زینی وەرتێ و دارودەستەی ئیران و تورکیا

Sunday, 19/04/2020, 18:23

6842 بینراوە


کێشەی کورد لە تورکیا لەبەر بوونی پەکەکە نییە، ئەو ڕێکخراوە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا خەباتی چەکداری جاڕدا، بەڵام تەمەنی گرفتی نەتەوەیی کورد لە تورکیادا زۆر لەوە درێژترە و ڕەگێکی مێژووی هەیە، گرفتێکی سەرەکییە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا کە یەک لە دوای یەکدا هاتوونەتە سەر کورسی حوکمڕانی نەیانویستوە ئەو گرفتە بە زانستیانە بە ددانپێنان بە مافە سەرەتاییەکانی نەتەوەی کورد چارەسەر بکەن. ئەوان هەمیشە پەنایان بۆ هێڕشی سەربازی، کۆمەڵکوژی و بەکارهێنانی سوپا دژ بە نەتەوەی کورد بردوە، ئەم ڕاستییە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و ناوچەییدا نامۆ نییە، بۆیە شایەنی گاڵتەپێکردنە کە هەندێک لە پارتە کوردییەکانی باشوور کە دەڵێن: "تورکیا مافی خۆیەتی هێڕشی سەربازی بۆ سەر پەکەکە ئەنجام بدات". یان دەڵێن " لەبەر پەکەکەیە تورکیا بۆردومانی کوردستان دەکات".
زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی لەسەر ئاستی دنیادا پێیان وایە کە بوونی نەتەوەیەکی چل میلیۆنی لە تورکیا واقیعێکە دەبێت ڕووبەڕوویببنەوە، گرفتێکە کە دەبێت بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت، تورکیا زوو یان درەنگ دەبێت لەژێر سیستەمی حوکمڕانی دیموکراتیدا ددان بە مافی نەتەوەیەکی چل میلیۆنیدا بنێت. لەبەرئەوە بە لێدانی پەکەکە و نەمانی، پرس و گرفتی ئەو نەتەوەیە هەر بە زیندووی دەمێنێت.
پەتریشە کارلی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی "ڕۆڵی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا" کە لە کۆنفرانسی " کۆلیجی ئاشتی ئەمریکیدا" خوێندراوەتەوە دەنووسێت":
" لەو چەند مانگەی ڕابردوودا تەنیا یاخی بوونی کورد لە حکومەتی تورکیا بەرەو توندتر نەچووە ئەڵبەتە کۆمەڵگەی تورکیا زێتر لە کورد و تورک پێکهاتووە و گرژی نێوان ئەو دوو پێکهاتەیە، مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی مەدەنی لەنێو تورکیادا لێ دەکرێت. لەبەرئەوە ڕەتکردنەوەی حکومەت لە جیاکردنەوەی مامەڵەکردنی لەنێوان پرسی کورد و پەکەکە هەڵەیە، بۆیە دەبێت پرسی کورد لەسەر بیناغەی کارکردن لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و ڕۆشەنبیریی و سیاسیدا چارەی بۆ بدۆزرێتەوە نەک بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی و سوپا".
تورکیا لە ناوچەکەدا بووە بە گرفتێکی مەزن، لە کوردستان، سوریا، عیراق، لبنان، لیبیا و قبرس لەگەڵ دەیان وڵاتی دی کێشەی هەیە و سیادەتی وڵاتەکانی ناوچەکەی خستۆتە مەترسیوە. تورکیا بۆ هەموو گرفتێک هەوڵدەدات سیاسەتی تۆقاندن و ترس بەکاربهێنێت، هەمیشە سوپا و هێزی سەربازی ئامادەیە بۆ هەڵکوتانە سەر ئەم و ئەو، هەنووکە بەوەش نەوەستاوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژ بە کەمپی پەنابەرانی کە ژن و منداڵی تێیدا گوزەر دەکەن بەکاردەهێنێت نمونە کەمپی مەخمور. تورکیا لەگەڵ ئەمریکادا بۆی نالوێت، دەنا بۆ دەستگیرکردنی گولەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سوپای بەکاردەهێنا. لەو دیدەوە لەژێر ئەو فشارەدا ملکەچکردن بۆ سیاسەتەکانی تورکیا چی لەسەر ئاستی شەقامی کوردی، چی لەسەر ئاستی پارت و سەرٶکی حزبەکانی هەر چوارپارچەی کوردستاندا ئەنجامی باشی لێ چاوەڕوان ناکرێت ئاکامەکەی تەنیا بەکۆیلە کردنی نەتەوەیی کوردە بە هەموو پێکهاتەکانی.
تورکیا و وڵاتانی زلهێزی دنیا لە هەمووان چاکتر دەزانن، کە ڕێکخراوێکی سیاسی کورد هەیە بە ناوی پەکەکە، بیانەوێت یان نەیانەوێت ئەمڕۆ ئەو هێزە لە تورکیادا ڕێبەرایەتی جوڵانەوەی سیاسی کورد دەکات و بە دانیشتن لەگەڵی و دۆزیەنەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی گونجاو، کلیلی کۆتایی هێنانە بە دوژمنایەتی و یەکتر قڕکردن لە تورکیادا.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەفیری ئەمریکا لە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧دا جەیمس جێفری و بەرێوەبەری پڕۆژەی لێکۆڵینەوە لە مەلەفی تورکی سۆنەر ساگەپتە لە ٢٠١٧دا چەند تێبینیەک پێشکەش بە ئیدارەی ترامپ دەکەن دەربارەی سیاسەتی ئەمریکا لەگەل تورکیا یەکێک لەو خاڵانەی کە پەنجەی بۆ درێژ دەکەن ئەویە دەڵێن:
"بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت کارێگەرانە جەنگی دژی داعش ئەنجام بدات دەبێت بگەرێتەوە بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە لەگەڵ پارتی کرێکارنی کوردستان پەکەکە".
تورکیا تەنیا لە وڵاتەکەی خۆی دژی مافی کورد نییە، ئەو هێرشە سەربازیانەی تورکیا بۆسەر کورد لە تورکیادا ئەنجامی دا، لە سوریا و عیراق بەهەمان شێوە ئەنجامی داوە. تورکیا زۆر هەوڵی دا کە ئەمریکا و ئەوروپا و دەوڵەتانی نەیتۆ یەپەگە بخەنە لیستی تیرۆریستان بەڵام بۆی نەچووە سەر، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕابردوودا سەرکەوتبوو لە هەوڵەکانی بۆ ناساندنی پەکەکە بە هێزێکی تیرۆریستی بەڵام کاتێک کە هاتە سەر بەکارهێنانی سوپا، تورکیا گوێ نەدا ڕای ئەوروپا و ئەمریکا نەیتۆ بەهەمان ڕقی کە لە پەکەکەی دا کەوتە گیان هێزی یەپەگە و خەڵکی سیڤلی ئەو ناوچانە و بەشێکی لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیرکرد.
تورکیا دەیەوێت پاکتاوی نەژادی بکات لەو ناوچانەی کە کوردی لێ جێنشینە تا میلیشیای سەربەخۆی لێ نێشتەجێ بکات. خاڵی دەستپێکردنی بۆ ئەو سیاسەتە، ڕۆژئاوای کوردستانە کە هەنووکە بە هەزاران چەکداری سەربەخۆی لەو ناوچانەدا نیشتەجێ کردوە. تورکیا هەر کاتێک بۆی بلوێت باشووری کوردستانیش دەکات بە یەک دوو پارێزگاو دەیبەستێتەوە بە ئەنقەرە. لە دەرئەنجامدا دەردەکەویت کە لەسەر ئاستی شەقامی کوردی و حزب و لایەنە کوردییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستاندا شەرعیەت دان بەو جۆرە سیاسەتانەی تورکیا دەرهەق بە میللەتی کورد لە جاشایەتی و خۆفڕۆشتن بەولاوە هیچی دی ناگەیەنێت.
پاتریک کۆکبۆرن، لە ٢٠١٩ لە ئیندپێندنت وتارێک دژ بە هەڵوێستی ترامپ دەنووسێت کاتێک کە بڕیاری دا ڕۆژئاوا لەژێر ڕەحمەتی سوپای تورکیادا جێبهێڵێت و دەڵێت:
" هەنووکە تورکیا پاکتاوی نەژادی کوردەکان لە سوریا دەکات، ئێمەش ترامپمان هەیە سوپاسی بکەین".
تورکیا و ئیران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردوە بە گۆڕەپانی ململانێ بۆ فرەوان کردنی سنووری جیوگرافیای سیاسی و هەوڵدان بۆ بوون بە زلهێزی ناوچەیی، زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و فارس، بەکۆیلەکردنی گشت پێکهاتەکانی دی لە ناوچەکەدا. لە دوو دەیەی ڕابردوودا تا هەنووکە، دیاردەی دەسەڵاتی ئیران و تورکیا لە عیراق و سوریا و کوردستان لە هەڵکشانە. ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو سنوورەی کە ناوی نراوە عیراق و سوریا، ئەنقەرە و تاران بۆ بەرژەوەندییە ئابووریی و سەربازییەکانیان لە گۆڕەپانی پڕ لە کێشمەکێشمی هەر دوو وڵاتدا ئەسپی خۆیان تاو داوە.
تورکیا و ئیران لە هەموو کۆڕ و و کۆبونەوەیەکی نێودەوڵەتیدا شانبەشانی زلهێزەکانی دنیا لەسەر مێزی تاوتوێ کردنی دۆخی عیراق، سوریا و کوردستان ئامادەن و هەمیشە گوتە و مەرجیان هەیە و بۆ پرسی کورد و سەربەخۆی کوردستانیش هەردووکیان یەک هەڵوێستیان هەیە. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە ئەنقەرە و تاران بۆ پرسی کورد لە یەک سەنگەرن و هەمان تاکتیک بەکاردەهێنن بۆ کڕین و بە کۆیلە کردن سەرانی پارتە کوردییەکان لەهەر چوارپارچەی کوردستان بە تایبەتی لە باشووری وڵاتدا. بۆیە هەردووکیان هەوڵدەدەن سەرانی پارتە کوردییەکان وەک نۆکەر و بەکرێگیراوی خۆیان بکڕن، بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان بهێنن، زەربەش لە پرسی ڕەوای نەتەوەیی کورد بدەن و ببن بە کۆسپ لەپێش درستبوونی کیانێکی کوردیی سەربەخۆ لەهەر چوارپارچەی کوردستاندا. لەو دیدەوە ئەوا ڕاست نییە کە دەنگۆی ئەوە لەنێو میللەتی کورد بڵاوبۆیتەوە کە گوایە یەکێتی سەر بە ئیرانە و پارتی سەر بە تورکیا. دەزگەی هەواڵگری ئیرانی و تورکیی لەژێرەوە ڕێککەوتوون کە هاوسەنگی ئەو پەیوەندییە بە جۆرێک بپارێزن کە بۆنی ئەوەی لێ نەیەت ڕۆژێک نواتێکی کوردی ببێتە هۆی دروستبوونی کیانێکی سەربەخۆی کوردی و ئازادی کوردستانی بە نێوچەوانەوە بێت.
ئەرشین موقەدەم لە لێکۆڵینەوەیەکی سیاسیدا لە ساڵانی ٢٠١٩- ٢٠١٨دا دەنووسێت:
لە دوو دەیەی ڕابردوودا پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئیران سەقامگیر بووە بەهۆی سێ خاڵی سەرەکیی، یەکەم بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی. دووەم بۆ دژایەتی جیابوونەوەی کوردستان لە وڵاتەکەیان. سێیەم بۆ پشتیوانی لە فەلەستین ".

ئیران و تورکیا ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو بە گەیاندنی چارەنووسی سوریا، عیراق و کوردستان بەم سوریا و عیراق و کوردستانەی ئەمڕۆ کە لە هەموو باڕێکەوە داڕماوە. ئەگەر دەستپێوەگرتنی دەرەکیی وەک ئەمریکا لە عیراق و ڕوسیا لە سوریا و وڵاتانی هاوپەیمان نەبوایە، تا ئێستا ئەنقەرە و تاران میرات و تاڵانی هەر دوو وڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردبوو، جەنگێکی دیشیان لەسەر بەرکەوتی پشکشێری هەڵگیرساند بوو، نەتەوەی کوردیشیان دوچاری کۆمەڵکوژیەکی دی کردبوو، سیاسەتی پاکتاوکردنی نەژادیان بە هەموو مانایەکەوە پەیڕەو کردبوو.
ئیران و تورکیا بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە سوریا و عیراق و کوردستاندا، جگە لە کۆمپانیا و بازرگانی ئابووریی، بە سەدان هێز و گروپی چەکدار و میلیشیای سەربەخۆیان دروست کردوە. بە هەزاران سەنتەری هەواڵگری و بنکەی سەربازییان بە فەرمی و نافەرمیی لە هەردوو وڵاتدا هەیە. لەسەر ئاستی کەمە نەتەوەکانی وەک تورکمان و بوونی مەزهەبی جیای وەک سونە و شیعە لە هەر دوو وڵاتدا بە سەدان حزب و گروپی سیاسیان دامەزراندوە، بە سەدان مزگەوت و دایەنگایان لە هەر دوو وڵاتدا هەیە. بە سەدان شۆڕشگێری پارچەکانی دی کوردستانیان تیڕۆر کردوە بە یارمەتی و دەستتێکەڵاو کردنی دەزگە هەواڵگریەکانی ینک و پدک. مستەفا سەلیمی کە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە پێنجوێن ڕادەستی دەسەڵاتدارانی ئیران کراوە نە یەکەم کەسە نە دواین کەسیش دەبێت.
ئەنقەرە و تاران، هەرگیز نەیاندەتوانی ئاوا بە ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی ورد و درشتی کاروباری عیراق و هەرێم بن، ئەگەر لەناوەخۆی ئەو وڵاتانەدا سەڕۆک حزب و ئەوانەی پۆستی باڵای حکومەتی عیراق و هەرێمیان بەدەستەوەیە نەبان بە بەکرێگیراوی تورکیا و ئیران. لەسەر ئاستی عیراقدا پارتە دەسەڵاتدارەکانی شیعە و هەندێک لە سونەکان لەسەر پەتی تورکیا ئیران یاری دەکەن، لە ئاست هەرێمیش پارتی و یەکێتی و دارودەستەیان لەنێو گۆڕان و پارتە تورکمان و ئیسلامییەکانیش لەسەر هەمان پەت وازی دەکەن. هەموویان بەهێزی خۆیان لە پشتیوانی دەزگەی هەواڵگری تورکیا، ئیران، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕوسیا و دزینی دەرامەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستاندا دەبینن، بۆیە گوێ بە دەنگی ناڕەزای خەڵک نادەن و میللەتیان پێ کەمە.
شەڕی براکوژی لە نێوان پارتە کوردییەکان لە باشووری کوردستاندا، بە درێژای مێژوو ئەگەر بە فیتی دوژمنانی وەک ئیران و تورکیاش بووبێت، ئەوا نکۆڵی لەوە ناکرێت کە بە ڕەزامەندی سەڕۆکی جەلایی و مەلاییەکان بووە. ئەوان بۆ بەرژەوەندیی و مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵاتدا بۆ ئەجێندای ئیران و تورکیادا کاریان کردوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە زینی وەرتێ دەبیندرێت و هێزە کوردییەکان بەرامبەر بە یەک لە سەنگەر دان، ئەزموونێکە بە سەدان جار لە مێژووی دوژمنایەتی نێوان جەلالییەکان و مەلاییەکان ڕوویداوە، بە سەدان جار بە فیتی میتی تورکیی و ئیتیلاعاتی ئیران، ئەو دوو هێزە فیتنەی شەڕی براکوژیان هەڵگیرساندوە و بەهەزاران گەنج و کەڵەپیاوی نێو میللەتی کوردیان کردوە بە قوربانی مەرامە گڵاوەکانیان.
دەزگەی هەواڵگری تورکیی و ئیرانی هەمیشە دژ بە پرسی کورد لەسەر ئاستی ناوچەکە و دنیادا کاریان کردوە. ئەوەی تورکیا ئەمڕۆ دژ بە پەکەکە و کەمپی مەخمور ئەنجامی دەدات، بۆی بلوێت و بسوڕێت لە باشووریش لەسەر هەردوو ئاستی شەقام و حکومەتی هەرێمیش ئەنجامی دەدات. تورکیا بەبێ ڕەچاوگرتنی هیج یاسایەکی نێودەوڵەتی، بەبوونی حکومەتی ئەسەدیش ئینجا لە سوریا و لە ڕۆژئاوای کوردستان سوپا و هێزی چەکداری هەیە و هەنووکە دەستیکردوە بە پاکتاو کردنی نەژادی، کوردەکانی لەسەر ئەرزی خۆیان وەدەرناوە، هێز و میلیشیای سەربەخۆی لێ نیشتەجێ کردون، بە دڵنیاییەوە بەدەستی تورکیا باشووریش هەمان چارەنووس چاوەڕێیتی.
ویلیەم ڕۆبیک، دیبلۆماتی ئەمریکای کە بۆ ماوەیەک سەفیری ئەمریکا بوو لە بەحرێن دواتر نوێنەری هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ جەنگ دژ بە داعش لە نامەیەکی دا دەنووسیت:
" ئەنقەرە دەیەوێت لە ناوچەکە پاکتاوی نەژادی بکات و یەک پۆینت هەشت میلیۆن کورد کە لەسەر خاکی خۆیاندا لەژێر دەسەڵاتی خۆجێی ڕۆژئاوادا دەژین وەدەریاننێت".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە