هاوژیانی بنەماڵەی بارزانی و داگیرکەرانی کوردستان، تاکتیک یان ستراتیژی

Saturday, 25/04/2020, 1:23

15609 بینراوە


«زانیاریەکانی ئەم وتارە بۆ هەمو کوردێکی دڵسۆز پێویستە، تکایە بە هەر جۆرێک بۆتان دەکرێ بڵاوی بکەنەوە»
------------------------
بۆچی بنەماڵەی بارزانی لە شەست ساڵی ڕابردو بەردەوام دوشمنایەتی شۆڕشگێڕانی هەر چاوار پارچەی کوردستانیان کردوە؟
بۆچی هەمیشە یەک یان دوو و تەنانەت هاوزەمان سێ دەوڵەتی داگیرکەر لە شەڕ دژی هێزەکانی کورد پشتوانی بارزانیان کردوە؟
جوابی زانستی ئەم پرسیارانە دەبێتە هۆی ڕێنوێنی شۆڕشگێڕانی کورد بۆ دیتنەوەی ئیستڕاتژی ڕزگاری نەتەوەیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی.
***
هەمو هێزە کوردیەکان بە خاتری هەڵکەوتەی جوغڕافیایی کوردستان کە لە نێوان چوار دەوڵەتی ناوچە دابەشکراوە، لە هاوکاری دەوڵەتانی داگیرکەری پارچەکانی دیکە دژی دەوڵەتی داگیرکەری پارچەی خۆیان کەڵکیان وەرگرتوە.
ئەم پێوەندیانە تاکتیکی، کورت‌ماوە و سنوردار بون. لە چوارچێوەی سیاسەتی «دوشمنی دوشمنەکەم دۆستی منە» بەڕێوە چوە و هەر یەک لە دوو لایەنەکە کەم تا زۆر لێی سودمەند بون.
زۆر جارێش پێوەندیەکان پچڕاون و دوشمنایەتی جێگای گرتۆتەوە. بۆ نمونە یەکیەتی نیشتمانی لە ساڵی ١٩٨٢ پێوەندی لە گەڵ ئێران پچڕاند و لە شەڕ دژی ئێران هێزی پشتیوانی نارد بۆ دێموکڕات و کۆمەڵە و لانی کەم ١٨ قوربانیشیان دا.
پ ک ک تا ساڵی ١٩٩٩ لە چوارچێوەی دوشمنایەتی هاوبەشی دژی تورکیا، پەیمانی ناتۆ و ئیسڕائیل لە دەوڵەتی ئێران یارمەتی وەردەگرت. بەڵام دوای ڕێپێوانەکانی ڕۆژهەڵات دژی ڕفاندنی عەبدولا ئۆجەلان و دروست بونی پژاک کار کەوتە شەڕ و تەنانەت ئێعدامی ئەندامانی گیراو و ڕادەست کردنەوەی گریلای ئەسیر بە دەوڵەتی تورک.
لە چەند دەورەی جیاواز دا یەکیەتی و پ ک ک لە دەوڵەتانی سوریە و ئێران بە دژی دەوڵەتانی نەیاری هاوبەشیان( تورکیا و ئێراق) یارمەتیان وەرگرتوە. بەڵام نەچونە ژێر ویستی ئەم دەوڵەتانە بۆ لێدان لە کوردانی دژبەری ناوخۆیان.
دێموکڕاتەکانی کوردستانی ئێران،کۆمەڵەکان، سازمانی خەبات و... بۆ ماوەی ٢٤ ساڵ(١٩٧٩ تا ڕوخانی بەعس٢٠٠٣) لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە یارمەتی دراون. بەڵام نەک لە دژی کوردانی باشور شەڕیان نەکردوە، بەڵکو بەشێک لەو یارمەتیەکانی کە لە سەدام وەریان دەگرت بە نەهێنی ڕادسەتی پێشمەرگەی باشوریان دەکردەوە.
هەمو ئەم حیزبانە لە ژێر فشار دابون بۆ لێدانی کوردانی ڕاپەڕیوی پارچەی ژێردەستی دەوڵەتی پشتیوان.
بەڵام ئەگەر پاشکۆیەتی و تێوەگلانی یەکیەتی لەبڕیارنامەی پارلمانی باشور١٩٩٢ و شەڕەکەی قەرەداغی دژی پ ک ک لە ساڵی٢٠٠٠ وەک هەڵاوێر(استثناء) ئەژمار بکەین، دەتوانین بڵێیین کە غەیری بنەماڵەی بارزانی هیچ هێزێکی کوردی دژی حیزبە کوردیەکانی دەوڵەتی پشتیوان شەڕی نەکردوە.
لێرەدا جیاوازیەکی قووڵ دەبیندرێ.
بە پێچەوانەی هێزەکانی دیکە پێوەندی بنەماڵەی بارزانی لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان درێژماوە و بێ‌سنور بوە. کەمتر لە چوارچێوەی شەڕی دەوڵەتی ئێراق دا ماوەتەوە و زۆرترین شەڕی دژی هێزە کوردەکانی باشور، ڕۆژهەڵات و باکور بوە.
ئەگەر لێکۆڵینەوەیێکی زانستی و بێتەرەفانە لە ئاماری شەڕ و شوێنی گیانبەخت‌کردنی شەهیدەکانی پارتی دێموکڕات بکرێ، مەعلوم دەبێ کە زیاتر لە ٩٠٪ی لە شەڕ دژی یەکیەتی نیشتمانی، پ ک ک . حیزبی دێموكڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و... دا کوژراون.
ئەگەر بمانهەوێ وشەکان لە جێگەی خۆیان دا بەکار بێنین، ناتوانین پێوەندی بنەماڵەی بارزانی لە گەڵ داگیرکەران وەک هاوکاری تاکتیکی ناو بەرین. بەڵکە ناوی ڕاستەقینە و پڕ بەپێستی دەبێتە «هاوژیانی ئیستڕاتژیک»
هاوکاری بنەماڵەی بارزانی و گەڵ داگیرکەرانی کوردستان ئیستڕاتژیکە، بەڵام هی هێزە کوردیەکانی دیکە تاکتیکیە.



تێزی دۆکترینی مەلامستەفا

«مێژوو داستان نیە گرێدراوی ڕابردوو بێت، زانستێکە بۆ ناسینی ئێستا و پێش‌بینی دواڕۆژ»
بۆ ناسینی بنەماڵەی بارزانی و پێش‌بینی سیاسەتی دواڕۆژیان پێویستە بە قووڵایی مێژوویان دابچینەوە.
لە ساڵی ١٩٦١ مەلامستەفا بە نێوی کوردایەتی لە لایەن ساواکی ئێران کرا بە ڕابەری شۆڕشی ئاغاواتی ناڕازی لە دابەشکرانی زەوی. ڕوناکبیران و هەڵسوواراوانی پارتی دێموکڕاتی کوردستان بە دوای‌دا کەوتنە ڕێ.
ئەم شۆڕشە لە سەرەتاوە دوو باڵی هەبو:
١-بنەماڵەی مەلا مستەفا،عەشیرەتەکەی، ئاغاوات، پلەدارانی هۆز و دێهاتەکان
٢- ڕوناکبیران، کەسانی هەڵقوڵاوی چینی نێوەنجی شارەکان، دێموکڕات، نوێخواز و چەپەکان و ... کە دوایە بە باڵی مەکتەبی سیاسی ناسران.
ئەم دو باڵە لە نێوەرۆک و ئامانج‌دا زۆر جیاواز بون. تا ئەو ڕادەیەی کە باڵی مەکتەبی سیاسی لە چاکسازی و ئامانجەکانی عەبدولکەریم قاسم نزیکتر بون تا کوێرە شۆڕشێکی کە لە هەمو خەونێکی پێشکەوتن‌خوازی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، ئازادی تاک، بەرابەری ژن و پیاو، ئازادی بیر و باوەڕ و... بەتاڵ بوو.
باڵی مەکتەبی سیاسی فریای ئەوە نەکەوتن کە بەخۆیان دابێنەوە تا لە پاشکۆیی کوردایەتی عەشیرەیی-دەرەبەگی جیا بنەوە و سەربەخۆ بە شوێن ئامانجەکانیان دا بڕۆن یان ببنە هاوکاری چاکسازیەکانی دەوڵەتی عەبدولکەریم قاسم.
لە ساڵی ١٩٦٣ لە حاڵێدا کە دەوڵەت خەرێکی شەڕی کوردستان بوو و ئاگای لە ناو خۆی نەمابو، نەتەوەیی و بەعسیەکان بە هاوکاری ئامریکا، شای ئێران و ئیسڕائیل کۆتاییان بە سیستمی دادپەروەرانەی عەبدولکەریم قاسم هێنا.
باڵی مەکتەبی سیاسی پێیان وابو کە لە ململانێ ناوخۆیی‌دا دەتوانن بە شێوەیێکی دێموکڕاتیک کۆتایی بە ویلایەتی موتڵەقەی مەلا مستەفا و بنەماڵەکەی بێنن.
مەلا مستەفا پشتبەستو بە هێزی چەکداری عەشیرەیی و شەڕوانی بێسەواد لە ساڵی ١٩٦٥ کودتای بەسەر بالی مەکتەبی سیاسی دا کرد. هێندێکی لێکوشتن و ئەوانی دیکە ئاوارەی ئێران و هەمەدان کران. مەلا مەکتەب‌سیاسیەکی کارتۆنی لە کەسانی هەلپەرەست و گوێ‌ لەمستی خۆی پێکهێنا. پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق بەرهەمی ئەم کودتایەیە.
لە سەر بەڵێنی و داوای مەلامستەفا جەماعەتی مەکتەبی سیاسی گەڕانەوە باشور. بەڵام دەستبەسەر کران. کە زانیان مەلا دەیهەوێ بیانکوژێ، بۆ نەجاتی گیانیان هەڵاتن بۆ ناو شارەکانی ژێردەستی دەوڵەتی ئێراق. بە هاوکاری شایەرانی دیوەخانی وەک هەژاری موکریانی، خالیدی حیسامی و ئەمیری قازی ناوی جاشیی ٦٦یان ڕەپاڵ خستن و لەوێش دەستبەرداریان نەدەبون لە جیاتی مۆڵگەی دەوڵەتی هێرشیان دەبردە سەریان و ئەندام و لایەنگرانیان بە تاوانی جاشێتی ئیعدام دەکردن.
تەنانەت لە مفاوزاتی حکومەتیش‌دا پێش ئەوەی داوای مافی کورد بکەن داوای دەرکردن و ڕادەست‌کردنەوەی جەلالیەکانیان (باڵی مەکتەبی سیاسی) دەکرد.
٥٥ ساڵەئەم شەڕە درێژەی هەیە. ئەوەی تا ئێستا بە ناوی سوڵح، هاوپەیمانی و تەنانەت دەوڵەتی شەریکایەتی هاتۆتە ئاراوە، تەنیا ئاگربەستێکی کاتی بوە بە خاتری دروست‌بونی باڵانسی هێز و نیاز دەستوەردانی ئامریکا و دەوڵەتانی داگیرکەر بوە.
لە دەیەی ١٩٦٠ی زایینی‌دا مەلا مستەفای بێسەواد توانی تێزی دۆکترینی خۆی بۆ دەسەڵات بە سەرکەوتویی دابڕێژێ.
بیرۆکەی تێزەکە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی میرنشینە کوردەکانی گرێدراوی دەوڵەتانی عوسمانی و ئێران کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەی زایینی‌دا کۆتاییان پێ‌هات.
میرنشینەکان بە پێی نزیکی جوغڕافیایی و میزانی دەسەڵاتی هەر یەک لەم دو زلهێزە دەسەڵاتی ناوچەیی خۆیان لە گەڵ یەکێک لەم دو دەوڵەتە گرێ دەدا.
هاوژیانی میرنشین و دەوڵەت بۆ هەردوکیان پڕقازنج بوە. میرنشین ناوچەکەی بە ماڵیات، باج و خەراج و شەڕکەرەروە خستۆتە خزمەت دەوڵەت. دەوڵەتیش ئاغایەتی ویراسی بۆ میر و بنەماڵەکەی مسۆگەر کردوە و لە هێرشی میرنشین و دەوڵەتی دیکە پاراستویەتی.
پوختەی تێزی دۆکترینی نەنوسراو، بەڵام گەڵاڵە کراو و بە پڕاتیک کراوی مەلا مستەفا بەم شێوەیە:

«دابین کردنی قازانجی دەوڵەت یان دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە پێناو پشتیوانی ئەوان بۆ ئاغایەتی بە سەر باشوردا»

  مەلا مستەفا لە ساڵەکانی ١٩٦٠ی زایینی دۆکترینی خۆی لە ئاستێکی بەربڵاو بە کردەوە دەرهێنا. کوردانی باشور، باکور و ڕۆژهەڵات بونە قوڕبانی ئەم ئیستڕاتژیە.
بۆ ڕازی کردنی تورکیا ڕێبەرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی تورکیا دوکتور شوان و سەعید ئالچی کوشت.
سەدیق ئەنجیری، ئەسعەد خودایاری، سلێمان موعینی، خەلیل شەوباش و مەلاڕەحیمی وەرتێ لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بە شێوازی جۆراوخۆر وەک تیرۆر و ئیعدام قوڕبانی کران؛ و دەیان شۆڕشگێڕی دیکە بە زیندویی ڕادەستی ساواکی ئێران کرانەوە کە زۆربەیان ئیعدام کران.
دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دروست کرا و بو بە جێگای هیوای کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوریش. بەڵام کاردانەوەی تورک و ئێرانی لێکەوت. لە ساڵی ١٩٧٦ لە ماڵی دوکتور عەبدوڵای مەولەوی لە ژێر چاوەدێری نوێنەری ساواکی ئێران و میتی تورک قیادەی موەقەتی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق دامەزرا.
دەوڵەتانی ئێران و تورکیا سەرکوتی بزوتنەوەی چەکداری کوردی سێ پارچەی ئێران، ئێراق و تورکیایان پێ سپارد. چەک و تفاقی باشیان پێدان و ڕەوانەی کێوەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێراق کران.
یەکەمین گورزی قورس بەر یەکیەتی نیشتمانی کەوت و لە کارەساتی حەکاری ٧٠٠ پێشمەرگەی لە دەست دا و ڕێبەرانی ئەم کاروانەش( عەلی عەسکەری، دوکتور خالید و حسێن بابە شێخ) دوای تەسلیم بون و گیرانیان بە ئارپیچی ئیعدام کران(١٩٧٨)
بارزانیەکان دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە داگیرکرانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کارامەترین هێزی میلیشایی ژێر فەرمانی ئێران ڕۆڵیان گێڕا و تەنانەت ٦٠٠ شەهیدیشیان دا.
لە ساڵی ١٩٨١ بە پیلانی مەلا حەسەنی ورمێ، مەسعود و ئیدریس بارزانی جەنازەی مەلامستەفا لە گۆڕ دەرهێنرا و تاوانەکەیان خستە پاڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران.
ئەم تاکتیکە بو بە هۆی ئەوەی کە چەکدارەکانی قیادە موەقەت باوەڕ بەو سیناریۆیە بێنن و بە رقێکی قووڵ بکەونە شەڕ. بە جۆرێک تەنانەت لە ڕۆژێک‌دا لە دۆڵی بایزاوای شنۆیە ١١پێشمەرگەی کۆمەڵە و ٢٢ی حیزبی دێموکڕاتیان کوشت.
بنەماڵەی بارزانی هەتا ساڵی ١٩٨٣ بە هاوکاری سپا و ئەرتەشی ئێران توانیان ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای ورمێ، شنۆ و خانێ تا ئاڵوەتانی سەردەشت پاکسازی بکەن.

بنەماڵەی بارزانی دوای ڕاپەڕینی١٩٩١ی باشور کە لە سەر دەستی لایەنگرانی یەکیەتی پێکهات، لە کەرەج و راژانی ورمێ گەڕانەوە سەر سفرەی ئامادە.
لە گەڵ یەکیەتی پارلمان و حکومەتی٥٠/٥٠یان ڕاگەیاند. یەکەمین بڕیاری ئەم پارلمان و دەوڵەتە ڕاگەیاندنی شەڕی دژی پ ک ک لە ژێر چەتری دەوڵەتی تورک بو. لەم خیانەتە دا یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە پێچەانەی مێژووی خۆی کە پشتیوانی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی دیکە بوە، بو بە پاشکۆی پارتی(١٩٩٢)
پارتی دێموکڕات لە ساڵی١٩٩٤ بە پیلانی ئێران،تورکیا و ئێراق شەڕی دژی یەکیەتی دەست پێکرد. دوای چوار ساڵ توانی بە هاوکاری هەوایی، زەوینی و پارە و چەک و تفاقی زۆری هەرسێ داگیرکەر سەرکەوتن بە دەست بێنێت.
پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق لە ساڵەکانی ٨-١٩٩٧ بە هاوکاری تورکیا شەڕێکی خوێناوی دیکەی بە سەر پ ک ک داسەپاند. بە ئۆپێراسیۆنی هاوبەش لە گەڵ سپای تورکیا دژی گریلاکانی پ ک ک قەناعەتیان نەکرد و تەنیا لە ڕۆژێ ١٦ی گوڵانی ١٩٩٧ زیاتر لە حەفتا کادری ڕۆژنامەوانی، دەرمانی و گریلای برینداری پ ک ک لە هەولێر کۆمەڵکوژ کران.
وێنەی بەشێک لە کادرانی پ ک ک کە لە هەولێر کۆمەڵکوژ کران ١٩٩٧

ساڵەکانی ١٤-٢٠١٢ لە حاڵێک‌دا کە یەکیەتی نیشتمانی بە قاچاغی چەک و پێداویستی بۆ ڕۆژئاوا دەنارد، پارتی دەروازەی سیمالکای بە سەر دادەخستن و ٨٠٠٠ بەکرێگیراوی کوردی ڕۆژئاوای بە یارمەتی سپای تورک لە ژێر ناوی پێشمەرگەی ڕۆژ ڕێکخستن بۆ بە گژدا چونەوەی شۆڕشەکەیان و خەندەکی بە ڕووی ڕۆئاوا لێدەدا.

دیاردەی پانیک

دوای ئەوەی پارتی دێموکڕات بە هاوکاری ئێران،تورکیا و ئێراق توانی یەکیەتی بە پاشکۆیەتی دەرەجە دووی خۆی ڕازی بکات، پەیمانی ئیستڕاتژیکی تەزویری بە سەرداسەپاند و بەشێکی زۆری سەرکردایەتیەکەی گیرۆدەی گەندەڵی ماڵی کردن و تەنانەت لە ڕێگای کچانی پاراستن گرتەی ویدۆیی لێ‌هەڵگرتن و ملکەج کران. بەم شێوەیە دیاردەی پانیک( پارتی ناو یەکیەتی) سەری هەڵدا.

دیاردەی پاڕان( پارتی ناو گۆڕان)

پارتی لە ڕێگای شەریک کردنی ڕێبەرانی گۆڕان لە ڕانتخۆری و پۆستی کارتۆنی توانی ئەم ڕێکخراوەیە لە نێوەرۆکی چاکسازیانە بەتاڵ بکات و تا ڕادەی پاشکۆیەکی دەرەجە سێی خۆی دایبەزێنێ.
پێشتر بە قیمەتێکی هەرزانتر توانیبوی یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بخەسێنێ.
ئەنەکەسەی لە خڵتەی حیزبە وەرشکەستەکانی ڕۆژئاوا پێک هێنا و پێشمەرگەی ڕۆژی بۆ ساز کردن تا ئەزمونی خۆسەری دێموكراتیکی پێ لەبار بەرن.
دێموكڕاتەکانی ئێران، کۆمەڵەی موهتەدی و پارتی ئازادی یەزدانپەناه و کۆنەسیاسیە ماندوەکانی ڕۆژهەڵاتیان تا ئاستی ئەنەکەسە ی ڕۆژئاوا دابەزاند.
لە ڕێگای مەست‌کردن و دەرمانی هۆشبەر دەستدرێژی سێکسیان کردە سەر کەسانی وەک عەلی جەوانمەردی و گرتەی ویدۆئیان لێ هەڵگرتن و ملشۆڕی خۆیان کردن؛ تا بە شەپۆلی تەبلیغاتی درۆیین هێز و کەسانی دژبەری بنەماڵەی بارزانی تیرۆری کەسایەتی بکەن.
بەم شێوەیە توانیان میرنشین(دەوڵەت-قەبیلە)ی بارزانی بە سەر پێنج ملیۆن کوردی باشور‌دا بسەپێنن.
دەیان میلیارد دۆڵاری خەڵکی باشوری کوردستانیان لە بانک و کۆمپانیاکانی ئوروپا، ئامریکا، تورکیا، ئۆستڕالیا و ئێران خەزن کردوە.
خراپترین جۆری دەسەڵاتیان بونیاد ناوە. سەرەڕای داهاتی ساڵانەی ٢٠ میلیاڕدی نەوت، گومرک، زەوی فرۆشی و... بە جۆرێک ژێرخانی ئابوری باشوی کوردستان وێرانە کە تەنانەت سیستمی بانکی، لولەکێشی غاز، ئاو و کارەباشیان بۆ دابین نەکراوە.
لە ئاکامی سی ساڵ کوردایەتی دیوەخان، خەونە گەورەکانی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١ وەک دادپەروەری، یەکسانی ژیان، سوسیالیسم و ئازادی لە هزر و بیری باشوریەکان‌دا جێگای داوە بە نێرگەلە، ئیسلامی سەلەفی، ئیخوانی،جیهادی، شایەری دیوەخان، ئیسکۆرت و محافزی مافیا و بەرپرسانی حیزبی، بەشداری دەرەجە چواری ڕانتخۆری و گەندەڵی ئیداری و....
باشوری کوردستان بە نیسبەتی حەشیمەتی زۆرترین موچەخۆری بێکەڵکی لە دونیا دا هەیە. کەمترین بەرهەمهێنان و ئاوەدانی تێدا کراوە.
ئاغایەتی بنەماڵەی بارزانی بۆ سەر کۆمەڵگا بە ڕادەیێک ستەمکارانە بوە کە دوای داگیرکرانی کەرکوک لە لایەن دەوڵەتی ئێراق لە ساڵی ٢٠١٧ خەڵکەکەی بە حاڵی ئێستایان ڕازی‌ترن لەوەی کە جارێکی دیکە مافیای کوردایەتی بە ڕێبەری پارتی و پانیک دەسەڵات بگرێتەوە دەست.
لێرەدایە کە ڕوناکبیران و دڵسۆزانی کورد دەبێ پێداچونەوەیێکی ڕئالیستی(واقع‌بینانە) بە سەر ئامانج، ئیستڕاتژی و تاکتیکەکانی جوڵانەوەی کوردی دابکەن.
پرسیاری گرینگ هاتونە پێش؛ کە دەبێ جوابی دروستیان بۆ بدۆزرێتەوە.

* ئایا یەکیەتی نەتەوەیی کوردی خەونێکی نەزۆک نییە؟ 

** کاتێک مێژوو دەیسەلمێنێ کە پارتی دێموكڕاتی کوردستانی ئێراق دۆستی ئیستڕاتژیکی داگیرکەرانی کوردستانە، کۆنگرەی نەتەوەیی، یەک‌ماڵی و یەکڕیزی کوردان لە گەڵ بنەماڵەی بارزانی و حیزب و هێزەکانی ژێر چەتریان شۆخیەکی تاڵ نیە؟
*** ئەگەر یەکیەتی نیشتمانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە جیاتی پاشکۆیەتی پارتی، لە زۆنی سەوز بە کەڵک وەرگرتن لە یاسای فیدڕاڵی پارێزگاکانی ئێراق سیستمێکی دەستپاک، دێموکڕاتیک،پێشکەوتنخواز و دادپەروەری دامەزراندبا، دەسکەوتی زۆر زیاتری دەبو هەمو کورد و کوردستان.
بەڵام تا نوێ‌کیسە و پانیکەکان پاکسازی نەکرێن چاوەڕوانی گەڕانەوەی یەکیەتی بۆ ڕێزی گەل لە خەونێکی شاعیرانە دەچێ.
کورد کوتەنی «زەرەر لە هەر شوێنێک ڕا بگەڕێتەوە قازانجە»
**** گەرچی هەلی زێڕین و کاتی زۆر لە دەست چوە، بەڵام دەکرێ لە ئێستاوە لە بزنە ڕێی دیوەخان و چەتەگەری کوردایەتی فیئۆداڵ-عەشیرەیی لابدەین و ڕێبازێکی جیاواز بگرینە بەر
ڕێبازی ئازادی، دیموکڕاسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، خۆشەویستی نیشتمان، برایەتی گەلان و یەکسانی ژیان.
دروشم نادەم،
هەزاران ئارام و مامەڕێشە لە پێناو ئەم ڕێبازە گیانیان بەخت کرد.




وێنەکان:


وێنەیيکی دەورەی قیادە مووەقەت لە ڕاژانی وەرمێ

مەسعود بارزانی و جەعفەری سەحراڕودی لە کۆشکی سەری ڕەش- هەولێر

سەردەمی جاشایەتیی بۆ ئیمام خومەینی


سەرچاوەکان:

  - لە شەڕی دژی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دا ساڵی یەکەم دەوڵەتی ئێران یارمەتی بارزانی دادا. ساڵی دوهەم تورکیاش بە هێزی هەوایی و زەوینی هاتە یارمرتی بارزانی، ساڵی سێهەم گاردی کۆماری سەدام هەولێری لە دەست یەکیەتی دەرهێنا و بەی زۆری باشوری بۆ بارزانی ستاند.
- بیرەوەریەکانی پۆڵا نانەوازادە لە فەیسبوک دا
- یەکیەتی نیشتمانی کوردستان دو جار توشی شەڕ دژی پ ک ک بو. جاری یەکەم بە فیتی پارتی بو بە پاشکۆی لە دژی پ ک ک ساڵی ١٩٩٢ لە لەم شەڕەش دا بە ئاشکرا و نەهێنی حەولیان دەدا کەمتر پێکادان دروست بێت، ٢- جاری دوهەم ساڵی ٢٠٠٠ کە پارتی و تورکیا و ئێران و سەدام تەنگیان بە یەکیەتی هەڵچینیبو، بۆ دەرباز بون لە فشارەکان ناچار شەڕێکی کورت ماوەی بە سەر پ ک ک دا سپاند لە قەرەداغ و بناری قەندیل.
- دکترین Doctrine
ڕێباز ، نەخشە ڕێگا، ڕێ‌نامە،
دکترین (یا رهنامه) مجموعه‌ای از باورها، رهنمودها و آموزه‌های توصیفی است به شرط آنکه برای مقصودی عملیاتی سازمان یابند و نقش راهنما و چهارچوب را بازی کنند. دکترین، فراتر از راهبرد و بنابراین فراتر از سیاست و خط مشی است. دکترین‌ها به ناچار دیر یا زود از ایدئولوژی‌ها زاده می‌شوند.
از ویکی‌پدیا، دانشنامهٔ آزاد

- پس از شصت سال- زندگی خاطرات جلال طالبانی- نقل از عیسی پژمان نماینده کرد ساواک در عراق ص 661 تا 668
- مام جەلال- دیداری تەمەن ٢٧٩
- پێژمان. عیسا. بیرەوەری- در دامگە حوادس
- نەوشیروان. مستەفا ئەمین- جەون یا مۆتەکە- بەرگی پی دی ئێف

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە