هەرکەسێک نەتوانێت بە (زمانی دایکیی) خۆی بنووسێت و بخوێنێتەوە، ئەو کەسە نەخوێندەوارە


پێشنیارێک بۆ کەمکردنەوەى خەرجیەکانى حکومەت

Sunday, 26/04/2020, 1:12

2105 بینراوە


هەرچەندە هەرێمى کوردستان زۆر لە مێژە ڕوبەڕوى  قەیرانى دارایی بوتەوە ، بەڵام  دواى  بڵاوبونەوەى ڤایرۆسى کرَونا  قەیرانەکەى گەیاندە لوتکەو لە ئیفلاسبون نزێک بۆتەوە . لە ماوەى 27 ساڵى حوکمڕانى کوردا هەلى زۆرباشمان بۆ ڕەخساو ئەگەر خاوەنى بەرنامەو پلان و ستراتێجى باش بوینایە ، ئێستا هەرێمى کوردستان  خاوەنى ژێرخانێکى ئابورى بەهێز دەبوو . 
سەرۆکى  پارتى دێموکراتى کوردستان مەسعود بارزانى  کە خاوەنى دەسەڵات و  بڕیارى تەواوبوو ، نەیتوانى پێگەى هەرێمى کوردستان لە بوارى ئابوریدا بەهێز بکات.  لە هەموو ئەمانەش خرابتر بڕیارى ڕیفراندۆمى داو نێوەى خاکى کوردستانمان لە دەستداو پێگەى کوردیشى لە بەغدا  لاواز کرد .
ئێستا کە ڤایرۆسى  کۆڕۆنا بڵاو بۆتەوە و بۆتە کێشەیەکى جێهانى و بەو هۆیەشەوە نرخى نەوت  بۆئاستێکى زۆر نزم دابەزیوە . زۆرینەى ئەو وڵاتانەى پشتیان بە داهاتى نەوت بەستوە ، توشى کێشەى دارایی بونەوە . کەواتە دەبێ هەموو ئەو وڵاتانە بیر لە سەرچاوەیەکى ترى داهات بکەنەوە  بۆ ژیانى هاوڵاتیان . لە کاتێکدا  هەرێمى کوردستان توشى قەیرانى دارایی بۆتەوە ، نەک هیچ پاشەکەوتێکى نییە ، چەندەها ملیار دۆلار قەرزدارە . ژێرخانى ئابورى سفرە. لەگەڵ بەغدا نێوانى باش نییە .خۆناشکرێت  حکومەت دەستە وستان دانیشێت و خەڵک لە برسا بمرێت . ئێستاش ئەگەر حکومەت  بەڕاستى بێتە مەیدانەوە و دوور لە بەرژەوەندى  بنەماڵەیی و حیزبى و شەخشى بەرنامە دانێت ، دەتوانێت داهاتێکى باش بەدەست بهێنێت .  ئێستاش زۆر درەنگ نییە  ئەگەر بە خۆیاندا  بچنەوە . بۆ کەم کردنەى قەیرانى دارایی هەرێم چەندپێشنیارێکم هەیە :
            پێشنیارى یەکەم :  بچوککردنەوەى حکومەت 
هەرێمى کوردستان  خاوەنى حکومەتێکى گەورەى  زیاد لە قەبارەى خۆیەتى  .ئەم هەرێمە دەتوانرێت بە کەمتر لە 10 وەزارەت بەڕێوە ببرێت .   زۆر وەزارەت  هەن وەکو : ڕوشنبیرى ، ئەوقاف ، کاروبارى کۆمەڵایەتى و هی تریش هەر لاببرێن و بە بەڕیوەبەرایەتییەک  بەڕێوە دەبرێن . دەتوانرێت  دوو وەزارەت لە یەک وەزارەتدا کۆبکەنەوە .
ئەم وەزارەتانە حەشاماتێکى  زۆر فەرمانبەرى تێدا کۆکراوەتەوە و زوربەشى هەر لە بنەڕەتەوە پێویست نەبوەو بۆ ڕازیکردنى ئەم حیزب و ئەم و دانراون و بونە بارێکى قورس بەسەر  بودجەى  حکومەتەوە . دیارە  لە پەڕلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم و بارەگاى بارزانیش هەمان  دیاردە هەیە . بەسەدان کەس ڕاوێژ کارەو بۆ یەک جاریش ڕاوێژى پێ نەکراوە .
ئەو هەموو وەزیر و جێگر وەزیر و بەڕێوەببەرى گشتى و  ڕاوێژکار و زۆرپۆستى ترى داتاشراو بە ملیار دینار  خەرجیان هەیە بۆ کڕێی خان و . تەئسیسى ناوماڵ . کڕینى  سەیارە  خەرجى سەیارەو  دابین کردنى پاسەوان و گرتنى خانو بۆیان . نەسریەى زۆر . ئەگەر لە 20 ساڵى ڕابوردوەوە  پارەى  ئەم فەرمانبەرە  زیادانە بۆ سیکتەرى کشتوکاڵ خەرج بکرایە ، ئێستا  لە زۆر بواردا  پێویستمان بە بەرهەمى وڵاتان نەدەبوو. 
کەواتە ئەگەر حکومەت لێرەوە هەنگاو بنێت و  دەست بکات بە بچوک کردنەوەى حکومەت و کەمکردنەوەى ژمارەى فەرمانبەر و بەرپرسى نا پێویست لە هەموو دامەزراوەکانى حکومەتدا پارەیەکى زۆرپاشەکەوت دەکات. دەتوانێت ژمارەیەکى زۆر سەیارە وەرگرێتەوەو بیانفرۆشێـت جگە لەوەى پارەیەکى باشى دەست دەکەوێت ، لە خەرجى سەیارەکانیش ڕزگارى دەبێت . 
         پێنیارى دوەم :  پلان دانان بۆ جێبەجێکردنى ئەمانەى خوارەوە 
1-  کاتى خۆى   بایۆمەترى کرا بەو هیوایەى هەموو ئەوانە بدۆزنەوە کە موچەى ناشەرعى وەردەگرن . بەڵام ئەنجامەکەى ئاشکرا نەکرا  . چونکە دەرکەوت هەموو ئەوانەى موچەى ناشەرعى یان دوو موچە وەردەگرن ئەندامى حیزبەکان خۆیانن . ئێستا دەتوانن جارێکتر پێدا چونەوە بکەن و هەمو ئەوانەى بە ناشەرعى موچە وەردەرگرن یان بە نایاسایی خانە نشسین کراون  ، چیتر موچەیان نەدەنى و بڕیارى سزادانیش دەرکەن بۆ ئەوانەى بە نایاسایی پارەیان وەرگرتوە .
2-  پڕۆسەى چاکسازى کە سەرۆکى حکومەت  لە سەرەتاوە بڕیارى دا بە تایبەتى بۆ کەمکردنەوەى موچەى پلە باڵاکان و  ئەندام پەڕلەمان و چۆنیەتى خانە نشینیان ، بە زویی بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە . لە بەغدا ئەندام پەڕلەمان تا تەمەنى نەبێت 50 ساڵ خانە نشین ناکرێت . بۆچى لێرەش بەو شێوەیە نەبێت .خۆ بارى دارایی ئێمە لە هى ئەوان باشترنییە .
خەڵک هەیە خۆى هیچ نەبوە بە بڕیارى بەرپرسێک  بەدەر لە ڕینمایەکان  خانە نشین کراوە بە 3 ملیۆن دینار . ئەوە نابێت  شمولى موچە کەمکردنەوە بکات ، بەڵکو لە بنە ڕەتەوە هەڵوەشێرێتەوە چونکە نایاسیە. 
3- تا ئێستا  دیار نییە  داهاتى گومرگەکان چەندە . دەیان کۆمپانیاى وەهمى  لەو مەرزانە پارەوەردەگرن بۆخۆیان . باشە بۆچى ئەمە بۆ حکومەت نەبێ و حیزب و بەرپرسانى حیزب پارە وەرگرن بۆ خۆیان  . حیزبەکان خۆیان خەرێکى کارى قاچاخن و پارەى گومرگیش نادەن  . ئەگەر سەرۆکى حکومەت دەیەوێت پارە پاشەکەوت بکات ، با وەزیرى دارایی  ڕاسپێرێت کە ڕاستەو خۆ ئیدارەى هەموو گومرگەکان  بکات و  و ستافى تازەیان بۆ دانێت و  دەستى پارتى و یەکێتى لەو گومرگانە دوور بخاتەوە . سەدان نمونەمان هەیە کە بەشێکى ئەو پارەیە ئەو دوو حیزبە بۆخۆیانى دەبەن . با سەرۆکى حکومەت  وەزیرى دارایی ڕاسپێرێت  کە بە پێی یاسا  باج لە کۆمپانیا گەورەکان وەرگرێت کە هەمویان موڵکى پارتى و یەکێتین . چاکسازى لێرەدا دەکرێت  ئەگەر بتانەوێت . هەوڵ بدرێت  باج بە شێوەیەکى عادیلانە لە هەموو کەسێک وەرگیرێت و کەس نەبەخشن لە پێدانى باج. زۆر وڵات نێوەى داهاتیان هەر باجە .
4- ئەو پارەیە وەرگرنەوە کە بەقەرز دراوە بە کۆمپانیاکان . 
5- ئەرزێکى زۆر بەناوى وەبەر هێنانەوە دەدرێتە ئەم و ئەو یان بەرپرسانى حیزب داگیرى دەکەن و نمونەمان زۆرە . باشتر وایە ئەو ئەرزانە بفرۆشرێن  بۆ خەرجى حکومەت نەک  خەڵکیان پی َدەوڵەمەند بکەن .
 6- زیاتر لە 6 هەزار کەس لە ئاوارەى سورى بەناوى هێزى ڕۆژەوە  کراونە پێشمەرگە . ئەوانە بۆ دژایەتى  شۆڕگێرەکانى سوریا دروستکران چونکە نەهاتنە ژێر هەژمونى پارتییەوە . تا ئێستا بڕى 300 ملیار دیناریان بۆ خەرج کراوە . خەرجى مانگانەیان  نزیکەى سێ ملیار و نێوە و موچەیان  لە 500 هەزارەوە ددەست پێ دەکات .
دەڵى: ماڵ لە خۆیا نەبوو مێواننیش ڕوى تێدەکرد . ئێستا موچە بۆ کارمەندانى تەندروستى نییە .زیاتر لە 200 هەزار دەچوى  زانکۆو پەیمانگامان هەیەو دانەمەزراوان . چ ویژدانێکە  مانگانە ئەو بڕپارە زۆروە بدرێت  بەم هێزە  کە پێویستمان پێیان نییە . حەق وایە موچەکانیان ببرَن و  با بچنەوە ئۆردوگا ، یان بچنەوە سوریا خۆ لەویش خەبات هەیە .
7- گومانێکى زۆر هەیە لەسەر ئەوەى کە زۆرى ئەو نەوتەى فرۆشراوە پارەکەى نەگەڕاوەتەوە. واتە دزراوە . ئەگەر پارەى نەوتى فرۆشراو بگەڕایەتەوە ، ئێستا قەرزدار نەدوەبوین و پارەشمان پاشەکەوت دەبوو . ئەوەتا یەک ملیارى  لە لوبنان ئاشکرا بوەو بەرپرسانیش  ناچنە ژێرى . بەڕاستى کاتى ئەوەیە ئەو پارانە بگەڕێننەوە و موچەى هاوڵاتیانى پێ بدەن . ئەگەر بڵێن ئەمە بوختانەو شتى وانییە ، چۆن بڕوا بکەم . هەتا ئەو کاتەى دۆسیەى نەوت وەکو ئێستا شاراوەبێت. هەتا گومرگەکان لە ژێردەسەڵاتى حیزبدابن ، هەموو تاکێکى ئەم گەلە بۆى هەیە گەورەترین بەرپرسى ئەم وڵاتە بەدزبزانێت . ئەگەر ڕاست دەکەن و دزنین ، بڵێن، فەرمون ئەوە حساب و ئەوە کیتاب. ئەگەر بڕواشمان پی َناکەن  وەرن خۆتان سەرپەرشتى بکەن . 
چەندین ساڵە هاوار  دەکرێت و گوێتان بۆ کەس نەگرت تا ئەم میللەتەتان ئاوا توشى قەیران کرد. ئەگەر دەتانەوێت هاوڵاتیان  بارى قورسى ئەم قەیرانە لەگەڵ ئێوە هەڵگرن  و بە قسەکانتان بڕوا بکەن ، دەبێ ئەو پێشنیارانەى من لەبەر چاو بگرن ، چونکە خەڵک  ئاگادارى هەموو شتێکەو چیتر بەدرۆى زل فریوناخۆن .
 من خۆم بێم لە گومرگى ئیبڕاهیم خەلیل پارە بدەم و وەسڵم نەدەنى چۆن بڕوات پی َدەکەم بڵێی پارە نییە ؟ بە چاوى خۆم ببینم  لە مەرزى باشماخ قاچاخچییەتى  هێلکەى بەسەرچو بکەیت و پارەى گومرگیش نەدەیت و خەڵکیش نەخۆش بخەیت  و دەتەوێ بڕواشت پێ بکەم  بڵێی پارەى موچەمان  نییە ؟ 
ئەوە بزانن بەغدا فرسەتى بۆ هەڵکەوتوە . تۆڵەى خۆیان دەکەنەوە کە دەتان گوت ئابورى خۆمان سەربەخۆ دەکەین و نەوتى خۆمان بۆ خۆمان دەفرۆشین . ئێستا کە دەچن بۆ بەغدا ، ئەوەى پار ئامادەبون بماندەنێ ئەمساڵ ناماندەنى .  وەکو فەلەستینیەکانتان لێکردین . ئەوەى  ئیسڕائیل ئەمساڵ ئامادەیە بیدا بە فەلەستینیەکان ، ساڵێکى ترپێیان نادات .
هیوادارم  باش بیرى لێبکەنەوەو هەتا زوە دەست بکەن بە چاکسازى لەو بوارانەدا  کە ئاماژەم بۆ کردوە . دڵنیابن  بەغدا وا بە ئاسانى نایەت ژێربارى  پێدانى  بودجەوە . جگە لەوەى خۆشى توشى قەیران بوە ، دەیەوێت  هەرێمیش بچوک بکاتەوەو بیخاتە قاوغەکەى خۆیەوە . هەموشمان ئەوە دەزانین بەبێ بەغدا موچەتان پێ نادرێ . کەواتە  دوو  ڕێگاتان لەبەردەمدایە : یەکەم : هەنگاونان بۆ چاکسازى خێرا . هێنانەوەى  پارە ى نەوت  بۆ دەربازبون لەم قەیڕانە . دووەم: یان گەڕانەوەیە بۆ بەغداو ڕازى بون بە هەموو داواکانیان  تا ئاستى تەسلیم بونى تەواو . دڵنیایین  خاڵى بەکەم جێ بە جێ ناکەن . کەواتە بۆ مانەوەى خۆتان  بۆ خاڵى دووەم دەڵێن بەسەر چاو موافیق .  هیوادارم من هەڵەبم و وادەرنەچێ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست