زینى وەرتێ کێشەیەک بۆ پەردەپۆشی کێشەیەکى تر؟

Thursday, 23/04/2020, 22:20

3304 بینراوە


ئەوەى لە چەند رۆژی رابردوو لە زینى وەرتێ روویدا بە جوڵاندنى هێزی چەکداری و لەولاوە تۆمەت بەخشینەوەی یەکێتى و پارتى و پەکەکە بە یەکدى و سەنگەر لێکگرتنى ئەو هێزانە بە پاساوى جوراو جۆر.
یەکێتى دەڵێت: هاتنى ئەم هێزەى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ زینى وەرتێ هیچ بیانویەک ناهێڵێتەوە کە بەناوى پەتای کۆرۆنا رەوانەى ئەو دەڤەرە کراوە لەکاتێکدا ئەگەر مەبەست لێی رێگریبێ لە هاتوچۆی بەقاچاغبردنى مرۆڤ لەو سنوورە، ئەوە ئەرکى وەزارەتى ناوخۆو دام و دەزگا ئەمنیەکانە نەک هێزى پێشمەرگەو ئەو سنوورە  دوورە بۆ ئەوەى بە قاچاخ مرۆڤ هاموشۆی تێدا بکات.
پارتی دەڵێت: ئەو دەڤەرە لەسەر راسپاردەى وەزارەتى تەندروستى پێویستى بەوەیە بەشێوەیەکى کاتى کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە بکرێ.
ئێمە باس لە رەوایی و نارەوایی ئەو پرسە ناکەین، وەلێ ململانێکان بەو ئاقارە رۆیشتووە یەکێتى و پارتى لێدوانى زبر دژ بەیەک لەمیدیاکان ئاراستەى یەک بکەن تا رادەى تاقینەوەى بارودۆخەکەو دروستبوونى شەری ناوخۆیی و دوو ئیدارەیی.
لایەنەکانى تر بۆ بەرگرتن لەهەر پێکدادانێکى سەربازى کە پارتى و یەکێتى سەنگەریان دژ بەیەک لێداوەو قایم کردوە کە خوانەخواستە لە شەڕە جنێوەوە بۆ هاویشتنى یەک گوللە فیشەک بارودۆخەکە لەدەست دەرچێت و ئاسایکردنەوەى زەحمەت بێتن هەر ئەمەیش وایکرد داوای دانوستان و کۆبوونەوەى مەکتەبی سیاسی ئەو دوو حزبە بکرێت.
بریاربوو چوارشەممە 22/4 لەسەر ئاستى باڵا لە هەولێر شاندى دانوستکاری هەردولا کۆببنەوە کەچی بەبێ هیچ هۆکارێک کۆبوونەوەکە دواخرا.
لێرەدا چەند خاڵێک هەیە دەکرێ بە زوویی کاری لەسەر بکرێت:
یەکەم: نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم کە فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانە وەک لە دەزگاکانى راگەیاندنەوە وتى: زینى وەرتێ کێشەیەکى گەورە نیە چارەسەر دەبێت.
لێرەدا یەک ئیعازى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بەسە تا ئەوگرژییە نەمێنێ بەوەى هەر دەم و دەست بە بروسکەیەک فەرمان بە کشانەوەى ئەوهێزە بدات کە وەزارەتى پێشمەرگە جووڵەى پێ کردووە، بەڵام لێرەدا رەنگە ئەو ئیعازە لەمەڕ حیساب نەکردن بۆ ئەو فەرمانەى سەرۆکى حکومەت کاردانەوەى دیکەى بەدوادا بێت و شتى تر روو بدات.
دووەم: کۆبوونەوەى هەردوو مەکتەبی سیاسی ئەوەى قسەى تێدا بکرێ هەر ئەوەیە کێ خەتابارە؟ کێ دەسپێشخەر بوو بۆ ئەو رووداوە؟ چی بکرێ تا بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە؟ لەوەشدا رەنگە هیچ لایەکیان سازش بۆ یەک نەکەن و کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام کۆتایی پێ بێت، ئەوەش لەوەدا سەرچاوە دەگرێ:
ڕ-یەکێتى خۆی بەقەڵەمڕەوى ئەو سنوورە دەزانێ و وا بەئاسانى ئامادە نییە بۆ هێزێکى بەجێ بێڵێ کە لەوهێزە بە گومانە، چونکە پێی وایە ئەو هێزە پارتى جووڵەى پێ دەکات و بە رووکەش لەژێر چەتری وەزارەتى پێشمەرگەو بەناوى هێزى هاوبەش چووەتە ئەو سنوورە.
ب-پارتى پێی وایە مادام کوردستان یەک حکومەتى هەیەو یەکێتى لەوحکومەتە هاوبەشە، کەواتە نابێ رێگری لە سوپایەکى نیزامى بکات کە هێزى هاوبەشی یەکێتى و پارتیەو سەر بەدامەزراوەیەکى نیشتمانیە.
ج-لەنەگەیشتن بەهیچ ئامانج و بریارێکى یەکلاکەرەوە ساردى لە پرۆسەى بەرێوەچوونى حوکمرانى نێوان ئەم دوو هێزە قوڵ دەبێتەوەو سەر بۆ حیسابنەکردن بۆ یەک رادەکێشێ و بەرژەوەندی کەسە دەسرۆیشتوەکان ئەو بارودۆخە بە پینەو پەرۆ دەهێڵنەوە کە هیچ رووداوێکى نەخوازراو بەرۆکى ئەم هەرێمە نەگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە