ئەمریکا و هەژموونی چین لە دنیادا (بەشی دووەم)

Wednesday, 06/05/2020, 10:06

7968 بینراوە


ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی زێتر لە نیو سەدە بەسەر تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەم، سەنگی هێز لە هاوکێشەکاندا گۆڕانی بەسەردا هاتوە. لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ڕوسیا و ئەمریکا تەنیا دوو هێز نین، کە بتوانن دەسەڵاتی سیاسی بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان دابەش بکەن، پارێزگاری لە مانەوەی هەژموونی خۆیان بکەن لەو وڵاتانەی کە کۆکبوون دەربارەی کە بەرژەوەندیی و دەسەڵات دابەش بکەن.

دورگەو ئوقیانووسەکانی گۆی زەوی وەک بۆشایی ئاسمان بوونەتە جێگە ململانێی زلهێزەکان و سەرمایەدارانی دنیای سەر بە دەسەڵاتدارانی سیاسی وڵاتان. زۆربەی خەڵکی دورگەکان لەبەر هەژاری هێشتا وەک قۆناغی کۆمەڵە سەرەتاییەکانی مڕۆڤایەتی گوزەران دەکەن، بەڵام هەستیان پەیوەستە بەو شوێنەی کە تێیدا دەژین و لێ هاتوونەتە سەر دنیا و ڕۆحی بەرەنگاریان تێیدا هەیە بۆ ئەوەی خۆیان بە خاوەنی یەکەمی ئەو ناوچانە هەژمار بکەن، بەڵام لەبەر هەژاری و نەبوونی و بوونیان لەنێوەڕاستی ئۆقیانووسەکان کاردانەوەی هەبووە لە دابڕانیان لە دنیا. لەبەرئەوە ناتوانن بەرەنگاری ئەو هێزانە ببنەوە کە خاوەن سوپا و ئابووریی زەبەلاحن لە دنیا و واقیعی ئەمڕۆی قۆناغی مرۆڤایەتیدا..
زۆربەی دورگەکانی نێو زەریاکانی وەک زەریای هێمن و ئەتڵەنتیک لەلایەن زلهێزێکی جیهانیەوە داگیرکراوەن وەک " کۆلۆدۆنیا"، کە ئێستاش لەژێر دەسەڵاتی فرەنسایە. بەڵام هەندێک دورگە هەن بچووکن کە زلهێزەکان بەرژەوەندیی خۆیانیان تێیدا نەدیوەو بۆی نەچوون، بەڵام گۆڕانی بارودۆخی ئابووریی و سیاسیی دنیا دەبێتە هۆیەکی گرنگ کە ئەو دورگانە لە ئایندەدا کێشەی زۆر لەنێوان زلهێزەکانی دنیادا دروست بکەن.

خەڵکی نیوکۆلۆدۆنیا

هەژموونی چین لە دوورگەکانی نێو زەریاکاندا. زەریای هیمن و ئەتڵەنتیک

چین جەنگێکی سەردەمییانە دەکات، بە سوپا هەڵناکۆتێتە سەر هیچ وڵاتێک نەتەوەیەک بۆ داگیرکردنی خاکیان، بەڵام جەنگێکی ئابووریی پتەو دەکات، ئەوەی جاران دەبوایە بە بەکارهێنانی سوپا وڵاتان داگیر بکات، هەنووکە چین بە پارە ئەو خاکانە دەکڕێت، سوودمەند دەبێت لە سیاسەتی وڵاتان و بە ناوی پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و گرێبەستە ئابوورییەکان ئەرز و خاک و ئاو و گشت دورگەکانی سەر گۆی زەمین کۆنتڕۆڵ دەکات.
چین سوپاکەی بە گیانی نیشتمانی و نەتەوەیی پەروەردە دەکات، لەو دیدەوە هەوڵدەدات ئەو سوپایە بڕوای بەوە هەبێت کە ئەو ستراتیژیەتەی کە چین دایڕشتووە بۆ فرەوان کردنی بەرژەوەندیی و دەسەڵاتەکانی لە دەریای چینی باشوور بە داوایەکی ڕەوای ببینێت و ئامادە بێت پارێزگاری لێ بکات لە کاتێکدا ئەگەر زلهێزێکی جیهانی هەوڵی سنووردارکردنی خەونەکانیان بدات لە زەریاکاندا. ئەو جۆرە بیرۆکەیە لە داهاتوودا پێشبینی ئەوەی لێ دەکرێت کە گرژیەکانی نێوان چین و ئەمریکا توندتر بکات، بەتایبەتی لەسەر دورگەی میکرۆنەزیا کە ناوچەیەکی ستراتیژی جوگرافیە و دەکەوێتە باشووری زەریای هێمن، لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر لاوازە و خەڵکەکەی بە هەژاری گوزەر دەکەن، زێتر ئیعتیمادیان لەسەر کاریدەست و ڕاوکردنە کە ئەویش زۆربەی کۆمپانیا گەوەرەکانی ڕاوە ماسی و گیانلەبەرەکانی دی نێو زەریاکان کۆنتڕٶڵیان کردوون لەبەرئەوە چاویان لەدەست یارمەتی دەرەکییە.
خەڵکی دورگەکانی باشووری زەریای هێمن

دانیشتوانی ئەو دورگانە و زۆربەی دورگەکانی زەریای هێمن و ئەتڵەنتیک و هیندی لە زۆر لایەنەوە لە دواوەی پێشکەوتنی دنیای دەرەوەن، ناتوانن بچنە نێو هاڤرکێ سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوان گەلانی دنیا، هەر جارەی دەوڵەتێکی ئیمپریالیزمی بەخۆیەوە لکاندویانن و بواری پەروەردەیان بۆ نەرخساندوون، یان بونەتە شوێنی پشودانی میلیۆنۆرەکانی دنیا، باڵاخانەیان لێ دروست کردوون، کاتێک کە بۆ پشوو ڕوویان لەو دورگانە کردوە خەڵکی ئەو ناوچانەیان بە پارە کردوە بە خزمەتکاری خۆیان. لەبەرئەوە چاوەڕوان ناکرێت خەلكی ئەو جۆرە دورگانە لە ڕووی ئابووریی و سیاسیەوە بتوانن سەربەخۆی خۆیان بپارێزن و بچنە ململانێی بازاری جیهانی، بۆیە لە ئەنجامدا دەردەکەوێت کە هەنووکە پارویەکی چەورن بۆ ئەو وڵاتانەی کە باری ئابووریان بەهێزە و مرغیان لە داگیرکردنی خۆش کردوە.
هەنووکە ئەو دورگانە لەلایەن چەند وڵاتێک هەست بە گرنگی شوێنی جوگرافیایان کراوە و بە تایبەتی بوونەتە جێگە تەماعی ئوسترالیا، چین و تایواند. سەرەڕای ئەوانە ئەم دورگانە لەو دورگانە نزیکن کە سەر بە ئەمریکان لە زەریای هێمن و کۆچکردن لەنێوان ئەو دورگانەدا هەیە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکرێت لە ئایندەدا ئەمریکاش لایەنێک بێت لەو کێشانە و لەگەڵ ئوسترالیا و نیوزیلاندا هاوپەیمانیەک پێکبهێنن و بۆ ڕووبەڕوو بوونەی گڕژیەکان لەو ناوچانەدا بەتایبەتی دژی چین.
خەڵکی دورگەکانی نێو زەریای هێمن
چین بە وردی پەیوەندییە سیاسییەکانی لە زەریای هێمن بەڕێوە دەبات، کە هەندێک لە دەوڵەتەکان بە تایبەتی ئەوروپیەکان پێیان وایە کە ئەم دورگانە لە‌نێو ئەو زەریایانەدا ون و ڕۆڵی گرنگیان نییە لە بەستنەوەی پەیوەندییە ئابووریە ئاویەکاندا، بەڵام ئەوە ڕاست نییە لەبەرئەوەی سنووری گەلێک وڵاتانی وەک ئوسترالیا، نیوزیلاندا و بەستنەوەی سنووری ئاوی زەریاکان بە یەکەوە لەو ناوچەیە دایە کە بە زەریای هێمن ناسراوە و چین فەرامۆشی نەکردوە و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە هەژموونی خۆی لەو ناوچانەدا بسەپێنێت و یەکێک لەو یاسایانەی کە چین سوودمەند بووە لێی، یاسای وەرگرتنی پەنابەرانە لەو وڵاتانەدا.
هەنووکە یەک میلیۆن و دووسەد و سێزدە هەزار و نۆسەد و سێ چینی هاووڵاتی ئوسترالیین. بەگوێرەی سەرژمێری ٢٠١٨ لە ٩.٤% هاووڵاتیانی نیوزیلاندا لە چینەوە هاتوون. پەناهەندەکانی چینی وەک پەناهەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆمەڵەگەی خۆیان دانەبڕاون بەهۆی بوونی جەنگ و ناسەقامگیری دۆخی سیاسیی و ئابووریی وڵاتەکەیان. پەنابەرانی چینی هەمیشە پەیوەندییەکی پتەوی کۆمەڵایەتی بە چینەوە گرێیان دەدات. چین چاو لەو بنکە جەماوەریە دەکات وەک ئەوەی هی خۆی بێت و لەنێویاندا سەدان هێڵی هەواڵگری دروست کردوە.
لە هەندێک لە دوورگەکانی نێو ئەو زەریایانەدا نمونە وەک سەماو، تەنگۆ و فیجی خەڵکەکە دژی شەپۆلێ پەنابەرانی چینی وەستاون، بەڵام لەسەر ئاستی دەسەڵاتدارانی ئەو دورگانەدا، چین کاری کردوە هەوڵی داوە بڕیکیان گەندڵ بکات، بە پارە هەڵیانخەڵەتێنێت بۆ ئەوەی گرێبەستی ئابووری و دەریایی و سیاسیشیان لەگەڵ ببەستێت، تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بووە لە هەوڵەکانی و لە بە گەندەڵکردنی دەسەڵاتدارانی ئەو دورگانە و ناردنی کۆمپانیای چینی بۆ نێوجەرگەی ئەو دورگانە.
گەورەترین سەرکەوتن بۆ چین پەیوندیی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەنەما کە لە نێوەڕاستی زەریای هێمنە، ئەو زەریایە و زەریای ئەتڵەسی بەیەک دەبەستێتەوە و نزیک ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠١٧ دا پەنەما بە فەرمیی گرێبەستە ئابوورییەکان لەگەڵ چین جاڕدا و لە ئەنجامی ئەوەدا پەیوەندیی لەگەڵ تایواند تێکچوو. مات یۆکیی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە دیسپاچ دەنووسێت:
"سەڕۆکی چین خی جنپینگ واژۆی لەسەر ١ترلیۆن دۆلار بۆ بیناکردنی ژێرخانی پەنەما کرد".
زۆربەی چاودێرانی سیاسیی و ئابووری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پێیان وایە کە پەنەما دەبێتە ناوەندی جەنگی ئابووریی نێوان ئەمریکا و چین.
چین لەگەڵ پاپایۆگینی پەیوەندییەکی ئابووریی پتەوی بەستوە کە بە گەورەترین هاوپەیمانی ئابووری لەگەڵ چین هەژمار دەکرێت. بازرگانی ئەو وڵاتە لەگەڵ چین لە ساڵی ٢٠١٨دا گەیشت بە ٤٢٧ میلیۆن دۆلاری ئوسترالی. ئەو هەنگاوانەی چین تەنیا بۆ قازانجی ئابووری نییە ئەڵبەتە بۆ ئامانجی سیاسیی و فرەوان کردنی هەژموونیتی لەنێو دڵی ئوقیانوسەکانی دنیادا.
لەگەڵ زیادبوونی قەیرانی ئابووری و نەمانی کار و پێویستی زێتر بە وزە، لە ئایندەدا چاوەڕوان دەکرێت ئەو ناوچانە ببنە جێگە سەرنجی زلهێزەکانی دنیا و وڵاتانی ناوچەکە و بۆ بەرژەوەندیی ئابووریی و سیاسی هەوڵبدەن سوودمەند بن لە سەرچاوە سروشتیەکان و شوێنە جوگرافیە ستراتیژیەکان، کە لە ئەنجامدا ئەمە گرفت لەنێوان هەموویاندا دروست بکات، یەکێک لەو وڵاتانەی کە بەهێزی ئابووری لە مەیدانەکەیە دەبێت بە لایەنێک لەو جەنگە ئابووریە بە دڵنیاییەوە چینە.

دورگەکانی سۆلۆمۆن، کۆمەڵە دورگەیەکن لە باشووری ڕۆژئاوای ئۆقیانوسی هێمن. چین بۆ واقیعی ئەو دورگانە توێژینەوە و خوێندنەوەی ئەنجام داوە، لەسەر ئەو بنەمایە توانیویەتی گەلێک لەو دورگانە بە ناوی ئەوەی کە دەیەوێت پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوەی تێیدا ئەنجام بدات پاڕەیەکی زۆری داوەتە ئیدارەی لۆکەڵی ئەو دورگانە کە بەهیچ شێوەیەک ئەوان لەبەر هەژاری ناتوانن ئەو قەرزە بدەنەوە، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٦دا پەکین ٢.٣ میلیارد دۆلاری ناردۆتە ناوچەکە کە لە ئەنجامدا ئەگەر بە ناچاریش بێت، ئەوان دەبێت بە دەسەڵات و هەژمونی چین ڕازی بن.
کردنەوەی گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ لە چینەوە بۆ دورگەی سۆلۆمۆن. گەشتیاری چینی لە %٥ گەشتیارانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت. لە ماڵپەڕی نیوز لە ڕاپۆرتێکدا کە لیم فۆکس و مایکل وەلەش لە ٢٠١٩ ئامادەیان کردبوو تێیدا هاتبوو کە:
"لە وتارێکدا تیولەپەپە سەڕۆک وەزیرانی سۆلۆمۆن ڕایگەیاند کە گرێبەستە ئابووریەکانی نێوانیان لەگەڵ چین ڕێگە دەدا کە کۆمپانیا چینیەکان بۆ وڵاتەکەیان بێن".

دوو دورگەی مەزن و بەهێز لە ناوچەی زەریاکاندا کە ئوسترالیا و نیوزیلاندایە هەیە، کە هەر دووکیان پابەندی سیاسەتەکانی ئەمریکان، پێگەی ئابووریی و سیاسی بەهێزیان لە ناوچەکەدا هەیە، لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیش پێگەی تایبەتیان هەیە. زۆربەی چاودێرانی سیاسی ئەو ناوچەیە پێیان وایە کە چین پلان و ستراتیژی تۆکمەی هەیە کە هەژموونی خۆی بەسەر هەردوو وڵاتدا بسەپێنیت.
نیوزیلەندا لە ئوسترالیە وریاترە لە مامەڵەی لەگەڵ چین، نەیهێشتووە ئابووری وڵاتەکەی بکەوێتە ژێر ڕکێفی ئابووریی چینی، بەڵام لە ئوسترالیادا پەکین توانیویەتی بە هێمنی پێگەی ئابووری زێتر لە جاران و لە ڕادە بەدەر بەهێز بکات، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی چین ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ بکات، لەبەرئەوەی جگە لە پێگەی ئابووری بەهێزی چین لەڕووی سەرمایەی مڕۆیی و سوپاوە یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی دنیا.

یەکێک لەو ڕێککەوتنانەی ئوسترالیا کە بووە جێگەی توانج لە حکومەت لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا واتە لە ساڵی ٢٠١٥وە ئەوە بوو کە مینای داروین بە ٥٠٠میلیۆن دۆلار بەکڕێ بۆ ماوەی ٩٩ ساڵ داوە بە چین. ئەمە بووە هۆی نیگەرانی ئوسترالیەکان، زۆربەی کەسایەتی نیشتمانی و نووسەر و ڕۆشەنبیرانی ئوسترالیا هاتنە دەنگ، هەڵوێستیان لە میدیاکاندا بە ڕاشکاوانە دژی ئەو ڕێککەوتنە ڕاگەیاند، لە دیدی ئەوەی کە چین پلانێکی داڕێژراو و ستراتیژیەتێکی ڕوونی هەیە بۆ داگیرکردنی ئوسترالیا، هەروها پێیان وابوو چین ئەو مینایە بۆ مەرامی خراپ بەرامبەر بە ئوسترالیا بەکار دەهێنێت، بە تایبەتی بۆ هێنانی مادەی هۆشبەر و بڵاوکردنەوەی لەنێو گەنجانی ئوسترالیا کە لە ئاکامدا زیانێکی گەورە بە بەرژەوەندییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی ئوسترالیا دەگەیەنێت. ئەو نیگەرانیە لەنێو ئوسترالیەکان زێتر بوو لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ لە میدیاکاندا کە لە کەمبۆدیا چین خەریکی دامەزراندنی بنەکەیەکی سەربازییە. زۆربەی سیاسەتمەدار و کەسانی نیشتمانپەروەری ئوسترالیا داوا دەکەن کە ئوسترالیا لەو ڕێککەوتنە بکشێتەوە. پەرلەمانتار نیک چەمپیۆن لە ساڵی ٢٠١٩دا لە میدیاکاندا ڕایگەیاند و گوتی:
"کانبێرا دەبێت مینای داروین بکڕێتەوە".


لە ساڵی ٢٠١٥دا سەرمایەدارانی چینی ٦.٨بیلیۆن دۆلاریان خستە بازاری کڕینی خانوو بەرەو دوکان، حکومەتی چین بۆ هەموو چینیەک بۆ ئەو مەسەلەیە کارئاسانی کردبوو. زۆربەی زەویوزاری کشتوکاڵی لەلایەن چینیەکانەوە کڕا. بوونی چین لە ئوسترالیا لەژێر دروشمی پەڕەپێدانی ئابووریی، ئوسترالیەکانی نیگەران کردوە، فشاریان بۆ حکومەت هێناوە کە هەوڵبدات دەسەڵاتە ئابوورییەکانی چین لە ئوسترالیا بە خشکەیی کەم بکاتەوە ڕەچاوی مەترس نیشتمانی بکات. بەگوێرەی ڕاپۆرێتکی زانکۆی سیدنی بەشی بسنیز کە پار بڵاوکرایەوە ئاماژەی بەوە دا کە
" خستنە کاری سەرمایەی چینی لە ساڵی ٢٠١٩دا ٨،٢ دوو پۆینت هەشت بیلیۆن دۆلار بوو بەڵام ساڵی پێش ئەوە ١٣بیلیۆن دۆلار بوو" . ئەم ڕاپۆرتە ئەوە دەگەیەنێت کە حکومەتی ئوسترالیا هەستی بە مەترسی چین کردوە بۆ سەر وڵاتەکەی و ئامۆژگاری دڵسۆزانی وڵاتەکەی بە هەند وەرگرتوە.
لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت، کە چین پلان و ستراتیژیەتێکی تۆکمەی هەیە، خوێندنەوەی زانستیانەی بۆ ئەو پلانە کردوە، کە بتوانێت لە ئایندەدا ببێتە یەکە هێزی سەر گۆی زەوی. ئەمە لوبی نیگەرانی دەسەڵاتدارانی ئەمریکایە لە چین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە