گۆرانکاریەکان لەسەردەمی کائۆسدا

Thursday, 23/04/2020, 21:21

5074 بینراوە


یەکێ ئاگەداری هەڵاوسانی بازاری جیهان نەبێت ، بێ گومان دەڵێ کۆڤید -١٩ هۆکاری داشکانی بازار وشکستی سیستەمی دراوە.لە رووکەشیشدا ئەوە راستە ،، بەڵام بە بچوکترین تێرامان دەکرێ مرۆڤی بە ئاگا ئەو بازارە پراوپرە لە شتومەك و کالای جۆراوجۆر ببینێ ، کە لە دوور و نزیکەوە هیچ پەیووەندی بە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەوە نی یە ، لە کاتێکدا هەژاری و بێکاری هەموو سنور و یاسایەکی ئەخلاقی تێپەراندوە ،،سیستەمی نوێی جیهانگیری ،،کۆمەڵگای دوچاری کۆیلایەتیەکی مۆدرێن کردوە ولە ژێر پاڵە پەستۆی کاری رۆژانەوکاتی و کۆمپانیاکانی کاتدا بێ هیوایکردوە. هەر وەك فەیلەسوفێکی سەردەم دەڵێت تەنانەت بچوکترین مێرولە لە ژیاندا بێ کار نی یە و نابێت ، کە چی لە دنیای سەرمایەداری مرۆڤی بێکار بێ ئەندازە زۆرن ، ، بازارەکانمان پرن لەو کەرەسانەی تەنها دەیانکرین و خۆشمان نازانین بۆ دەیانکرین،بە هەزارەها ئامێر و هەرامە بەرهەم دەهێندرێت کە مرۆڤ لە تەواوی ژیانی ئەگەر نەشی بێت هیچ لە زیندەگی ناگۆرێ ،،دەیان ئامرازی پارە دان و شێوازی کرینی ئەنتەرنێتی و ئۆنلاین و کرێدیت و کارتی ئەلیکترۆنی پەیدابونە ، تەنها ژمارە کەم دەکات و ژمارە زیاد دەکات لەسەر حساب و ئاکاونتی بانکیمان ،ئەم دیاردەیە ئەگەر لە شارەکان و بازارە بچوکەکانی کوردستان کەمتر رەنگی دابێتەوە ،کە دیسان بایی خۆی پراوپرە و ماڵ نی یە لێی بەدەر بێت ،ئەوە لە بازارەکانی ووڵاتانی گەورە و مەترۆپۆلەکان بە هەزارەها جۆر و رەنگ تەنراون و دەبیندرێن . خەڵکی بێ هۆکار مامەڵیان دەکا و دەیان کرێت ، بێ ئەوەی ژیانی تیا بەدی بکرێ، چونکە هیچ پەیوەندی بە ژیانەوە نی یە ،، ، کریار کە من و تۆین بە جۆرێك هیبنۆتیزەکراووین ، لە رێی کەناڵە هۆشبەرەکانی راگەیاندنەوە ، بە دووبارە کردنەوە و پیشاندانی بەردەوامی کالا بێ ناورۆکەکان ، بەشێووەیەکی زۆر ترسناکتر لە مادە هۆشبەرەکان ئالودەکراوین پێیان . بەردەوام دەکرین و دەست بۆ هەموو بریقەدارێك و ئامێرێکی تەمبەڵی و کەمکەرەوەی جولە دەبەین .هەندێ لە ووڵاتان لە پێشبرکێدان بۆ دۆزینەوەی هەسارەیەکی تر بۆ ژیان کە چی لە هەمان کاتدا زەوی نوقمی شەر و ئاشووب دەکەن . زەوی دەکەنە بەردەم خنکان و هەناسەکورتییەکی بێ ئەندازەی ترسناك تاسنوری پەرچەکرداری چاورواننەکراو ،لە گەڵ ئەوەی تا ئیستا بەروونی ئاشکرا نەبووە ئاخۆ بەتای کورونا دەستی لەپشتە یان توورە بوونێکی سروشتەو هەرەشەیەکی وەبیر هێنانەوەیە تا مرۆڤایەتی بێتەوە سەرهۆشی خۆی وئاورێك لە پاشەرۆی پلاستیك و پیسبونی ژینگە و دەرهێنانی بێ ئەندازەی نەوت وکانزاکانی تر لە زەوی بداتەوە ،کە گەیشتۆتە سنوری ترازان و کائۆس و کارەسات .
شەر و ململانێی زلهێزەکان بۆ کۆنترۆڵ کردنی سەرچاوەکانی ووزەو بازارەکان وفرۆشتنی کالا و کەلوپەل و بازرگانی تا دێت فراوانتر دەبێت و قوربانیش بەردەوام هەر مرۆڤایەتی وبەهاکانێتی ،
هەر لەسەرتای مێژووی نوسراوەوە تا کو ئیستا بازرگانی و کۆنترۆڵکردنی بازرگانی ورێگاکانی هۆکاری سەرەکی ماڵوێرانی و شەروئاشووب بوە . لە سەردەمی سۆمەری وئاشورو هیتی وگۆتی و میدەکان و فرعەونەکان ورۆمەوە تا ئیمپریالیزمی نوێ و دەوڵەتی سەنتراڵی نیونەتەویی ،خاڵی هاوبەشی شەرەکان هەر بازرگانی و کۆنترۆڵی بازارودراووبوە ،بۆیە دەبێ لەوێوە شیتەڵ بکرێ ویەکلابکرێتەوە ، چونکە بیرۆکەی چارەسەریش هەر لەوێ وە گەڵاڵە دەبێت ،، هۆکاری سەرەکی بەردەوامی ئەو شەر و ململانێ یانەیە ،، بەرای من تێگەیشتنی هەڵەی مرۆڤایەتی یە بۆ دەورو بەر و بەرامبەر ،، تا ئیستاش لە جیاتی ئەوەی سیاسەتی پەل هاویشتن و قۆرغکردنی بازار ودراوو بە دژە ئیکۆنۆمی ناوزەند بکەین ناوی دەنێن ئیکۆنۆمی سیاسی ،،دەیان و سەدان پێناسەی تریش هەن بەو ووێنەیە . نەخۆشیش ئەگەربە دروستی نەخۆشییەکەی دیاری نەکرێ ، چارەسەری هەڵە وەردەگرێ ،، ئێمەش بە هەڵە کائۆسەکان دیاری دەکەین و بەهەڵەش نەخۆشیەکانمان دەستنیشان دەکەین ، هەر بۆیە چارەسەرەکان بێ کۆتا لێمان دوورن ، مرۆڤایەتی بە دورکەوتنەوەی لە ژیانی سوروشتی وئیکۆلۆژی پێی وایە ، هەنگاوی نزیکبوونەوە لە مەدەنیەت دەنێت بەڵام بە پێچەوانەوە ،، وەك چۆن سەرتای شارستانییەت و ژیانی تەندوروست ، هەڵقوڵاوی قولایی سوروشت بوە ،،دەبێ دڵنیاش بین کە تەنها ئەو هارمۆنیەتە رێگا چارەی تەواوی کێشەو نەهامەتیەکانمان دەسەبەر دەکات .مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ بەهەدەردانی ووزە گەیشتۆتە بنبەست ، ئیتر بواری هەناسەدانیش بۆ مرۆڤایەتی نەماوە ، لەکاتێکدا دەکرا مرۆڤ زیاتر سوود لە ووزەی خاوێن وەرگرێ لە رێی بەکار هێنانی سیستەمی زۆلارو تۆربیدەکانی باو ئاوەوە .کەچی کەمترین بایەخی پێ دروە ،بێجگە لەوەی کە ئەتمۆسفیری پێکەوە ژیان و شێوازی ژیانمان لە سایەی ترادیسێونە بێ کەڵکەکان ، دەهلیزەکانی دەرباز بوون بۆ ئارامی ژیانی راستەقینە بەتەواوی دائەخات و دای ئەروخێنێ . لە گەڵ ئەوەشدا، حەقیقەتێك دەبێ لامان زۆر روون بێت ئەویش ، تا سیستەمی سەرمایەداری وبەرێوەبەرانی سیستەمی دراوو بۆ بەدەست هێنانی سەرچاوەکانی ووزە جەرگی زەوی هەڵکۆڵن وبەرامبەری لە سورشت تێکبدەن ،،زیاتر لە خاڵی کۆتایی نزیکدەبینەوەو دەیان کارەساتی تری وەك کورونا دەبینین . لەگەڵ هاتنی هەر یەك لەم شەپۆلی تۆرەیی سروشتەش ، بەرێووەبەرانی سیستەمی جیهانگیری گورزی گەورەیان بەردەکەوێ و گورزی گەورەش لە ژیانی سەر هەسارەی زەوی دەدەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە