یەکێ لە گەورە بیرمەند و مێژوونووسەکانی هاوچەرخ بناسە

Sunday, 12/04/2020, 12:59

3769 بینراوە


یوڤال نوح هاراری Yuval Naoh HARARI
--------------------------
"پێی ناوێ مێژوو بگۆڕین،ئەگەر هیچمان لەدەست دێت،  با ئێستا و دوا ڕۆژ بەرەو چاکتر بگۆڕین". مەسعود محەمەد
-------------------
ساڵێ زیاترە بابەتێکم لە سەرچەمکی ( ئازادی) و خوێندەوە و لەوێدا بۆ یەکەمجار ناوی (یوڤال نوح هاراری) وەک بیرمەند و مێژوونووس و فەیلەسووفێکی ئیسرائیلی گەورەی هاوچەرخ بەرچاو کەوت.ئەو چەند بڕگەیەی بۆچوونەکانی لەسەر سیستەمی لیبەڕاڵی سەرنجی ڕاکێشام. هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، کارێکی کرد، ئەم ماوەیەی خۆ دابڕان و خزانە نێو ماڵەوەم بۆ زۆر لە خەون و پرۆژەی نیوناچڵ و لەبەرچاو گیراوەکانم تەرخان کرد. یەکێ لەوانە ناوی هاراریم وەبیرکەوتەوە. لە ئینتەرنێت و یوتوبدا، کەوتمە سۆراخی. 3 کتێبە دیارەکەی کراون بە ئەڵمانی و بەداخەوە من دەستم پێێان ڕاناگات. بەڵام کۆمەڵێ چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی و نووسین و کۆڕ و سەمیناریم خوێندەوە و گوێ لێ گرت. زۆر بابەتەکان بە زمانی ئینگلیزی بوون، من تەنها توانیم سوود لە ئەڵمانیەکانی وەرگرم و ٥ـ٦ کاتژمێرێ گوێی لێ بگرم و دوو بابەتیشم لەسەر خوێندەوە.
ئەمەی بەردەستان پوختە و ناوەڕۆکی ئەو تێز و بۆچوونانەی ناوبراوە و بەندە بڕگە بە بڕگە بە تێگەیشتنی خۆم وەرم گرتووە و بەسەلیقەی خۆشم دامڕشتۆتەوە. وەک بەرکوڵێ بۆ ناسینی ئەم مێژووناسە گەورە، کە ئیمڕۆ باتەکانی بوونە جێی سەرنجی سەرۆکی دەوڵەتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و سیاسەمەدار و نووسەر و ئابووریناسانی جیهان.. هاراری بەردەوام بە ڕێگاوە بە پایتەخت و ناوەندە زانستی و زانستگەدا دا، دەگەڕێ و بیروبۆچوونەکانی پێشکەش دەکات. گوێگرەکانی بەتامەزرۆوە ڕیگای دوور بە نرخی زۆر دەبڕن، تا گوێیان لە تێزەکانی بێت.
بەداخەوە پێموایە لە دنیای ڕۆشنبیریی کوردیدا و میدیاکەیدا، باس و خواستێکی تێروتەسەلەی لەسەر ئەم دەنگ و بۆچوونانەی هاراری بەرچاو ناکەوێ. هیچ کام لە کتێبەکانی نەکراونەتە کوردی. لەکاتێکدا بازاڕی چاپەمەنی کوردی، پڕ بووە لە بابەتگەل و شتی جۆراوجۆری ئەوتۆ کە لە رەفەی ناو مۆزەخانەکانیشدا بە زەحمەت جێگایان دەبێتەوە. دیارە من ناڵێم ئەو بابەتانە نابێ هەبن، بەڵکو گەرەکمە بڵێم کتێبە هەنووکەیی و گرنگ و ورووژێنەرەکانی سەردەم لەپێشترن. دیسان بەداخەوە چاپەمەنی کوردستان سەرەتا زۆر بە حیزبی کراوە و بۆ خزمەتی مەرامە سیاسییەکان، خەسڵەت و سیفەتی ئایدۆلۆژی و ئایینی پێوە نراوە. هەردوو ئاڕاستەکەش بەشێکییان بە وەرگێڕانی سەقەت و شێواو و لەزمانی دووەم و سێیەمەوە و حیزبەکانیش بە کەسانی ناشایستە و ناکارامە مۆنۆپۆڵیان کردووە.
Harari 3 لە کتێبە ناودارەکانی بریتین لە : ( کورتەیەکی مێژووی مرۆڤایەتی وەک مێژووی کۆن. مێژووی ئایندە و 21 وانە بۆ سەدەی21).


یەکێ لە بۆچوون و تێزە هەرە سەرەکییەکانی ئەم بیرمەندە، ئەوەیە پێی وایە "مرۆڤایەتی لەسەر لێواری مردنە". واتە چارەنووسی بەرەو کۆتایی دەچێ . ئەویش نەک بەو شێوەیەی وەک خۆی دەڵێ: لە فیلمی هۆڵیۆددا هەیە، ڕۆبۆرتێ دێ و هەموو خەڵکەکە دەکوژێ و ئیدی دنیا تەواو". بەڵکو لە ئێستا لەبەردەم 3 هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایە.
1ـ شەڕی ئەتۆم.
2 ـ کێشەی ژینگە.
3 ـ گۆڕانەکانی تەکنەلۆژیا.
نووسەر پێی وایە قەبارەی ئەم هەڕەشانە هێجگار گەورە و گلۆبالن، هەر بۆیە نەتەوە و دەوڵەتەکان بەتەنیا و لۆکالی ناتوانن بەڕەو ڕووی بنەوە و پێویستە بە چەکی گلۆبال ڕووبەڕووی بوەستنەوە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەسەر زەمینی واقیع وەک دێڤاکتۆ دەیبینین ئەوەیە، هەنووکە سیاسەتی سەر شانۆی جیهانی ، بەتایبەت لەنێو دیاترینیان یەکێتی ئەوروپادا، بەدیار ناکەوێ. لەکاتێکدا ئەم یەکێتییە بۆ ئەوروپا و جیهان زۆر گرنگە لە ڕووی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنەوە.
مێژووی سەدەی ڕابووردوو دادەنێ، بە مێژووی فاشیزم کە شەڕی نێوان نەتەوە و دەوڵەتەکانە، لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەرنگوم بووە. لەگەڵ مێژووی کۆمەنیزم، کە شەڕی چینەکانە. ئەویش لە کۆتایی سەدەکەدا داڕما و مێژووی لیبەرالیزم کە ململانێی نێوان تاکە ئازادیخوازەکان و ستەمکارانە، تا ئێستا 70 ساڵ زیاترە لەسەر پێی خۆی وەستاوە و هەناسە دەدات. هاراری ڕەخنە و بۆچوونی لەسەر لیبەڕالیزم، هەیە و پێشی وایە هێشتا باشترین سیستەمە. دیسان ئەم سیستەمەش هەموو خەونەکانی نەهێناوەتە دی و جێی گشت خواستەکانی مرۆڤی تێدا نابێتەوە و ئێستا لە دۆخێکی شڕدایە.
بەم پێیە ئاماژەکان وامان پێ دەڵێ،کە مرۆڤ نائومێد بووە بۆیەشە دەبێتە دۆڕاوی یەکەمی ئەم پێشهاتانە. بە وتەیەکی تر تەکنەلۆژیا و قەڵەمبازە گەورەکانی لە بواری پێشکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤ لەلایەن سیستەمەکانەوە ـ هاراری پێی وایە لەسایەی ئەم پێشکەوتنەدا ستەمکاری و دیکتاتۆری زیاتر دەبێت و زۆر خراپتر لەوەی لەسەر دەستی هیتلەر و ستالین و مۆسۆلۆنی و فرانکۆدا ئەنجام دراـ . بۆنموونە ئاماژە بەوە دەدات لە چین، منداڵی قوتابخانەکان بازنێکی بایۆمەترییان لە مەچەک کراوە، گوایە بۆ هاوکاری فێربوون و خوێندنە، لێ لە ڕاستیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی منداڵەکەیە. مامۆستا دەزانێ: چی دەکات ؟ کەی دەخەوێ؟ لەگەڵ کێ سەرقاڵە و 24 کاژێر چی دەکات؟ و...هتد.هەروەها دەڵێ: ئەم میتۆدە لەسەر سیاسییەکانیش هەمان شتە. 
 
هاراری پێی وایە ئێستا مرۆڤ هەرچی بکات، هۆکەی ئەوەیە خۆی وەک جاران بە بەختەوەر و ئاسوودە نابینێ. جاران باوەڕ وابوو، مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتی خواوەندەوە بەڕێوە دەبرێت. خواوەند پێمان دەڵێ چ باشە و چ خراپە. پاشا و سەرۆکەکانیش لە سێبەری ئەم بۆچوونەدا ساڵانێکی زۆر خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاند بوو. بە کورتی لێردا ئەقڵ و هۆش یەخسیری دەقەکانی تەورات و ئینجیل و قورئانە و دەرفەتی کاری سەربەخۆ و بڕیاردەر و داهێنەرانەی نییە. دواتر کە ڕینیسانس و هومانیزم سەریان هەڵدا، ئەو بۆچوونە لەق و کز بوو. مرۆڤ تێگەیشت کەوا لە خودی مرۆڤەوە دەسەڵات وەردەگرێ و خۆی بڕیار دەدات چۆن هەڵسوکەوت بکات. لەسەدەی 21 و ئایندەدا، ئەمانە هەموویان دەگۆڕێن و داتایزم/Dataisim جێیان دەگرێتەوە. واتە تەکنەلۆژیا لە ڕێگای داتاکانەوە دەبێتە هێز و سەرچاوەی دەسەڵاتی بڕیاردە بەسەر مرۆڤ دا.
ئەم مێژوونووسە پێ بە پێی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مرۆڤەوە هاتوو. ئەو هێند سەرقاڵی رابووردوو نییە، بە ئەندازەی ئەوەی کەوتۆتە لیکۆڵینەوە و وێڵی چارەنووسی مرۆڤە لە 2050 و سەدەکانی ئایندەدا. هاراری لە کتێبی یەکەم دا چەردەیەکی لەم مێژووە بەسەر کردۆتەوە..دواتر لە کتێبی دووەم دا Homo Deus، باسەکانی چارەنووسی مرۆڤ لە ئایندەدا دەکات و ئەوجا بە کتێبی سێیەم ئەڵقەی باسەکەی تەواو دەکات لە نێوان سێکوچکەی رابوورد و ئێستا و ئایندەدا. ئەو دەڵێ: ئێمە مێژوو لە ڕێگای مرۆڤەوە دەناسین. داتا و تەکنەلۆژیا ناتوانێ مێژوومان پێ بڵێ. هەروەها دەڵێ: ئێمە نە لە ڕابوردوودا ژیاوین و نە لە ئایندەشدا دەژین، بەڵکو ڕۆڵەی ئەم سەردەمەی خۆمانین.
کاتێ نووسەر ڕۆژگار و ساڵی 2050 وەک نموونە دێنێتە بەرچاو، کە تێیدا ئامێری زیرەک و تەکنیکی بایەلۆژی، ڕۆڵی هەرە هەرە یەکلاکەرە و چارەنووسساز و بڕیاردەر دەگێڕن،دەڵێ: ئەوە شۆڕشی نەپساوی تەکنەلۆژیایە بەو ڕۆژەمان دەگەیەنێ.
لە ئێستا کە نەخۆشی پەتای کوشندە ـ ئەو کاتێ کتێبەکانی نووسیوە، ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ئاراد نەبووە ـ برسێتی و قاتوقڕی گەورە و جەنگی جیهانی گەورە بەسەر چووە. مرۆڤ بە زۆر ئاواتی خۆی گەشتووە و بەردەوامە لە دەست ڕاگەیشتنی بە دەستکەوتی تردا، کەچی هەستی ئاسوودەیی و حەسانەوەی پێویستی نییە. هەرچەندە هاراری وتەنی، مرۆڤ هەزار هێندی مرۆڤی جاران بەهێزترە بە پێداویستییەکانی سەردەم، کەچی نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی دەوروبەری خۆی بکات. یاخود ڕوونتر بڵێم مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر دەرەوەی خۆیدا ناشکێ. هەربۆیە گەرەکە ئینجا ئیستێک بکات و بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی وڤۆکۆس بخاتەوە سەر ناوەوی خۆی و گۆڕانکاری جەوهەری لە ناوەوەی خۆیدا ئەنجام بدات. خودی خۆی لێرەدا مەبەست جەستە و مێشک/ ئەقڵە.
لە دیدگای نووسەرەوە، ئەم نابەختەوەریی و نائاسوودەییەی مرۆڤ و گەیشتی بەم چارەنووسەی سەرەمەرگ، دەگەڕێتەوە بۆ دوو بنەما:
1ـ دەسەڵتخوازی زیاتر. 2 ـ بەختەوەری زۆرتر.
ئالێرەدا رۆژنامەوانێک لێی دەپرسێ: جا خۆ ئەمە کتومت لیبەڕالیزمە، بە سیستەمە کاپیتالیزمەکەیەوە. ئەویش لەوەڵامدا دەڵێ: لە لیبەڕالیزمدا بەهرەدارەکان توانای زیاتریان هەیە، لە خۆشگوزەرانتر بژین، ئەگەرچی لەم سیستەمەدا بایەخ بە تاک و خێزانیش دەدرێ. حەزی دەسەڵات و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و بەدەستهێنان زیاتر، کاپیتالیزمە. ئیدی مرۆڤ چی لەمە زیاتر دەوێت؟. هاراری دەڵێ: ئەمە ڕاستە ، بەڵام گەر خەڵک لە کاپیتالیزم دا، ڕازی بن بەوەی پێی گەشتوون، واتە قنیات بکەن ، ئەوە مانای وایە کاپیتالیزم دەمرێ. بەڵێ ئەمە خەسڵەتی مرۆڤە، نەک کاراکتەری کاپیتالیزم، کاپیتالیزم هاتووە کاری لەسەر ئەم زەمینەیە کردووە و بەردەوام دەکات.
هاراری پێی وایە کاتێ شۆڕشی پیشەسازی سەری هەڵدا، هەموو دەوڵەتان بەگەرمی پێشوازییان لێ نەکرد. تەنها بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بە زوویی بەرو ڕووی چوون و هاوشانی هەنگاویان هەڵهێنا. دەرئەنجام دەینینین ئەمانە پێشکەوتوون و ئەوانەی دواکەوتن، بەجێمان و نەیانتوانی وەک پێویست خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان دا بگونجێن.
ئەم یاسایە بۆ ئێستاش هەمان شتە، هەر وڵاتێ نەیەوێ لەگەڵ ئەم شۆڕشەی تەکنەلۆژیادا هەنگاو بنێ و خۆی بگونجێنێ، دوا دەکەوێ. بەواتایەکی ئەو وڵاتانە دەبنەوە کۆلۆنی ـ وەک جاری جارانی ئەفەریقا و ئاسیاـ ئەوانەی ڕابەرایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن. ئاخر ساڵی 2050 وەک ئێستا نابێت!. باشتر بڵێم لە 100 و 200 ساڵی تردا دانیشتوانی گۆی زەوی، وەک ئێستا کە لە لایەن مرۆڤەوە داگیرکراوە، وا نامێنێتەوە. بەڵکە هەموو دەبنە نموونە بوونەوەرێکی سایبۆرگ لە شاری سایبۆرگCyborg Cities .
نووسەر دەڵێ: سەدەی داهاتوو، بۆ مرۆڤ ئوتومبێل و چەک و خۆراک هێندە گرنگ نابێت، بەڵکو جەستە و هۆش/ مێشک ئەمانە دەبنە جێی بایەخی سەرەکی مرۆڤ. ئەمەش کتومت دەکاتە ئەوەی بەهێزەکان و ئاقڵەکان چانسی ژیانیان زیاتر هەیە.
ڕۆژنامەنووسێک لێی دەپرسێ: تۆ ڕۆڵی ئایین دەخەیتە دەرەوە، لە کاتێکدا داتاکانی ئێستا پێمان دەڵێ: رۆژبەرۆژ خەڵک زیاتر روودەکاتەوە ئایین و رێژەکەش تا ساڵی 2050 زۆر زیاتریش دەبێ.
ساڵی 2010٢٠١٠ % کریستیان، 31,4، موسڵمان 23,2 ، بێ ئایین16,4، بودایی7,1 ، ئەوانی تر 6,7، جولەکە0,2 .
ساڵی 2050 ڕێژەی کریستیان31,4، موسوڵمان29,7 ، بێ ئاین 13,2، بودایی5,2 ئەوانی تر5,5 ، جولەکە0,2

لە وەڵامدا دەڵێ ئایین گرنگە لێ رابین و قەشە و مەلاکان، هەموو شت دەبەنەوە بۆ دەسەڵات و توانای خواوەند.ئەمانە نەک هیچیان دانەهێناوە،بگرە بەرامبەر زۆر داهێنانی نوێ بەگومانن،وا هەست دەکەن هەستیان بریندار کراوە. ئاین جاران سەرچاوەیەکی توانای داهێنان بوو، ئێستا بۆتە پەرچەکرد،لەبەرامبەر گۆڕانکارییەکاندا. ئەوەتا ژمارەی خۆکوشتن، زیاترە لە ژمارەی کوژراوی جەنگەکان.
لە ڕوانگەی Harariوە ئەو ئالوودەیی و هۆگری و توانەوەی مرۆڤ لە ئامێرە تەکنەلۆژییەکان دا، وەک Smatphon مرۆڤی سەدەی داهاتوو، دەبێتە نیوە مرۆڤ و نیوە کۆمپیوتەری ئۆتۆماتیکی. لەگەڕانەوەدا بۆ ناوەوەی خۆمان، سەنزۆری بایۆمەتری دەبێتە بەشێک لە جەستەمان، بەشەکەی تری بەهۆی سۆشیال میدیاوە دەبنە سمارتفۆن. لەم ڕێگایەوە شت وەردەگرین و دەدەینەوە. بۆ نموونە بەهۆی ئاپێکەوەApp ێکی ناو سماتفۆنەکەتەوە، دەتوانێ کاتێ بە شەقامێکدا دەڕۆیت و مەیلی سێکست هەیە، کەسێکت دی بە دڵت بوو.دەتوانی بزانی داخۆ ئەویش خرۆشی سێکسی هەیە؟١. لەم کاتەدا کەسەکە پەستانی خوێنی زیاد دەکات و پێڵووی چاوەکانی گەورە دەبن. ئەو ئاپەی تەلەفونە زیرەکەکە ـ سمارتڤۆنەکە ئەم کارە ئەنجام دەدات.دوای ئاڵۆرگردنی داتاکان، کۆنتاکت لەگەڵ ئەو کەسەدا ساز دەدات،ئاخر ئەویش هەمان سمارتفۆنی پێیە. ئەوکات ئەگەر ئەویش مەیلی لەسەر سێکس کردن بوو، ئەوە دیدار و بە یەکگەیشتن دێتە ئاراوە. کەواتە نە مێشک ،نە چاو، نە دەم ئەم کارەی ئەنجام نەدا،بەڵکو داتاکان.
لە باس و نموونەیەکی تردا بۆ باندۆڕی شۆڕشی تەکنەلۆژیا لەسەر ئایندەی مرۆڤ، دەڵێ: کاتێ تۆ ئوتومبێل دەئاژوویت و لە چوار ڕیانێکدا دەتەوێ بەدەستی ڕاستدا، بڕۆیت، ناڤیگەیشن/ Navigation یاخود گی پی ئێس GPS، زەنگی هۆشیاریت بۆ لێدەدات و دەڵێ: لەوێوە مەڕۆ ، گیراوە!، ترافیک زۆرە. ئەمەش دەیسەلمێنێتەوە کە تەکنەلۆژیا تابێت دەبێتە جێی متمانە و سەرچاوەی زانیاری وەرگرتن،زیاتر لە هەست و زانینی خۆمان. کەواتە مرۆڤی ئایندە لە پرۆسەی ژیان دا بە میتۆدی خواڕەزمی ئۆرگانی Algorismus پێویستی بە زانیاری تەکنەلۆژیایی و تەکنیکی زیاتر هەیە، Technical Know- how.
بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم باسی بڕیاردان و هەڵسەنگاندن و خەمڵاندنە ژمێریارییە خوارەزمییە دەڵێ: مەیمونێکی پاڤیان زۆر زۆری برسییەو دەچێتە دارستانێکەوە بە دوای مۆزدا دەگەڕێ. دار مۆزێ دەبینێتەوە،تەماشا دەکات شێری لە ژێردایە. مەیموونەکە دەکەوێتە بەردەم سەرکێشییەکی تێکەڵ لە ئازایەتی و ترسنۆکی. بەلام مەیموونی ناوبراو لە چرکەساتێکی کەمدا دەبێت بڕێار بدات،ئایا بچی مۆز لە دارەکە بکاتەوە؟ داخۆ مۆزەکان گەیون؟ تۆ بڵێی شێرە پێی بزانێ؟ ئایا بەم برسێتییە توانای هەڵاتنی لەبەردەم کەڵبەی شێرەکەدا هەیە؟ چەند هەنگاوی تری ماوە بگاتە دارەکە و کۆمەڵێ هێنانوبردنی دیکە. مەیموونەکە هەموو ئەم لێکدانانەوە بە هەستی خۆی دەکات،نەک بە کاغەز و قەڵەم، یاخود هەژماردنی خوارەزمییەوە.
هەرچەندە هاراری بایەخ و حەزی زیاتر بۆ کۆمەڵایەتی و سیاسەت و فەلسەفەیە و زۆر بە دنیای تەکنەلۆژیا و بایەلۆژییەوە سەرقاڵ نییە،لەگەڵ ئەوەشدا شرۆڤە و لێکدانەوەکانی لەسەر ئەو بنەمایانە دەکات و دەڵێ: دەبێ خۆمان باشتر بناسین، هەروەک سوکرات و فەیلەسووفەکانی تر داوامان لێ دەکەن. ئیدی دەسەڵات لە خواوەند و هومانیزمەوە دەگاتە دەست داتایزمDataismus/
داتاکان دەبنە بزوێنەری و فەرمانمان پێ دەدەن. هەڵبەت ئاماژەش بەوە دەکات کە تەکنەلۆژیا خاڵی لاوازی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕۆح و هەستی نییە، دەنا هەموو کارەکانی مرۆڤ دەیکات ئەو باشتر ئەنجامی دەدات.
خاڵێکی تری سەیرو سەمەرە ئەوەیە دەڵێ: مرۆڤەکانی ئایندە دەتوانن زیاتر بژین... دەوڵەمەندەکان ماوەیەکی زۆر بە گەنجی بمێننەوە. ئەمەش نرخ و تێچووی زۆر و گرانە.!. بەڵام ئەم دۆخە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵاتی گەورە، چونکە هەژارەکان ناتوانن بێدەنگ و رەزامەند بن. شایانی ئاماژە پێدانە دنیای تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای بایەلۆژی، مرۆڤ دەخاتە بەردەم دنیایەکی کراوە و بێ کۆتایی،بە هەزاران هەزار ئەگەری کراوەوە. ڕنگە ئەکاتە کەمرۆڤ کۆنترڵێ دەوروبەری لەدەست خۆی دەدات،ئیدی ئاماژە ترسناکەکان سەرهەڵ بدەن. ئەوە نییە هاراری دەڵێ: سێ شت وا دەکەن براوەی ئایندە لە ڕێگایانەوە مەیسەر بێت: باشترکردنی جیناتەکان، ئەمەش شتێکی زەحمەت نییە. لە ڕووی تەکنیکەوە سایبۆرگ خۆمان باشتر تەیار بکەین و ببینە نیوە ئامێرێک و بەکارهێنەرانی زیرەکی دەستکردەوە.
دواجار دوو مەرجی سەرەکی باس دەکات، کەپێویست و کاریگەرن بۆ مرۆڤی ئایندە:
1ـ تێگەیشتن لە بایۆلۆژیا. 2 ـ توانای بەکارهێنانی کۆپیوتەر.
لە وەرامی پرسیارێکی لۆژیکیدا،ئایا دڵخۆشی لەو ژیانەی سەدەی ئایندە،کە مرۆڤ پێی دەگات بژیت؟ دەڵێ: گرنگترین پرسیار مەسەلەی " پەرۆش و خەمباری و ئازاچەشتنە". سەدەئ21 بە هۆی ئەو شتانەی باسمان کرد،یەک جۆر ئایندەمان ناداتێ، بەڵکو ئاسۆی جۆراوجۆرمان لەبەردەمدا دەکاتەوە...لەسەر خۆمان وەستاوە، چۆن ڕەفتار دەکەین. ئایا شۆڕشی تەکنەلۆژی ئەم پەڕۆش و ئازارچەشتنە گەورە دەکات، یاخود بچووکی دەکاتەوە؟ با نموونیەک لەسەر ئاژەڵ بهێنمەوە کە دەزانین گیانلەبەرانی وەک مانگا و مریسک و بەراز، چ ئازار و قوربانییەک دەچێژن. ئێمە دەزانین کایەی بازرگانی و شیرەمەنی و گۆشت ملیاردەها پارەی تێدەچێ. هەر یەک لەو ئاژەڵانە بە خەرجییەکی زۆر بۆ گۆشتەکەیان بەخێو دەکرێن. تەکنەلۆژی بایەلۆژی دەتوانێ ئەم پەڕۆشە گەورە بکات و ئەو ئاژەڵانە بە خێراترین شێواز ئالیک بدات،تا گۆشتی زۆرتر بە زووترین کات بگرن و قازانج زیاتر بەدەست بهێنن. چا ئەو ئاژەڵانە چ ئازار و ناڕەحەتییەک دەچێژن بۆ خاوەن کۆمپانیاکان هیچ گرنگ نییە. بەڵام دیسان لە ڕێی تەکنەلۆژی بایەلۆژییەوە دەتوانرێ،خانەیەکی گۆشت بەخێو بکرێ هێندەی گۆشتی ستێکێک Stek و بخورێت. کەواتە پێویست ناکات بۆ خواردنی ستێکێک گایەک بەخێو بکرێ و سەر ببڕدڕێ،بەڵکو لەم ڕێگایەوە ئەنجام بدرێ. پێش چەند ساڵێ پارچەیەک ستێکی دروستکراو بە 300,000$ دۆلار بوو، ئێستا بە دەوری 11$. لە ئایندەدا دەکرێ خواردنی مەکدۆناڵ هەرزانتر بفرٶشرێ.
بەڕێزان، ئەمە پوختە ئەو تێز و بۆچوونانەی هارارین، کە لە زۆربەی ڤیدیۆ و چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی لەسەر کراوەتەوە. لێرەدا ئاماژە بەو هەڕەشە و مەترسییانە دەبێ بکرێ، کە دەرکەوتنی چین وەک زلهێزێکی زەبەلاحی ئابووری و تەکنەلۆژی نوێ ، سەرچاوەی بەشێکی ئەو ترس و هەڕەشانەیە کە هاتوونەتە بەردەم مرۆڤ.
چونکە کۆمەڵگای تەندروست ئەوەیە، لە رووی سیاسییەوە خاوەنی سیستەمێکی دیموکراسی بێت، بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. لە ڕووی ئابووریشەوە دەرفەتی بازاڕی ئازاد فەراهەم بکات و مرۆڤەکان لە سایەیدا خۆشگوزەران و بەختەوەر بن. دیارە ئەوەش ڕاستە کە مرۆڤ هێشتا لە تێکوشاندایە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری کۆتایی. ئەمەش واتای وەستانی ژیانە...مرۆڤ دەستەوسان دەبێ و لە داهێنان دەکەوێ. بۆیە مانەوەی زەمینەیەکی فراوان و بە ڕوومەت بۆ ململانێ و پێشبڕکێکان بە تەندروستی زۆر پێویستە.
من پێم وایە لیبەڕالیزم لەگەڵ ئەوەشدا هەنووکە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و هەڕەشەی گەورە بۆتەوە، دیسان تا ئێستا سەرباری کەموکوڕییەکانیشی، ـ دەکرێ و پێویستە چاکتر بکرێن ـ باشترینە کە مرۆڤ پێی گەشتووە. هاراریێ ددان بەم ڕاستییەدا دەنێ و هێنری کیسنجەریش لە دوا وتاریدا بەبۆنەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە، داوا دەکات لە ئەمەریکا بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە پارێزگاری لە لیبەڕالیزم بکات.
ئەم تێزانەی هاراریش وەک گەلێک لەوانەی پێش خۆی، هەر لە چوارچێوەی هیپۆتێزەدا دەمێننەوە. بەڵام ئەوەش ڕاستە لە هەنووکەدا شۆڕشی تەکنەلۆژیا بە هەموو تەوژم و هێزی خۆیەوە سەرکردایەتی مرۆڤ بەرەو جیهان و گەردونێکی زۆر سەیر و نادیار دەکات.
من دەڵێم گەر مرۆڤ وەک بوونەوەر لەم ژیانەدا دەستەوسان کرا، ئەوە هەموو چەمک و تێگەیشتن و شێوازەکانی ژیان سەرەوبن دەبنەوە و دەبێتە حەشر و قیامەتە گەورەکە.مرۆڤ تا ئێستا بە کردەوە باش و خراپەکانییەوە، باڵا دەستی و سەروەری بەسەر دەوروبەری خۆیدا هەبوو. دەکرێ بەردەوام کار بۆ چاکردنی هەڵە و کەموکوڕییەکان بکەین،لێ ناکرێ مرۆڤ بکرێتە کۆیلەی ئاغاگەلێکی تر. گەر بەو وێستگەیە گەشتین هەرچی ترسناک و نادیارە مرۆڤ دەبێت خۆ بۆ ئاماد بکات.
کەواتە پێویست و گرنگە هەر هەنگاوێکی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون و پێشکەوتن،هەیە و دێتە پێشمان، گەرەکە هاوشانی وردی هەنگاوەکانی مرۆڤ بێت و بە سوودی بەرژەوەندییەکانی تێکڕای مرۆڤایەتی کۆتایی بێت. نەک دەستەوتاقمێکی بەهرەمەند و دەوڵەمەند و جەستە بەهێز و چاوچنۆک و زاڵم هەموو دەسەڵات و مافێکیان هەبێت جیهان دادۆشن. بە دوا وتەی مامۆستا مەسعوود محەمەد " لاپەڕەی مێژوو و کۆمەڵایەتی بەوە دادەخرێتەوە،مرۆ لە بوونێکدا لابەری و تەنها غەریزە تیایدا فەرمانڕەوا بێ". دەست لەم بابەتە هەڵدەگرم. ئاخر کورد وتەنی: ئەم هەوریرە ئاو زۆر دەخوا.
بە هیوای ئایندەیەکی تژی لە ئازادی بۆ نەتەوەکان و بێ چەوساندنەوە و دادۆشین و خۆشی و ئارامی و داهێنانی نوێ و ژیانێکی پڕ لە ڕوومەت و دادپەروەرانە بۆ تاکی مرۆڤ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە