و لێکدانەوە نوێ و پینەکارییەکانی موسڵمانان.
  قورئان لە بابەتی ئەستێرەناسی و زانیاری دەربارەی تەنەکانی گەردوون، ژمارەیەکی زۆر لە هەڵەی ئاشکرا و زەقی تێدایە، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەین تەنیا چەند دانەیەکی باو و ناسراو بەراورد بکەین، لەگەڵ ئەو بوارە زانستییانەی کە پێوەندییان پێیانەوە هەیە؛

دروستبوونی زەوی و ئاسمان

- زەوی پێش ئاسمان دروست کراوە
﴿هُوَ الَّذِي خَلَقَ لَكُم مَّا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا ثُمَّ اسْتَوَىٰ إِلَى السَّمَاءِ فَسَوَّاهُنَّ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ﴾ {29 البقرة}
واتە هەمووی ئەوەی لە زەویدا هەبوو خوا دروستی کرد، پاشان ئاسمانەکان.
ئەمە هەڵەیەکی زۆر زەقە، چونکە لە زانستدا گەردوون 13.8 ملیار ساڵە هەیە، تەمەنی کۆمەڵەی خۆری ئێمەش نێزیکەی 4.6 ملیار ساڵە، واتە گەردوون، یان ئاسمان بە گەلەستێرە و ئەستێرەکانی 9 ملیار ساڵ پتریش، پێش هەسارەی زەوی و کۆمەڵەی خۆری بوونی هەبووە. ئەمانە زۆر بەوردیی دەستنیشان کراون و هەڵەبوونیان ئەستەمە، تەمەنی زەوی بە شێوازی تیشکاوەری و چەند ئامرازێکی دیکە دەپێورێت، ئەوەی گەردوونیش بە تیشکی پاشخانی مایکڕۆوێیڤی کە ئێستەش دەبیندرێت دیار کراوە، لەبەرئەوەی تیشک لە دەمی تەقینەوەکەوە لە مێژووەکی 13.8 ملیار ساڵییەوە بەرەو ئێمە دێت.
- دروستکردنی زەوی وەک ئاسمان دوو ڕۆژی پێویست بووە:
﴿خَلَقَ الْأَرْضَ فِي يَوْمَيْنِ ... ثُمَّ اسْتَوَى إِلَى السَّمَاء ... فَقَضَاهُنَّ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ فِي يَوْمَيْنِ﴾ {9-12 فصلت}
ئایە ئەمە شتێکی لۆژیکییە، چۆن دەبێ زەوی و ئاسمان ماوەی پێویست بۆ دروستکردنیان وەکیەک بێت؟ لە کاتێکدا ئێمە پێوانەمان کردن کە قەبارەی زەوی تاکە گەردێکە بەرانبەر بە قەبارەی گەردوونی خاوەن مەزنییەکی لە ڕادەبەر و ئەندێشەیی. بێگومان ئەگەر دانەری قورئان هەردووکیانی بە هاوقەبارە نەزانیبووایە، ئەوا هەرگیز ئەو هەڵەیە گەورەیەی نەدەکرد.
- دروستکردنی ئاسمان و زەوی و ئەو شتانەی لەنێوانیاندایە بە شەش ڕۆژ.
﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَمَا بَيْنَهُمَا فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ... ثُمَّ يَعْرُجُ إِلَيْهِ فِي يَوْمٍ كَانَ مِقْدَارُهُ أَلْفَ سَنَةٍ مِمَّا تَعُدُّونَ﴾ { 4-5 السجدة}
دەبێ خوا بۆ پێویستی بە کات و ڕۆژ هەبێت بۆ دروستکردن؟ ئەمە بەڵگەیە کە لە شارستانییەت و ئاینەکانی دیکە وەرگیراوە، چونکە تەوراتی جووەکان تێیدا هاتووە، خوا زەوی و ئاسمانی بە شەش ڕۆژ دروست کردووە، ڕۆژی حەوتەمیش پشووی داوە. ئاماژەکردن بە ڕۆژ وەک کاتی خایەندراو پێش بوونی گەردوون و زەوی، ناشارەزاییەکی ئاشکرای نووسەری قورئان دەردەخات، لەبەرئەوەی هەر هەسارەیەک ڕۆژی تایبەت بەخۆی هەیە و دەوەستێتە سەر خوولانەوەی بەدەوری خۆیدا، هی وا هەیە گەلێک درێژترە لە ڕۆژی زەوی، هەندێکیشیان زۆر کورتترن. جگە لەمە زەوی لە دەمی چێبوون و پێکهاتنیدا درێژی ڕۆژەکەی شەش کاژێر دەبوو، لە سەردەمانی بوونی دایناسۆرەکانیشدا یەک کاژێری لەوەی ئەمڕۆکە کەمتر بووە. ئەو ڕۆژانە هەر ماوە و کاتێکیشیان بۆ دابندرێن بەگوێرەی ڕۆژی زەوی، هەرگیز لە هەڵەبوونیان دوور ناخاتەوە، ئەگەر هەزار ساڵیش بێت وەک لە ئایەتەکەدا هاتووە.

جیاکردنەوەی زەوی لە ئاسمان و فراوانبوونی ئاسمان

- جیاکردنەوەی ئاسمان و زەوی
﴿أَوَلَمْ يَرَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَنَّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ كَانَتَا رَتْقًا فَفَتَقْنَاهُمَا وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ كُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ﴾ {30 الأنبياء}
گوایە زەوی و ئاسمان یەک پارچە بووە و خوا لێکیانی کردۆتەوە، موسڵمانان پێیان وایە ئەمەیان پێوەندی بە بابەتی پەیدابوونی گەردوون لەڕێی تەقینەوە مەزنەکەوە هەیە. بێگومان ئەمەش گەلێک لە ڕاستییەوە دوورە، لەبەرئەوەی تەقینەوەکە بازدانێکی زۆر گەورەی وزە بوو کە وای کرد گەردوون پڕ ببێت لە هایدرۆجن و هێزی بەکێشکردن، پاش زیاتر لە 9 ملیار ساڵ ئینجا زەوی لە پاشماوەی تەقینەوەی ئەستێرەیەک، یان کۆمەڵە ئەستێرەیەک چێ بووە. کەواتە تەقینەوەی مەزن نەبۆتە هۆی هاتنی زەوی، بگرە تەنیا پێکهاتنی ماددەی هایدرۆجن، بە کارلێک و پێکبەندبوونە ناوەکییەکانی ناو ئەستێرەکان، دەرەنجام هیلیۆم و سیلیکۆن و ماددەکانی دی هاتنە کایەوە. تەمەنی زەویش 4.5 ملیار ساڵە، بۆیە لێکجیابوونەوەیان هیچ واتایەک نابەخشێت. زەوی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هەسارە و ئەستێرە و تەنەکانی دیکە نییە، زەویش لەناو ئەو بۆشاییەیە و پارچەیەکی دابڕاو نییە، تا جیاکرابێتەوە. تیۆری تەقینەوەی مەزن ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بوارە زانستییەکان و بابەتی گەردوونناسی و بەڵگەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، بەڵام ئەوەی قورئان لە دوو وشەی لێککردنەوە و هەڵوەشانەوە (رتق و فتق) زیاتر هیچ واتایەک بەدەستەوە نادات.
ڕاڤەکاران زۆربەیان دەڵێن کە زەوی و ئاسمان پێکەوە بوونە و خوا ئاسمانی بەرز کردۆتەوە و زەوی لە خوارەوە هێڵاوەتەوە و هەواشی خستۆتە نێوانیان. ئەمەش بەتەواوی بیروبۆچوونێکی ئەفسانەییە و لە پێش ئیسلامدا لە زۆر ناوچەکانی جیهانی کۆندا ناسراوە وەک: سۆمەرییەکان، بابلییەکان، میسرییەکان و گریکییەکان. زۆر بەکورتی دوو نموونە دەهێنینەوە لەلای بابلییەکان و میسرییە کۆنەکاندا؛
بابلییەکان: لە کتێبی ناوبراو ئینوما ئێلیش هاتووە کە تیامات (دایکی هەموو شتەکان)، بەرجەستەیەک بوو لە تێکەڵبوونی ئاوی سازگار و سوێر. بەم شێوەیەش مایەوە تا خوای مردۆخ توانی لە زۆرانبازیەکدا سەرکەوێت و لەشی تیامات بکاتە دوو پارچە، یەکێکیان بەرز بکاتەوە و ببێتە ئاسمانی شوێنی هاتنەخوارەوەی ئاوی سازگار، دووەمیشیان لەخوارەوە کۆ بووەوە و دەریای سوێری لێهاتە بەرهەم. پاشان مردۆخ زەوی و گشت شتەکانی دی لەسەر دەریا دروست کرد، هەموو ئەمانەشی بە با و هەوا لە ئاسمان جیاکردەوە.
میسرییە کۆنەکان: لەلای ئەمانەشدا، سەرەتای ئەم بوونە لە ئاوێکی هەرهەبوو (ئەزەلی) هاتۆتەکایەوە (لە ئایەتەکەشدا ئاوەکە هەیە)، ئەو کاتەی کە خوای مەزنی ئاتوم (یەکەمین خوا) لە زەریاوە هاتە دەرەوە. هەر لەگەڵ یەکەمین پژمینی ئاتوم خوای هەوا "چوو" دروست بوو، پاشان بە تفکردنی خوای ئاتوم دایکەخوای شەونم و تەڕییەتی "تەفنوت" پەیدا بووە. بەجووتبوونی چوو و تەفنوت، دوو بێچووەخوایان لێ بوو، خوای ئاسمان "نوت" (مێیەخوا) و خوای زەوی "جب" (نێرەخوا). خواکانی زەوی و ئاسمان پێکەوە نووسابوون، بۆیە خوای باوکیان "چوو" هەڵدەستێت بەجیاکردنەوەیان، بەمەش نوت بەرزدەکاتەوە و دەبێتە ئاسمان، (جب)یش وەک زەوی دەمێنێتەوە، خۆیشی کە هەوایە لەنێوانیاندا دەوەستێت. ئەگەر سەرنج بدەینە زۆربەی وێنە و پاشماوەکان دەبینین، ئاسمان هێمای ئەستێرە لەخۆ دەگرێت.
- فرەوانبوونی ئاسمان
﴿وَالسَّمَاء بَنَيْنَاهَا بِأَيْدٍ وَإِنَّا لَمُوسِعُونَ﴾ {47 الذاريات}
موسڵمانان پێیان وایە ئەم ئایەتە باس لە بابەتی دوورکەوتنەوەی گەلەستێرەکان لەیەکدی و فرەوانبوونی گەردوون دەکات. بەڵام بە سەرنجدانمان بەوردی، دەبینین مەبەستی قورئان وەک ڕاڤەکاران ئاماژەیان پێی داوە، وشەی (مُوسِعُونَ) واتای بوونی توانای دروستکردنی خوایە، نەک فرەوانکردن. لە کاتێکدا ئەگەر واشی دابنێین کە مەبەست فرەوانییە، ئەوا ئایەتەکە دەڵێت ئاسمانمان بە فرەوانی دروست کرد، ئەمەش بەردەوامبوونی تێدا بەدی ناکرێت. بەڵام ئەوەی لە زانستدا هەیە کە گەردوون هەڵدەئاوسێت (Inflation)، ئەمەش گەلێک جیایە لە فرەوانی و فرەوانبوون، چونکە گەردوون لە دەمی تەقینەوەی مەزن، لەناو خۆیدا بەخێراییەکی یەکجار زۆر هەڵئاوسا، ئێستەش بەردەوامە لە هەڵاوسان. کات و شوێن لەگەڵ هەڵاوسانەکە پەیدا بوونە، واتە بەو جۆرە نەبووە بڵێین، تەنۆلکەکان لەناو شوێنێک، یان لە بۆشاییەکدا بکشێن، بگرە کشان و هەڵاوسانی خودی شوێن بووە. هەروەها گەردوون هیچ شتێکییشی بۆ زیاد نەکراوە و نەهاتۆتە سەر، چونکە کە دەبێژین، کەسێک ماڵەکەی فرەوان کرد، مەبەستمان یەکەم ئەوەیە یەک جار فرەوانی کرد و تەواو، دووەم لەبەرئەوەی کەسەکە بەشێکی ماڵەکەی دەڕوخێنێت و بە زیادکردنی کەرەستەی نوێ، خانووەکەی فرەوانتر دەکات. کەچی گەردوونی ئێمە سیستەمێکی دابڕاوە و کۆی گشتی وزەکەی یەکسانە بە سفر، ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە هیچ وزەیەکی نە پێدراوە نە لێشی وەرگیراوە بۆ پەیدابوونی و ئەنجامدانی کردارێکی تایبەتی. ژمارەی گەردیلەکانی گەردوون چەسپاوە و ناگۆڕێت، واتە گەردوون لەوەتەی هەیە تاکە یەک گەردیلەی نە لەناوچووە و نە هی نوێی هاتۆتە سەر.

حەفت سامان و حەفت زەوی

﴿اللَّهُ الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ وَمِنَ الْأَرْضِ مِثْلَهُنَّ﴾ {12 الطلاق}
لە مێژوودا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کتێبی بوارە جیاجیاکان، باسیان لە بوونی چەندان ئاسمان و زەوی کردووە. لە ئاینەکانیشدا حەفت ئاسمان ئاماژەیەکە بۆ حەفت هەسارە، یان چینی ئاسمان، ئەمەش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئاین و بیروڕای سۆمەری و بابلییەکان و ئاینی دی وەک هیندۆسییەکان. چەند نووسراوێکی پیرۆز لەلای سۆمەرییەکاندا هەیە بەناوی "an-imin-bi ki-imin-bi" بە وەرگێڕانیش دەبێتە " حەفت ئاسمان و حەفت زەوی". لە هیندۆسیشدا بەگوێرەی دەقە پیرۆزەکانی ڤێدا (Veda)، چواردە جیهان بوونیان هەیە، حەفت ئاسمانیان لەسەرەوەن (Vyharitis)، حەفت زەویش لە خوارەوە هەن (Naraka).
قورئان چەندان جار لە بوونی حەفت ئاسمان و زەوی دواوە، بێگومان ئەمەشیان وەک زۆربەی چیرۆکەکان لە تەوڕاتی جووەکان وەرگیراوە، ئەو حەفت ئاسمانە (Shamayim) لە ڕێنوێنییەکانی تەلمودا دەبیندرێت، هاوشێوەی زۆر بابەتی دی لە بابلییەکانەوە بۆ جووەکان گوێزراوەتەوە. بابلییەکان خاوەنی گریمانەیەک بوون بەناوی کایە ئاسمانییەکان، پێیان وابوو حەفت ئاسمان، یان حەفت کایە هەن، تەنە ئاسمانی و هەسارەکان تێیدا دەگەڕێن. ئەوانیش ئەو حەفت تەنانەن کە بەچاو دەبیندرێن: خۆر، مانگ، زاوە (Mercury)، ڤینۆس (Venus)، بارام (Mars)، هورمز (Jupiter)، کەیوان (Saturn)، هەریەک لەمانە لە ئاسمانی خۆیدا بە دەوری زەوی کە لە چەقدا جێگیرە دەسووڕێتەوە. لەمانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە بوونی حەفت ئاسمان، جگە لە لە ئەفسانەیەکی کۆنینە هیچی دیکە نییە، بەڵام پتۆڵمیۆس (100 – 170 ز.) وای کرد ببێتە بنەمایەکی چەسپاو و پتر بناسرێت، هەر بەو شێوازەش مایەوە تا لەسەر دەستی کۆپەرنیکس (1473 – 1543) بەهەڵە خرایەوە.
زەوی بەشێکە لەو گەردوونە و هیچ جیاوازییەکی نییە، لەگەڵ هەسارەکانی دیکەی کۆمەڵەی خۆر، ئەمەشیان جیاوازی نییە، لەگەڵ کۆمەڵە خۆرەکانی دی ئەستێرەکانی گەلەستێرەکەمان و ئەوانەی دی. وەک پێشتر زانیمان، زەوی هێندە بچووکە بەگوێرەی گەردوون کە دەکارین بڵێین سفرە، لە نێوان خۆی و گەردوون هیچ ڕووبەرێکی جیاکەرەوە بوونی نییە، زەوی لە بۆشایی گەردووندا بەرانبەر بە هیچ شتێکیش نییە. ئاسمان بنمیچ نییە بەسەر زەوییەوە، بگرە زەویش هاوشێوەی هەسارەی بارام تەنێکی گۆییە لەو بۆشاییە، ئەو بۆشاییەش شتێکی تێدا نییە بەناوی، حەفت گەردوون، حەفت ئەستێرە، حەفت هەسارە، حەفت زەوی. ئەوانەی بۆ پینەکردن دەبێژن، مەبەست حەفت چینی هەوایە کە زەوی دادەپۆشێت، ئەمەشیان هەر هەڵەیە و دوورە لە زانست، چونکە بەرگی کژەکی زەوی (Atmosphere) پێنج چینە، نەک حەفت.

رووبەری زەوی و ئاسمان

﴿جَنَّةٍ عَرْضُهَا السَّمَاوَاتُ وَالْأَرْضُ أُعِدَّتْ لِلْمُتَّقِينَ﴾ {133 آل عمران}
بەهەشتێکتان بۆ ئامادە کراوە کە بەرینایی هێندەی ئاسمان و زەوییە.
بۆ دەرخستنی مەزنی بەهەشت، لە چەندان ئایەتدا ئەو دێڕە گوتراوە. ئەمەش ئەگەر بەڵگەیەکی ئاشکرا نەبێت بۆ یەکسانی ئاسمان و زەوی، چی دیکەی لێ تێدەگەین؟ زێدەکردنی پانایی زەوی بۆ گەردوون (ئاسمان) هیچ مانایەکی نییە، وەک ئەوەیە بڵێین: باخێکم هەیە هێندەی کیشوەری ئەوروپا و ملیمەترێکە!
لەبەر بچووکی زەوی بەرانبەر بە گەردوون، ئەم پێوانەیە چەوتە و تەنیا ئەو دەمە دەکرێ پەنای بۆ ببەین، ئەگەر ڕووبەر، یان قەبارەی دوو شت تا ڕادەیەک لێک نێزیک بن، بەوەش کۆی هەردووکیان زۆر پتر بێت لەوەی یەک بە یەکیان. ئەم بابەتە هەڵەیەکی دیکەی تێدایە، ئەویش کە زەوی خۆی بەشێکە لەم گەردوونە، چۆن دەبێ پانی زەوی بدرێتە پاڵ پانایی گەردوون؟ ئایە دەبێ ببێژین: کیشوەری ئەوروپا گەورەترە لە کوردستان و هەولێر؟

کەوتنی ئاسمان بۆ سەر زەوی

﴿وَيُمْسِكُ السَّمَاءَ أَن تَقَعَ عَلَى الْأَرْضِ إِلَّا بِإِذْنِهِ ۗ إِنَّ اللَّهَ بِالنَّاسِ لَرَءُوفٌ رَّحِيمٌ﴾ {65 الحج}
خوا ئاسمانی گرتووە تا بەرنەبێتەوە سەر زەوی.
ئەم ئایەتەش وەک زۆربەی ئەوانەی دیکە لە شارستانییەت و ئەفسانەکانی بەرلە ئیسلام وەرگیراوە.
میسرییە کۆنەکان لەو باوەرەدا بوون، ئاسمان بنمیچێکی ڕەقە بەسەر سەریانەوە، بۆیەش کاتێک ئەلێکساندەری گەورە لە سەرۆکەکانی جەنگاوەرانی دەپرسی، زیاترین شت کە جێی مەترسییە بۆیان چییە؟ وەڵامیان ئەوە بوو ، دەترسن ئاسمان بکەوێتە سەریان! لە ئاڤێستاشدا هاتووە وەک ئامۆژگارییەک بە شێوەی پرسیار: "لە دێرزەمانەوە کێیە خاوەنی ڕاستییەکان ئەی ئاهورامازدای مەزن؟ کێ ڕێڕەوی خۆر و ئەستێرەکانی نەخشاندووە؟ کێیە ئاسمانی بەرز ڕاگرتووە تا نەکەوێتە سەر زەوی، ئەگەر تۆ نەبیت؟" لە ئەفسانەی گریکییە کۆنەکانیشدا، خواوەند (ئەتڵەس) ئاسمانی گرتووە تا بەرنەبێتەوە سەر زەوی.
بەبێ پێچوپەنا مەبەستی قورئان کەوتنی هەموو تەنە ئاسمانییەکانە بۆ سەر زەوی، ئەوەشی ئەمەی گوتووە هیچ شارەزاییەکی لە هێزی بەکێشکردن نییە، چونکە هەر شتێک ئەو دەمە بەردەبێتەوە سەر زەوی کە لە کایەی بەکێشکردنی زەویدا بێت، ئەوانەشی لە دەرەوەی زەوین، لە بنچینەوە ناکەونە سەر زەوی تا بگیرێن و ڕێگرییان لێ بکرێت. ئەوەی ئایەتەکە دەیڵێت، تەنیا ئەو تەنانە دەگرێتەوە لە زەوی بچووکترن، بۆیە ئەگەر ئایەتەکە لەبری ئاسمان وشەی مانگی بەکارهێنابووایە ئەوا ڕێی تێدەچوو. بەڵام ئێمە دەزانین کە لە گەردووندا لەو ملیاران ملیار ئەستێرانەی هەن، هی وایان تێدایە بە هەزاران جار نەک لە مانگ، بگرە لە خۆری ئێمەش گەورەترە، لەبەرئەمەیە ئەگەری کەوتنی ئەو تەنە یەکجار زلانە لۆژیکی و جێی بیرکردنەوە نین.
هەرچەندە زۆربەی هەرە زۆری ڕاڤەکارە ناسراوەکانی کۆن دەبێژن، مەبەست کەوتنی ئاسمانە بۆ سەر زەوی، کەچی هەندێک لە ئایندارانی ئەمڕۆکە دەڵێن، گوایە گرتنی نەیزەک و تەنە کشاوەکانە تا بەرەو زەوی نەیەن. بەڵام ئەمەشیان وەڵامێکی گونجاو نییە، چونکە لەوەتەی زەوی چێ بووە، ژمارەیەکی گەلێک زۆر تەنی قەبارە جیایا خۆیان پێی کێشاوە، ئامۆژگە و مۆزەخانەکانی جیهان پڕن لەو پارچانە، بۆیە دەشێ بپرسین، بۆچی خوا نەیانی گرت؟ تەنە کشاوەکان سەرچاوەیان کلکی تەنە کلکدار و وردوخاشبوونی هەسارۆکەکانن، لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆری ئێمە، یان لە کۆمەڵەکەماندا هەن و هاوشێوەی هەسارەکان بەدەوری خۆردا دەسووڕێتەوە. ئەمانە پارچە بەردێکن بە قەبارەی جیاجیا، هەیانە هێندەی زیخ و چەو وردن، هەشیانە بەردی گەلێک زل و مەزنن و کێشیان بە دەیان تۆنە. ئەمانە کاتێک دەگەنە بەرگی کژەکی زەوی گڕ دەگرن، ئەگەر لە قەبارەش گەورە بن، وەک بەردێکی سووتاو (نەیزەک) دەکەونە سەر زەوی. بیروڕای زاناکان ئەوەیە، ئەو نەیزەکانە هەڵگڕی چەند زۆرە ترشی ئەمینی بوون، لەبەرئەوەشە دەگوترێت کە نەیزەک و پەیدابوونی ژیان پێوەندییەکی پتەویان بەیەکەوە هەیە. جگە لەمە بوونی زۆربەی کانزاکانی زەوی، بەتایبەتیش ئاسن و نیکل دەشێ لە دەرەوەی زەوییە هاتبن. ئاسمان ئەو دیمەنەیە کە لەسەر ئاستی زەوییەوە دەیبینین بەرەو ئاراستەی بۆشایی دەرەوە، وا دێتە بەرچاو وەک ئەوەی دەوری زەوی دابێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا بۆشاییەکە، هیچ بنمیچێک نییە تا خوا، یان بوونەوەرێکی دیکە بیگرێت.

هەڵهاتن و ئاوابوونی خۆر

﴿حَتَّى إِذَا بَلَغَ مَغْرِبَ الشَّمْسِ وَجَدَهَا تَغْرُبُ فِي عَيْنٍ حَمِئَةٍ وَوَجَدَ عِنْدَهَا قَوْمًا﴾ {86 الکهف}
﴿حَتَّى إِذَا بَلَغَ مَطْلِعَ الشَّمْسِ وَجَدَهَا تَطْلُعُ عَلَى قَوْمٍ﴾ {90 الکهف}
ئەو چەند ئایەتە باس لە چوونی زولقەڕنەین (ئەلێکساندەری گەورە) بۆ ئەمسەر و ئەوسەری جیهان دەکات. گەلێک بەکورتی قورئان پێمان دەڵێت، کاتێک دەگاتە ئەو شوێنەی کە خۆر تێیدا ئاوا دەبێت، دەبینی خۆر دەچێتە ناو کانی، یان چاڵێکی قوڕاوی ڕەش، هەروەها لەوێدا هۆزە مرۆڤێکی خوانەناسی بەرچاو دەکەوێت، ئەو دەمەشی دەگاتە جێی خۆر هەڵهاتن، چاوی بە هۆزێکی دیکە دەکەوێت.
ئەم بابەتە یەکێکە لە گەورەترین کێشە بۆ موسڵمانان، بۆیەش بەبەردەوامی هەوڵدراوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام هەر هەموویان نەیان توانیووە ئەو هەڵە ئاشکرا و ڕوونەی ئاوابوونی خۆر لەناو کانییە گەرمەکە بشارنەوە. ناسراوترین بەڵگەیان ئەوەیە، گوایە لە چاوی زولقەڕنەینەوە وا بینراوە، نەک لەڕاستیشدا وا بووبێ. تاکە نموونەشیان بۆ پاڵپشتی کردن لەوەدایە کە دەڵێن، کاتێک مرۆڤ لە قەراغ دەریایەکەوە سەیری ئاوابوونی خۆر دەکات، بەشێوەیەک دێتە بەرچاوی وەک ئەوەی خۆر بچێتە ناو دەریا و تێیدا ون ببێت. بەڵام ئەمەش هەرگیز نابێتە چارەسەر، چونکە لە ئایەتەکەدا هیچ ئاماژەکردنێک نە بۆ دەریا نە ڕووبار نابیندرێت، بگرە تەنیا کانییەکی قوڕاوییە و تەواو. ئەگەر قورئان بیەوێت دەتوانێ بڵێ دەریا، چونکە وشەی دەریا نامۆ نییە و چەندان جار بەکار هاتووە، ئاوی دەریاش نە ڕەشە و نەقوڕاوییە و نەگەرمیشە، تەنیا دەکرێ گەرمییەکەی لەوەوە هاتبێت کە خۆر دەچێتە ناوییەوە! لەمەدا ئەستەمە کەسێک خۆر ببینێ بچێتە ناو کانییەک، یاخۆ چاڵێک، چی لەڕاستیدا، یان لە هاتنەبەرچاو و ئەندێشەدا بێت. جگە لەمە ئەلێکساندەری گەورە کەسایەتییەکی هێندە مەزنە، زۆر ئاساییە بۆی کە گەلێک جاران بەکەشتی هاتوچۆ و گەشتی کردبێ، بە ئاوابوونی خۆر لەناو ئاوی دەریاش ناشێ هەڵبخەڵەتێت، نەوەک کانییەکی پڕ لە قوڕ. ئەو شوێنە خەڵکی لێ بووە، کەواتە لە کانییەکە دوور نەبووە و لەسەری وەستاوە، بەمەش بینیوویەتی چووەتە ناوی. لە لایەکی دییەوە ئەو وشەیەی (وجد) بە واتای بینی، یان دەبینێ، لە هیچ ئایەتێکی دیکەدا بە هێما و ماناییەکی جیاواز لە دیتن بەکار نەهاتووە. هەر لە هەمان ئایەتدا ئەم وشەیە دووبارە دەبێتەوە، ئەو دەمەی کە دەڵێت، لەوێدا هۆزێک دەبینێت، باشە ئەمەشیان هێمایە و هاتووەتە پێش چاوانی؟ لەم ئایەتەدا خوا خۆی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە، نەک لەسەر زمانی ئەلێکساندەر، بۆیە ئەگەر وا بووایە خوا دەیتوانی بڵێت، ئەلێکساندەر وای هاتووەتە پێش چاو. موسڵمانان نەکارن لەم گرفتە و هەڵە زانستییە ڕزگار بن، چونکە بێ لە هەموو ئەمانە، لە گوتەیەکی خودی موحەمەددا، زۆر بە چاکی وەک ئەو ئایەتە باسی ئاوابوونی خۆر بۆ ناو چاڵێکی قوڕاوی دەکات. لای هەندێکی دیکە چارەسەر لەوەیە کە بڵێن، مەبەسەت لە کاتی ئاوابوون و هەڵاتنی خۆرە نەک شوێن، بەڵام ئایەتەکە زۆر بەڕوونی دەڵێت، تا دەگاتە (حتى إذا بلغ)، ئەمش ئاشکرایە بۆ شوێن بەکار دێت، چونکە ڕاستەخۆ پاش ئەوە باسی ئەلێکساندەر دەکات تا دەگاتە (حتى إذا بلغ) شوێنی دوو بەنداوەکە. چۆن دەبێ دوو جار "تا دەگاتە جێی" خۆرئاوابوون و خۆرهەڵاتن باسی کات بێت، کەچی هەر هەمان وشە جاری سێیەم بۆ گەیشتن بە بەنداوەکان، مەبەست شوێن بێت؟
بۆ هەڵهاتنیش، ئایەتی دووەم دەڵێت، ئەلێکساندەر چووە شوێنی هەڵهاتنی خۆر، هۆزێکی لەوێ بینی، لێرەدا هیچ ئاو و کانی لێ نەبوو، بۆیە هەڵخەڵەتان و هاتنەبەرچاو بەتەواوی دوور دەخرێتەوە.
موسڵمانان دەبێ بزانن کە هۆکاری شەو و ڕۆژ سووڕانەوەی زەوییە بە دەوری خۆر، نەک بەپێچەوانەوە، واتە کاتێک خۆر ئاوا دەبێت لە مەککە، ئەوا لە شوێنی دیکەدا خۆر هەڵهاتووە. ئەمە نەزانینێکی گەلێک ئاشکرایە بە ئەستێرەناسی و دیاردە سروشتییەکان، چونکە لە زانستدا نە ئەوپەڕی خۆرئاوا و نە ئەوپەڕی خۆرهەڵات بوونیان هەیە، تەنیا ئەگەر زەوی تەخت بێت. ئەمەش بۆ ئەو موسڵمانانەیە کە پەنا دەبەنەبەر ئەوەی گوایە، ئاماژەیە بۆ دوورترین جێ لە خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی زەوی. کەواتە چاککردنەوەی لایەنێکی ئەو هەڵەیە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەڵەیەکی نوێ لە ڕووێکی دیکەدا.

زەوی تەخت و جێگرە

- تەختی زەوی
﴿وَإِلَى الْأَرْضِ كَيْفَ سُطِحَتْ﴾ {20 الغاشية}
لەو ئایەتە و چەندانی دیکە لە قورئاندا باس لە تەختکردن و ڕاخستنی زەوی دەکرێت لەلایەن خواوە، مەبەستیش هیچ بەشێکی جیا نییە لە زەوی، وەک هەندێک هەوڵ دەدەن ئەو هەڵەیە بشارنەوە. چونکە هەر لە ئایەتی پێش ئەمەی سەرەوە، دەڵێت سەیری ئاسمانیش بکەن کە چۆن بەرزکراوەتەوە، ئەمەش ئاشکرایە مەبەستی هەموو ئاسمانە نەک بەشێک. کەس دەزانێت چی بەشێکی شێوە گۆییەک ڕووتەختە؟ ئەگەر لەبەر مەزنی زەوی بۆ ئێمەی مرۆڤ، وای لێمان کردبێ زەوی بەردەممان بە تەختی ببینین، بەڵام ڕووبەری ڕووی هیچ گۆیەک تەخت نییە. بۆ سەلماندنی ئەمە، ئەگەر سێگۆشەیەکی زۆر گەورە لەسەر ڕووی زەوی بکێشین، ئەوا لەبەر چەمانەوەی ڕووەکەی، هەمیشە کۆی گۆشەکانی لە 180 پلە پتر دەبێت.
﴿وَالْأَرْضَ بَعْدَ ذَٰلِكَ دَحَاهَا﴾ {30 النازعات}، ئەو وشەی (دحاها)، واتای ڕاخستن و کرانەوە دەدات، پەیوەندی نییە بە وشەی (الدحیة) کە بە مانای شوێنی دانانی هێلانە، یان هێلکەی وشترمرخ دێت، هاوکات ناشزانین شێوەی زەوی لە چی ڕووێکەوە لە هێلکەی وشترمرخ دەکات؟
﴿أَوَلَمْ يَرَوْا أَنَّا نَأْتِي الْأَرْضَ نَنقُصُهَا مِنْ أَطْرَافِهَا﴾ {41 الرعد}، لەمەشدا هەڵەیەکی زەق بەدەردەکەوێت، لەبەرئەوەی زەوی گۆییە، بۆیە لە هیچ لایەکییەوە قەراغی نییە، تا لێی کەم بکرێتەوە وەک لە ئایەتەکەدا هاتووە.
﴿فَوَلِّ وَجْهَكَ شَطْرَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ﴾ {149 البقرة}، ئەم ئایەتە دەڵێت، لە کاتی نوێژکردن ڕوو بکەنە ئارستەی مزگەوتی حەڕام (مەککە). بەڵام ئەگەر کەسێک لە ئەمریکا بیەوێت نوێژ بکات، چۆن دەتوانێت ڕوو لە مەککە بکات؟ واتە هەرچۆنێک بێت ئەوا ڕووی لە بۆشایی دەرەوەی زەوییە، ئەمەش بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە زەوی لە قورئاندا تەختە نەک گۆیی، چونکە ڕوو کردنە ئاراستەیەک، تەنیا لە ڕەهەندێکی ڕووتەختدا مانای دەبێت.
- جێگیربوون و نەخوولانەوەی زەوی
﴿وَالْأَرْضَ مَدَدْنَاهَا وَأَلْقَيْنَا فِيهَا رَوَاسِيَ﴾ {19 الحجر}
واتە زەویمان پانکردەوە و چیامان تێهاوێشت تا جێگیر ببێت. بابلی و میسرییە کۆنەکان پێیان وا بوو کە زەوی تەخت و سەرئاو کەوتووە، بەمەش وای لێ دێت ئەملاوئەولا بکات، بۆیە ئەگەر شتی قورسی لەسەر دابندرێت، دەبێتە هۆی جێگیربوون و نەجووڵانی. کاتێک سەرنج بدەینە ڕاڤەکارانی قورئان، دەبینین زۆربەیان بەتەواوی هەمان بۆچوونی ئەو شارستانییەتانە دووپات دەکەنەوە.
﴿لَا الشَّمْسُ يَنبَغِي لَهَا أَن تُدْرِكَ الْقَمَرَ وَلَا اللَّيْلُ سَابِقُ النَّهَارِ وَكُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ﴾ {40 یس}
واتە خۆر و مانگ بەیەک ناگەن و پیکەوە کۆنابنەوە، بوونی یەکیان نەبوونی ئەوەی دیکەیانە. بە بیرکردنەوەیەکی لۆژیکیی، گریمانەی بەیەکگەیشتنی خۆر و مانگ ئەو کاتە ئەگەری ڕوودانی هەیە، بە مەرجی یەکەم کە هەردووکیان بجووڵێن، وەک لە ئایەتەکەشدا دەڵێت، مەلە دەکەن، دووەمیش دەبێ خوولگەکانیان لەیەکەوە نێزیک بێت، تا بشێ ئەو بەیەکگەیشتنە ببێ کە خوا ڕێگری لێ دەکات.
لەوەتەی گەشتی بۆشایی گەردوونی دەستی پێکردووە، زانست جێی بۆ هیچ گومانێک نەهێشتۆتەوە، بەوەی کە زەوییە بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە نەک پێچەوانەکەی، هاوکات مانگیش بەدەوری زەوی. خۆر کەوتۆتە چەقی بازنەیەک، زەوی و هەسارەکانی دیکە بەدەوری دەسووڕێنەوە، واتە خۆر بۆ ئەوانە جێگیرە. هەرچەندە دەشزانین کە خۆریش بەشێوازێکی جیاواز لە هەسارەکان بەدەوری خۆیدا دەخوولێتەوە (27 ڕۆژ)، هەروەها تێکڕای کۆمەڵەی خۆر لەگەڵ سەرلەبەری گەلەستێرەکەمان، بەدەوری چەقی گەلەستێرەکەمان دەخوولێنەوە بە نێزیکەی 230 ملیۆن ساڵ. لەبەرئەوەی خۆر بۆ زەوی جێگیرە و مانگیش بەدەوری زەوی دەسووڕێتەوە، کەواتە بۆ ئەویش بەهەمان شێوەیە، بەمەش هەرگیز ناشێ گەیشتنی خۆر بە مانگ بکرێتە گریمانە، بۆیە هیچ مانای نییە، باس لە نەهێشتنی ڕووداوێک بکرێ کە خۆی لەخۆیدا ئەگەری ڕوودانی نەبێت.
﴿وَالشَّمْسِ وَضُحَاهَا * وَالْقَمَرِ إِذَا تَلَاهَا﴾ {1-2 الشمس}
خۆر وەک مانگ نییە لە سووڕانەوەیدا تا بگوترێ مانگ بەدوای خۆردا ڕێ دەکات، یان بەدوایدا دێت، لەم چەند وشەیە بەدەر دەکەوێت کە مەبەست ئەوەیە، مانگیش وەک خۆر بەدەوری زەویدا دەسووڕێتەوە. کاتێکیش پەیامبەر ئیبراهیم بە (نەمرود) دەڵێت، خوا خۆر لە خۆرهەڵاتەوە دەهێنێت، ئایە تۆ دەتوانیت لە خۆرئاواوە بیهێنیت؟ لێرەشدا بۆچوونێکی هەڵەی قورئان دێتە ئاراوە، چونکە شوێنێک نییە بۆ خۆر کە تێیدا هەڵبێت، یان ئاوا بێت، کەواتە خۆر لە خۆرهەڵاتەوە نایەت، بگرە زەوی بەرەو لای خۆرهەڵات دەخوولێتەوە و دێتە بەرانبەر خۆر.

لەتبوونی مانگ

﴿اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ الْقَمَرُ﴾ {1 القمر}
کاتەکە نێزیک بووەوە و مانگ لەت بوو.
موسڵمانان دەڵێن گوایە موحەمەد مانگی دوو لەت کردووە بۆ ماوەیەک، پاشان وەک خۆی لێکردۆتەوە، ئەو ڕووداوەش چەندان کەس بینوویانە. بەڵام شتێکی زۆر سەیرە کە کەس لە شارەکانی دیکەی ئەو ناوچەیە، یان وڵاتانی وەک، یەمەن، ئێران، باکوری ئەفریکا و هیچ وڵاتێکی دی لە جیهاندا ئەم دیمەنە ترسناکەی نەبینیووە. زۆربەی هاوەڵانی موحەمەدیش بە هیچ شێوەیەک باسی ئەو بابەتە سەیر و دەرئاسایەیان نەکردووە، لە کاتێکدا موسڵمانان ئاماژەیان بە هەزاران گوتەی موحەمەد و ڕووداوی بچووک و بێبایەخی ئەو سەردەمە داوە. ناشزانین بۆچی ئەم شتە یەکجار مەزنە، نەبۆتە بەڵگەیەک بۆ ڕاستبوونی ئیسلام و بانگەشەی بەپەیامبەربوونی موحەمەد بۆ بێباوەران؟
لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە، مانگ لە سووڕانەوەیدا بەدەوری زەوی، وەک ئۆتۆمبیلەکانی پێشبڕکێیە کە لە ڕێیەکی شێوە نیوبازنەدا بەخێراییەکی زۆر دەسووڕێنەوە. ئەم ئۆتۆمبیلانە ئەگەر لەو دەمەدا ببنە دوو لەت، دەبێ چی ڕووبدات؟ بێگومان هەر پارچەیەکیان وردوخاش دەبێت و دوو هێندەی خێرایی بنەڕەتیان لە هەوادا بەملاوبەولادا بڵاو دەبنەوە. مانگیش هاوشێوەی ئەمە، هەرگیز ناشێت دوای دوولەتبوون هەر لەتەی لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، تا بکرێ پاش ماوەیەک بەیەکەوە بلکێندرێن.
موسڵمانان چەند وێنەیەک دەهێننەوە کە گوایە شوێنەواری ئەو لەتبوونە ئێستەش لەسەر ڕووی مانگدا دەبیندرێت، بەڵام لەڕاستیدا لەسەر زەوی و زۆر لە هەسارەکان ئەو جۆرە قەڵشت و دەرزە هەیە، هۆکارەکانیشان لە زانستدا بەتەواوی دیار کراون. زیاتر ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێرەدا دەرزە ڕاستەکانە (straight rilles)، ئەوانەی گەورە و درێژن و نێزیکەی 300 کم درێژی و پانییان 3 تا 5 کم، قووڵایشیان 800 مەترێک دەبێت. ئەو دەرزانە نەک لەبەر لەتبوون، بگرە هاوشێوەی زەوی بە هۆکاری گڕکانەکان، یانیش بە جووڵەی تەکتۆنی پەیدا دەبن و دەبنە هۆی دروستکردنی چاڵایی و بەرزایی لەسەر توێکی ڕووی مانگ. هەموو ئەو دیاردانە لە دەمی چێبوونی مانگ ڕوویان داوە، لەو کاتەی کە ناخەکەی یەکجار گەرم بووە، پاش وشکبوون و بەبەردبوونیان بە درێژایی ملیۆنان ساڵ، وایان لێهاتووە ئەم شێوەیە وەربگرن، نەک بە ڕووداوێکی لەناکاو و کوتوپڕ. جگە لەوانە، مانگ کاریگەرییەکی زۆری بەسەر زەویدا هەیە، بۆیە هەر کەسێک ئەوە بزانێت، نابێ ئاوا بەئاسانی باس لە لەتبوون و نەمانی مانگ لە خوولگەکەی بکات.
لایەنگرانی دەرئاسایە زانستییەکانی قورئان دەڵێن، (ناسا) خۆی لە ڕاپۆڕتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە نێزیکەی 1400 ساڵ لەمەوبەر مانگ بووە بە دوو لەتەوە، دەربارەی ئەوەش تۆژینەوەیەکیان بڵاو کردۆتەوە. بۆ ئەمە پێش ماوەیەک کەسێک بە مەبەستی پشکنین و لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەتی ئەو بانگەیەشەیە پرسیار لە ناسا دەکات، ئایە ڕاستە خوا لەسەر داوای موحەمەد مانگی دوولەت کردووە؟ دەرەنجامی ئەمە زانا (بڕاد بایلی) پسپۆڕ لەم بوارەدا، وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەی موسڵمانانی دایەوە و بەتەواوی ئەو مشتومرییەی نەهێشت، کاتێک گوتی: "هەرچەندە پێشتریش وەڵامی ئەم پرسیارە دراوەتەوە، بەڵام با بۆ جارێکی دیکە دووبارەی بکەمەوە. ئامۆژگاریم بۆتان ئەوەیە باوەڕ بە گشت شتێک مەکەن کە لە ئەنتەرنێتدا بڵاو دەکرێتەوە. تەنیا ئەو تۆژینەوانەی زۆر بەوردی لەلایەن زاناکان و شارەزایان لەو بوارانەدا دەپشکندرێن و هەڵدەسەنگێنرێن ڕاستن و دەکرێ وەک سەرچاوەیەکی زانستی باوەڕ پێکراو وەربگیرێن. هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە، لەسەر ئەوەی مانگ لە سات و سەردەمێکی ڕابردوودا بووبێتە دوو لەت، یان زیاتر و پاشان وەک خۆی لێ هاتبێتەوە." (بڕاد بایلی، ئەندامی دەستەی زانایانی ناسا بۆ زانستی مانگ، 21/6/2010)*

هەڵوەرینی ئەستێرەکان

﴿وَإِذَا النُّجُومُ انكَدَرَتْ﴾ {2 التكوير}
لە ڕۆژی دواییدا ئەستێرەکان هەڵدەوەرێن و دەکەونە سەر زەوی.
لە ڕاستیدا ئەو دیمەنە گەلێک ترسناک و تۆقێنەرە، بۆ بێباوەرانی ئەو کاتە و چاخەکانی پێش ئێستە، بەڵام بۆ ئێمەی ئەم سەردەمەی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا، تێگەیشتن لێی شتێکی ئەستەمە. هەروەک ئاشکرایە نووسەری قورئان وای زانیووە ئەستێرەکان شتگەلێکی بچووکن، ئەگەر نا چۆن دەکەونە سەر زەوی؟ خۆر ملیۆنێک و سێ سەد هەزار جار لە زەوی گەورەترە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە خۆری ئێمە بە ئەستێرە زۆر مەزنەکانیش ناژمێردرێت. ئەگەر چاک سەیری وێنەی ئەم بەشەیان بکەین، تووشی سەرسڕمان دەبین:
1 - سەرەتا قەبارەی زەوی بەرانبەر بە خۆر.
2 - خۆر بەرانبەر بە ئەستێرە گەورەکان.
3 - ئەستێرەیەکی مەزن بەرانبەر بە یەکێکی گەلێک مەزنتر.
4 - گەورەکەیان بەرانبەر چەند دانەیەکی یەکجار گەورە و مەزن.
لەگەڵ ئەوەی خودی موحەمەد و زۆربەی هەر زۆری ڕاڤەکاران دەبێژن، بەربوونەوەیانە بۆ سەر زەوی، بەڵام پینەکارانی ئەم کێشەیەش وەک پیشەی هەمیشەییان دەڵێن، مەبەست کوژانەوە و نەمانی ڕووناکی و ونبوونیانە لە خولگەکانیان، نەک بەربوونەوەیان. کەچی بەمەش دیسانەوە ناتواندرێ چارەسەر بکرێت و خۆی بگرێ بەرانبەر بە زانست، لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین تیشکی خۆر 8 خولەکی دەوێت تا دەگاتە زەوی، ئەو ئەستێرانەشی بەئاسایی بەچاو دەبیندرێن، جگە لە خۆر نێزیکترینیان کە (پڕۆکسیما)یە پتر لە 4 ساڵی دەوێت تا تیشکەکەی پێمان دەگات، دوورترینیان (دینێب)ە کە ئەویش بە چاوی خۆمان دەیبینین و 3.230 ساڵی تیشک لێمانەوە دوورە، پێویستیش ناکات باسی ئەوانە بکەین کە بە ملیۆنان و ملیاران ساڵ دوورن لە زەوی.
کەواتە ئەگەر ڕۆژێک دابێ و ئەستێرەکان بکوژێنەوە، نێزیکترینیان بۆ ئێمە بەدرێژایی 4 ساڵ هەر لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە، دوورەکەشیان پتر لە 3 هەزار ساڵ لە چاوی ئێمەدا ون نابێ و جێگەکەی ناگۆڕێت، بۆ ئەوانەی دیکەش بەهەمان شێوە هەریەکە و بەگوێرەی دووریان لە زەوی. خۆ ئەگەر مەبەستیش لادان و لابردنیان بێت لە خوولگەکانی خۆیانەوە، ئەمەشیان وەک جارێ پێشوو ئێمە هەست بە گۆڕینی شوێنیان ناکەین، چونکە هەزاران ساڵییان دەوێت تا تیشکەکانیان بە ئێمە دەگات. بەکورتی ئەو ئەستێرانە هەرچییەکیان بەسەردا بێت و بە هەر شێوەیەک ئەمسەر و ئەوسەریان پێ بکرێت، ئێمە پێی نازانین لەبەر دووریان لێمانەوە.
پێویستە بزانین، قورئان لە گشت پێناسەیەک و چەمک و بنەمایەک بۆ دیاردە و ڕووداوە سروشتیەکان، هەروەها چییەتی تەنەکانی بۆشایی گەردوون لە، خۆڕ، زەوی، مانگ، ئەستێرە، هەسارە، تەنە کشاو و کلکدارەکان، گەلێک هەڵەی زەقی کردووە. ئەمانەش بەڵگەیەی ئاشکران و بەتەواوی ئەوەمان بۆ بەدەر دەخەن کە نووسەری قورئان شارەزایی لەو بوارانەی ئەستێرەناسیدا نەبووە، هیچیشی نەزانیووە دەربارەی قەبارە و دوورییان و خێرایی تیشک و بابەتی دیکەی زانستی.
دواجار دەڵێین، ئەگەر موحەمەد نێردراوی خوایەکی زانا و دانا و داهێنەری گەردوون بووایە، هەرگیز ئەو هەموو هەڵانەی نەدەکرد.
..........................................
ئەمەی سەرەوە بەشی دووەمی بابەتێکە لە نووسینێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی).
دارا سلێمان

سەرچاوەکان:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە