سوپاسیان بکەن: هێمن مامەندەکان !

Saturday, 11/04/2020, 23:55

3911 بینراوە


لە هەمو وڵاتانی دنیا زۆرینەی خەڵک لە جۆری کەسێتی و سروشت و ڕەفتاری ڕۆژانە و هەست و بیرکردنەوە و ئاستی زیرەکیاندا لە ئاستێکی ناوەند دان، واتە نە زۆر توندڕەو و گەرم و تاوسەندو و بەهرەدار و زیرەکن، نە زۆر نازیرەک و سست و خاو و گوێپێنەدەر و کەمکار و گۆشەگیرن.
ئەم زۆرینەیە دەیانەوێ بێ سەرئێشەی زۆر و گێرمە و کێشە و بێ مەترسیی ئەوەی خۆیان و خۆشەویستانیان توشی ئازار و گرتن و کوشتن و زیانەکانی تر بن ، ژیانێکی ئارام بەسەربەرن، ئەم زۆرینەیە سەری خۆیان کزدەکەن و ژیانی خۆیان دەبەن بەڕێوە بە مەرجێک دەسەڵاتی سیاسی ژیانێکی ئابوریی ناوەندیان بۆ دابین بکات کە ماڵێکیان هەبێت تیا بحەسێنەوە ، برسی و بێئیش نەبن ، کە کێشەیەکی تەندروستیان هەبو ئەوەندە پارەیان هەبێت لای دوکتۆر چارەسەری باش وەربگرن ، هەروەها بڕێک ئازادی و بڕێک ڕێز و شکۆی ئینسانیان هەبێت و نایەکسانی و نادادپەروەری ئەوەندە زەق و ڕەپ و زۆر نەبێ .
بەڵام لە هەمو وڵاتەکانی دنیا بە کوردوستانی خۆیشمانەوە کەمینەیەکیش هەیە لە تاکەکان کە لە کەسێتی و هەست و سۆز و بیرکردنەوەیان مرۆڤی جیاوازن لەو زۆرینە بێدەنگ و ڕازیە، ئەمانە دەیانەوێ ژیان خۆشتر بێت، جوانییەکان جوانتر بن، بەکەم ڕازی نین، خەیاڵیان بار و دۆخێک دەبینێ کە لێوانلێوە لە دادپەروەی و یەکسانی و جوانی، ئەمانە هەست بە ئێش و ئازاری ئەوانی تر دەکەن ، لە زۆرینە بێدەنگەکە زۆرتر هەست بە زوڵم و بێدادی و دزی و ناپاکیی دەسەڵاتداران دەکەن، وزەیان زۆرترە ، ئازاتر و بوێرترن، ناباون، دژەباون ، لە ڕیز و پۆلەکان دێنەدەرەوە، سەرکەشی دەکەن و هەندێکیان گوێنادەن بە زیندانیکردن و تەنانەت مردنیش.
بە نمرە و پلەی جیاواز ئەوە تاکەکانی ئەم کەمینەیەن لە کۆمەڵدا کە ڕۆڵی هەوێن و بەهارات و بزوێنەر و ڕاچڵەکێنەر و بەرەوپێشبەری کۆمەڵ دەبینن نەک ئەو مرۆڤە تاکانەی هەر (بەڵێ قوربان و بەڵێ گەورەم) دەکەن و کوێرانە گوێڕایەڵی دەسەڵاتداران دەکەن و ناتوانن لە قاوغەکانی خۆیان سەردەربێنن. هەمو ناودارەکانی دنیا لە هونەرمەرند و زانا و ئەدیب و سیاسی و پێشەوا ئاینیەکان و سیاسیە گەورەکان سەر بەم کەمینەیەن، ئەگەر ئەم کەمینەیە نەبێت ژیان بێتامە ، بێزاریە ، خۆڵەمێشیە و پێشکەوتن نابێت. تۆلستۆی موڵکدارێکی زۆر گەورە بو وازی لە موڵکەکانی هێنا و بە هەژاری مرد، کۆپەرنیکۆس بەرەنگاری هەمو پێشەوا مەسیحیە دەسەڵاتدارەکان بۆوە و وتی زەمین خڕە و بەدەوری ڕۆژدا دەخولێتەوە. ئەم سەرۆکانەی خوارەوە هەمویان کەسێتی و میزاج و خو و هەست و بیرکردنەوەیان و دەرونیان زۆر زۆر لە زۆرینەی خەڵکی ولاتەکانیان جیاواز بو: ئەبراهام لینکۆلن، فرانکلین ڕۆزڤێلت ، کەنەدی ، چەرچل، گاندی، هوگۆ چاڤیز.
لە هەرێمی کوردوستانیش هەر ئاوایە. ئەبوبەکر عەلی و سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و ویداد حسەین و شەهیدانی تری ڕێگای ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ سەر بەم کەمینەیەن کە هەرگیز بە هەڕەشە و گرتن و کوشتن دواییان نایەت و جێگاکانیان پڕدەبێتەوە ، ئەمە یاسایەکی دنیاگیری سروشتیی خۆزایە. بێگومان (هێمن مامەند) ی ڕۆژنامەنوسی ئازا و ویژدان زیندوش کە چەند هەفتەیەکە بە هۆی دەربڕینی بیروڕای جیاوازەوە بێ هیچ گوناهێک و بە شێوەیەکی نایاسایی لە هەولێر زیندانیکراوە سەر بەم کەمینەیە و دەبێت هەرچی زوترە ئازادبکرێت و داوای لێبوردنی لێبکرێت و زیانە ماددی و مەعنەویەکانی بۆ ببژێرنەوە.
با دەسەڵاتداران دڵنیابن هەتا لەم هەرێمەدا ئاوا نایەکسانی و نادادپەروەری و گەندەڵی و شمشێر حوکم بکات، لە ناو منداڵدانی دایکی میهرەبانی ئەم کوردوستانە هەزاران (هێمن مامەند) هەن و ئامادەن یا لە پرۆسەی دروستبوندان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە