ڕاپۆرتێکی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە هەولێر، باس لە ڕوخانی کابینەکەی مەسرور دەکات


له‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریدا قسه‌یه‌ك

Thursday, 04.23.2020, 6:56

787 بینراوە


1
له‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا بكوژه‌كانی سه‌رده‌شت عوسمان چوونه‌ به‌رده‌م دایك و باوكی سه‌رده‌شت و وتیان ئێمه‌ شه‌رمنده‌و ته‌ریقین ، نه‌ده‌بوو سه‌رده‌شت له‌ سه‌ر خه‌ونێك تیرۆر بكرێت و ته‌رمه‌كه‌شی ببرێته‌ موسڵ فڕێبدرێت ، چه‌ند شه‌رم و شوره‌ییه‌ له‌ سه‌ر خه‌ون مرۆڤ بكوژیت و خۆتیش به‌ ده‌م راستی گه‌ل بزانی ، گه‌لێك ئه‌گه‌ر موچه‌ی مانگی دوازده‌ی ساڵی پێشووی له‌ مانگی پێنج بده‌یتێ‌ هێشتا نقه‌ی لێوه‌ نه‌یات و رقی له‌ بینینی خه‌ونی لاوه‌كانیشی بێت .
2
له‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان چووه‌ خوێنی سۆرانی مامه‌حه‌مه‌ی شاعیرو عاشق ده‌ڕۆن له‌ به‌رده‌م دایكیدا ده‌نوشتێنه‌وه‌و ده‌ڵێن دایكه‌ گه‌ردنمان ئازاكه‌ ،سۆران هیچی نه‌وت هه‌ر ئه‌وه‌ی وتی با خانمی یه‌كه‌می میله‌ته‌كه‌ی منیش به‌ پێی ئه‌و عورفی ناونانه‌ی هه‌یه‌ له‌ بۆنه‌یه‌كدا ببینرێ‌ و هه‌ندێك له‌ ته‌ڵاكانی خۆی بداته‌ كچه‌هه‌ژاره‌كانی خانووه‌ قوڕه‌كان .
3
له‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا كاوه‌كوژه‌كانی گه‌رمیان له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ ئامه‌د نووسیان تۆ له‌ وڵاتێكدا گه‌وره‌ ده‌بیت ، بكوژه‌كانی پاڵه‌وانن ، ، ئه‌وانه‌ی شانازی به‌ شه‌ڕی ناوخۆو به‌ كوشتدانی لاوانه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، ده‌بنه‌ نوێنه‌رو ئه‌وانه‌شی هه‌قیقه‌ت ده‌ڵێن به‌ رنه‌فره‌ت ده‌كه‌ون ، ئه‌وان له‌ كۆتای نامه‌كه‌یاندا داوای بوردن له‌ ئامه‌د و دایكی كاوه‌ ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن ئێمه‌ ڕووی ئه‌وه‌مان نیه‌ بێینه‌ به‌رده‌متان .
4
له‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریدا وه‌دات به‌ قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی ره‌وف ئاكره‌یی له‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی میقداد مه‌دحه‌ت به‌ درخان ده‌نووسێت ، قوربان ئه‌وانه‌ سڵ له‌ كوشتنی پیاوێكی به‌ ته‌مه‌نی وه‌ك ستار تاهیر شه‌ریفیش ناكه‌نه‌وه‌ ، ئه‌وانه‌ له‌ دڕنده‌ دڕنده‌ ترن ، دوژمن له‌ چاویانه‌وه‌ فریشته‌یه‌ ، له‌ سه‌ر گۆڕه‌كه‌ی وه‌دات یه‌كێك له‌ بكوژه‌كان گوله‌یه‌ك ده‌نێت به‌ ته‌پڵی سه‌ری خۆیه‌وه‌و له‌نامه‌یه‌كی مۆبایله‌كه‌یدا نووسیویه‌تی ببه‌خشن ، ئازاره‌كه‌ زۆر بوو .
5
له‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا دوای 29 ساڵ له‌ كاری رۆژنامه‌نووسی ، یه‌كێك له‌و چه‌ندین كه‌سه‌ی له‌ رابردوودا له‌ سه‌ر نووسین ده‌یان نامه‌ی جنێوی ناشرینی بۆ ناردووم ،له‌ نامه‌یه‌كی ده‌نگیدا په‌یامێكم بۆ ده‌نێرێت " به‌ڕێز ببوره‌ من ده‌روێشێكی خراپی ئایدۆلۆژیا بووم ، نه‌ده‌بوو ئه‌و هه‌موو بێ‌ ئه‌ده‌بیه‌ت به‌رانبه‌ر بكه‌م "
هه‌ر له‌ 22ی 4دا سه‌رۆكی هه‌رێم داوای بووردن له‌ هه‌موو میدیاكاران ده‌كات كه‌ له‌ ماوه‌ی حوكمڕانی ئه‌ودا به‌ ناخۆشترین دۆخدا تێپه‌ڕین .
ئه‌وه‌ش خه‌ونه‌كه‌ی من .
تۆ بڵێی هێمن مامه‌ند ئازاد بكه‌ن ؟



(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 5/5)