سین جین پین، گەورەترین دیکتاتۆری سەردەمەکەمان

Monday, 20/04/2020, 21:40

7229 بینراوە


سین جین پین، وەک دیکتاتۆرێکی نوێ خەونی ستالین و هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهان بە تەکنەلۆژی مۆدێرن دەهێنێتە دی؛ بە ئەلگۆریتمێک، یەک ملیارد چینی کۆنترۆڵ کردووە بەشێوەیەکی دڕندانە و دوور لە یاسای دیموکراسی و مافی مرۆڤ .
سین جین پین کاتێک لە یاری ئۆلەمپیکی چین بەرپرسیار بوو، ئیتر لەو کاتەوە سیستەمی کۆنترۆڵی دانیشتوانی زیاتر پەرەپێداوە، بە جۆرێک کە چین دەبات بەرەو سیستەمێکی تۆتالیتاریسمی نوێ. نزیکەی شەش سەد ملیۆن کامێرای ناسینەوەی دەموچاوی لەجادەکانی وڵاتەکەیدا داناوە بۆ سەرپەرشتیکردنی دانیشتوان، واتە کامێرایەک بۆ دووکەس، ئەم کامێرایانە دەزانن، تۆ کێیت و بۆ کوێ دەچیت، یان وەک نمونە لە سەر چ دینێکیت، چ جۆرە وەرزشێک دەکەیت، ڕەنگی ئۆتۆمبیلەکەت چییە. تەنانەت لە پشتەوە ئەتوانێت بەجۆری هەڵسوکەوت و قەبارەت بتناسێتەوە ، هەمو زانیارییەکیان لەسەر تۆ هەیە، بەگوێرەی هەڵسوکەوتت نمرەت ئەدەنێ، بەم مۆدێلەش دەڵین (قەرزی سۆشیال)، واتە دەبێت تۆ بەجۆرێک هەڵسوکەوت بکەیت، وەک ئەوەی کە حکومەتەکەت داوات لێدەکات، تەنانەت ئەگەر بە خەتی پەڕینەوەدا نەپەڕێیتەوە ئەوا نمرەت لێ دائەشکێنن.
ئەو کەسانەی نمرەیان کەمە هەندێ ئازادییان لێ زەوت دەکرێت، بۆ نمونە بۆیان نییە سەفەر بکەن، کە ئاستی نمرەکەیان زۆر نزم دەبێتەوە، دەبرێنە بەندیخانە و هەندێکیشیان بۆ کامپی پەروەردەکردن وەک لەسەردەمی ستالین، کاتێک تەلەفۆن بۆ ئەو کەسانە دەکەیت، کە نمرەیان گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر نزم، دەکەوێت بەسەر مەسجێکدا کە ئاگادارت دەکاتەوە ئەو کەسە نمرەی زۆر کەمە و دەبێت سەزەنشتی بکەیت، کە هەوڵبدات نمرەکانی بەرزبکاتەوە، لە سەر جادەکان پۆرترێیان هەڵدەواسرێت وەک کەسانێکی زۆر خراپ بۆ ئیهانەپێکردنیان، ئەوانەشی، کە نمرەیان زۆرە وەک کەسانی نمونەیی پیشاندەدرێن، پۆرترێکانیان لەسەر جادەکاندا هەڵدەواسرێن و بە شانازیەوە باسیان دەکرێن، بەڵام ئەتوانیت نمرەکانت بەرز بکەیتەوە ئەگەر ئیخباری لە کەسێک بدەیت، کە کارێکی خراپ دەکات. لە ئیستگەی شەمەندەفەردا گوێت لێیە کە بڵندگۆکە دەڵێت: ئاگاداربن ئەوانەی نمرەیان لە ئاستی D دایە بۆیان نییە سواری شەمەندەفەر بن. کاتێک پۆلیس کۆنترۆڵت دەکات ئەپلیکەیشنێکی پێیە دەزانێت تەنانەت ئەو مانگە تۆ چەند کارەبات سەرفکردووە، خۆ ئەگەر زۆر زیادت سەرف کردبێت ئەوا دێن کۆنترۆڵی مالەکەت دەکەن هەتاوەکو بزانن بۆچی و بە چ مەبەستێک ئەو زیادمەسرەفییەت کردووە. لەو ناوچانەی کە ڕاپەڕینی تێدا روویداوە، لەبەردەم هەندێک ماڵدا کۆدێک دانراوە، کابرای پۆلیس کۆدەکە بە تەلەفۆنەکەی دەخوێنێتەوە، ئەتوانێت بزانێت ئەو ماڵە چەند کەسی تێدایە و کاریان چییە و ئایا لە ماڵن یان نا، لە هەندێک ناوچەدا پۆلیس کاتێک بە سەیارە لە تەنیشتەوە تێپەڕدەبێت لە دوورەوە ئەتوانێت بزاێت، کە ئایا ئێوە باسی چی دەکەن، بۆیە هەندێک خەڵک ئەچنە دەرەوەی شار بۆ گفتوکردن........تاد .
یەکەم رێکخراوی جیهانی کە زەنگی مەترسی لێدا لەسەر ئەم ئەلگۆڕیتمە ڕێکخراوی : human right watch بوو.

ئێستا چین دەیەوێت ئەم تەکنەلۆژیایە بفرۆشیتەوە بە وڵاتانی تر، دەیەوێت لە ڕێگەی نوێکردنەوەی پرۆژەی ڕێگای ئاوریشم کە سەدەها ملیاری بۆ تەرخان کردووە، تەکنەلۆژی و سیستەمەکەی بفرۆشێتەوە بە ولاتانی تر، وڵاتانی شیلی و پۆلۆنیا و سریلانکا ئامادەن ئەو سیستەمە بەکار بێنن، هەروەها لەگەڵ ئەوروپاشدا لەهەوڵداندان، بە تایەتی لەگەڵ فەرەنسا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ژیلێی ژۆن. کاربەدەستانی چین دەڵێن: ئەگەر فەرەنسا ئەو تەکنەلۆژیەی بەکاربهێنایە ئەوا هەر پێش ئەوەی کە ژیلێی ژۆن بهاتنایەتە سەرجادە، دەیانگرتن. ئێستا لە خوارووی فەرەنسا لە شاری نیس وەک تاقیکردنەوە ئەم تەکنلۆژیایە بەکار دەهێنن، شاری نیس ئەو شارەیە، کە کاری تێرۆریستی ئیسلامیەکانی زۆر تێدا کرا، بۆیە وەک بیانویەک دەیانەوێت لە سەرەتاوە لەوێوە دەستبکەن بە تاقیکردنەوە. بەڵام ئەم تەکنەلۆژیەیان لە ئیسرائیل کڕیوە لەبەر ئەوەی کە ئیسرائیلیش ڕکابەری چین دەکات لەو بوارەدا، هەرچەندە ئیسرائیل هەتا ئەم ساتە وەک چینیەکان بەکاری ناهێنێت، زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریسمی ئیسلامی و فەلەستینیەکان بەکاری دەهێنێت . هەروەها ئەوروپا بەنهێنی دەیەوێت سنورەکەی بەو سیستەمە بپارێزێت، واتە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بتوانێت خەڵکی بناسێتەوە و بەبێ ئەوەی کەسێک لە پشتیەوە بڕیار بدات، فڕۆکەکە خۆی بڕیار ئەدات بە بێ کۆترۆڵ و بڕیاری مرۆڤ .

گرفتی هەموو سیستەمە دیموکراتیەکان ئەوەیە، کە چۆن بتوانن کۆنترۆلی دانیشتوان بکەن بەبێ ئەوەی سەرکوت بکرێن و توندوتیژی بەکار بهێنن. ئەمڕۆش ئەوروپا بەهۆی زیادبونی ژمارەی دانیشتوانیەوە، هەروەها زیادبونی تێرۆریسمەوە پێویستی بە سیستەمێکی کۆنترۆڵی کاریگەرە، کە پۆلیس توانای نییە ئەو کارە بگرێتە ئەستۆی خۆی، بەڵام هەرجارێک کە رووبەروی شەپۆلێکی تری تیرۆریسم دەبنەوە هەنگاوێک زیاتر دەچنە پێشەوە لە جۆر سیستەمی کۆنترۆڵ کردنی دانیشتوانیان، وەک چۆن دوای یانزەی سەمپەمبەر، زاراوەی: پاتریۆت ئەکشن، ڕیگای بە ئێف بی ئای دا تا هەموو ئازادییەکی هەبێت لەکارەکانیدا بەبێ کۆنترۆڵ، لەدوای ئەمەوە دەستیان کرد بە بەکارهێنانی ناساندەنەوەی دەموچاو وەک چین، هەتاوەکو ئێستا نیوەی ئەمەریکا کەسێتییان تۆمارکراوە، ئەوەش ئێف بی ئای کردویەتی بەبێ مۆڵەتی یاسایی، زۆر لە ڕێکخراوەکان دژی وەستاونەتەوە، چەند دیاردەیەک سەلماندویانە کە سیستەمێکە هەڵەدەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاسانی کەسانی پێست ڕەش ناناسێتەوە، لەسەدا دەی هەڵە زیاتر دەکات لە ناساندنەوەی پێست سپیەک، لە وڵاتێکدا کە دووجار و نیو زیاتر خەڵکی پێست ڕەشی تێدا دەکوژرێت لە لایەن پۆلیسەوە دەبێتە هۆی زیادکردنی تاوانی زیاتر دژی کەسانی پێست ڕەش.
بۆ سەلماندنی ئەمەش تاقیکردنەوەیان کردووە لەسەر ئەو سۆفتوایەرەی (software) کە ئەمازۆن دەیفڕۆشیت بە پۆلیس: وێنەی ئەندامانی کۆنگرێیان داوە بە پۆلیس هەتاوەکو بەراوردی بکەن لەگەڵ دۆسیەی تاوانباراندا و بزانن ئایا ئەوانە تاوانبارن یان نا، نزیکەی بیست وهەشت ئەندامی کۆنگرەی بە تاوانبار ناسیوەتەوە، لەوانە لە سەدا چل وهەشتی ئەندامی کۆنگرەی پێست ڕەش بوون، بەڵام پۆلیس هەر بەکاری دەهێنێت لەبەر ئەوەی ئەمازۆن هێندە هەرزان دەیفرۆشێت: مانگی بە دوانزە ئیرۆیە. ئەوەی جێگای دەستخۆشییە ئەوەیە، کە شاری سانفرانسیسکۆ کە سەنتەری تەکنەلۆژی مۆدێرنە بە سلیکۆنڤالی، وەک دەستپێشخەرییەک، یەکەم شارە کە بە یاسا ئەو سیستەمەی لابردوە بۆ پاراستنی ئازادی تاک، ئەوان دەڵین بۆ پاراستنی ئازادیی تاک، تەنها پۆلیس بەسە بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتوان. ئایا ئەمەریکا و وڵاتانی دیموکراسی هەتاکەی دەتوانن دژی ئەم سیستەمە بەرگری بکەن ؟
وەک وتمان لەگەڵ هەر تەنگژیەکی نوێدا، لە ڕابردوودا لەگەڵ تەنگژی تێرۆریسمدا، ئەمڕۆش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە وڵاتان پەنا دەبەنە بەر تەکنەلۆژی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆنمونە لە کۆریای باشوور بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەوانەی کە توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون، هەتاوەکو خۆیان لەگەل کۆمەڵگەدا تێکەڵ نەکەن بەو هۆیەوە خەڵکی تر توش نەکەن سۆفتوەرێکی داناوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کەسە توشبوەکان، کاتێک تۆ دەچیت بۆ شوێنێک دەتوانێت بزانیت، کە ئایا کەسێکی نەخۆشی لێیە یان نا، هەرچەندە ئەمە بۆ خۆپاراستن کاریگەری هەبوو لە نەخۆشی کۆرۆنا بەڵام لە بواری مافی مرۆڤدا گیروگرفتی دەنایەوە، کە چۆن هەرتاکێکی ئەم کۆمەڵگایە هەرکاتێک بیەوێت بزانێت تۆ لەکوێی، لەگەڵ ئەوەشدا کۆریا بەکاری هێنا، لە ئەوروپاش بوو بە مشتومڕ کە ئایا بەکاری بهێنن یان نا ؟ هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا بەکارنەهاتووە، بەڵام کاتێک ژیانی دانیشتوان دەکەوێتە مەترسییەوە حکومەت داوا لەدانیشتوان دەکات کە ئایا چییان پێ باشە، کە ژیانیان نەکەوێتە مەترسیەوە یان کامێرایەک سەرپەرشتیان بکات؟ بێگومان لەو کاتەدا خەڵکی پارستنی ژیانی خۆیان دەخەنە پێش ئازادییەوە، بۆیە مەترسی هەیە، لە داهاتوودا بەناوی پاراستنی ژیانەوە مرۆڤ ئازادی لە دەست بدات. دوای کۆرۆناش وەک پێشبینی دەکرێت، باری ئابوری جیهان دائەڕمێت بەم بۆنەیەشەوە راپەڕین و ناڕەزایی خەڵکی بەشێوەیەکی زیاتر لەوە و بەر رووئەدەن، وەک پێشبینیان کردووە : هێلەک زەردەکان لەفەرەنسا هێلەکی ڕەش دەکەنە بەریان، ئەوسا فەرەنساش ناچار دەبێت بۆ کۆنترۆلکردنی دانیشتوانی ئەو سیستەمەی چین بەکاربهێنێت.

دیکتاتۆرەکانی جیهان بە ستالین سەرسامبون، چاویان لە ستالین دەکرد لە هەڵسوکەوتیاندا؛ ستالین هەمیشە دەم بە خەندە بوو، کۆنترۆڵی هەموو جوڵاندنەوەیەکی خۆی دەکرد، هەتاوەکو ئەوی بەرامبەری وەک کەسێکی ئارام و لەسەرخۆ ببینێت، وەک هیتلەر و مۆسۆلینی نەڕەنەڕی نەدەکرد، بە هێواشی و بە نهێنی لە هیتلەر زیاتر تاوانی دەکرد، بە دەستێکی ئاسنین کۆنترۆڵی کۆمەلگەی روسیای کرد بەجۆرێک خەڵکی ترسیان لە هاوڕێ و لە دراوسێ و لە ئەندامانی خێزانەکشیان هەبوو، کە رازونیازی خۆیانیان بکردایە. سەدام حسەینیش کە زۆر بە ستالین سەرسام بوو وەک ئەو هەڵسوکەوتی دەکرد. بەڵام سەرۆکی چین (سین جین پین) پێویستی بەوە نییە گۆڕانکاری بکات لەهەڵسوکەوتدا هەتاوەکو خەڵکی بە کەسێکی لەسەرخۆ و هێمن بیبینن، هەتاوەکو خۆی بە کەسێکی نەرم و ئاشتی خواز بنوێنێت، لەبەر ئەوەی سەروچاوی ئاسیایی بە سروشتی وەک کەسێکی هێمن دەبینرێن ، وەک ماوتسی تونگ. بۆ ئێمە تۆزێک گرانە تێبگەین لە ناخی ئاسیایەک بە سەروچاویاندا، هەمیشە وەک کەسانی ئارام و لەسەرخۆ دەیانبینین. ئەمڕۆش کاتێک ئێمە (سین جین پین)ی سەرۆکی چین دەبینین، وەک کەسێکی هێمن و ئاشتی خواز دێتە بەرچاومان، بەڵام دڕندەترین دیکتاتۆری سەردەمەکەمانە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە