کورد کە شکا، هەر چەکی دانەنا، عەقڵیشی دانا

Sunday, 12/04/2020, 13:52

6491 بینراوە


ئایا سەردەمی کتێب بە سەر چووە؟

ماوەیەکی زۆرە کتێبی نووسەری کورد ناخوێنمەوە. مەبەستم لە نووسەری کوردە، نەک کتێبی وەرگێڕاو بۆ زمانی کوردی، بەڵام لەم ڕۆژانەدا کتێبە نوێەکەی کاک "ناسر حەفید" بە سوپاس و پێزانینەوە کە بۆی ناردبووم، گەیشتە دەستم، هەر خێرا دەستم کرد بە خوێندنەوەی. کورد وتەنی کەوتم بە سەر کانییەکی پڕ لە مەعریفەدا و ئیتر لە ناویدا هەستم بە مرۆڤبوون و کوردبوونی خۆم کرد. ئەمە ئەو کتێبەیە کە لە سەرەتاوە هەڵت دەوەشێنێت و لە بەر دەم سەدان ڕووداو و پرسیاری جەوهەرییدا راتدەگرێت. بەبێ ئەوەی بە خۆت بزانیت تۆش دەبیتە کارەکتەرێکی ناو ژیان و مێژووی نەتەوەکەت، هەست بە داماویی، هەڵەکانی خۆت و چوار دەورت دەکەیت، دەتباتە ناو زنجیرەیەک ڕووداوی کارەساتبار و بە گیرۆدەیی دەردی بیرچونەوەی ئەو مێژووەت دەناسێنێت کە تەنها بە ناوماندا گوزەرانی کردوە و گوزارشت لە نائومێدیی سیاسیی دەکات، کە لەگەڵیدا ڕاهاتووین، بە بێ ئەوەی خوێندنەوەمان بۆیان هەبێت، یان بووبێتە وانە بۆ داهاتوومان. وەک ئەوەی پێمان بڵێت: دەبێت سەرەتا فێر بین کە چۆن فێر دەبین.
کاتێک لە خوێندنەوەی کتێبەکە بوومەوە، سەمەدی بێهرەنگیم هاتەوە یاد. لە یەکێک لە چیرۆکەکانیدا دەڵێت: "دکتۆرەکان بۆ ئەوەی نەخۆشێک چارە سەربکەن، سەرەتا دەگەڕێن بە دوای میکرۆبی نەخۆشییەکەدا." کاکە نالەش ڕێک بە دوای میکرۆبەکەدا گەڕاوە تا نەخۆشەکە بناسێت. با ئێمەش لێرەدا گەشتێکی خێرا بە ناو ئەم کتێبە ناوازەیەدا بکەین:
کاکە نالە دەڵێت:
 "ڕابردووت ئەمڕۆی لە کیس دایت، ئێستا کاتی ئەوەیە داهاتووی خۆت دیاری بکەیت!"
وەک بڵێیت هەمیشە کاتی ئەوە ماوە هەڵەکانمان ڕاست بکەینەوە. ئەمە بەو مانایە، کە ئێمە بە درێژایی مێژوومان لە سەر ئەو خاکەی کە ناوی کوردستانە، ئەمڕۆمان بە سبەینێ سپاردوە، نائاگا لەوەی پاشەڕۆژمان نەبووە، بەڵکو ئێمە بە درێژایی ڕێگاکە بە تونێلێکی تاریکدا ڕێگەمان کردوە، کە هیچ ڕۆشناییەک لێمانەوە دیار نەبووە. هەر بۆیە بەم ڕۆژگارەش گەیشتووین کە نازانین سبەی چیمان لێدێت؟
ئێمە خەریکی شتێک بووین و بە ناوی شۆڕشەوە قوربانی زۆرمان داوە، خوێنێکی زۆرمان لێ ڕۆیشتوە، تراژیدیای گەورەمان چنیوەتەوە: (ماڵوێرانیی، خاک سوتان، بۆردومان، زیندان و وێرانبوون)مان بە سەردا هاتووە. چیرۆکی پڕ ئازاری سەیرمان بە میرات بۆ ماوەتەوە، کە نازانین تاکەی درێژەی دەبێت؟ بەڵام کاکە نالە دەڵێت:
"شۆڕش لە چەکدا نییە، لەو ئەقڵەدایە کە چەکەکەی پێ هەڵدەگریت."
بە ڕاستیی ئەمە لایەنی تێگەیشتنێکە کە دەبوو بەر لە چەند سەد ساڵێک کورد بیری لەوە بکردایەتەوە، کە مەعریفە لای چەکدارەکان دروست بکات.
جاران چەکدارێک باسی جیهانگیریی دەکرد، کەچی جوگرافیای گوندەکەی خۆی نەدەزانی. یان کاتێک ئاغاکەی دەگەڕایەوە نێو باوەشی ڕژێم، چەکدارەکەش بیری دەچوو نیشتمان و ئایدیا چییە؟ ڕاستەو خۆ دوای ئاغاکەی دەکەوت. من لە ساڵی ١٩٨٥دا ئەم دیاردەیەم لە ناوچەی خۆشناوەتی بە چاوی خۆم بینی. تەنانەت کەسانی وا ڕۆیشتنەوە لای ڕژێم کە منداڵەکانیشیان ناو نابوو "کۆمەڵە".
بۆ ئەوەی بەشداربیت لە دنیا گۆڕیندا، دەبێت ئامادەییت تێیدا بێت، کە خۆت بگۆڕیت. لای کاکە نالە شۆڕشکردن بە موراڵ دەکرێت. ئەو دەڵێت:
"بەندیخانەیەک ناڕوخێت، دیوارەکانی نەبینیت."
ڕاستیی وایە مرۆڤ دەبێت واز لە خەیاڵ پڵاویی بهێنێت. چونکە خەیاڵ تەنها لە هزردا دێت و جێگەیان دەبێتەوە.
ئێمە گەلێکی سەیرین...!؟ زۆر جاران لە خۆمانەوە بەبێ پلان لە دوژمنەکانمان دەبورین، یان بەرگریی لە داگیرکەرانمان دەکەین. ئەمە بەو مانایە نا، کە ئێمە وەک ئەوروپییەکان موراڵمان لە لوتکەدا بێت. چونکە لەم کتێبەدا نمونەی زۆری مێژوو دەهێنێتەوە کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لە ئەوروپا پەیڕەو کراوە بۆ ئەشکەنجەدان. بەڵام دوای شۆرشی فەڕەنسا، لە ئەوروپادا گۆڕان بە سەر موراڵی خەڵکدا هات. کەچی لە لای ئێمە ئێستا پەیڕەوی سەدەکانی ناوەڕاست دەکەین.
موراڵ لامان نییە، یان مانایەکی دیکەی هەیە و لە شتێکی تردا دەیبینینەوە. لەو کتێبەدا کۆمەڵێک نمونەی زیندووی تێدایە لە سەر ئێران، تورکیا و سعودیە کە دەکرێت ئێمە هەڵوێستەی لە سەر بکەین. چونکە ئێمەش چاو لەوان دەکەین، لەوێدا ئاین باشترین پاساوە بۆ هەڵەی کردارەکانمان. سەدان نمونەمان هەیە کە لەوانەی تورک، فارس، عەرەب قێزەوەنتر بەو شێوەیە ڕەفتارمان لەگەڵ مرۆڤا کردووە، چاکتر بڵێم لەو هەرێمەی کورد کە ماوەی سێ دەیە حاکمە تێیدا لەگەڵ خۆماندا بەرخوردمان کردوە، . بەڵام فڕۆکەوانەکان و جەلادەکان لە لامان شەو دەکەنەوە و جێگەو پێگەیان هەیە لە تاک بە تاکمان دەسەڵاتترن. لە دادگاکانی جیهانیشدا ئێمە شلگێڕانە بەرگرییان لێ دەکەین، نمونەمان زۆرەو پێویستی بە دووبارە کردنەوە نییە. من خەڵک دەناسم پێی وتووم کە سەدام لە دار درا گریام کەچی کاتێک (دوعا)یان بەردباران کرد دەیووت: ئابڕوو دەبێت ئاوا بەرخوردی لەگەڵدا بکرێت!
لای کاکە نالە وایە کە
 "ئێمە قوربانیمان داوە، بەڵام پێی ڕزگار نەبووین. چونکە ئەم سەرەی ئێمە ئەقڵێکی خراوەتە سەر کە کار بۆ یەکێکی تردەکات. "
واتە کار بۆ داگیرکەران دەکەین. تۆ سەیری ئەو هەموو قەشمەرە بکە کە لە بەغدادی تاواندا کوردن و حاکمن. جگە لە مەینەتیی و داماویی چییان بۆ کورد کردووە؟ بەڵام ئەمانە لە عەرەبەکان عێراقیی ترن.
"ئێمە تا ئێستا بە مێژووی شکانی خۆماندا نەچوینەتەوە."
ئەمە وتەیەکە، کە پێمان دەڵێت: ئێمە لە ڕووی سیاسیی، فکریی، کولتوریی و کۆمەڵایەتییەوە لە کێشەداین. مێژوو هیچی فێر نەکردووین. تەنها وەک گەمەیەک سەیرمان کردوە. ئەوەتانێ هەڵسوکەوتی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، ڕەوتێکی داماوی گرتووە. هەمیشە لە سەرەتاداین، یان هەر دەستمان پێ نەکردووە. دنیا بینیی ئێمە دنیابینییەکی تەسک و ڕۆژانەیە، ئەمڕۆ لە خەمی بەیانیدا نین، چ جای ئەوەی پلانمان هەبێت بۆ داهاتوویەکی درێژخایەن.
"بزوتنەوەی رزگاریی کورد لە ئەقڵێک موتوربە کرا کە ئەقڵی کورد نییە."
ئەم قسەیە زۆر ڕاستە ئێمە کە بوینەتە چەپ هێندە لە خەمی نەتەوەی سەردەستدا بووین، بە وشەیەکیش باسمان لە ئازاری نەتەوەکەمان نەکردوە، کە بووینە ئیسلامیش هەمیشە لە بچوکیی خۆماندا وتارە دینییەکانیشمان بە عەرەبیی داوە. دەیان نمونەی قێزەون هەن. مەلاکان دەڵێن ئێمە سەلاموعەلێکمان هەیە. بەیانی باش، نیوەڕۆ باش، ئێوارەباش و سڵاو چ بێمانایە؟ ئەوە شەریکە بۆ خوای پەیدا دەکەیت.
ئینگلیزەکان زوو دەرکیان بەوە کردوە، کە کورد میللەتێکە لە ڕێگەی خوێندەوارەکانیاوە باشتر هەڵدەخڵەتێت. هەستان چەند ڕۆژنامەیەکیان لە ڕێگەی خوێندەوارە خۆفرۆشەکانیەوە دەرکرد. کورد نەیپرسی ناوەڕۆکی ئەم نووسینانە چییە؟ بەڵکو ئەوان بە دەرچونی ڕۆژنامەکەیان کە کوردیی بوون، بە کوردایەتییان دەزانی. ئەمە ئەو نمونە زیندوەیە، کە لە ناو ئەم کتێبەدا بە بیرت دەهێنێتەوە، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کورد ئەوانە بە خۆفرۆش و خائین نازانێت، بەڵکو لە مێژوودا بەکەسانی ڕۆشبیر ناویان دەهێنێت، مێژوو وەک پاڵەوان باسیان دەکات، بەوانەشەوە کە سوپای عێراق و لەشکری حەمیدییەیان دروست کرد.
ئەگەر ئێمە سەیری نوسراو و کتێبی کوردیی بکەیت، دەیان هۆنراوە، چیرۆک و وتارمان هەیە بۆ دنیا. بەڵام بۆ خۆمان جگە لە کڕوزانەوە هیچمان نییە. بۆیە کاکە نالە دەڵێت دەوڵەت بۆ فەڵەستین و ڕەحمیش بە کوردی پلە دوو داوا دەکەن.
لای کاکە نالە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە، ئیتر کورد خەریکی خۆگونجاندن بووە لەگەڵ ژێردەستەییدا. ئەمە ڕاستیەکی زۆر تەواوە. گەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ ئەو کاتەی کە ئەمەریکیەکان هاتن عێراقیان داگیرکرد، سەرانی کورد گەورەترین فرسەتی مێژوویی هاتە بەردەمیان.... چیان کرد؟ ڕایان کرد بۆ بەغداد لە کاتێکدا لە عێراقدا پۆلیسێکی هاتوچۆ نەمابوو. لە عەرەبەکان زیاتر ئەم کوردانە لە خەمی دروستکردنەوەی عێراقدابوون.
ئەم کتێبە زۆر خاڵی یەکلاکەرەوەی تێدایە. بە لای منەوە دەکرێت ئەمە بکرێتە مانیڤێستی ڕزگاریی کورد. بۆ نمونە ئێمە لەو بەشە داگیرکراوەی کە ناوی باشورە ماوەی سەد ساڵە لە لوتکەی هەڵچون و داچونداین. بەڵام نە کورد دەزانێت چی دەوێت؟ نە حاکمانی عێراق دەزانن لەگەڵ ئێمەدا چۆن و چی بکەن ؟ ئەم کتێبە خاڵێکی یەکلاکەرەوە دەوروژێنێت ئەویش دەستنیشان کردنی سنورە.
کاکە نالە دەڵێت:
"دیاریکردنی سنوری کوردستان لە کورد زیاتر بۆ عەرەب گرنگە."
چونکە ئەو کاتە ڕێگە لە دەستتێخستنی وڵاتان دەگرن بۆ نانەوەی ناکۆکیی و شەڕ. لای کاکە نالە دەبێت هەردوو گەلی کورد و عەرەب، وەک سامانی مرۆیی لە یەک بڕوانن. سەیری دەسەڵاتی هەرێم بکە، هەر جارێک بەغداد دەڵێت: ئێوە دزیی نەوت دەکەن، ئەوان دەڵێن: کەرکوک دەگەڕێنینەوە سەر هەرێم. لە کاتێکدا سنوری کوردستان شاخی حەمرینە، نەک کەرکوک. کاتێکیش موچە و بەرات دێت لە بەغدادی تاوانەوە، دەسەڵاتدارانی کورد دەڵێن: کەرکوک شاری برایەتییە، شاری عێراقە، شاری پێکەوە ژیانە. دوایی بینیشمان چۆن لە ناو ماڵی خۆماندا لە ڕێگەی ئەو سیاسییە نەخوێندەوارانەمانەوە، کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانیان خستە ناو قومارەوە و مادەیان بە بەری هەڵچنی بە ناوی مادەی (١٤٠)وە، ئیستاشی لەگەڵدا بێت هەر ژمارەیەکی قومارە و هەرگیز هیچی لێ سەوز نابێت. 
لە ناو ئەم کتێبەدا زۆر ئاگایانە باسی ئەم سازشە ترسنۆکانە کراوە کە سەرانی کورد پێی هەستاون. کاتێکیش دێتە سەر کەسایەتیی پێشمەرگە، کۆمەڵێک ستایشی جوانی تێدایە، بە لای منەوە پێشمەرگەی ئێستا نا کە جلی "قوات خاسەیان" لە بەر کردوون و بێدەنگن لەو هەموو دزیی و تاڵانیی و تاوانەش کە بە بەر چاویانەوە دەکرێت و ئەوان بەرگریی لێ دەکەن، بەو بێدەنگییەی هەڵیان بژاردووە، یان ئەوانەی لە بەردەرکی سەرا لە خەڵکیان دەدا یان ئەوانەی لە شێلادزێ بەرگرییان لە سوپای تورک دەکرد.
ئەم کتێبە پڕۆژەیەکە، دەکرێت وانەی زۆر ڕەوشتیی لێوە فێربین و بکرێتە بنەمای دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی و تاکی کوردی ئازاد. چونکە زۆر بە وریایی و ئاگایەوە نەخشەکانی کێشاوە، کۆدی سەرکەوتنی یەکجاریی و ڕزگاربوون لەو پاشاگەردانییە لە ناو ئەم کتێبەدا خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. "پاراستنی شوێنە گشتییەکان، دادوەریی، پرەنسیپی نانی بێمنەت، دنیابینیی، وەک دەڵێت:
"هیچ گەلێک بە پێوری گەلێکی دی نانرخێت."
 لە ناو ئەم کتێبەدا کە دوا جار خوێنەر دەڵێت ئەمە پڕۆژەی حیزبێکی پێشڕەوە یان سیاسەتی نیشتمانیی گەلێکی هوشیارە، دەکرێت ژیان لە سەری بینات بکرێت. خوێندنەوەی ئەم کتێبە تەنها ڕێگەی سیاسیی پیشانی تاکی کورد نادات، بەڵکو فێربوونی مرۆڤبوون و دنیابوونێکی جیاوازمان بۆ دەر دەخات کە ناتوانین سادە سەیری ئەم ژیانە بکەین و ئەرکی مرۆڤبوون و کوردبوونمان لە تای تەرازوو نەدەین.
ئەم کتێبە زۆر قسە هەڵدەگرێت بە هیوام تاکی کورد خۆی بێبەش نەکات لەم جەوهەرە نایەبە. چونکە زۆر ئازایانە مێژووی کۆن و ڕووداوی تازەی ئاوێزانی یەک کردووە، چاک ئەقڵی چەپ و ئیسلامی عوسمانلیی و نەتەوەی سەردەستی شرۆڤەکردوە، دەکرێت ئێمە وەک کاکە نالە پێمان دەڵێت: "پێویستە پێش ئەوەی چەک بەرامبەر دوژمنەکەت هەڵبگریت، یەخەی مێژووەکەی خۆت بگریت، غیرەتی هەڵکێشانی پرسیارت هەبێت لە ڕابوردوی خۆت. چونکە مێژوویەکە، داگیرکەران لە خاڵی ژێرکەوتنەوە بۆیان خستویتە سەر سکە."
ئەم کتێبە نایەبە کە من لەگەڵ ناوەکەیدا نیم. گەرچی لە سەرەتاوە زۆر بە ڕوونی باسی ( ٤کاف) ت بۆ دەکات، بەڵام گەر ئەمە کتێبێک بێت لە جامخانەی کتێبخانەیەکدا بەر چاوم بکەوێت، سەرنجم ڕاناکێشێت. بریا هەر ناوی "ڕێگەیەک بۆ مرۆڤبوون" بووایە. پاشان کاتێک لە بەرگەکەیدا دروشمێکی تر دەبینی نوسراوە: "ئەو گەلەی گەلێکی تری دابێت بە زەویدا خۆشی بە پێوە نییە." من ڕستەیەکی کارل مارکسم بیر کەوتەوە کە دەڵێت: "گەلێک گەلێکی تر بچەوسێنێتەوە خۆشی ئازاد نییە."
دوا جار دەستخۆشی لە برای بەرێزم کاکە نالە دەکەم بۆ ئەو جوامێرییەی کە ئەم کتێبە چاکەی نووسی کە پڕۆژەیەکی بە پێزو پڕمانای بەرهەم هێناوە. هیوادارم بگاتە دەست هەموو تاکێکی گەلەکەم ...شادو ئازاد بیت.

بو خوێندنەوەی کتێبەکە سەردانی کتێبخانەی کوردستانپۆست بکە، یان کلیکی ئەو لینکە و لە خوارەوە بیخوێنەرەوە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە