ئەمریکا و هەژموونی چین لە دنیادا (بەشی یەکەم)

Wednesday, 29/04/2020, 22:19

8704 بینراوە


پێش جەنگی دووەمی جیهانی سەرژمێری سەرگۆی زەوی بە ٢بیلیۆن مەزەندە دەکرا، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن کە دوای جەنگ ٦٠ تا ٨٠ میلیۆن واتە لە ٤%ی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی بوونە قوربانی و نەخشەی دەسەڵاتی سیاسی لە جیهاندا گۆڕی، ڕوسیا و ئەمریکا بوون بە دوو جەمسەری دەسەڵاتداری ناکۆک بەرامبەر بە یەک لە جیهاندا. 
لە دوای ئەو جەنگە مۆدیلی سیاسەت، جەنگ، ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسی، جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ ئابووریی، دروستکردنی چەک و تەقەمەنی لە دنیادا گۆڕانی بەسەردا هات.
وڵاتانی دنیا بە تایبەتی زلهێزە جیهانییەکان دەستیان هەڵنەگرت لە داگیرکردنی وڵاتان، دزینی سامانە سروشتییەکانیان، دەستبەسەرکردنی میللەتانی ژێر دەست و بەجێهێشتنیان لەژێر چەتری هەژاری، نەداری، نەبوونی و پێناسە کردنیان بە مڕۆڤی دنیای سێیەم.
دوای ئەو قۆناغە مێژوویە دیاریکراوە ململانێی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی دنیا بەردەوام بوو، بەڵام لە فۆرمێکی دیدا کە خۆی زێتر لە جەنگی بە وەکالەت، لە گەشەکردنی شەڕی سارد، شەڕی ئابووریی و جەنگی مادە هۆشبەرەکان دۆزیەوە. سەرباری ئەوانەش جەنگی تەکنەلۆژیا و بایۆلۆژی و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بوون بە دیاردەی ئەو سەردەمە. 
گەشەکردنی ئابووری چین لە دوای ئەو قۆناغە مێژووییە دیاریکراوەدا بە تایبەتی لە چوار سەدەی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ تێبینی دەکرێت. چین بە هێمنی، هێزی ئابووریی خۆی بەکار هێنا نەک تەنیا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بازاڕی جیهانی ئەڵبەتە بۆ ئەوەی سیاسەتی جیۆگرافیای سیاسی پەڕە پێ بدات و لەسەر ئاستی دنیادا سیاسەتەکانی بگۆڕێت و هەموو ڕێگەیەک بەکار بهێنێت بۆ چوونە هاڤرکێ لەگەڵ وڵاتانی زلهێز و سوودمەند بێت لەو زەمینەیەی کە دوای جەنگی دوومی جیهانی هاتە پێشێ و هەوڵبدات تەنیا لە سنووری هاڤرکێی وڵاتانی زلهێز خۆی نەدۆزێتەوە بەڵکو بچێتە قۆناغێکی دی و هەوڵبدات هەژموونی خۆی بە سەر دنیادا بسەپێنێت، باز بدات بۆ دنیای سێیەمیش و لەوێشدا بوونی خۆی بسەلمێنێت.
هەنووکە لە چوارمشقی دنیادا کرێکاری چینی و کاڵای چینی بازارەکانی جیهانیان تەنیوە. سەرمایەی خەوتووی ئەو وڵاتە لە هەژمارکردن نایەت. کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی ئاسمانی و فڕۆکەخانەکان. دامەزراندنی کۆمپانیای چینی لە هەموو قاڕەکانی دنیا، پتەوکردنی دەزگەی هەواڵگری چینی و دروستکردنی سەرمایەداری چینی بێ هاوتا لە وڵاتان، بەکارهێنانی پارە بۆ گەندەڵکردنی سەڕۆک و ئەو کەسانەی کە لە کایەی سیاسی وڵاتاندا کار دەکەن و نزیکن لە ناوەندی بڕیار دان. 
چین سوودمەند بووە لە دنیای مۆدرن، یاسا و دەستوری نێو ئەو وڵاتانەی کە سیستەمی دەسەڵاتی سیاسیان دیموکراسیە، هەروها سوودمەند بووە لە یاسا و دەستوری نێودەوڵەتی، بە تایبەتی یاسای پەنابەران، یاسای ئابووری سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمپانیا لەنێو دڵی ئەو وڵاتانەدا. بەکارهێنانی پارە بۆ کڕینی زۆربەی دورگە و میناکانی دنیا، زەویوزاری ئابووری، کشتوکاڵی و پیشەسازی و جێنشین لە وڵاتانی دیکەی وەک بریتانیا، ئوسترالیا، ئەمریکا و ئەورپا و ئەفریقا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلێک وڵاتانی دی سەر گۆی زەوی. چین لە وڵاتانی دنیای سێیەمیشدا درێخی نەکردەوە بە ناوی ئاوەدانکردنەوە زۆربەی وڵاتە هەژارەکان و دورگە دوور دەستەکانی بە پارە کۆنتڕۆڵ کردوە.


ئەفریقا

 زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا بەدەست لاوازی ژێرخانی وڵاتەکانیان دەناڵێنن. کۆمەڵگەی ئەو قارەیە سەرچاوەیەکی سەقامگیری ژێرخانێکی ئابووریی نییە بۆ دابین کردنی کارەبا، ئاوی پاک و ئامرازی گواستنەوە. لاواز لە ڕووی تەکنەلۆژیا، وێستگەی کارەبا، ئاوی پاک و ئامرازی گواستنەوە، بەڵام ئەو وڵاتانە خاوەن سەرچاوەی سروشتی دەوڵەمەندن کە بۆ پڕۆژەی ئاوداندکردنەوە بەکار بێت و لەو بوارانەدا وڵاتەکان گەشە بکەن، کە لە ئەنجامدا هەلی کاریش دروست بێت. لەم بۆشایەدا چین توانیویەتی ڕوو لەو وڵاتە بکات و سوودمەند بێت کە هەنووکە سێبەشی نەوتی چین لە ئەفریقاوە دێت، هەروها لە ٢٠%ی خوری. نیوەی کاربۆنی دنیا لە ئەفریقا بەرهەم دێت. کۆنغۆ بە تەنیا نیوەی کوبلاتی دنیا بەرهەم دێنێت و ئەو قارەیە مەگنزیۆمێکی بێ ئەندازەی هەیە. 
چین لەو وڵاتانەدا توانی سەرمایەی خۆی بەکار بهێنێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بودجەیەی کە هەمیشە کورتدێنێت، بەجۆرێک مامەڵە بکات کە جێگە پەنجەی لەو وڵاتەدا دیار بێت و لەگەڵ کاتدا مەترسی لەسەر بوون و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و ڕوسیا لەو کیشوەرە دروست بکات و ببێتە هۆی نیگەرانی بۆیان. لە فاینەنکیلتایمز ماکینزی لە ٢٠١٩دا دەنووسێت:
"پڕۆژە لە ژمارنەهاتەکانی چین لە ئەفریقا کە سەد، هێڵی ئاسنی، مینا، تیلیکۆمینیکەیشن نێتۆڕک، کە سەرنجی ڕاکێشەڕن. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠-٢٠١٤دا بازرگانی و باکارخستنی سەرمایە لە سەدا دوو بەرزبۆتەوە بۆ لە سەدا پەنجاوپێنج، لە دەی داهاتوودا چین ئاستی بەرهەمهێنانی و بەگرخستنی سەرمایەی ڕێژەی ئەمریکا تێدەپەڕێنێت".
بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە وڵاتانی ئەفریقا ساڵانە بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابوورییان دەرامەتیان ١٠٨- ٦٨ بیلیۆن دۆلارە، بەڵام خۆی ساڵانە پێویستییان بە ١٧٠-١٣٠ بیلیۆن دۆلارە بۆ بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری. ئەم کورتهێنانە لە ڕووی ئابووریەوە وای کردوە کە ئەفریقا ببێتە مەیدانی کێشمەکێشمی وڵاتانی ئیمپریالیزم. چین دەرکی بە بوونی ئەو بۆشایە کردوە، هەروها خویندنەوەی بۆ باری ئەو وڵاتە کردوە، دەزانێت چۆن خۆی لە خەڵکەکە نزیک بکاتەوە، بە پێچەوانەی وڵاتانی ئیمپریالیزمی ئەوروپی ئەمریکی بکات کە تەنیا خەریکی دەرهێنانی سامانە سروشتییەکانی ئەو وڵاتانە.

چین بۆ بەرژەوەندییەکانی و سەپاندنی هەژموونی خۆی مودێلیکی دی لەو وڵاتانەدا پەیڕەو دەکات و پارەیەکی زۆری بە قەرز داوەتە ئەو جۆرە وڵاتانە و پڕۆژەی دروستکردنی ڕێگەوبان ، هێڵی ئاسن، خانەی نیشتەجێبوونی گرتۆتە ئەستۆ، بەڵام ڕوون نییە لە ئایندەدا ئەو وڵاتانە بتوانن قەرزی خۆیان بدەنەوە کە لە ئاکامدا زێتر لە ئەمرۆ دەبێت ملکەچی چین بن و لەگەڵ کاتدا زێتر بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانیان بە چینەوە بلکێت. لە ساڵی ٢٠١٧دا خیاۆشین سو لە وتارێکدا کە لە ماڵپەری دیبلومات بڵاوی کردۆتەوە دەنووسێت:
" ڕوون نییە کە وڵاتانی ئەفریقی توانای ئەوەیان دەبێت ئەو پڕۆژانەی چین تەواو بکەن لە کاتێکدا هێڵی ئاسنی نێوان ئەدیس ئەبابە و جیبۆتی تێچووی ٤ بیلیۆن دۆلارە کە دەکات چارەکی میزانیەی ئەسیوبیا لە ساڵی ٢٠١٦دا کە تەنیا ١٢،٥٧بیلیۆن دۆلار بوو".
چین بۆ پڕۆژەکانی زۆربەی کرێکارەکانی خۆی هێناوە لەو وڵاتانە کاریان پێ دەکات وەک چۆن تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا لە سەرەتای دووهەزارەکانەوە ئەنجامی دەدا. وادی شیپارد لە وتارێکدا کە ساڵی ٢٠١٩دا لە واشینگتۆن پۆست بڵاوی کردۆتەوە دەنووسێت:
" چین یاریکەری سەرەکییە لە ئەفریقا بۆ فرەوان کردنی پڕۆژە مەدەنییەکان کە زۆربەی تێچووی ئەو پڕۆژانە کۆمپانیا چینیەکان گرتۆیانەتە ئەستۆ یان لەلایەن حکومەتی چینەوە پشتیوانی دەکرێن".
ئەفریقا بۆ چینییەکان بووە بە کێڵگەی بەرهەم هێنان، کلتوور و سیاسەتەکانی و ئەزموونی تێیدا دەخاتە بواری جێبەجێ کردن، بواری کار و کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ چینیەکان لەو وڵاتەدا هەڵدەخات هەنووکە زێتر لە ١٠٠٠٠کۆمپانیای چینی لە ئەفریقا هەن و هەریەکێکیان بە دەیان پڕۆژەی لەبەردەستە. لە چاوپێکەوتنێکدا یەکێک لە بەرێوەبەرانی پڕۆژەی چینی لە نێجیریا بە ناوی وی کە فاینەنکیلتایمز لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەنجامی داوە دەڵێت:
"ئێرە وەک چینی ساڵانی ١٩٧٠-١٩٨٠یە، کە دەتوانی بزنیسی تێیدا بکەیتەوەو دەرامەتێکی خەیاڵێت دەست بکەوێت، کە ئەمڕۆ بەدەستهێنانی لە چین مەحاڵە".
هەوڵەکانی چین نزیککردنەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی چینی و ئەفریقیەکانە، هەوڵی جێنشینکردنی سەرمایەی مرۆی چینە لە ئەفریقا کە هەنووکە زێتر لە یەک میلیۆن چینی لە ئەفریقادا هەن. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە چین چەند بە وردی لەسەر هەر مەلەفێک کار دەکات بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی و زێتر کۆنتڕٶڵکردنی بازاری جیهانی و نیگەرانکردنی زلهێزەکانی دنیای ئەمڕۆ کە بۆتە هۆی ئەوەی ترامپی سەڕۆکی ئەمریکا بە بۆنە بووبێت یان بێبۆنە لە وتارەکانیدا دێرێکی نەشیاو بەرامبەر بە چین بەکاربهێنێت. 
--------------------------------------

تێبینی: 

 بۆ ئەو بەڕێزانەی کە پرسیاری چارەنووسی "لە سێبەری شاخ" دەکەن دوای سوپاس و پێزانێن:
لەسەر داوای خۆم، زنجیرەکانی "لە سێبەری شاخ" لە "کوردستانپۆستدا" ڕاگیراون، لەبەرئەوەی هەنووکە ئەو زنجیرانەم لە تۆی پەرتوکێکدا کۆکردۆتەوە و لەژێر چاپە. بمێنم و بەختیاوەرم بێت، لەو زوانە ئەو پەڕتوکە دەکەویتە بەردەست خوێنەر و هەر لە ماڵەکەی خۆیدا کە کوردستانپۆست"ە ڕادەگەینرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە