ناوى پێشمەرگە قێزەون مەکەن

Wednesday, 29/04/2020, 22:01

7552 بینراوە


پێشمەرگە سیمبول و ناسنامەى میللەتى کوردە، بەرێ هەرکاتێک ناوى پێشمەرگە دەهات دەستمان بە سینگمانەوە دەگرت،لامان لە مرۆڤە بەهادارو پیرۆزەکان بوو، زۆرجار تارادەى پەرستن  پیرۆزبوون. سلێمانى و شەوانى دووانەیەکى لێک دانەبراِون،کەم شەو هەبوو چەند پێشمەرگەیەک نەیەنە ناوشار و زەبرى گورچکبڕ لەدوژمن نەوەشێنن، هەر کەدەنگى تەقە دەهات جاش و ئەمن وسیخور و سەرباز و پۆلیس و پیاوانى رژێم عەیشیان لێ تاڵ دەبوو،بەزمانى سلێمانى یانە کونە مشکیان لێ ئەبوو بەقەیسەرى.کەم شەو هەبوو پێشمەرگە نەبێتە میوانى شار،وانەیەک بە جاش و جەیشى شەعبى و ئەڵقە لەگوێکانى بەعس دا نەدات.لاى من وزۆرێک ،پێشمەرگە لەمرۆڤە هەر پاک و بێگەرد و پیرۆزەکان بوو،ئاواتم ئەخواست کە لەدووریشەوە بێت بەدیداریان شادبم. ئەوى رۆژێ پێشمەرگە مەزن و پیرۆزبوو، لەپێناو دۆز و کێشە و خاکێکدا خەباتى دەکرد،چاوى لەهیچ نەبوو،بەچەند تفەنگێکى کلاسیکى و،کۆمەڵێک فیشەک و مشتێک نانە رەقە، رووبەرووى سەخترین دوژمن دەبۆوە،لەبەرامبەر تانک تۆپ وسوپاى بێشوماردا سەنگەرى دەگرت و،بەو جۆرەش بەرخودان و تێکۆشانى دەکرد،چونکە بڕواى تەواوى بەسەرکەوتن و لەگۆڕنانى دوژمن هەبوو، (مامەریشە جەمالى عەلى باپیر،سەلاحى موهەندیس وحەمەرەش،مەلا عەلى شاعیر، و زۆرێکى تر) مشتێکى خەروارى ئەو هەزاران پێشمەرگەیەن.
کەچى ئێستا بەداخەوە هەزاران حەیف و  خەسار، ئەو ناوە پیرۆزە بەدەست کۆمەڵێک زەلیل و بێ دەسەڵات بۆتە مەخسەرە و گاڵتە چێتى خەڵک، پێشمەرگە پیرۆز و خاوەن ناوبانگەکەى  دوێنى بێ بەهابووە، جاران پارێزگارى لە ئاو و خاکى نیشتمان دەکرد،کەچى ئێستا بۆتە پارێزەرى بیرە نەوت و کۆمپانیا و ڤیڵاى بەرپرسان،جاران داکۆکى  لەشەرەف و ناموسى ئێمە دەکرد،کەچى ئێستا کە بەرپرس و سەرکردە دۆڕاوەکان لە ژوورەوە خەریکى قومار و قەحبە بازین بەناو پێشمەرگە لە دەرەوە پاسەوانیان دەکات، جاران پێشمەرگە ناسنامەى میللەتێک بوو،ئێستا رەمزى دیلى و بێ دەسەڵاتى و زەبوونیە بەجۆرێک ناوێرێت داواى سەرەتاترین مافى خۆى بکات.

کاتێک لەتۆڕە کۆمەڵایەیتیەکان ئەو وێنەى سەرەوم بینى،کە گوایە کۆمەڵێک پێشمەرگە لەتاو نەبوونى و گیرفان بەتاڵى لەم رەمەزانەدا نان و پەتاتەى کوڵاو دەخۆن، قێزم لەناوى پێشمەرگە ئەهاتەوە ،نەک بەزەیی و سۆزم بۆیان نەجوڵا، بگرە کۆمێنتى رەق و بریندار کەریشم بۆنووسین، وەرە بەناوپێشمەرگە تۆ چەکداریت و خاوەن هێز سوپا و کەرەستەى سەربازیت، کە ئەبێت دەسەڵات و حزب لەناو هێنانت زارەترەک بێت،کەچى ئاوا بێ ئەزرش و قیمەت خۆت نیشان دەدەیت، لێى دەپاڕێتەوە تا موچەت پێ بدات،لەتاو نەبوونى و گیرفان بەتاڵى پەنا بۆخۆکوشتن بەریت، ئەى بۆ لەبرى ئەوانە هەمووى، هەڵناستنە سەرپێ و بەرگى دیلێتى و زەلیلى فڕێ نادەن و ناچن بەگژ ئەوانەى بەو رۆژانەى گەیاندوون؟باشە پێم بڵى مناڵى تۆ چى لەمناڵى بەرپرسان کەمترە؟ ئەوان بۆسەیرو سەفا ئەچن بۆ ئەوروپا و ئەمریکا،تۆش لەئێستاوە خەمت لێهاتوە چۆن سى چل هەزار دینارت دەست کەوێت بۆبەسەربردنى جەژنێکى تاڵ و بێ تام؟تۆ شەو تابەیانى دوعا ئەکەیت کە زوو موچە وەرگریت تا کرێى خانوو و قەرزى دوکاندارەکان بدەیتەوە، ئەویش لەناو لینگى سۆزانیدا شەوى سور بەڕێ دەکات و بەدەفتەر دۆلار ئەخاتە ناو سینگ و مەمکى لەشفرۆشان.
چاوەڕێى چى ئەکەیت؟ بەتەماى چەند ساڵ ئاوا بەهەژارى و داماویى بژیت؟ ئایا ژیان بەو شێوەیە دەڕوات؟ ئەى سبەى رۆژ چى وەڵامى مناڵەکانت ئەدەیتەوە؟ ئەى چ ئایندەو پاشە رۆژێکت بۆدابین کردون؟ لەچى ئەترسیت؟ چى ماوە لەدەستى بدەیت؟  خۆت هەرلەئەزەلەوە هیچت نەبووە. ئەى ئیدى سڵ لەچى ئەکەتەوە؟چاوەڕێى چى ئەکەیت؟تاکەى بەنیشاندانى وێنە و گرتە ڤیدیۆى ئەکڕوزێتەوە حاڵ و گوزەرانى خۆت بەیان ئەکەیت، گەر بتەوێت بەوە سۆز و هەستى خەڵک ببزوێنیت  ،شتێکى ئەستەم و محاڵە.نەک هەستمان ناجوڵێت بگرە پێکەنینیشمان دێت،ئەبێت وەک پێشمەرگەکانى ساڵانى رابردوو ،تۆ ببیتە سەرمەشق و پێشڕەو باسکى مەردانەى لێ هەڵماڵیت و لوولەى تفەنگت ئاراستەى ئەو کەس و حزب و لایەنانە بکەیت کەبونەتە هۆکارى ئەوەى لەمرۆڤایەتى بچیتە دەر،بیرت نەچێت تەواوى لەگۆڕنانى دەسەڵاتى ستەمکاران بەهێز و چەک و کودەتا بووە، ئەوەش بەچەک و هێز دەکرێت،کە جەنابت هەردوکیت هەیە.
 تف لەرابردوبکە، وەرەمەیدان، کەساسى و دەستەوەستانى وزەلیلى و خۆ دزینەوە لە ئەرک و فەرمان دادت نادات.رۆژێکە و ئەمڕۆ باشترین دەرفەتە، بڕوابکە ئەو بەرپرس وسەرکردانە بەتۆوە ماونەتەوە گەر تۆو هاوڕێکانت نەیان پارێزن و نەبنە قەڵغان ،بەرگەى چەند سەعاتێک ناگرن، بێنەرەوە بیرى خۆت قەزافى و سەدام و شاى ئێران و هاوشێوەکانیان چەنێک دڕندەو خاوەن هێز سوپا بوون، بەڵام کاتێک باریان کەوتە لێژى کێ بەهانایانەوە هات؟بۆیە ئامۆژگاریم بۆ تۆى پێشمەرگە ئەوەیە بۆ ئەوەى ژیانێکى شایستەوە پڕ لە شکۆ فەراهەم بکەیت، وەرە مەیدان و راپەڕە و بەگژ ئەوەدا بچۆرەوە کەئاوا برسى و بێ لانەى کردویت و مافى چەند ساڵەى زەوت کردویت.خۆ گەر ئەوەشت پێناکرێت، هەر کاتێک خەڵکى وڵاتەکەت ،مامۆستایان و مووچە خۆران بۆ داواو مافى خۆیان هاتنە سەرشەقام، تۆ مەبە سورەى بەرلەشکر وبەکێبڵ و قۆناغە تفەنگ لەدژیان مەوەستە..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە