سڵاو لەو کەسانە دەکەم لێم تێدەگەن

Wednesday, 29/04/2020, 21:44

8092 بینراوە


بەشیک لە دیرۆکی پڕ لە نەهامەتیمان

تێبینی: ناوی ناو بەسەرهاتە مێژووییەکان لە کتێبینی (کورد لە سەدەی 19-20دا کریس کوچێرا) وەرگیران.
-------------------
یەک: داخانی لەپزێڕین لە قەڵای دم دم بە فیتی تورکەکانی عوسمانی سەری هەڵهدا و دژی شای سەفەوی ودژی دەسەڵاتی قزڵباشەکان سەرپێچی ڕاگەیاند، دوای شەڕێکی قورس مەجبور ما تەسلیم بێ و خۆی رادەستی قزڵباشەکان کرد!
دوو: سمکۆی شکاک زۆر بەهاسانی فریوی رەزاشای ئێڕانی خوارد و بە سواری ئەسپی خۆی هاتە بەر دەستی. رەزا شاش تڕۆری کرد و سەری دایە دەست سەربازێکی خوێڕی تا لە لەشی جوداکاتەوە و وێنەی لەتەکدا بکێشێ!
سێ: شێخ مەحموودی حەفید دوای ئەوەی کە سەری هەڵدا و تا شکستی خوارد هەزاران مرۆڤی بێتاوان کوژران. شێخی رەحمەتیش دەستبەسەر کرا و گووتی ماندووبوم دەمهەوێ لە ماڵی خۆم دانیشم و ماوەی تەمەنم بەرمە سەر، هەر لە دەربەدەریی مایەوە تا ئەو رۆژەی گیانی بە خاک سپارد! (بڕوانە سەرچاوەکەی خوارەوە)
چوار: مەلامستەفای بارزانی دوای بەکوشتدانی هەزاران مرۆڤی کورد گووتی ، غەڵەتم کرد و کاری من تەواو بوو! شای ئێڕانیش بەخشیی و بۆ خۆشی پارەیەکی زۆریی دەگیرفانی هاویشت و بەشەو ڕای کرد تا لە ئامریکا سەری نایەوە!
پێنج: قازی محەممەد کۆماڕێکی راگەیاند بە بێ ئەوەی بارودۆخی سیاسیی ناونەتەوەیی رەچاو بکا. بێ ئەندازە گیرۆدەی رووسەکان بوو لە کۆتاییشدا زانی پشتیان تێکردوە، بەرەو پیلی سپای پەرێشان ولاوازی شای ئێڕان ڕۆیی ومەڕی لە بەر لاقی بەرپرسانی نیزامیی ئێران کوشتەوە، کەچی دوای دادگایی کردنێکی ناجوامێرانە حوکمی لە سێدارەدانی بۆ دەرکەوت ئێستێش ناوەرۆکی ئەو دادگایە کە رؤژێکی خایاند بۆ هیچ کەس دەرنەکەوت و شڕۆڤە نەکراوە!
شەش: قاسملووی خوێندەوار و زمانزان، دوای ئەوەی هەستی کرد ئەوحیزبەی کە بۆ خۆی رێبەرایەتی دەکا بەرەولاواز بوون دەڕوا، بە بێ ئاگاداریی بەدەنەی حیزبیی رووی لە دانوستاندن دەگەڵ بکوژەکانی کۆماری ئیسلامی کرد، لە کۆتاییشدا زۆر دڕندانە ترۆڕیان کرد!
حەوت: باسی حاڵ و رۆژی دێمۆکڕاتەکان و کۆمەڵەکانیش لە ناو کەمپەکان ناکەم، کە دەسەڵاتیی کورد لە باشووری کوردستان چییان بەسەر سەرهەڵدانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبەکانی ئەو بەشە لە وڵات هێنا، بۆ خۆتان بڕیاریان لە سەر بدەن!
خوێنەریی هێژا ئەو کورتە بابەتەی سەروو هەمووی مێژووی کورد نییە، بەشێکە لە دیرۆکی پڕ لە نەهامەتی نەتەوەی کورد. بۆ نووسینەوەی مێژوومان مێژووناس و دامودەزگای لێکۆلینەوە و توێژینەوەی بەرفراوانی گەرەکە. دەبوایە دەسەڵات لە باشوری کوردستان لە جیاتی دز و فزی وحیزی بۆ بیانی ئەو ئەرکەی وەئەستۆی خۆی گرتبایە. هیچ دوژمنێک گوناحبار مەکەن. لە خۆمانە کە بە سەر خۆمان دێ.

پاکانە بۆ کەس ناکەم

مێژوو هەم لێدان وهەمیش گریان نییە. نەداستانە نە ئەفسانە نە چیرۆکە نە حەیران و نە لاوک. مێژوو قسەی رێگوزەریی زەمانە، زمانی مێژوو، زمانی کاتژمێری ساتەکانە کە ئەگەر هات ناگەرێتەوە. ئەگەر لە دەست چوونایەتەوە. تەنیا قانێکە / هەل، ئیمتیاز / کە دیرۆک بۆ مرۆڤەکانی گۆی سەر زەوی رەخساندوویەتی ئەوەیە کە بە نەتەوەی هوشیاردەڵێ شکستەکانت بکە ئەزموون بۆ داهاتووی دیرۆک. ئەوەی کە تاقمێک حیزب و سەرکردەی کورد نەیانتوانیوە ئەنجامی بدەن.
خوێنەری هیژا، تۆ مافی خۆتە چۆن بیر دەکەیەوە، مافی خۆتە چۆن قسەی زبر بە خومەینی و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی بڵێی، تۆ مافی خۆتە خۆت وەک قارەمانێک نیشان بدەی. مافی خۆتە ئەو حیزبەی کە کاری تێدادەکەی یان وەک لایەنگر و سەمپاتێک خۆشت دەوێ رێبازەکەی بکەیە نووشتە و دەملی خۆتی بکەی. بەڵام جورئەتت هەبێ خۆت لە راستیەکان لامەدە. ئەوەی راستبوو بڵێ راستە، ئەوەشی کە درۆ بوو بڵێ درۆیە.
من پاکانە بۆ کەس ناکەم. باوەڕێ خۆمم هەیە و لێی پاشگەزنابمەوە. لە لای سەرووی بابەتە گۆشەیەکی بچووکم لە شکستەکانی مێژوومان نووسیوەتەوە. بە دەگەمەن هەڵكەوتووە کە نەتەوەیەک ٢٩ جار سەریهەڵدابێ بەڵام ئەوەش حاڵ و رۆژی بێ.
خومەینی، باشە یان خراپ، سیاسەتمەدارە یان سەرهیشک، دواکەوتوویە یان پێشکەوتوو، دۆستی کوردە یان دووژمنی کورد، خوێنڕێژە یان دژی خوێن ڕشتن! با بمێنێ. هەرکەس ئەو مافەی هەیە بیروڕای خۆی لە سەر دەربڕێ. پێویست بە گووتن ناکا هەڵسوکەوتی ئەو ٤١ ساڵەی مەلاکان لە ئاست کورد چۆن بووە. هەرچەند لە کتێبی خۆم و باپیران لە نووسینی سیامەند شێخ ئاغاییدا کە دۆستی هەرە نزیکی قاسملوو بووە دەڵێ: ڕۆژێکیان دوکتور قاسملوو باسی خومەینی کرد و گووتی: خومەینی کەسێکی سیاسەتمەدار و لێهاتووە! بۆ چەند رۆژ بیرم لەو قسەی قاسملوو دەکردوە و پێم سەیربوو!
لەوەتی بیرم دێ ئۆپۆزیسیونی کورد و ئیڕانی دژی رەزا شای ئێڕان ومحەممەد رەزا شای ئێڕان دژبەر بون و خەباتیان کردوە. لە کورد و فارس وعەڕەب و ئازەریی و بلوچ و تورکەمەن و... بە هەموویانەوە نەیانتوانی بەرەیەکی یەکدەست بە دژی شای ئێڕان پێک بێنن و بیڕوخێنن.! لە سەرکەوتنی گەلانی ئێڕاندا خەڵک بە یەک دەنگ هاواریی لەناوبردنی شای ئێڕانیان دەکرد. ئەو کاتێش هیچکات دوو حیزب نەبوونە خاوەنی ستڕاتیژیەکی هاوبەش بۆ دوای رووخانی دەسەڵاتی پادشایی لە ئێڕان، کە چی مەلاکان بە ڕێبەرایەتی خومەینی توانیان زۆر زیرەکانە دەسەڵات بۆ خۆیان قۆڕخ بکەن وهەرچی دژبەرە لە رێگای خۆیان لایدەن. تا ئەوڕۆش هیچ باسێک لە بەرەیەکی یەکگرتوو نابینین، تەنانەت ئەو حیزبە کوردیانە کە بۆ خۆیان دەڵێن دێمۆکڕات و یان لایەنگریی زەحمەت کێش وەها داماو بێکەس ماونەتەوە کە هیچ چارەسەریەکان پێ شک نایە تا لەو بارودۆخە دەربچن!
لای سەرووی بابەت وێنەیەک دەبینن.من نازانم ئەو شوێنە کوێیە؟ کام بیابانە وهی کام وڵاتە؟ بەڵام دەزانم ئەو کەسەی دانیشتووە ودەستنوێژ دەکا خومەینییە.کەسی دیکەش کە راوەستاوە نازانم کێیە.

مەبەستی من چییە؟

لێرە خومەینی ناکەمە قارەمان تا کۆتایی وتارەکە بخوێننەوە. نایکەمە فەیلەسوف، بەڵام ئەو کەسە بەوجۆرە توانی لە ڕێگای شیعەگەریی یان خومەینیزم، خەڵكی ئێڕان بە کوردیشەوە دژی شای ئێڕان ڕاپەرێنێ ودەسەڵاتێکی ٢٥٠٠ ساڵەی شاهەنشایی لە ناو بەرێ. داڕماندنی دەسەڵاتێکی خاوەن ٢٥٠٠ ساڵ مێژوو کاری حیزب و سەرکردەی کورد و فارس وعەڕەب وئازەریی و بلوچ وتورکەمەن و... نییە و نەبووە.
ئەگەر شەڕ دەگەڵ شای ئێڕان هاسان بوو بۆ ئەوکاتیش کورد نەیتوانیوە تێیدا سەرکەوتووبێ؟ بۆ نەتەوەکانی دیکەی ئێڕان نەیانتوانیوە تێیدا سەرکەوتووبن؟ خومەینی کاتی خۆی ئافتاوە و ئاو نەبووە دەستنوێژی پێ بشووا، کەچی زیرەکانە توانی تاسکلاوی شەرعی و سیاسی لە سەر هەرچی ئۆپۆزیسیونە دابنێ و دەسەڵات بۆ خۆی ومەلاکانی ئیستا دابین بکا! هەنووکەش حیزب و میزبی کوردی و ناکوردیش نەیانتوانیوە ببنە گووتارێکی سیاسیی و یەک ئامانج دژی دەسەڵاتی مەلاکان! هۆیەکەش زۆر ڕوونە. ئەگەر بگەڕێنەوە ناو حیزبە کوردیەکان و چاو بە ئاکارەکانیاندا بخشێنین لە کوردبونی خۆمان وەڕەز دەبین. کاتی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاتێک خومەینی لە سەر مێدیایەک قسەی دەکرد، ئێـمە ناسیاسیی پێکەنینمان بە ڕاوێژ و چۆنیەتی ئەو وشانە دەکرد کە دەیهێنایە سەرزاری!
جارێک دەگەڵ چەند دۆستێکم لە مهاباد باسی شێوەی قسەکردنەی خومەینیمان دەکرد. یەکێک لەو دۆستانەم گووتنێکی باشی هێناویە سەرزاران وگووتی: بە شێوەی قسەکردنی خومەینی پێمەکەنن، ئەو کابرایە بۆ من وتۆی بە رواڵەت رووناکبیر قسە ناکا، بۆ ئەو کەسانە دەدوێ کە بە فەرمانێکی چووکی ئەو بۆی دەچێتە سەر مین وخۆیان دەتەقێنێتەوە. ئەو دۆستەمان زۆر ئاقڵانە بۆی چووبوو، لە شەڕی ئێڕان وعێڕاق ئەوەمان بینی، کەچی حیزبەکانی لای خۆمان نەتەنیا بە قسەی یەکتر ناکەن، جوابی خەڵک و بنەماڵەی شەهیدانیش نادەنەوە!ئەوەیە یەکێک لە جیاوازیەکانی دەسەڵاتی تاران و رێکخراوە کوردستانییەکان.
ئێوە بۆیە دژایەتیی خومەینی و دەسەڵاتی مەلاکان دەکەن، چون لە سەرئەو باوەڕەن کە خومەینی باوەڕی بە دێمۆکڕاسی و باوەڕێ بە مافی کورد نییە. خۆ ئیوەش هەر ئاوان. ئەگەر باوەڕتان بە دێمۆکڕاسی و باوەڕتان بە کێشەی کورد بایە یەکترتان قەبوڵ دەکرد ڕای جیاوازتان قەبوڵ دەکرد.
خۆتان بە دێمۆکڕات دەزانن؟! چەند سەیرە! لە ژیانیدا کەمپ نشینیدا رۆژهەڵاتی کوردستانتان دابەش کردوە و دەڵێن: ئیزن بە هیچ حیزبێک نادەین دەست لە کاروباری ئەو بەشە وڵات وەربدا! دەفەرموون بڕۆن ئازادی بکەن ببنە دەمڕاستی ئەو خەڵكە بندەستە. بۆ جاڕێکی دیکە حیزبتان دوولەت کردوە، کاتێك ئەو رووداوە ناخۆشە دروست بوو، مەلاحەیاکی فەرموویان: دونیا بەئاخرنەگەیشتوە کە حیزب لەت کراوە و بۆتە دوو دێمۆکڕات! ئێوە تا خاوەنی ئەو جۆرە کەسایەتیە بن قەت ناگەنە ئامانج. تا مستەفای هیجری بە لایەنەکەی دیکە بڵێ: هاوڕێیانی پێشوومان، هەر ئەوە حاڵ و رۆژگارتانە!
لە ڕێگای کام هێزی هاوبەش کۆماری ئیسلامی دەڕووخێنن؟ بەکام ستڕاتیژیی هاوبەش بەرنامەی تێکۆشانتان دادەڕێژن؟ بە کام ئابووریی بە هێز چەک و چۆڵ بۆ شەڕ ئامادە دەکەن؟ توانیتانە میراتگرێکی بە ئەمەگی کۆماری مهاباد بن؟ وەسیەتی قازی محەممەدتان بە جێ هێناوە؟ هەزاران کەستان بە کوشتداوە و ناوی شەهیدتان لێ ناون، حورمەت لە پەیامی شەهیدان دەگرن؟ هەر ناوێک لە خومەینی دەنێن، مافی خۆتانە، بەڵام ئێوە لە ناو کەمپەکانیشدا پێکەوە هەڵناکەن! ئەوە دەسەڵاتتانە ئاوا سەرهیشک و قسەزلن، دەسەڵات بگرنە دەست چۆن دەبن؟ وەک رۆژ لێم عەیانە ئەگەر هاتوو ئاڵ و گۆڕێک لە ئێڕان دروست بوو، ئێوە بەڵام رۆژهەڵاتی کوردستان سەت قات زیاتر لە باشووری کوردستان خراتر بە سەر خەڵكی بێدەرەتان دێنن. خومەینی پاشوەڕۆیە نیزامێکی ٢٥٠٠ ساڵەی تێك قرماند. ئێوەش خۆتان بە پێشکەوتوودەزانن! بەڵام پێکەوە ناسازێن!
ئەو وتارەی من لە سەر بنەمای رقێکی پیرۆز نووسراوە بەرانبەر بەو رێکخراوانەی کە باسی کورد و کێشەی کورد دەکەن لە هەمان کاتدا بوونە هۆی لێکترازان و نەهامەتی. هەروەها بەرانبەر بەو سەرکردە کوردانەی کە تەنیا شکستیان بۆ بە دیاری هێناوین . دووبارە داوا لە خوێنەری وشیار دەکەم پێچەوانە لێم تێنەگەن.

سەرچاوە:

کورد لە سەدەی ١٩و٢٠دا لە نووسینەی کریس کۆچێرا.لاپەڕيی: ٨٨.
وەرگێڕانی بە کوردی: حەمەکەریم عارف.
سندووقی کوردستانپۆست

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە