لە کەیسی "مستەفا سەلیمی"دا باوەڕ بەکێ بکەین؟

Monday, 04.13.2020, 23:37

4888 بینراوە


گەرچی من دەستم لەم دەسەڵاتە کوردییەی باشووری کوردستان شۆریوە و توانای ئەوەم نییە، سەیری کارو کردەوەکانیان بکەم، بەڵام تا سەر ئێسقان نامۆیی خۆم بەرامبەر بەو ڕەفتار و بەدڕەوشتیەی ئەوان پیشان دەدەم، کە لەماوەی ئەم 29 ساڵەدا بە رێنمایی ئێران و تورکیا پیادەی دەکەن.
لەم کاتەدا کە جیهان لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە شەڕدایە و سەرقاڵی چارەسەرێکن بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی لە دەست بەڵای ئەو پەتایە، تەنانەت لە زۆر ووڵات دەرگای زیندانەکانیان ئاواڵاکردوە، لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانیش لە شاری سەقز زیندانێک شکێنراوە، کەسێک بە ناوی "مستەفا سەلیمی" گوایا ماوەی ١٧ساڵ لەو زیندانەدا بەندکرابوو، لەو ڕووداوەدا دەرفەت دەهێنێت و هەڵدێت، دیارە زۆرکەسی ترهەبووە لە زیندانییەکان کە هەڵهاتوون، بەڵام چیرۆکی مستەفا سەلیمی لە هەموویان سەرنج ڕاکێشتر و تراژیدیاترە، کە لە ماوەی چەند رۆژێکدا هاتە ناومانەوە. لەلایەک "عەلی جوانمەردی" پێداری دەکات کە مستەفا سەلیمی لەلایەن ئاسایشی یەکێتیەوە تەسلیم بە کۆماری ئیسلامی کراوە، ئاسایشیش لە شەش خاڵدا ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: لە داتای ئاسایشدا کەسێک تۆمار نەکراوە بەو ناوەوە، هەروەها دەڵێت ئێمە داوای یاسای لەسەر ئەو تۆمەتانە بەرزدەکەینەوە، کە ئاراستەمان کراوە.
 سەیر لەوەدایە، کە حیزبی دیمکراتی کوردستانی ئێرانیش دەڵێت، ئێمە نە لەهاتنی ئاگادارین و نە تۆمەت بەکەس دەکەین، چونکە ناوبراو لە بانە گیراوە، نەک لە سنوری باشور تەسلیم بە ئیتڵاعات کرابێت.
دەڵێن مستەفا سەلیمی ماوەی سێ ساڵ پێشمەرگەی دیمکرات بووە، کەچی لە ناو ئەم گەرەلاوژەیەدا کۆماری ئیسلامی ئێران بروسکەی دەستخۆشی بۆ هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی لێدەدات و لەگرتی هەڵاتویەکدا، پیرۆربایی و ستایشیان دەکات،  بە دوای ئەمەدا کۆماری ئیسلامی ئێران "مستەفا سەلیمی " لە ڕۆژی هەینیدا لە داردەدات. پەرلەمانی هەولێریش داوای ڕوونکردنەوە دەکات، ئیتر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پڕبووە لە بەدواچوون بۆ کەیسی مستەفا سەلیمی. لە هەمووی شاگەشکەتر مێدیای پارتییە کە دەڵێی هەنگوینیان لە داردا دۆزیوەتەوە و کەوتوونەتە دەهۆڵ کوتاندن، وەک ئەوەی خۆیان تاکە جارێک چییە خیانەتیان لە کورد نەکردبێت و سڵێمانی موعێنی و د. شڤان و هەزاران کەیسی تریان رادەستی دوژمنی سەرسەختی کورد نەکردبێت. 
پارتیی و یەکێتیی هەردووکیان، کە دەیان و سەدان کاری وایان لە رابردوودا ئەنجام داوە، بەلای منەوە ئەگەر هەر کەسێک گومان لە تەسلیمکردنەوەی مستەفا سەلیمی هەبێت، ئەوا ساویلکە، یان گەمژە، یاخود بیرکردنەوە و کرداری وەکو ئەو حیزبانە خیانەتکارانەیە، ئەوەی پاساوی بۆ دەهێنتەوە کەسانی ماستاوچی، بندیوار و ڕیسوایە، کە ئێمە نابێت تەوێڵی هیچ لایەک لەم تاوانە خاوێن بکەینەوە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەدەی ڕابردوو دەیان کاری وا قێزەون و چیرۆکی پڕتراژیدا دەبێتە باس و خواست بۆمان، کە لەدوای ڕاپەڕینەوە سەدان کورد لە بەشەداگیرکراوەکانی ڕۆژئاواو باکوردا تەسلیمی تورکیا و ئێران کراون، یان  لە ڕێگەی ئیتلاعات و میتەوە تیرۆرکراون، هەر بەر لەماوەیەک دووگەریلا لە چیای ئەزمڕ تیرۆرکرا، من زۆر نیگەرانم کە ئەمانە چوبێتنە سلێمانی و لەوێوە ئەم وێنەیە چرکێنرابێت. 
تاکو ئێستا لە هەرێمی لاقەکراودا ٣٧٠ کەسایەتی ڕۆژهەڵات تیرۆرکراون، جا ئەو تیرۆرکردنە بەدەستی چەتەکانی دەسەڵات بووبێت، یان لە زەمینە سازیەکدا بۆ ئیتیلاعات ئامادەکرابێت، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت. چونکە تاوانەکان ئەنجام دراون، سەمەرە لەوەدایە دوو پارتی ڕۆژهەڵات کە چەند گروپیان لێجیابۆتەوە هەواریان لە باشور هەڵداوە، موچە وەردەگرن، بێدەنگن لەو هەموو سوکایەتییەی کە بە گەلەکەمان دەکرێت، چونکە ڕابەرەکانیان بەئارەزووی خۆیان  لە ڕێگەی فڕۆکەخانەکانیانەوە تەراتێن دەکەن و ئەوانی تریش لە ئۆردوگاکاندا ژیانێکی مەمرە و مەژی بەڕێ دەکەن، کەچی کۆماری خوێن و دەزگای تیرۆری میت لە کوێ و لە چ جێگەیەک ویستبێتیان دەستی بەخۆیان وەشاندوە، دوایی لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دیزە بەخۆنە کراوە و لە هزری خەڵکدا سڕاوەتەوە.
لە ماوەی ئەم ٢٨ساڵەی ئەم قەشمەرانەدا هەزاران کەیسی تیرۆر، دزی، جاشایەتی، سیخوڕی، فایلداری، خاکفرۆشتن، نەوت فرۆشتن ژنکوشتن و دەیان کەیسی تاوانی تر روویان داوە. لیژنەی بۆ دروستکراوە، بەڵام نەخەڵک پرسیوێتی بەچی گەیشتوە، نەکەسوکاری قوربانییەکان هاتوونەتە دەنگ.
پەندێکی هۆلەندی هەیە دەڵێت: "سەرباز ناتوانێت شوێنی مردنی هەڵبژێرێت" مستەفا سەلیمی ڕێک ئەو کەسە بوو کە ماوەی ١٧ساڵ لە زیندانی کۆماری خوێندا بەرگەی گرت و نەمرد، دوایی هات تا لە بەشێکی نیشتماندا هەوای ئازادیی هەڵمژێت، بەڵام بێئاگا لەوەی ئەمانە لە کۆماری خوێن بەدتر و سوکتر و تاوانبارتر بوون. ئەو سیناریۆیە ناشرینەیان بۆ نەخشان و ئێستاش حاشای لێدەکەن.
ئێستا هەست بەشەرمەزاری دەکەم کە ڕۆژێک لەگەڵ ئەو هێزەدا چەکداربووم، لام وایە مرۆڤ لە سیاسەتکردندا دەبێت وەک ڕێگەی ڕاست ڕاستگۆبێت، داوای لێبوردن دەکەم لە گەلەکەم، کە ئێمە ئەو هەمووهێزە تێکشکاوە چووینە ڕۆژهەڵات، لە دوای ئەنفالەکان باوەشیان بۆ کردینەوە، خانوبەرەیان داینێ، هیوایان پێ بەخشین، نانیان داینێ، ئێستا چۆن ئەوانە نیگەران نەبن لەکاتێکدا ئاسایشی ئەم هەرێمە لەم قەشمەر خانەیەدا جاشێکی خەفیفە زیاتر لە ١٥ساڵە ئاسایشی سلێمانی بەڕێوە دەبات، کۆمەڵێک هەرچی و پەرچی کە نووسەرێکی خۆفرۆش ناوی ناون کوڕانی شاری بە باڵایان دادەدڕێت، هەرێمی سەوزیان قۆرخ کردوە لای هەرێمی زەردیش بنەماڵەیەکی تا سەر ئێسقان ترسنۆک خائین بەشێکی تری نیشتیمانیان کۆنترۆڵ کردوە، بکوژو ببڕخۆیانن.
مستەفا سەلیمی تەنها مرۆڤێک نییە کە تەسلیمی کۆماری خوێنیان کردۆتەوە، بەڵکو ئەمە زەمینەیەکە بۆ ئەوەی کە لەناو کورددا نیفاق و بێمتمانەی و شەڕ دروست بکەن، هێندەی تر گەلی کورد لەبەشە داگیرکراوەکانی تردا لەیەک بترازێنن، هەر وەک چۆن بنەماڵەی مەلامستەفا کوردانی ئێزیدیان دایە دەست چەتەکانی داعش، ئێستا کوردانی ئێزیدی حاشا لە کوردبونی خۆیان دەکەن لەکاتێکدا مێژوویان زمانیان کەلتوریان کوردیە، ئاواش دەیانەوێت کوردی بەشەکانی تر لە رێگای دوو رووداوی ئاواوە بکەنە ناحەز و دوژمنی یەکتر.

بەڕاستی هێندە لەسەردەمێکی ئاڵۆزدا ژیان دەکەین، لەکاتێکدا جاران دەمان ووت پێویستە مرۆڤ بێ پەشیمانی ژیان بکات، ئێستا نەک لەژیان کردن پەشیمانین بەڵکو شەرم دەکەین لەناو مێژوویەکدا دەژین کە هەڵکێشراوە لەتاوان و ترسنۆکی، ئێمەش بێدەنگیمان هەڵبژاردوە. ئێمە ڕێگەیەک دەکەین هیچ ئامانجێکمان لێدیار نییە، ڕێگەمان لە ژیاندا پڕە لەهیچ.
دواجار ووتەیەکی ڕۆسۆم بیرکەوتەوە کە دەڵێت "وازهێنان لەئازادی، وازهێنانە لەمرۆڤایەتی " ئێمە بەڕاستی داشۆراوین لە هەمووشتێک، ئاخر خەریکە بەبێ ئەوەی بەخۆمان بزانین تەسلیمی نائومێدی دەبین.
تا ئێمە ئاوا سەرمان وەک نەعامە لە خۆڵنابێت مستەفا سەلیمی دوا قوربانی نابێت، چ شەرمەزارییەکە ئەو ستەمە قبوڵ بکەیت بەدڵ ڕقم لەو مرۆڤانەیە کە بۆ ژیان دەپاڕێنەوە تا لە سەر ئەژنۆکانیان ڕۆژەکان بەسەر بەرن، ئەم هەموو کەناڵە، ئەم هەموو ڕۆژنامەنوس و نورەسە قەشمەرە، ئەم هەموو شانۆکار و فلیم سازە، کەچی هەزاران کەیس مرداربونەتەوە، ئاخر خەڵکی ڕۆژ هەڵات "عەزیز وەیس و سۆرانی مام ئیسماعیل و چەند جرجێکی بەزمی بەزم نمایندەیانە لەگەڵ حسێن یەزدان و چەند ئیتلاعاتێک چ جیاوازییەکیان هەیە، بۆیە کە مستەفایەک یاخی دەبێت سەرئەنجام دەبێت ببرێتەوە لەوێ لەدار بدرێت.
تێبینی: ئەم نووسینەم پشتگیریی نییە بۆ مستەفای سەلیمی، چونکە ئەو کەسە ناناسم، لە راستییدا نازانم کەسێکی سیاسیی بووە، یان پیاوکوژ، ئەوەی منی هاندا قسەی لەسەر بکەم، چۆنیەتی تەسلیمکردنەوەی بوو بە دوژمن و داگیرکەرێک، ئەویش لەلایەن دەسەڵاتێک کە خۆی ناوناوە دەسەڵاتی کوردی. زیاتر لەو بارەیەوە وەکو کوردستانپۆست پێی راگەیاندنم، ئەوان خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتێکن لەسەر ئەم کەیسە، بۆیە منیش درێژەی نادەمێ و لێی دەگەڕێم.




(دەنگدراوە: 9 . زۆرباشە: 3/5)