ژیانی کێ بەلای ئەردۆگانەوە گرنگتر و بە نرخترە، ژیانی جولەکەکان لە ئیسرائیل یان موسڵمانەکان لە تورکیا؟

Wednesday, 29/04/2020, 15:41

6197 بینراوە


پێشئەوەی بچمە قوڵایی باسەکەوە، جێی خۆیەتی کە بۆ خوێنەری بەڕێز ڕون بکەمەوە کە مەبەست لەم ئارتیکڵە بێڕێزی نیە بەرامبەر بە جولەکە یان بەرامبەر بە موسڵمان، هەردوکیان مرۆڤن و مرۆڤیش شایانی ڕێزلێگرتنە بەبێ گوێدانە ڕەنگ، ڕەگەز، ئایین و باوەڕ و نەتەوە.
لە (صـحـیـفـة الـعـرب) دا (محمد طعیمة) وتارێکی بە ناونیشانی : تركيا لا تغمر بـ"إنسانيتها" كل الحلفاء
لەو وتارەکەدا ئاماژە دەدات  بە ناردنی بارگەیەک لە پێداویستیە پزیشکیەکان و دەمامک لەلایەن ئەردۆگانەوە بۆ ئیسرائیل.
ئەو هەواڵە لە (العربیة) بە ناونیشانی " تركيا تغازل إسرائيل بمساعدات طبية لمكافحة كورونا" بڵاوکراوەتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە وە جێگای پرسیاریشە هەواڵی ناردنی پێداویستیە پزیشکیەکان و دەمامک بو لەلایەن ئەردۆگانەوە بۆ ئیسرائیل.
 بارودۆخی وڵاتە ئیسلامیەکان بە گشتی خراپە و لە ناویشیاندا تورکیا خۆی، ئێرانی دراوسێی تورکیا، مەملەکەتی عەرەبی سعودیە، قەتەری دۆست و هاوپەیمانی ئەردۆگان، کە ئەردۆگان بە پارەکانی قەتەر تا ئێستا توانیویەتی بە پێوە بوەستێ، ئیماراتی عەرەبی و بەنگلادیش کە وڵاتێکی ئیسلامی هەژارە.
باوای دانێین کە ئەردۆگان مەملەکەتی عەرەبی سعودیە بە نەیاری خۆی ئەزانێت و نایەوێت یارمەتیان بدات. بەڵام بەڵام ئێران کە لە خراپترین حاڵدایە، وڵاتێکی ئیسلامیە و سنوری لە گەڵ تورکیادا هەیە و تورکیا یەکێکە لە سودمەندترین وڵاتەکانی دنیا بۆ گازی سروشت و نەوت و تەنانەت هەمو بازرگانیەکی دیکە. . قەبارەی پەیوەندی ئابوری نیوان ئەو دو وڵاتە بەردەوام لە هەڵکشاندایەو ئامانجیان ئەوەیە کە بیگەیەننە ٣٠ سی ملیار دۆلار.
قەتەریش لەولاوە بوەستێت کە ئەو مانگایەیە کە تورکیا هەرکاتێک بیەوێت دایدەدۆشیت. ماڵپەڕی وەزارەتی کاروباری دەرەوە لە تورکیا باسی بەردەوام زیادبونی پەیوەندیە ئابوریەکانی نێوان قەتەر و تورکیا دەکات.
خۆ ئەگەر بەڕاستی ئەردۆگان برا موسڵمانەکانی بەلاوە گرنگ بوایە و پەیڕەوی یاسا و ڕێساکان و حوکمی قورئان و فەرمودەکانی پەیامبەری خودای بکردایە، پێویست بو تورکیا یارمەتی وڵاتێکی ئیسلامی وەکو بەنگلادیش بدات کە زۆر هەژارن و وڵاتەکەیش وڵاتێکی دواکەوتوە و پێویستی بە هەمو جۆرە یارمەتیەک هەیە.
پرسیارەکە ئەمەیە کە بۆچی سەرۆکی ئاکەپە، سوڵتان ئەردۆگان، جگە لە حیزبەکەی خۆی کە ڤێرژنە تورکیەکەی ئیخوان موسلمینە وئیخوانەکانی عالەمی ئیسلامی وەکو سەرۆکی ئیخوان موسلمین حسابی بۆ دەکەن، وازی لە موسڵمانەکانی وڵاتەکەی خۆی و هەمو موسڵمانانی دنیا هێناوە و هەمویانی پشتگوێخستوە کە لە خراپترین حاڵدان. کەچی دەمامک و پێداویستیە پزیشکیەکان و تەندروستیەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ئیسرائیل ئەنێریت سەرباری ئەوەی کە ئیسرائیل یەکێکە لەو دەوڵەتانەی زۆر سەرکەوتوانە ڕوبەڕوی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆتەوە وە ئیسرائیل یەکێکە لەو دەوڵەتانەی پێشکەوتوترین شێوازەکانی پشکنین، تێست کردن، ی هەیە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا و تەنانەت لە هەوڵی چارەسەرکردنیشدا هەر لە ڕیزی وڵاتە پێشکەوتوەکانن کە تورکیا یەکێک نیە لەو وڵاتانە.
سەرباری هەمو ئەوانەش، بە بەراوردکردنی ئیسرائیل بە تورکیا و بەشێکی بەرچاو لە وڵاتە ئیسلامیەکان، وە بە پشت بەستن بە داتای سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، ژمارەی توشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسرائیل هەر زۆر کەمترە لە ژمارەی توشبوان لە تورکیا و لەو وڵاتە ئیسلامیانە.
 بۆ نمونە لە کاتی نوسینی ئەم کۆمێنتەدا کە لە ٢٧/٤/ ٢٠٢٠:
 ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا:
-  لە تورکیا ١١٢٢٦١ سەد ووانزدە هەزار و دو سەد و شەست و یەک کەسە، بەڵام
-  لە ئیسرائیل ١٥٥٥٥ پانزە هەزار و پێنج سەدو پەنجاوپێنج کەسە.
واتە ژمارەی توشبوان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا پتر لە ٧ حەوت ئەوەندەی ژمارەی توشبوانە بە هەمان نەخۆشی لە ئیسرائیل.
ژمارەی ئەوانەی بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا مـردون:
-  لە تورکیا ٢٩٠٠ دوو هەزار و نۆ سەد کەسە،
-  بەڵام لە ئیسرائیل ٢٠٤ دوسەد و چوار کەسە.
واتە ژمارەی مـردوەکان بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا زیاترە لە ١٤ چواردە ئەوەندەی ژمارەی مـردوەکانە لە ئیسرائیل.
ئەم داتایانە لە ماڵپەڕی https://www.worldometers.info/coronavirus وەرگیراون و بەردەوامیش لە بەرزبونەوەدان.
بۆ ئەوانەی کە کەڕ و لاڵ و کوێرن لە ئاستی هەمو تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، هەر لە بەکارهێنانی چەکی بایۆلۆجی و قەدەغەکراوی نێودەڵەتی هەتا دەگات بە جینۆساید و پەلامار و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیایانەی کە ئەردۆگان دژ بە کورد، کە نەتەوەیەکی ئاشتیخوازن و زۆرینەیان موسڵمانە، و دژ بە کوردستان ئەنجامیداون، با بە وردی سەیرێکی ئەم داتایانەی سەرەوە بکەن و خۆیان حوکم بدەن کە نرخی هاوڵاتیە تورکەکان و موسڵمانانی دنیا لای ئەردۆگان چیە و چەندە وچۆنە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە