ئەنفالیش دەبێتە گڵۆپی سوپەرمارکێتەکان

Wednesday, 15/04/2020, 10:41

4703 بینراوە


لەم کارە هونەریەدا کە بۆ ئەنفال کراوە، دەبینین کە بیست دەمامکی سپی هەڵواسراون، بەسەر پێنج ڕیزدا دابەش کراون، لەژێر هەر یەک لە دەموچاوەکاندا گڵۆپێک دانراوە. لەسەروی کارە هونەریەکەوە نوسراوە ؛ ئەنفال، کەواتە هونەرمەند باسی کارەساتی ئەنفالمان بۆ دەکات. پێدەچیت کە هونەرمەند پێمان بڵێت کە هەرتاکێکی ئەنفال وەک روناکیەک وانو ماڵەکانمان روناک دەکەنەوە، یان هەرکەسێک لەوان بۆخۆی روناکیەکە، یان ئەوان نەمرن وەک ڕوناکی. هەرچەندە ئەنفال روناکی نیەو کونێکی ڕەشە، هەمیشە وەک کارەساتێکی پڕ لەئەشکەنجەو جەرگبڕە، مێژویەکی تاریکە، چەمکی جینۆسید و خیانەتو مێژو لەخۆی دەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەند بۆی هەیە جیاواز لە ئیمە بڕوانێتە باسەکان، هەر ئەمەشە کاری هونەرمەند؛ لە پەنجەرەیەکی ترەوە بڕوانێتە روداوەکان . بۆیە مەبەستم ئەوە نەیە کە دەبێت هەمو کارەساتێکی دژوارو جەرگبڕ بە تاریکی و بە فرمێسکو بە گریان پیشانبدرێت، زوانی هونەریش ئازاد ترە لەوەی کە پەنا بداتە بەر هیمایەک یان شکلێکی ئاسانو ئامادەکراو، بەڵام دەبێت بەهەرچۆنێک بێت لە ئاستی کارەساتەکەدا بێت، شکڵێلی دوبارەکراو و سواو نەبێت، شکڵێکی مردو نەبێت، ئەگەر ڕۆشنایش بێت با شکڵی گلۆپێکی سوپەرمارکێت نەبێت، توانای ئەوەی هەبێت وەک چۆن کارەساتەکە هەژاندوینی لەرابوادودا، بەهەمان شیوە کاریگەری هەبێت لەسەرمان، بمان هروژێنێت، بمان خاتە بەرپرسیار، بتوانێت لەئاستی ئازارەکانی پیرەژنێکی ئەنفالدا بێت، یان ئەگەریش بیەوێت بیکاتە زمانێکی مۆدێرن، با فلوتمان بۆ عەزف نەکات، چونکە مەرج نیە کە تۆ توانیت فلوت عەزف بکەیت کەواتە تۆ کەسێکی مۆدێرنیت.
هەمو ئەو کارە هونەریانەی کەلەمێژودا کراون بۆ کارەساتی مێژویی گرنگ، لەبەر ئەوەی کە کارەساتێکی گرنگو کاریگەربون بۆیە بەرهەمێکی هونەری شازو بێ وێنەیان بەرهەم هێناوە، لەبەر ئەوەی کە کارەساتەکە خۆی بێ وێنە بوە، بەو هۆیەوە کاریگەریەکی وەهای کردۆتە سەر هونەرمەند کە بەکارێکی هونەری بێ وێنە گوزارشتی لێکردوە، هەندێک جاریش ئەو کارە هونەریانە بونەتە پەنجەرەیەکی نوێ لەهونەردا وەک تابلۆی گێرنیکای پیکاسۆ، تابلۆی دولاکراوا بۆ شۆڕشی فەرەنسی...تاد، خۆ ئێمەش هۆشمەندین بەوەی کە هەمو هونەرمەندێک ئەو توانایەی نیە کە هەمو جارێک بەرهەمێکی شازو بێ وێنەمان بۆ بکات، بەڵام ئەگەر کارەساتەکە، باسەکە، کاریگەری هەبوبێت لەسەر هونەرمەندو هونەرمەندیش شارەزایی لە زوانی هونەردا هەبێت، ئەزمونی لەگەڵ هونەردا هەبێت، ئەوا هەرچۆنێک بێت وێنەیەکی گونجاومان پیشان ئەدات، کە دوبارەبونەوەی ئەو شکڵانە نەبن کە لەژیانی ڕۆژانەماندا دەیانبینین. لەبەر ئەوەی کە کارەساتەکە خۆی بێ وێنەیە، بۆیە ئەگەر بەڕاستی کاریگەری هەبوبێت لەسەرمان، بە قوڵی بیرمان لێکردبێتەوە، ئەوا ئێمەش وەک هونەرمەندێک بە جۆری گونجاندنی شکڵو تەنی نوێ گوزارشتمان لەو بەسەرهاتە دەکرد.
پێویست بەوەناکات کە شارەزاییمان لە شیکاری دەرونیدا هەبێت، هەتاوەکو تێبگەین کە کاتێک مەسعود بارزانی دەچێتە ژێر تەرمی ئەنفالێکەوە، جۆری ڕۆشتنو هەڵسوکەوتی، جۆری هەنگاونانی، تێڕوانینی بۆ کامێراو دەوروپشتی، تێمان دەگەیەنێت، کە هەر هەمان ئەو هەڵسوکەوتەیە کە لەسەردەمێکی تردا خۆیی و بنەماڵەکەی نواندویانە ؛ لەو کاتەدا کە سەدەها ئەندامانی عەشیرەتەکەی ڕوبەروی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال بونەتەوە ئەوان خەریکی بازرگانی نەوت بون لەگەڵ سەدامدا، ئێستاش ئەگەر چی دەچێتە ژێر تەرمی ئەنفالەکان، هەر هەمان هەڵسوکەوتی هەیە؛ کاتێک سەرنجی ئەدەیت لەژێر تەرمی ئەنفالەکاندا، خۆی نەکردوە بە لەشێک لەگەڵ ئەواندا، تەنێکی جیاوازە لەوان، بۆیە بارزانی وابەستەیە بە هەڵسوکەوتەکانیەوە. کاتێکیش دەچن یادی ساڵانەی ئەنفال دەکەنەوە، وەک ئەرکێکی حکومی ئەو یادە دەکەنەوە، هونەرمەندەکانیشیان بەهەمان شیوە وەک ئەرکێکی کە پێیان سپێردراوە ئەو کارە دەکەن، نەک وەک کارەساتێک کە کاریگەری لەسەریان هەبوبێت، بۆیە کارەکنیان دوبارەبونەوەی شکڵێکی ناسراو و بێ مانان، کاری هونەری مردون، بێ ڕۆحن، دوبارەبونەوەی شکڵی کۆنن، وەک کارێک کە پێیان سپێرداربێت لەلایەن سیستەمێکی مردوەوە، کەهونەرمەند خۆی دەبێتە ئاوێنەی ئەو سیستەمە.
بە تێڕوانینێکی خێرا بۆ ئەو گڵۆپە دیواریانە، کەنازانین بۆچی ژمارەیان بیستەو بەسەر پێنج ڕیزدا دابەشکراون، وەک گڵۆپی دیواری سوپەرمارکێتێک دێنە بەرچاومان، لەبەر ئەوەی کە هیچ شتێک نابینین کە ئەنفالمان بهێنێتەوە یاد، جگە لە گڵۆپێکی ناشرینی سوپەرمارکێتەکان، کاتێک تەنزیلاتی ساڵانە دەکەن بۆ کاڵا بەسەرچوەکانیان. دیزاینێکی بەسەرچوی گڵۆپیشە، شکڵەکە هێندە بینراوە کە هیچ هەستێک نابزوێنێت، هیچ روداوێکمان بە شیوەیەکی هونەری وەبیر ناخاتەوە، هیچ بیرەوەریەکیش، وەک شتێکی پیرۆزیش نابینرێن لەبەر ئەوەی کە شکڵێکی ناسراوە، خۆ ئەگەر ئەوەش لەبیر خۆمان بەرینەوە کە ئەمە گڵۆپێکە، وەک ئەوەی کە ئێمە هەرگیز ئەو شکڵەمان نەبینیبێت، ئایا ڕۆشناییەک لەژێر دەمامکێکدا چیمان پی دەڵیت ؟ هیچ . خۆ ئەگەر دەمامکەکە ڕەنگاو ڕەنگ بوایە ئەوا کەرنەڤاڵی ڤنیزی ئیتالیای وەبیر دەهێناینەوە. خۆ دەتوانرا هەر بە دەمامکو تیشکی گڵۆپ ئەو چەمکە بە شیوەیەکی تر گوزارشتی لێبکرایە، بەبێ ئەوەی پەنا بباتە بەر شکڵێلی ئامادە کراو، چەندەها بیرۆکەی تر هەبو، بەلام بۆچی نەیتوانی ؟ لەبەر ئەوەیەکە لە ڕۆژهەلات حەزمان بە شکڵی ئامادەکراوە.

وادیارە کە هونەرمەند ئەیەوێت بەخەڵکی بڵێت کە ئەوشارەزای هونەری مۆدێرنە، خۆی لەپشت سەنگەری هونەری ئەوروپیدا حەشار ئەدات، کە دەڵێم هونەری ئەوروپی مەبەستم لە تێڕوانینێکی شکڵی و روکەشیە بۆ ئەو کارانەی کە لە سەردەمی مۆدێرندا کراون لە بواری هونەردا لەئەوروپا، کۆپیەکی بێ قوڵبونەوەیە، لەبەر ئەوەی کە ناتوانن خۆیان وەک ڕۆژهەڵاتیەک بڕیاردەربن، خاوەنی شکڵو دەربڕینی تایبەت بۆ خۆیان بن. بۆیە هونەرمەند هەڵمان دەخەڵەتێنێت، بەوەی کە گوایە بە شکڵێلی مۆدێرن باسی چەمکی ئەنفالمان بۆ دەکات، وک چۆن هونەرمەندێکی تر بە کۆپی هونەرە تۆزلێنیشتوەکانی ئەروپا شکڵێکی مینیمالیستمان بۆدەکاتو ناوی لێناوە کوفارە. ڕێبوار سەعیدیش بەهەمان شیوە کە گوایە بە شیوەیەکی مۆدێڕن باسی روداوی ئەنفالمان بۆ دەکات، بەڵام وەک هەمو تاکێکی ڕۆژهەلاتی روکەشێکی ناشرینی مۆدێرنیتەمان پیشان ئەدات، وەک بەختیار عەلی وادەزانێت کە ئاوازی فلوت وەک ئالەتی عەزف دەبێتە هۆی گۆرانکاری ڕیشەیی ناخی مرۆڤێکی ڕۆژهەلاتی، وادەزانێت کە فلوت مۆدێرنەیە، لەبەر ئەوەی کە فلوت ئالەتی مۆسیقای ڕۆژئاوایە کەواتە دەتوانێت کاریگەربێت، وەک ئافرەتانی ڕۆژهەڵات وادەزانن کە ئافرەتی مۆدێرن ئەوەیە کەوەک پەتیارەکانی ئەروپا ماکیاج بکات، خۆی نمایش بکات. ڕۆژهەلات هەمیشە لەبازاڕی تەنزیلاتی ئەوروپادا بەدوای شکڵە نوێیەکانیدا دەگەڕێت، بەدوای چارەسەری تەنگژیەکانیدا دەگەڕێت، لە فلیمە پۆرنۆکانیشدا بەدوای جوانی و خۆشەویستیدا دەگەڕێت، بۆیە ئەم دەمامکە زیاتر لە وێنەی ئەو ئافرەتە چاوشینو قژزەدانە دەچن کە لەئەوروپا خۆیان بۆ ڕێکلام ماکیاج دەکەنو ڕۆژهەلاتیەکان بەتەنیشت هۆنراوەی جەلالەدینی رۆمیەوە بڵاوی دەکەنەوە لەسەر پەیجی فیسبوکی خۆیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە