گومانەکان زۆرن، کە لەگەڵ نەخوشییەکەیدا نەوشیروان دەرمانخواردیش کرابێت

Sunday, 19/04/2020, 21:58

45964 بینراوە


نەوشیروان مستەفای رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان پاش گەڕانەوەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بۆ سلێمانی، بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە، یەک - دوو رۆژ دوای گەڕانەوەکەی لە تەمەنی (73) ساڵیدا، رۆژی 19/5/2017 کۆچی دوایی کرد. بەم شێوەیە هەواڵی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا راگەیاندرا.
کۆچی دوایی نەوشیروان دوای دوو مانگ و دوو رۆژ هات ، کە شوعلەی خێزانیشی لە 17/3/2017 کۆچی دوایی کردبوو، ئەویش بەهۆی نەخۆشیی مێشک و کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی تر، کە تا کۆچی دواییەکەی باس نەکرا و لە خەڵک شاردرایەوە.
ماڵئاوایی ئەم دوو کەسە (نەوشیروان و هاوسەرەکەی) لە ماوەیەکی کورتدا، کۆمەڵیک گومانی بۆ کۆمەڵێک کەس دروست کرد، بەوەی ئایا مردنەکەیان تەنیا نەخۆشییەکە بووە، یان هۆکاری تریش هەبوو؟ هەرچەندە زوو لە خزم و هاوڕێ و کەسی نزیکی خۆیان، ئەوانەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی ئەو گومانانە رەوێنرانەوە، ئیتر لە نەزانینەوە بێت، یان بە مەبەستی دیکە، نازانرێت، تەنانەت نەوشیروان بەر لە ساڵێک پێش مردنی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا وتی: من نەخۆش نییم و هیچ عەیبێکم نییە. (بەمەش گومانێک دروست بوو، کە بۆچی دەیەوێت نەخۆشییەکەی بشارێتەوە!).
هەموو گومانێک جاری وایە زیادرەوی تیا دەکرێت، بۆ ئەمەیان قسەش لەسەر ئەوە دەکرێ، گوایا نەوشیروان لە لەندەن کۆچی دوایی کردووە، دوایی بە نهێنیی لە شەوێکی کشوماتی سلێمانیدا هێناویانەتەوە، بەڵام کەسە نزیکەکانی نەوشیروان بۆ ئەمەش دەڵێن، ئێمە دیومانە، کە هاتۆتەوە، ئەو شەوە پێش مردنەکەی تەماشای فلیمێکی کردووە، فلیمەکە تەواو نەبووە، ئەم چاوی نوقاندووە و گیانی دەرچووە. (ئەمەیان بەجێی خۆی، ئێمە قسەمان لەسەر ئەمە نییە). ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە و بۆتە خولیای بەدواداچوون و قسە لەسەر کردن، پەیوەندییەک بوو، کە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 19/4/2020 پاش نزیکەی سێ ساڵ بەسەر مردنەکەی نەوشیروان مستەفادا، لە تەلەفونیدا کەسێکی نزیک لە نەوشیروان، کە دانیشتووی وڵاتێکی ئەوروپییە، پاش خۆ ناسینی وای لێکردین کەیسی گومانی مردنەکەی بجوڵێنین، بەو زانیاریانەی باسی کرد ئەم هەواڵەی لێدروست بکەین، پاش ئەوەی ئێمەش پەیمانمان پێدا کەسێتی خۆی پارێزراو دەبێت و ئاشکرا نەکرێت، بڕیاری بڵاوکردنەوەی قسەکانی ئەومان دا.

سەرەتا

هەڵبەت وا بووە، کە هەموو دەسەڵات و پارتێکی سەرکوتکەر، نادیموکراتی و دیکتاتۆر کۆمەڵێک تایبەتمەندیان بۆ خۆیان دروست کردووە، ئەویش شاردنەوەی هەواڵ و باسنەکردنی ژیان و تایبەتمەندی خۆیانە، ئەوەیش کە ئاسایی بێت هەموو بیزانین، بەتایبەتی لای هاوڵاتیان و دوروبەری خۆشیان، وەک نەخۆشیی و دوورکەوتنەوە و هاتوچۆ و سەفەر... هتد، ئەمەی، کە بە دوایدا کۆمەڵێک کاری نەخوازراوی لێبێتەوە، وەکو  کۆدەتا و راپەڕین، لە مێژوودا شتی وا روویان داوە. لە کاتی نووسینی ئەم هەواڵەدا، وەک نمونە ئێمە دەمێکە ئاگادارین کەوا باری تەندروستی هێرۆی برایم ئەحمەد جێگیر نییە، هیچ راگەیاندن و دەمی بەرپرسێک رێگاپێدراو نییە باسی بکات، یان دەمێکە دەزانین ژنانی بنەماڵەی بارزانی هەر کاتێک دووگیانە دەبن، ئەگەر بزانن کچیان دەبێت، پێیان لەبار دەبەن، ئەوان زیاتر کوڕیان دەوێت، بۆیە ئەمرۆ زۆربەی منداڵانی مەسعود، مەسرور، نێچیر، ئیدریس و ئەوانی تر هەموویان کوڕن، هەر یەکە و شەش حەوت کوڕی هەیە، تاک و تەرا  دەهێڵن کچێکیان بۆ بمێنێتەوە، تا گومان لەسەریان زیاد نەکات، بوونی کوڕی زۆر رێکەوت نییە، رەنگە کەم کەس بەمە بڕوا بکات، ئەم جۆرە هەواڵ و زانیاریانە دەشاردرێنەوە، باس ناکرێن و بەڵگە بەدەستەوە نادەن تا قسە و بەدواداچوونی لەسەر بکرێت. بزووتنەوەی گۆڕانیش وەکو رێکخراوێکی سیاسیی هەر هەمان عەقڵی ناو ماشینی پارتیی و یەکێتیی خراوەتە سەر کەللەی سەری سەرکردە و بەرپرسەکانیانیان، ئەوەتا وەکو وتمان کنە ەوشیروان بۆ خۆی نەخۆش بوو، چەندین جار بۆ چارەسەر چۆتە دەرەوەی وڵات، کاتێک لە بارەی بە نەخۆشییەکەی پرسیاری لێدەکەن، دەڵێت من عەیبم نییە و نەخۆش نییم..، ئەمە لە کاتێکدا دەزانێت هەموو دەزانن بۆچی هاتوچۆی دەرەوەی وڵات دەکات، لەم کاتانەدا سپیکردنەوەی درۆ رێگاپێدراوە و شەرمی تێدا ناکرێت. لای ئەوان بە بەشێک لە سیاسەت و دبلۆسییەت دادەنرێت.ئەمانە تەنانەت مردنە سروشتییەکەی خۆشیان دەشارنەوە و بە عەیبەی دەزانن لای هاوڵاتی و خەڵکیی باسی بکەن، بەڵام لە وڵاتانی تر،،، هەموو ئەمانە باس دەکرێت و ناشردرێتەوە، کە شاردرایەوە، ئەم جۆرە هەواڵانەی بە گومانەوە لێ دروست دەبێت. متمانە لە ناو خەڵکی و راگەیاندنەکان، لە نێوان خودی خۆشیان نامێنێت.. بۆیە ئەو دەستەڵاتەی ئەمانە بەڕیوەی دەبەن،  لە ژێریشەوە خیانەت و ناپاکی پێیدا دەڕوات و رێگای لێناگیرێت.

زۆر جار سەرکردە و بەرپرسی دیاریی حیزبێک کە رووداو و هەواڵێک لە خەڵکی دەشارنەوە، بەمە گۆمانی خەڵکی لەسەر تەواوی رووداو و کارەساتەکان زیاتر دەبن چونکە دەماودەم قسەی زۆری بە دوادا دێت و گێڕانەوەکانیان گومانی جیاوازی لێدەکەوێتەوە، بۆ نمونە لە بارەی چۆنێتی شاردنەوە و ناشتنی تەرمی نەوشیروان مستەفا، (عەبدولڕەزاق شەریف) لە بەشی دووەمی نووسینەکیدا (ئیتر قسە دەکەم) باس لەوە دەکات، کە بەنیاز بوون تەرمەکەی بە دزی خەڵکەوە بهێن و بینێژن. ئەمەش لایەنێکی تری ئەو هەڵسوکەوتەیە، کە ئەم بەرپرس و پارتانە چەند درۆزن و ناڕاستگۆن خۆیانی بە جیاوازتر و بە مرۆڤی ناو ئەستێرەیەکی تر دەزانن، هەر بۆیە قسە و گێڕانەوەی هەندێک لە کەسە نزیکەکانی خۆشیان دەبێتە جیگای گومان و راستیییەکان بە لا رێدا دەبەن. پێیان وایە ئەمەش بەشێکە لە سیاسەت، دەبێت بەو شێوەیە رەفتاری لەگەڵدا بکەن.
------------------------

لەو بارەیەوە ئەو کەسەی کە پەیوەندییەکەی پێوەکردین بەو شێوەیە دەستی بە گێڕانەوەکە کرد، کەوا دوای کۆچی دوایی شوعلەخانی خێزانی چوومە لەندەن، بە ناوی سەرخۆشی لێکردنەوە خۆم گەیاندە کاک نەوشیروان، هەستم کرد باری دەروونی و تەندروستیشی باش نەبوو، هەرچۆنێک بێت ئەو فرسەتەم بۆ رەخسا کە بۆ ماوەیەک بەتەنیا لە گەڵیدا مامەوە، داوای لێکردم بمێنمەوە و نانی لەگەڵدا بخۆم، هەرچەندە ئەو ئیشتیهای خواردنیشی نەمابوو، کاتێک هەواڵی تەندروستی خۆییم لێپرسی تەنیا وتی: تا ئیستا چەند جارێک لە ژیانمدا هەوڵی کوشتن و تیرۆرکردنم دراوە، لەوانە ئەحمەد سورداشی کە لە رێگای براکەیەوە هێنامە مەقەرەکەی خۆم لەبەرگەڵو، بەعس رایانسپاردبوو، چەرخێکیان پێدابوو، کە وەک دیاری بیدات بە من تا لەگەڵ پێکانیدا پێمدا بتەقێتەوە. پاش کەمێکی تر وتی:

(ئیستا ترسم هەیە لەگەڵ ئەم نەخۆشییەدا، ژەهرخوادووش کرابێتم.)

بەسەرسوڕمانەوە لێم پرسی: دکتۆرەکان پێیان وتوویت؟! گومانت لە هیچ لایەن و کەسێک هەیە!؟ سەرەتا وەلامی نەدایەوە، دوایی وتی واز لەوە بێنە، دکتۆرەکان هەر پشکنینی سەرەتانەکەم دەکەن، ناشمەوێت کوڕەکانم بزانن، بە دکتۆرەکانیشم وتووە هەرچییەکم هەیە، راستەوخۆ تەنیا بە خۆم بڵێن و نەخۆشییەکەم لای کەس باس نەکرێت... شکیشم هەبێت تازە قیمەتی نییە!
ئیتر من درێژەم نەدایە، چونکە هەستم کرد ماندوو بووە و بە ناڕەحەتی قسەکانی بۆ دەکرا ، بەتایبەتی تازە خێزانەکەشی کۆچی دوایی کردبوو، تەندروستی خۆشی باش نەبوو، ئیتر وازم لێهێنا.. پاش ماوەیەکی کورت ماڵئاواییم لێکرد و چوومە شارێکی تر، سەردانی خزمێکی خۆمم کرد.
ئیستاش بۆ مێژوو حەز دەکەم ئەمە لە دڵمدا نەمێنێتەوە و پێش ئەوەی ئێمەش ماڵئاوایی لە ژیان بکەین بۆ ئێوەی دەگێڕمەوە.

پرسیار و وەڵام

کوردستانپۆست: ئەوەی کە تۆ باست کرد، ئەگەر راست بێت، بۆچی نەوشیروان ئەوەی شاردۆتەوە؟
وەڵام: هۆکار زۆرە، یەکەم وەک خۆی وتی، تازە دەمرێت، گرنگ نییە بەهۆی نەخۆشییەکەوە بێت، یان هەر شتێکی تر، بەڵام ئەوەی چۆن درکاند؟ هەستم کرد یەکسەر پەشیمانیش بووبێتەوە، بەڵام تازە لە دەمی دەرچووە، رەنگە گومان بێت و راستیش نەبێت، چونکە وتی گومانم هەیە! ئەو تازە دەزانێت دەمرێت!
کوردستانپۆست: بۆچی کوڕەکانی؟ ئایا زانیویانە، ئەمەی لای ئەوان باس کردووە!؟
وەڵام: نەوشیروان بۆ دوای دوای مردنی خۆی پلانی پاشەڕۆژی بۆ ئەوان داناوە، لەوە ترساوە ئەگەر ژارخواردنەکەی راستبێت، ئەمە باس بکرێت و ببێتە کێشەیەکی سیاسیی گەورە ئەوا  بۆ منداڵەکانی هەموو دەستکەوتێکیان لەدەست بچێت، یان کێشەی گەورەتریان بۆ دروست ببێت!
کوردستانپۆست:لەوە دەچێت ئەم قسە و بۆچوونەت دژی ئەوان و بزووتنەوەی گۆڕانیش بێت؟! بۆیە وا دەڵێیت!؟
وەڵام: بێگومان، چونکە گۆڕان، گۆڕانەکەی سەرەتا نەبوو، کە من لەگەڵیدا بووم و بۆ ماوەیەکیش لە ئەوروپاوە گەڕامەوە، کارم لەگەڵیاندا دەکرد! هەرچەندە بەرپرسیارێتیشم وەرنەگرت، ئەوەی هانی دام، بەرپرسیارێتی مێژووییە، گومانیشم بۆ ئەو کەسانە دەچێت کە دوای مردنی کاک نەوشیروان بە لێشاو چوونە ناو پارتیی، یان گەڕانەوە بۆ ناو یەکێتی... هەرچەندە من گومانم بۆ ئەوانە دەچێت کە بوونەتە پارتیی، چونکە ئەوان پێشتریش هەر پارتیی بوون و پاراستن بە زۆڵێتی ناردبوونی بۆ ناو بزووتنەوەی گۆڕان!
کوردستانپۆست:گومانی چیتر هەیە؟
وەڵام: دەمەوێت شتێکتان بۆ باس بکەم، کەوا کاتی خۆی فرانسۆ حەریری قسەیەکی هەبوو دەیگوت: هەر کەسێک جنێو بدات و سوکایەتی بە جەنابی سەرۆک مەلا مستەفا و کوڕەکانی بکات، ئەگەر بە نەخۆشیی و سروشتیش بمرێت، لە دوا هەناسەیدا هەوڵ دەدەین خۆمان هەناسەی ببڕێن و دەیکوژین.
هەروەها کاتی خۆی شتێکم خوێندەوە، کە جەرجیس فەتحوڵڵا لە چاوپێکەوتنێکدا باسی مەلا مستەفای کردبوو، گوایە:
(مەلا مستەفا عەرەقی دەخواردەوە، دوایی هەڵدەستا و دەیگوت با بچم نوێژەکەشی بۆ بکەم).
پاش راپەڕینەکە و ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەمەدا تێپەڕی.. مەسعود وای پێشاندا لێی بوردووە و بیری چۆتەوە،  داوای لە جەرجیس فەتحوڵڵا کرد پیر بووە، بگەڕێتەوە.. جەرجیس فەتحوڵڵاش هەرچەندە پیر و نەخۆش بوو، کەچی هەفتەیەکی نەبرد لە دوای گەڕانەوەکەی یەکسەر رایانگەیاند کەوا مردووە. ئەمە بووە جێگای گومان.
من لەمەشدا گومانم هەیە کە لەو ساڵانەی پێشوودا کاک نەوشیروان چەند جارێک سەردانی هەولێر و سەری رەشی کرد، دەبێت لەوێ شتێکی پێدرابێت، هەرچەندە کاک نەوشیروان ئەو سەردەمە بۆ خۆی دەیگوت بوتڵە ئاویشم لەگەڵ خۆمدا بردووە، متمانەم نەبووە.
کوردستانپۆست: مەسعود و دەزگای پاراستن، ئەم شێوە چەکە زۆر بەکار دەهێنن، هەر لە مردنی (جەوهەر نامیق) تا دەگاتە ئەردەڵان بەکری هونەرمەند و چەندین کەسی تر، هەموویان ژارخواردکراون، ئەمەش لە دەزگا سیخوڕییەکانی دەرەوە و میت فێکراون فێر دەکرێن، تەنانەت جۆری ئەو ژارانەش هەر ئەوان پێیان دەدەن، کە پاش ماوەی چەند ساڵێکداهێدی کاریان تێدەکات... رەنگە ئەو کاتە پێی درابێت، کە هێشتا نەخۆشی شیرپەنجەکەی نەبووبێت! ئەی نابینیت، تەنانەت خۆشیان گومانیان لە دەوروبەری خۆیان هەیە، ئەگەر ئاو و شەربەت و چایان بۆ دابنێن نایخۆنەوە، پەرداخەکە هەڵدەگێڕنەوە.!
وەڵام: بە هەر حاڵ من گومانم لەوە زیاتر بۆ ئەوانە دەچێت کە لەناو گۆڕاندا بوون، دوایی بوون بە پارتیی، رەنگە ژاریان بۆ کرابێتە ناو خواردنەکانیان.. کێ ناڵێت شوعلە خانی خێزانیشی لەو ژەمە خواردنەی نەخواردبێت!
کوردستانپۆست: گومانت لە کەسێکی دیارییکراو هەیە لەو کەسانە؟!
وەڵام: بەڵێ بەڵام ناوی کەس ناهێنم. ئێوەش وەکو ئەمانەتێک ناوی من مەهێنن و باسی مەکەن ، چونکە قسەکانم هەمووی پڕە لە گومان.

 عەبدولڕەزاق شەریف: ئیتر قسە ئه‌كه‌م (بەشی دووەم)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە