بۆچى بارزانى بێدەنگە؟

Sunday, 19/04/2020, 0:13

13335 بینراوە


هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى زۆر هەستیاردا گوزەردەکا ، لە لایەک ڕوبەڕوى مەترسى ڤایرۆسى کۆڕۆنا بۆتەوە . لە  لایەکى ترەوە ڕوبەڕوى  قەیرانى ئابورى بۆتەوەو حکومەت موچەى فەرمانبەرانى پێ نادرێت .
ئێستا کە مستەفا کازمى ڕاسپێراوە  بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ  کاتێکى زۆر هەستیارە بۆ هەرێمى کوردستان و دەبێ ڕێکەوتنێکى نوێ لەگەڵ ئەو ئەنجام بدەن و تا ئێستا ڕونیش نییە  ئەو چۆن هەڵس و کەوت لەگەڵ هەرێم دەکات .
لە برى ئەوەى هەوڵ بدرێت ناوماڵى کورد ڕێک بخرێت و  بە یەکگرتویی بچنە  بەغداو هەوڵى بەدەست هێنانى شایستە داراییەکانى هەرێم  و مافە نیشتمانیەکان بدەن ، خەریکە ئاگرى شەڕێکى خوێناوى خۆش دەکرێت ، بە هۆى  کەسانى هەل پەرست و  نا بەرپرسیارەوە و کوردستان خەڵتانى خوێن بکەن .
سەرەتاى  دەستپێکردنى ناکۆکیەکان و  دەستپێکردنى  شەڕى میدیاو  دەرکردنى  بەیاننامە  لە سەر یەکترى دەگەڕێتەوە  بۆ  گرتنى پاسەوانێکى  ڕێباز  حەملان  لە لایەن پارتییەوە  کە سەر بەیەکێتییە بە تۆمەتى سیخوڕى  کردن  بۆ لایەنێکى تر . ئەوەش نەگبەتییەکى ترى کوردى داماو . لە ڕاستیدا دەبوو ڕێباز حەملان  خۆى پاسەوانى خەڵک بوایە : نەک پاسەوانى هەبێت  و  ببێتە مایەى دروستبونى شەڕ.  دواى ئەمانە کێشەى لە سێدارەدانى  مستەفا سەلێمى  لە لایەن حکومەتى ئێرانەوە و دروستبونى شەڕى ئیعلامى و تۆمەتبار کردنى یەکترى ، کە لە ڕاستیدا  هیچ پێویست نەبوو ئەوە  بکرێتە کێشە ، بەڵام وەکورد دەڵێت: ئەم ماستە بێ مو نییە .
 بەڕاستى مایەى سەرسوڕمانە بەڕێز مەسعود بارزانى ئاوا بێدەنگە لە ئاستى  ئەم هەموو  شەڕى میدیایی و  تاوانبارکردنى  یەکترى و  خۆشکردنى ئاگرى شەڕ  لەم کاتە ترسناک و هەستیارەدا .
ئایا بەڕێز مەسعود بارزانى هەست بە مەترسى ئەم قۆناغە ناکات ، ئەگەر شەڕدروست ببێت چ کارەساتێک ڕودەدات ؟ ئایا وەرتى چی تێدایە شەڕى لەسەر دروست بکرێت ؟ ئەم بێدەگییەى  بارزانى گومانى گەورەى بۆ هەموان دروست کردوە .
بەڕێزم  ئەوەتا  لە کوڵەجۆ پێشمەرگە شەهید دەکرێ  و لە جلەولا بەناوى حەشدى شەعبیەوە ، جاش دروست دەکەن  بۆ لێدانى کوردو ئێوەش  هێز ڕەوانەى  زینوى وەرتى دەکەن ؟ 
ئەوەى ئێستاش  لە زینوى وەرتى خەریکە ڕو بدات لە بەرژەوەندى تورکیادایە. تورکیا چەندین ساڵە نەیتوانیوە پەکەکە  لە قەندیل دەرکات .  بەڵام ئێستا دەیەوێت  ئەو کارە بە کورد خۆى بکات . دیارە دروستبونى شەر ِلە نێوان  پارتى و یەکێتى ، پەکەکەش دێنێتە ناو هاوکێشەکەوەو  تورکیاش لەو نێوانەدا هەلێکى باشى بۆ دەرەخسێت و ئەو ناوچەیە داگیر دەکات . ئەوەتا  لە یەکەم هەنگاودا  تەیارەى تورکى چەندین گەریلاى شەهید کردن ودوو ئافرەتیش لە کەمپى مەخمور .
 دڵنیام ئەگەر بارزانى  بیەوێت  بە یەک تەلەفون چارەسەرى ئەو کێشەیە  دەکات  بەڵام پێدەچێت نەیەوێت کۆتایی بەو گرژیە بهێنێت و ئەوەش بێ مەبەست نییە .  لە هەموى سەیرترئەوەیە : وەزارەتى بەرگرى عێراق و وەزارەتى دەرەوەى عێراق  لەسەر ئەو بۆردومانە  هاتونە دەنگ و سەفیرى تورکیایان بانگ هێشت کردوەو لە نیگەرانیەکانى عێراقیان بەرامبەر بەو دەست درێژیە ئاگادار کردۆتەوە . 
سەفیرى تورکى زۆر ڕاشکاوانە وتویەتى  ئێمە قبوڵى ناکەین  لەناو خاکى عێراقەوە  هێرشمان بکرێتە سەر . بەڵام  حکومەتى هەرێم نقەى لە خۆى بڕیوە . کەواتە  دروستکردنى ئەم ئاڵۆزیە لەم کاتدا ، بەبەرنامە کراوەو لە خۆوە ڕوینەداوە . ئەوەتا بە خۆڕایی بەهانە درایە دەستى تورک و بەو هۆیەوە  هاتە ناو هاوکێشەکەوە .  پارتى عەقڵانە وەکو هەموو جارەکانى تر بەرنامەکەى لە  ڕێگاى وەزیرەکەى  یەکێتییەوە  جێ بەجێ کرد . 
ئەوەتا مەکتەبى سیاسى  پارتى بەیانى دەرکردوە ، کەو ئەو هێزە بە فەرمانى وەزیرى پێشمەرگە جوڵێنراوە . بەڕاستى  بە بێ ئەوەى جەنابى وەزیر بە خۆى بزانێت ، سەریان تاشى و کڵاویان کردە سەرى و ئاوێنەشیان دایە دەستى . ئێستا دەبێ مستەفا چاو ڕەش دژى شۆڕش ئیسماعیل بچێتە سەنگەرەوە .  هەر وەکو چۆن لە ڕێگاى جەماعەتێکى ناو یەکێتییەوە ڕیفراندۆمیان ئەنجام داو کە کارەساتە قەوما ئەنجامە خراپەکەیان  ملى چەند کەسێکى ناو یەکێتى و ناویان نان ، جەماعەتى 16 ئۆکتۆبەرى خیانەتکار و عاقڵانە یەکێتیشى کردە دوو بەرەى دژ بە یەک .
کەواتە  شەهید کردنى ئەو گریلاو هاوڵاتیانە بارزانى لێیان بەرپرسیارە  ، هەر وەک چۆن بەرپرسیارن  لە شەهید کرانى  پێشمەرگەکانى کوڵە جۆ . هەموو ئەمانە بەرهەمى سیاسەتە خراپەکانى بارزانین .
 زانیاریشمان هەیە  بەڕێز نێچیر بارزانى هەر لە سەرەتاوە  هەستى بە مەترسى بارودۆخەکە کردوەو  ڕۆڵى هەبوە  لە هێور کردنەوەى  بارودۆخەکە ، بەڵام پێ دەچێ  ڕێگرى لە هەوڵەکانى  گیرابێت .   کەواتە چۆن گۆمان نەبێت ، لە لایەک ڕیگرى لەنی هەوڵەکانى  بەڕێز نێچیر بازانى دەگیرێت کە هەمیشە وەکو پیاوێکى میان ڕەو دەردەکەوێت و  لە لایەکى تریشەوە مەسعود بارزانى  یەک قسە ناکات  لەم بارودۆخە  هەستیارەدا .
لە کاتێکى  ئاوا هەستیار و مەترسیداردا   هەموو کەس بێدەنگ بوایە ، نەدەبوو  بەڕێزیان  بێ دەنگ بن . ڕادەست کردنەوەى مستەفا سەلیمى بە ئێران ، هەر کەس و لایەنێک ئەنجامى دابێت  ، دەچێتە بابى تاوانەوەو   دەبێ هەمومان دژى ئەو جۆرە تاوانەبین . بەڵام  کارەساتەکە ئەوەیە  کە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە بەزۆر  بەسەر یەکێتیدا ساغ بکرێتەوە .باشە ئەوە چ پەیوەندییەکى بەسەر پارتییەوە هەیە بیکاتە بەهانەى کێشە دروستکردن ؟؟. 
 ئەگەر ئەوە تاوان و عەیبەو حەیا چون بێت ، بە ویژدانتان ئێوە خۆتان  چەند کارى لەو جۆرەتان ئەنجام داوە  کە هەر لە ژمارە نایەن ؟  حەق وایە کە باسى شتى لەو جۆرە کرا ئێوە خۆتان بشارنەوە  .
             هۆکارى دروستکردنى ئەم کێشەیە  لەم کاتە چییە؟
دروستکردنى  ئەم کێشەیە  لەم کاتەدا لە خۆڕایی نییەو بەرنامە داڕێژراو بوەو مەبەستى تایبەتى لە پشتەوەیە .  بۆیە مەسعود بارزانى  مەسرورى  کوڕى کردە سەرۆکى حکومەت بۆ ئەوەى لە ئێستاوەو هەتا خۆى لە ژیاندا ماوە ، ئەو بکاتە جێنشینى خۆى و بیکاتە کەسى یەکەمى بنەماڵەو حیزبەکەى و شوێن پێی قایم بکات  . بەڵام وەکو  دەرکەوت لە هەنگاوى یەکەمدا  شکستى هێنا و کابینەکەى   بە خرابترین کابینەى  هەرێمى کوردستان  هەژمار دەکرێـت . هەر لە هەنگاوى یەکەمى دەست بەکار بونیەوە دەرکەوت کە پیاوى دەوڵەت دارى نییەو  هەرگیز سەرکەوت و نابێت .
حکومەتێک  یەک ملیۆن دۆلارى  پاشەکەوت نەبێ بۆ ڕۆژى تەنگانەو  مانگانە موچەى فەرمانبەرانى  بۆ دابین نەکرێـت  و  ئەوا مانگى نیسانى ساڵى 2020 بەرەو کۆتایی  دەچێت و  یەک موچەى  تێدا نەدرابێـت ، هەر شەرمە پێی بڵێی حکومەت . نازانم هەر چۆن لە ڕویان دێت قسە بکەن . 
جگە لەوەش  سەرۆکى حکومەت لەم کاتە هەستیارەدا هیچ ڕوڵێکى نەبوەو خۆى شاردۆتەوە و  تەنها لە پشتى کۆمپوتەرەوە قسەى کردوە . حکومەتەکەى تەنها بەیانى دەرکردوەو قەدەغەى هاتو چۆى ڕاگەیاندوە   . ئەى باشە موچە، ئەى ژیانى خەڵک و  ئەوانەى نان نییە بیخۆن کێ لێیان بەرپرسیارە ؟.  سەرۆکى وڵاتانیش لەپَێشەوەى بەرەى شەڕى کڕۆنادان .  
مەسعود بەرزانیش بۆ شاردنەوەى  فەشەلى کوڕەکەیی و ڕزگار کردنى ، هاتوە  کێشەى زینوى وەرتێی دروست کردوەو  کەوتونە دانانى هێز بەرامبەر یەکترى  و هەڕەشە لە یەکترى  و دروستکردنى ترس و دڵە ڕاوکێ  لاى هاوڵاتیان . ئاخر ئەگەر ئەمە بە مەبەست نییە ،  هێزەکان بکشێننەوەو کێشەکە تەواو دەبێت . ئەى بۆچى ئەو بڕیارە نادەن ؟ چونکە  ئیشیان بەو کارەیە  .
ئەم سیناریۆیەشى بۆ ئەوە ڕێک خستوە خەڵک  سەرقاڵ بکەن  بە کێشەى شەڕەوەو مەسەلەى موچەیان لە بیر بەرنەوەو زەمینەش خۆشکەن بۆ دروستکردنى دوو ئیدارەیی . لەوە دەچێت هیچ ئومێدێکیان بە حوکمڕانى نەمابێت و بەتەواوى ئیفلاسیان کردبێـت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە