خاڵە‌ پۆزەتیڤ و نێگە‌تیڤە‌كانی حكومە‌تی سە‌رۆكایە‌تی

Tuesday, 14/04/2020, 8:55

2100 بینراوە


لە‌نێو سیستە‌می سە‌رۆكایە‌تیدا دە‌سە‌ڵاتێكی فراوان و ناوە‌ندی دە‌درێتە‌ سە‌رۆكی دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێكردن و لە‌كاتی جە‌نگ و تە‌نگژە‌شدا خاوە‌نی بە‌ھایە‌كی گە‌ورە‌یە‌و بۆ چە‌ند ساڵێك سیستمێكی چالاك و بە‌ھێز دێنێتە‌ دی، لە‌بە‌رە‌وە‌ی ڕزگاری بوو لە‌ ناسە‌قامگیری و ناڕە‌زایی كە‌ لە‌سیستە‌مێكی فرە‌یی خاوە‌ن دە‌سە‌ڵاتدا ھە‌یە‌، لە‌توانادایە‌ سیاسە‌تێكی كارگێڕی بە‌زیندویی و بە‌بێ دۆڕاندنی پشتگیری ئە‌ندامانی پە‌رلە‌مان و لاوازكردنی ھاوسە‌نگی سیاسی بگرێتە‌بە‌ر.
كۆمە‌ڵێك خاڵێ پۆزە‌تیڤیش لە‌نێو ئە‌م سیستە‌مە‌دا ھە‌یە‌ كە‌ بریتین لەوە‌ی وە‌زیرە‌كان بە‌ردە‌وام لە‌لایە‌ن پە‌رلە‌مانە‌وە‌ دووچاری لێپێچینە‌وە‌ نابن، ئە‌مە‌ش وادە‌كات سە‌رجە‌م كاتە‌كانیان بۆ كاروبارە‌ كارگێڕییە‌كانی وە‌زارە‌تە‌كان بە‌كاربێنن . ھە‌روە‌ھا لە‌‌سیستە‌می سە‌رۆكایە‌تیدا ھە‌لی ئە‌وە‌ دە‌ڕە‌خسێت فە‌رمانبە‌ر بۆ سە‌رۆكایە‌تی بە‌شە‌كان ھە‌ڵبژێردرێت، لە‌كاتێكدا دە‌بینین لە‌نێو سیستە‌می وە‌زاریدا ھە‌ڵبژاردنی سە‌رۆك بە‌شە‌كان لە‌لایە‌ن سە‌رۆكی پارتە‌كانە‌وە‌یە‌، زۆرجار بە‌ ھە‌ڵبژاردنێكی سە‌ركە‌وتوو دانانرێت لە‌بە‌رە‌وە‌ی پشت بە‌ئینتیمای حزبی دە‌بە‌ستێت .
بە‌ شێوە‌یە‌كی گشتی لە‌نێو سیستە‌می سە‌‌رۆكایە‌تیدا كارێگە‌ری ڕۆحییە‌‌تی حزبی بە‌سە‌ر پە‌رلە‌مانە‌وە‌ كە‌مە‌، لێرە‌وە‌ ئە‌ندام پە‌رلە‌مانە‌كان بە‌شێوە‌یە‌كی سە‌ربە‌خۆ و ئازاد ڕاو بۆچوون و دە‌نگی خۆیان دە‌دە‌ن لە‌سە‌ر ئە‌و مە‌سە‌لانە‌ی كە‌ دە‌خرێنە‌ بە‌ردە‌میان بە‌جۆرێك چارە‌نووسی پۆستە‌ كارگێڕییە‌كانیان پە‌یوە‌ست نییە‌ بە‌ڕە‌خنە‌ تووندە‌كانیان .
لە‌لایە‌كی تریشە‌وە‌ لە‌سیستە‌می سە‌‌رۆكایە‌تیدا خاڵی زۆر لاواز ھە‌یە‌، بۆ نموونە‌ گرنگی پۆستی سە‌رۆك كۆمار لە‌كاتی ھە‌‌ڵبژاردنە‌‌كاندا ھە‌ندێك ناكۆكی سیاسی لێدە‌كە‌وێتە‌وە‌، ئە‌و ناكۆكییانە‌ لە‌وڵاتە‌ ناجێگیرە‌كاندا ھە‌ندێكجار سە‌ر بۆ شۆڕش دە‌كێشێت كاتێك دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێكردن و یاسادانان لە‌چە‌ند پارتێكی جۆراوجۆر پێكبێت كە‌ مە‌ترسی ڕوودانی بە‌ریە‌ككە‌وتن و پێكدادان لە‌ئارادایە‌ . دیارە‌ ھە‌ندێك ناكۆكی لە‌نێوان سە‌رۆكی دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێكردن و پە‌رلە‌ماندا ڕوودە‌دات، دە‌بینین ھە‌ریە‌كێكیان بە‌رپرسیارێكی دە‌خاتە‌ پسڵ ئە‌وی ترو ھیچ كارێك ئە‌نجام نادرێت بە‌ر لە‌ماوە‌ی ھە‌ڵبژاردنی نوێدا، كە‌ سنوورێك بۆ ئە‌و ناكۆكییە‌ دادە‌نێت، لە‌وانە‌یە‌ ئە‌و ماوە‌یە‌ دووربێت ھە‌ر بازنە‌یە‌كیش چاودە‌بڕێتە‌ بازنە‌یە‌كی دی، لە‌بە‌رئە‌وە‌ لە‌‌وانە‌یە‌ دووبە‌رە‌كی لە‌نێوانیاندا دروستبێت سە‌بارە‌ت بە‌نوێكردنە‌وە‌ی سنووری دە‌سە‌ڵاتی ھە‌ریە‌كە‌یان بە‌پێچە‌وانە‌ی سیستە‌می وە‌‌زارییە‌وە‌ كە‌ تێیدا یە‌ك لیژنە‌ كە‌ بریتییە‌ لە‌ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران، ئە‌ركی ئاڕاستە‌كردنی یاسادانان دە‌گرێتە‌ ئە‌ستۆ، دە‌بینین لە‌نێو سیستە‌می سە‌رۆكایە‌تیدا دە‌سە‌ڵاتی یاسادانان لە‌چە‌ند لیژنە‌یە‌كی یاسادانانی سە‌ربە‌خۆ پێكدێت، بە‌م شێوە‌یە‌ دە‌سە‌ڵاتە‌كان دابە‌شدە‌بن و لێپرسراوە‌تییە‌كانیش بە‌ھە‌دە‌ردە‌چن .
ئینجا دە‌سە‌ڵاتە‌كانی ھە‌ریە‌ك لە‌و لیژنانە‌ی بە‌ریە‌ككە‌وتنیان ھە‌یە‌ و لە‌بارودۆخێكدا كاردە‌كە‌ن كە‌ كاریگە‌ری ڕای گشتی لە‌و پە‌ڕی لاوازیدا دە‌بێت، ئە‌مە‌ سە‌رە‌ڕای ئە‌وە‌ی ھە‌ر یە‌كێكیان لێپرسراو بێت بە‌رانبە‌ر ئە‌و پێڕە‌و و یاساییانە‌ی كە‌ دایاندە‌نێت، لە‌بە‌رئە‌وە‌ دە‌بینین ڕۆچوون لە‌خە‌رج و مە‌حسووبییە‌ت و ناوچە‌گە‌رایە‌تیدا مە‌سە‌لە‌یە‌كی زاڵ دە‌بێت. لێرە‌وە‌ نە‌بوونی مافی پێشنیاركردنی یاساكان و پێشكە‌شكردنی بۆ پە‌رلە‌مان تاوە‌كو ڕە‌زامە‌ندی لە‌سە‌ر بدرێت لە‌لایە‌ن سە‌رۆك و وە‌زیرە‌كانییە‌وە‌و بە‌رپرس نە‌بوونیان بە‌رانبە‌ر دە‌نگدە‌ران لە‌لای زۆرێك لە‌نووسە‌ران لە‌خاڵە‌ ھە‌رە‌ لاوازە‌كانی ئە‌و سیستە‌مە‌یە‌.
ئە‌گە‌ر ھە‌ڵبژاردنی سیستە‌می سە‌‌رۆكایە‌تی لە‌وڵاتە‌ یە‌كگرتووە‌كانی ئە‌مریكا بە‌ھۆی زاڵبوونی دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێكردن بێت بە‌سە‌ر دە‌‌سە‌ڵاتی یاسادانان، لە‌حاڵە‌تێكدا مافی بە‌شداریكردنی ڕاستە‌وخۆ بدرێت بە‌سە‌رۆك لە‌یاساداناندا، ئە‌وا ناوە‌ندە‌ سە‌ربە‌خۆكە‌ی، بە‌ڕای ھە‌ندێك لە‌توێژە‌رە‌كان
كە‌ش و ھە‌وایە‌كی ئۆتۆكراتی جێبە‌جێكاری وای دروستكردووە‌ كە‌ دە‌خوازێت لە‌كۆڵبكرێتە‌وە‌ .
لە‌سە‌رە‌تاكانی مێژووی وڵاتە‌ یە‌كگرتووە‌كانی ئە‌مریكادا، وە‌زیرە‌كان ئامادە‌یی دە‌نیشتنە‌كانی كۆنگرێس دە‌بوون تا زانیاری و ڕاوێژ پێشكە‌شبكە‌ن، لێرە‌شە‌وە‌ كاریگە‌رییە‌كی بە‌ھێزیان ھە‌بوو لە‌یاسادانان، بە‌ڵام پیاوە‌كانی دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێكردن لە‌كۆنگرێس دوورخرانە‌وە‌، ئە‌گە‌رچی لە‌و ساڵانە‌ی دواییدا ھە‌ندێك پێشنیار پێشكە‌شكرا كە‌ بانگھێشت بۆ ئە‌وە‌ دە‌كات ڕێگا بدرێت وە‌‌زیرە‌كان ئامادە‌یی دانیشتنە‌كانی كۆنگرێس بن، یس بانگھێشت بكرێن بۆ ئە‌وە‌ی وە‌ڵامی ئە‌و پرسیارانە‌ بدە‌نە‌وەو ڕاڤە‌ی ئە‌و یاسایانە‌ بكە‌ن كە‌ دە‌سە‌ڵاتی بە‌ڕێوە‌بردن دە‌یە‌وێت دابنرێن . ھە‌وادارانی ئە‌و تێكە‌ڵبوونە‌ ڕایان وایە‌ ئە‌وە چارە‌سە‌ری ئە‌و سلبیاتی ڕۆچوونە‌ پە‌ڕگیرە‌ داكات كە‌ لە‌جێبە‌جێكردنی پرنسیبی جیاكردنە‌وە‌ی دە‌سە‌ڵاتە‌كانە‌وە‌ سە‌رھە‌ڵدە‌دە‌ن و جۆرێك لە‌ھاوكاری و پێكە‌وە‌ گونجان لە‌نێوان ھە‌ردوو دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێكردن و یاسادانان دێنێتە‌دی و ڕێگاش لە‌وە‌ دە‌گرێت كە‌ بە‌ھە‌ڵە‌ لە‌ڕاستییە‌كان تێبگە‌ین.
ھە‌ریە‌ك لە‌سیستە‌می وە‌زاری و سە‌رۆكایە‌تی كۆمە‌ڵێك خاڵی پۆزە‌تیڤیان ھە‌یە‌ شایانی ڕێزلێگرتنن، دە‌شێت ھە‌ر یە‌كە‌یان سوود لە‌خاڵە‌ باشە‌كانی یە‌كتری وە‌ربگرن كە‌ ئە‌زموونە‌كان سە‌ركە‌وتنیان سە‌لماندوون. ئاڕاستە‌ نوێیە‌كان بە‌رە‌و ئە‌وە‌ دە‌چن كار بە‌بنە‌ما بنە‌ڕە‌تییە‌كانی سیستە‌می وە‌زاری بكرێت بۆ ئە‌وە‌ی لە‌ھە‌مان كاتدا ڕێگا خۆشبكرێت بۆ ھاتنە‌كایە‌ی دە‌سە‌ڵاتێكی جێبە‌جێكردن كە‌ كۆمە‌ڵە‌ دە‌سە‌ڵاتێكی سە‌ربە‌خۆی ھە‌بێت وە‌كو ڕێگاچارە‌یە‌كی مامناوە‌ندی. دە‌كرێت ئە‌و پێشنیارانە‌ پێشكە‌شبكرێن و وا بكرێت سە‌رۆكی دە‌سە‌ڵاتی جێبە‌جێكردن سە‌ربە‌خۆ بێت و دە‌‌سە‌ڵاتێكی تە‌واوی پێبدرێت لە‌كاروبارە‌ كارگێڕییە‌ پە‌تییە‌كاندا بە‌و مە‌رجە‌ی وە‌زارە‌ت بە‌رپرس بێت بە‌رنبە‌ر كاروبارە‌ سیاسی و جێبە‌جێكارییە‌كانی دە‌‌سە‌ڵاتی یاسادانان، ڕێگاش بدرێت وە‌زیرە‌كان لە‌ دانیشتنە‌كان و گفتوگۆكانی دە‌‌سە‌ڵاتی یاساداناندا بە‌شداری بكە‌ن، ئە‌و مافە‌ش بە‌وە‌زیرە‌كان بدرێت بودجە‌ ئامادە‌ بكە‌ن و مافی فۆڕمە‌ڵە‌كردن و پێشكە‌شكردنی یاسا گرنگە‌كانیان ھە‌بێت، كە‌ دە‌ستە‌ی كارگێڕی بە‌پێویستی بزانێت پێشكە‌شی دە‌‌سە‌ڵاتی یاسادانان بكرێن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە