پیلانی هه‌واڵگری و تێكدانی په‌یوه‌ندی

Thursday, 04.23.2020, 21:14

2867 بینراوە


له‌ سه‌ر ئاستی دنیا ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كان رۆڵێكی زۆر له‌ تێكدانی په‌یوه‌ندی و دروستكردنی بشێویدا ده‌بینن، له‌ زۆربه‌ی زۆری ئه‌و ده‌زگایانه‌دا به‌شی تایبه‌ت به‌و كاره‌ هه‌یه‌ و له‌ نێویاندا خه‌ڵكانی شاره‌زا ، رۆژنامه‌نووس ، مامۆستای زانكۆ خه‌ڵكانی هه‌مه‌ چه‌شن هه‌ن ،ئه‌و خه‌ڵكانه‌ ئیش له‌ سه‌ر شێواندنی دیدی خه‌ڵك ده‌كه‌ن ، ئیش له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن چۆن هه‌واڵی درۆ بابه‌تی وروژێنه‌ری سیاسی بڵاو بكه‌نه‌وه‌و بیگه‌یه‌نن به‌ زۆر ترین خه‌ڵك .
له‌ كوردستان چه‌ند ساڵێكه‌ نه‌ك له‌ رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ بگره‌ له‌ رێگه‌ی ماڵپه‌ڕو په‌یجه‌ بێ‌ دایك و باوك یان خاوه‌نداره‌كانیشه‌وه‌ كار له‌ سه‌ر ئه‌م جۆره‌ پیلانانه‌ ده‌كرێت ، له‌ كوردستان له‌ و پێناوه‌دا پاره‌ی زۆر به‌ هه‌ده‌ر ده‌درێت و به‌شێكی زۆر له‌ سه‌رانی حزبه‌ زله‌كان و پیاوانی نێو حكومه‌ت ده‌یان شوێنی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ت و هه‌واڵی پڕ له‌ درۆو تێكدانی په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌و كاری له‌ سه‌ر ده‌كه‌ن ، قه‌ڵه‌م به‌ ده‌ست هه‌یه‌ تایبه‌ت گیراوه‌ بۆ ئه‌وكاره‌ هه‌شه‌ بێئه‌وه‌ی پێبزانێت و پاره‌ وه‌ربگرێت ده‌كه‌وێته‌ پاقله‌كه‌وه‌ ، له‌م سه‌رده‌می كۆرۆنایه‌دا له‌ كێشه‌ی مسته‌فای سه‌لیمی ، زینی وه‌رتێ‌ ، په‌یوه‌ندی عیراق و هه‌رێم ، په‌یوه‌ندی پارتی و یه‌كێتی و زۆر شتی دیكه‌دا ئه‌م یاریه‌ زۆر به‌ ناشرینی به‌ ڕێوه‌ چوو .
هه‌ندێك جار به‌ بیانووی پێدانی زانیاریه‌وه‌ ژاری مه‌ترسیدار ده‌ڕێژن ، ژارێك نزیكه‌ له‌وه‌ی بگاته‌ ئاستی روداوی مه‌ترسیدار ، من له‌ سه‌ر دوو پیلانی ئه‌م ماوه‌یه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كه‌م و وه‌ك نمونه‌ نیشانی ئێوه‌ی ده‌ده‌م یه‌كه‌م : له‌ مه‌سه‌له‌ی زینی وه‌رتێدا سیناریۆیه‌ك دروستكرا ، گوایه‌ ئه‌وه‌ خواستی ئه‌مه‌ریكایه‌و بۆ پاراستنی سه‌ربازگه‌ی هه‌ریره‌ له‌ ئێران ، ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌ درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌و نێچیرڤان بارزانی هه‌واڵه‌كه‌ی به‌ درۆ خسته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌ چه‌ند نوسینێك مه‌ودای نێوان زینۆی وه‌رتێ‌ و هه‌ریر نیشاندراو سه‌لمێنرا كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری پیلانی بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆ كێشاوه‌ وانیه‌ ، سه‌یر له‌وه‌دا بوو به‌شێك له‌ به‌ناو سیاسه‌تمه‌دارو رۆشنبیریش هه‌مان سیناریۆیان وه‌ك راست باس كرد ، جا راسپاردن بوو یان شتی تر ، خۆ ره‌نگه‌ له‌ بنچینه‌دا وا بێت و زینۆی وه‌رتێ‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا نا بۆ ده‌وڵه‌تێكی دراوسێ‌ گرنگ بێت و له‌ رێی ئه‌م پیلانه‌وه‌ هێزی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ له‌ نیوه‌شه‌وداو له‌ ناكاو ببرێته‌ ئه‌و شوێنانه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش زۆر رێی تێده‌چێت و له‌ پیلانی هه‌واڵگری ده‌چێت .
دوه‌م : له‌ یه‌ك دوو شوێن درۆیه‌كی گه‌وره‌ كه‌وته‌ به‌رچاوم ، یه‌ك دوو دۆستیش بۆ یان ناردم كه‌ داخوا ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌، من به‌ وتنی " درۆیه‌ " وه‌ڵامی دۆسته‌كانم دایه‌وه‌ ، به‌ڵام نوكته‌كه‌ خه‌ریكه‌ كاری له‌ سه‌ر ده‌كرێت ، "هه‌واڵێكی درۆ فڕێبده‌و كاری له‌ سه‌ر بكه‌ وفوی تێبكه‌ " گوایه‌ له‌ ئاینده‌دا حزبێكی تازه‌ دروست ده‌بێت و چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی گرنگی ناو یه‌كێتی و كۆنه‌ یه‌كێتی و ته‌نانه‌ت گۆڕان دروستی ده‌كه‌ن ، ناوه‌كانم لایه‌ نامه‌وێت بڵاوی بكه‌مه‌وه‌ ، له‌ راستیدا هه‌واڵه‌كه‌ فڕیدانه‌ بۆ ئیش له‌ سه‌ر كردن ، به‌ دوای ئه‌وه‌دا وتارێكی هه‌واڵگریانه‌م بینی كه‌ باس له‌ تێكچوونی په‌یوه‌ندی نێوان دوو كه‌سایه‌تی گه‌نج و به‌ ته‌مه‌نی نێوان یه‌كێتی ده‌كات و له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ چیرۆكی تێكبه‌ربوون و شێوانی ماڵه‌كه‌ داده‌ڕێژێت ، من چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ كافتریاكه‌ی وه‌زه‌اره‌تی رۆشنبیری له‌ ته‌ك هاوڕێیه‌كما له‌ گفت و گۆدا بووین له‌ پڕ دوو گه‌نج له‌ سه‌ر دوو ئامۆزا خه‌ریك بوو په‌لاماری یه‌كتر بده‌ن ، ئێمه‌ شه‌ڕه‌كه‌مان خاوكرده‌وه‌و رۆیشتین، له‌ راستیدا ره‌نگه‌ كه‌سێكی سه‌ر به‌ ده‌زگای هه‌واڵگری له‌وێ‌ با له‌ سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ سیناریۆی سه‌یری داڕشتبا ، بۆ شێواندنی بارو دۆخه‌كه‌ و تێكدانی بیرو بۆچوونی خه‌ڵك .
كێشه‌ له‌ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی كوردستاندا ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئیش له‌ سه‌ر تێكدانی نێو ماڵی كورده‌واری ده‌كه‌ن ، ئیش له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ناكه‌ن مرۆڤێكی خۆ بڕیارو خۆ خاوه‌ن دروستبكه‌ن ، جێی داخه‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ وه‌ته‌ی حكومه‌تی نوێ‌ دروست بووه‌ زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه‌و كاری زۆری له‌ سه‌ر ده‌كرێت .