خوێندنەوەیەکی ووردی ساڵی ۲۰۱۹

Wednesday, 08/04/2020, 0:19

3346 بینراوە


- فەیسبووک تا قەتپڕوکێنە، دوورکەوتنەوەیە لە مەعریفە ، "لە ئاگایی"
- فەیسبووک پەکخستنی ئیلهامە و نزیک بوونەوەیە لە فەوزا ." لە گەڕە لاوژێ"
- فەیسبووک بازاڕێکی بێ سەروبەرە ، پڕە لەکاڵای خراپ و بێ کەلک . هەندێک جار وا دەکات شتی هیچ ببێتە بابەت و شتی بابەتیش بشتگوێ بخرێ . بەتایبەتی بۆ ئەوکەسانەی کەهیچیان نیە بۆ گووتن، ڕەنگە لەوەیان دەستێکی پیلانیش هەبێ، بۆ ئەوەی ئەو بابەتە جەوهەریانەی دەبێ قسەیان لەسەربکرێ و گۆمەڵگا هۆشیار بکرێتەوە، نەبێتە باس و خواست...
هەرگیز پێتان وانەبێ فەیسبووک پیلانێکی گەورەی سەرمایەدار و دەوڵەتە زلهێزە خوێنمژەکانی جیهان نییە، کە وەک یاریەک هاوێشتراوەتە بەر دەستی هەر تاکێک بۆ ئەوەی بیانخافڵێنێت. وەک ئەوەی لەناو پاس و شوێنی کارکردن و ناو بازاڕو دانیشتنەکان دەیبینین .
- من باسی کەسی هۆشیار ناکەم، چونکە کەسی هۆشیار لە فەیسبووکیش زمان و نووسینەکانی بۆ دەستەڵات بەڵان. ئێستاش شارێکی جولەکە نشین هەیە، کە لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنی ئۆپڕا بینیم، هیچ ئامێرێکی تەکنەلۆژی تێدانیە. ماڵیش نییە کتێبخانەیەکی نەبێ و کەسەکانیان نەخوێننەوە.
تاکە هۆکاریش، کە من دەیبینم، جوولەکە لە مێژوو و لە ئێستاشدا پێشەنگە لە زۆربەی بوارەکان، خوێندنەوەیە تەنیا خوێندنەوە ... خوێندنەوە وای لێ کردوون ئاستی مەعریفی و ئاگاییان لە پێشەوەی دانیشتوانی گۆی زەوی بێ، وەک چۆن ئەو تاکەی لە ناو دەدوازدە سەرخێزان دەخوێنێتەوە ، جیاوازو لە پێشە.
- دەبێ ئەوەش بزانین شەڕەکانی ئەمڕۆ هەمووی شەڕی ئایدۆلۆژین، بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، یان دەکرێ ناوی بنێین تەکنەلۆژیای وێرانکەر ... ئەم شەڕەش بە مەعریفەیەکی باش دەکرێ، نەوەک بە پۆستێکی فەیسبووک و خۆخاڵی کردنەوەیەکی بازاڕی و چەند قسەیەکی دووبارەی مەجلیسی.
نابێ ڕۆبۆت بوونمان قبووڵ بێ، ژیانمان لە ئەنجامدانی چەند کارێکی ڕۆتینی و ڕۆژانە تێنەپەڕێ، وەکو جووت بوون و خواردن و خەوتن، کە بەهەرکەسێک دەکرێ و هیچ هونەرێکی تێدانیە. دەبێ عاشق ببین ، دەبێ خەونی گەورە ببینین. وەکو پێغەمبەرو زاناو فەیلەسووف و گەورە ئەدیبانی جیهان، کە هیچمان لەوان کەمتر نییە و دەکرێ لەو قۆناغەش پێغەمبەر یان زانا، یان فەیلەسووف و ئەدیبێک لە دایک ببێت.
دەبێ بە دوای یۆتۆپیادا بگەڕێین .
ئەو یۆتۆپیایەش دڵنیابن نە فەیسبووک پێتان دەدا، نەڕاگەیاندنە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان و کتێبە ئاسمانیەکان . تەنیا خۆتان بە خۆتان دەدەن. ئەوەش هەوڵ و تێکۆشانی دەوێ.
تاکێکی خوێنەر دەتوانێ خێزانێک هۆشیار بکاتەوە، خێزانێکی خوێنەر دەتوانێ گەڕەکێک هۆشیار بکاتەوە، گەڕەکێکی خوێنەر دەتوانێ گۆمەڵگایەک هۆشیار بکاتەوە، کۆمەڵگایەکیش جیهان .
گۆڕانکاریەکان هێندە قوڕس نین ، بەو مەرجەی ( ترس و نەوس و جنس) تێپەڕێنین. کە سێ هۆکاری سەرەکین لە بۆ پەکخستنی گۆمەڵگا.
سەرمایەدارەکان زۆر زانانە پەیان بەمە بردووە، بۆیە بەدەستهانانی هەرسێک لەوانەیان ئاسان کردووە .
ژن بە ڕووتی لە شەقامەکاندا دەسووڕێتەوە، کە دووبارە وەک ئەو پیلانەی لە ناو ئایینەکان بەسەری داچەسپابوو ، "مەبەستم حیجاب و ڕوو داپۆشینە"
دیسان" بەزیادەوە" بەسەریدا چەسپاوەو بۆتەوە قوربانی، لە ناو پۆشاکی تەواو ڕووت و قووتدا، جیا لە دروستکردنی ئەو هەموو ڤیدیۆ سێکسیەی خراونەتە بەردەست، کە گەورەترین زەڕبە لە ئەخڵاق و ویژدان و عیشق دەدات ...
هەزاران فیلمی " خۆف : ترسناک "و بێ ناوەڕۆکیان بەرهەم هێناوە بۆ زاڵکردنی ترس .
هەزاران خواردنی پڕ فێڵ و لە قوتوکراو بڵاو کراونەتەوە بە جیهاندا و دەفرۆشرێن ...
لە هەموو گەڕەک و کوچە وکۆڵانێکدا وایان کردووە ماددەی هۆشبەر بە ئاسانی دەستبکەوێ و گەنجەکان لە گەنجینەیی بخەن ...
کە سەیری هەر کام لەوانە دەکەیت دەبینی ئیرادەی مرۆڤ لە ڕووی جەستەیی و ڕووحیەوە لاواز کراوە و نایکاتە خاوەنی وزەیەکی زۆر تا " پێبگات "، ئەو ووزەیەی هەشیەتی لێی دەستێنێ .

نازانم تێڕامانتان بۆ ئەمە کردووە یان نا!

ئێستا دەبینین زۆرینەی خەڵک برسی و نەبوو نین، هەژارترین کەسی ئێستا " لەو زۆرینەیە " ئەگەر زیادڕەوی نەبێ هەندەی دەوڵەمەندێکی پێشترێی هەیە ، کەچی هەموو ژیانیان بۆ پەیداکردنی خواردن و گۆڕینی کەل و پەلەکانی ناو ماڵ تەرخان کردووە، هەست دەکەم مرۆڤی ئێستا لەو هەموو خواردن و کەلوپەلی وەها زۆر کە بڕوا ناکەم هیچ سەردەمێک خواردن و کەلوپەل ئەوەندە زۆر بووبێ ، سەتڵی زبڵەکان بەڵگەن، کە ڕۆژانە چەند جارێک دەبێ بەتاڵ بکرێن، خۆی ئەوەش کێشەیەکی ترە بۆ پیسبوونی ژینگە و نەمانی شوێنی پاک ، کەچی تێر ناخوا و هەر برسیە ، هەر چاوی لە زیاترە ، وەکو ئەو پەلەوەرە مەسلەحەیە وایە بە خواردنی بێ کەلک و کەلو ەلی بریقەدار ئاڵۆدە کرا بێ .

هۆکارچیە؟

پیلان لەگۆڕێدا هەیە ،
پیلان لە ژووری خەوتنمانە ، پیلان لە ناو چێشتخانەکانمانە، پیلان لەناو کار و ئیش و ڕۆیشتن و کەلوپەلەکان و سفڕی سەر ئەو پارانەشمانە، کە ڕۆژانە خەرجی دەکەین، کەچی لێی بێ ئاگاین .

بۆچی!؟

چونکە ئاستی مەعریفیمان باش نیە و بووینەتە مێگەل لەو بازاڕە قەرەباڵغە، کە دەرفەتی گیرفانبڕین و دزیی زیاتر ڕەخساندووە بۆ ئەو ما‌فیایانەی بازرگانی نائەخڵاقی بە هەرچی بەهادارە دەکەن .
نەخۆشەویستیمان بۆ ئاسار ماوە ، کە زیندووترین مێژووە، نە نەخۆشەویستیشمان بۆ فەلسەفە و هونەرو ئەدەبیاتیش ماوە، کە لێناگەڕێن ژیان چەقبەستوو و بۆگەن بێ، نە پەرە بە کشتوکاڵ و سەوزایش دەدەین کە وەکو دایکێکی دڵسۆز هەم خواردنی بەسوود و خۆماڵی و هەم ئاو و هەوای پاکمان پێ دەبەخشێ ...
ئەوانەش هەمووی سیفاتی ڕۆبۆتن، نەک هی مرۆڤ...

چ ڕۆبۆتێک؟

ئەو ڕۆبۆتەی ناتوانێ یەک ئێشی بە کەلەک چیە ئەنجام بدات ،
ئەو ڕۆبۆتەی نازانێ بۆچی دەجوڵێتەوە و دەبێ چی بکات ،
ئەو ڕۆبۆتەی لە سرووشتی خۆی لایداوە و ڕاست و چەپ خەریکی وێران کردنە .
غەزەبێک نەبێ، وەک ئەو غەزەبە میتۆلۆژیەی بەسەر قەومی لووت هات، ڕاگرتن و هێنانەوە سەر ڕێی"مرۆڤی ڕۆبۆتی"، "ناڵێم مەحاڵە" ، بەڵام تا بڵێی سەخت و ئەستەمە ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە