کاتی شۆڕشی عەقڵە

Wednesday, 29/04/2020, 13:46

3278 بینراوە


ئەم بارودۆخە دەگات بەکوێ؟

ساڵانێکی زۆرە ئەم حیزبانە زوڵم و ستەم و نادادی و درۆ نەما نەیکەن لەبەرئەوە دڵنیابن کە لە دوا ساڵەکانی حکومڕانیدان کە ڕەنگە چوار بۆ پێنج ساڵی تر کۆتاییان بێت ئەگەر لە ئێستاوە بەشێوەیەکی عاقڵانە و یاسایی و دوور لە توندوتیژی کاری لەسەر بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ کەس زەرەرمەند ببێت و خوێنی هیچ کەس بڕژێت، ڕەنگە خەڵکانێک ئەمە بە خەون بزانن بەڵام ئەمە واقعە لەبەرئەوە بیهێنە پێشچاوی خۆت کە سەردەمانێک و سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان ئەگەر قسەیەک بە سەرکردایەتیەکان بکرایە ئەوا هەندێک کەسی عاتفی لای ئاسایی بوو پەلاماری بەرامبەرەکەی بدایە چونکە قسەکردن بە سەرکردە هێڵی سوور بوو ئەگەر هەڵەشی بکردایە بەڵام وردە وردە وای لێ هات کە ئەوانەی بەرگری ناحەقیان دەکرد خۆیان دەستیان کردووە بە ڕەخنە و قسە وتن بەرامبەر سەرکردەکانیان. وە ساڵ بە ساڵ پێگەی جەماوەرییان بەرەو لاوازی و پوکانەوە دەڕوات، وە لە ئێستادا کەسانێکی بندیوار و مەسڵەحەتچی لە دەوریان ماون هەر لەبەرئەوە کە ڕەنگە لە ئێستادا کەمێک مەحاڵ بێت بەڵام لەم ماوەی چوار پێنج ساڵی داهاتودا حیزبەکان ناچار دەبن بەهۆی قەیرانەوە دەست ببەن بۆ بەرژەوەندی و قوتی بندیوار وچواردەورەکانیان، هەر لەبەرئەوەش پێگەی جەماوەریان ڕەنگە بێتە خوار بۆ لە سەدا دە کە ئیتر نیشانەی لەناوچونیانە. وە ناکرێت خەڵکی چاوەڕێی ئەوە بکات کە سەلاحەدین زیندوو بێتەوە و خەڵکی دوای بکەوێت بەڵکو پێویستە چەندینی وەکو ئەو دروست ببێت، ئەی ئیشی ئەو و من و ئێوە چیە ئەگەر هەوڵی بۆ نەدەین. بەڵام دەبێت خەڵکی زۆر ئاگادار بێت لەوەی کە دوای ئەوان کێ حکومی دەکات و هەمان هەڵەی پێشوو دووبارە نەکاتەوە و دوای قەرەباڵغی و قسەی بریقەدار نەکەوێت، بەڵکو دەبێت خەڵکی لە ئێستاوە خۆیان لەناوخۆیاندا کەسانی پاک و ڕاستگۆ و دوور لە بەرژەوەندی کەسی دروست بکەن و پێی بگەیەنن بۆ ئەو کاتە و هەر کەسێک تا ئێستا تێوە گلاوە لە هەر گەندەڵیەک یان هەر کەسێکی تەماعکار ڕەفز بکەن و هیچ خاڵێکی لاواز بە دەستەوە نەدەن کە چاوی جەماوەری بچێتە سەر. سەرکەوتن هەمیشە بۆ ڕێگای ڕاستە.
ئامانج بڵند

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە