کورد پاڵەوانی بەردەباز(بەشی2)

Monday, 04/05/2020, 1:22

4895 بینراوە


شی 2
دەسەڵاتی بابان لە فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەوە رەنگ دەگرێت کە ئەلقەی یەکەمی بنەماڵەکەیە. لەو بارەیەوە چیرۆکێکی ئەفسانە ئامێزمان هەیە،سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایى سەدەى شازدەیەم و سەرەتاى سەدەى حەڤدەیەم و ( پێدەچێت) سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان ئەحمەدی غازیی 1590 – 1625ز. بو بێت.ئەویش وەک هەمو سوڵتانەکانى عوسمانى بەردەوام بانگەوازى شەڕى پیرۆزى دەکرد دژى گاورەکان (جیهاد و غەزا دژى کافران) و خەڵکى سادە و ساویلکەى نەتەوە موسوڵمانەکانى بەوە دەخەڵەتاند و راپێچى بەرەکانى شەڕى دەکردن وەک سوتەمەنییەکى نەک هەرزان، بەڵکو خۆڕایی و بێمنەت بۆ داگیرکردن و دەست بەسەراگرتنى وڵاتان و نەتەوەکان و تاڵانکردنى خێروبێریان و هێنانەدى ئامانجە چەپەڵەکانیان دەیانکردنە قۆچى قوربانى.
فەقێ ئەحمەدیش کوردێکى موسوڵمان وخواناس و رو لە یەزدانە وسوڵتانى عوسمانى بە جێگرى پەیامبەری ئیسلام دەزانێت، گوێڕایەڵیی و بەجێهێنانى فەرمانەکانى سوڵتان دەقاودەق وەک فەرمانەکانى یەزدان و پەیامبەر تەماشا دەکات و بێ سێو دو جێبەجێیان دەکات، بۆیەخۆی دەگەیەنێتە ئۆردوگایەکى لەشکرى عوسمانییەکان و بەپەلە رەوانەى قۆڵێکى شەڕى دەکەن، فەقێ ئەحمەدی دارەشمانەیى بەکوڵ و دڵ شەڕى پیرۆزى بۆ یەزدان دەکرد و گاورى دەکوشت، ئازایەتییەکى کەموێنە دەنوێنێت و لەشکرى دوژمن لەو قۆڵەوە دەشکێت و سەرکەوتنێکى گەورە بۆ سوڵتان و موسوڵمانان تۆمار دەکات(45) .
دو لێپرسراوى پایەبەرزى بەریتانیا لە ناوچەکەدا سەردانى وڵاتى بابان و شارى سلێمانییان کردووە، یەکێکیان کلۆدیۆس جەیمس ریچ ێاڵى 1820،کە مەحموود پاشا میرى بابان و ئەمانۆڵڵا خان والى ئەردەڵان و سەردەمى فەرمانڕەوایى داوود پاشا بووە لە بەغدا 1816 -1831ز. شازادەى ئێران موحەممەد عەلى میرزاش فەرماندارى کرماشان بو، ئەویدیکەشیان جەیمس بیللى فرایزەرى ئۆسکتلەندى 1783 – 1856 لە ێاڵى 1834 دا هاتۆتە سلێمانى(49).. ریچ چەند مانگێک لە سلێمانى ماوەتەوە و چەند جارێک لەگەڵ مەحمود پاشاى بابان و سەردار و مەزنەکان و دەمڕاست و ریش سپییەکاندا کۆبۆتەوە، دواندونى و گوێى لێگرتون و لەگەڵ بارى سەرنج و بۆچونە وردەکانى خۆیدا تۆمارى کردوون.(50)
ڕیچ گەرەکییەتى لە بنو بناوانى بابان شارەزابێت و لێیبکۆڵێتەوە و ئەو گۆمە مەنگە بشڵەقێنێت، چەندین پرسیارى گرنگ دەوروژێنێت و پاشا دەجوڵێنێت، بەڵام شتێکى ئەوتۆى دەستگیرنابێت دڵى ئاوبخواتەوە و رەنگە لە دڵى خۆیدا وتویەتى (دەنگى دەهۆڵ لە دور خۆشە) و بابان وەک گەوا ڵە هەورێک وەهایە بە ئاسمانى کوردەوارییەوە، کە وەک بارانێکى پێوە نەبو، تیشکى خۆریشى لێگرتن!
مەحمود پاشا دەڵێت لەوکاتەوە باپیرە گەورەیەکم لە لەشکرى عوسمانیدا لە شەڕێکدا دژ بە ئێران رۆڵێکى بەرچاو دەگێڕێت و ئازایەتییەک دەنوێنێت جێگە دەستى لە بەلاداخستنى ئەنجامى جەنگەکەدا دەکەوێتە بەر گوێى سوڵتانى عوسمانى و لە پاداشتدا ئەو ناوچانەى بەرەو رو دەکاتەوە لە دوژمنى داگیریکردون !! مەحموود پاشا بەڕاشکاوى بە ریچ دەڵێت: (مێژوى بابان شیاوى نوسینەوە نییە) من جگە لە مێژوى پەیامبەران و پیاوچاکان و رۆژگار و گوزەرانیان بەولاوە زۆر تامەزرۆى مێژو نیم و لە شانامە (شانامەى فیردەوسى) پتر شتێکى لێناخوێنمەوە، چونکە مێژوى بابان مێژوى بنەماڵەیەکى دەستەڵاتدار نییە، مێژوى خەڵکێکى سادەیە و بنەماڵەکەمان مێژویەکى دوریان هەیە و شەرەفمەندن(52). . ئێمە لە ژێر سێبەرى ئەوانداین (عوسمانى و ئێرانى – تورک و فارس)، ئەم ژورەى تێیدا دانیشتوین باوکم دروستیکردووە و پێویستى بە نۆژەنکردنەوەشە، بەڵام دەستمان تێناچێت، هەرئەوەندە دەزانیت تورک یا ئێران وێرانی دەکەنەوە(53) . ئاخۆ شێخ رەزاى تاڵەبانى بە چ پێودانێک وتویەتى :
(بە بیرم دێت سلێمانى کە دارولمولکى بابان بو** نە مەحکومى عەجەم نە سوخرەکێشى ئالى عوسمان بو)؟ ئەو دڵنیا نەبون و دڵەڕاوکەیەى پاشاى بابان لە دواڕۆژ، رەنگە وەڵامێکى گونجاو بێت بۆ نەوەکانى دواى خۆى کە دەڵێن میرایەتى بابان جگە لە دروستکردنى شارى سلێمانى، چ شوێنەوارێکیان لە پێتەختى نوێى میرنشینەکەدا بۆ جێهێشتووین؟ گەر بەکۆشک و تەلار و باڵەخانەى میرو سەردارو شێخەکانى عەرەبدا بەراورد بکرێت( ئەوان ژێرفەرمانی ئینگلیز بون)، بۆ نمونە لەچاو ئەوانەى شێخ خەزعەلى میرى حوێزدا، هەر کەلاوە و وێرانەیە ! تۆ تەماشا کۆشک و سەراى پاشا و میرى بابان تەنها ژورێکى رەق و تەقە، خۆشیان ماندوکردووە روى میوانداریى لێپرسراوێکى بێگانەى هەبێت ! لەوەش خراپتر جەیمس بیللى فرایزەر 1783 – 1856 و سەرنجەکانى لە گوندە وێران و ناوچە بێئاوەدانییەکانى کوردستان کە لە 1856 دا چاوى پێکەوتون و دەنوسێت:(وڵاتى وەها وێران و داماوو هەژارم بە بیردا نەدەهات کە هەر کوخ و کۆختەى وێران و سەرەنوێلکە .. خێزانى پاشا لە قوژبنێکدا دەژیان، پاشاش (میر) رەشماڵێکى لە دەرەوەى شار هەڵدابو، منیش بەناچارى لە خانویەکى سەربەتاڵدا ئەو شەوەم رۆژکردەوە و بەیانیش لاى سەرۆک هۆزى (ملۆ) پارچەیەک نانى رەش و چۆڕێک ماستیان لە بەردەم داناین و وتیان خۆمان و وڵاخەکانیش هەر ئەوە دەخۆین ! ئەمجارەش بەرۆکى شێخ رەزا دەگرمەوە، چ شانازییەک بەوە دەکات میرە کوردێکى بابان میرە کوردێکى ئەردەڵان زەبون دەکات ؟ (کە عەبدوڵڵا پاشا والى سنەى شڕ کرد *** ڕەزا ئەوکاتە شەش و حەوت تیفلى دەبیرستان بو).
وەڵامەکانى میرى بابان بۆ پرسیارەکانى ریج: زۆر جێگەى سەرنج و تێڕامانن، ئەوەتە لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا کە میرەکانى بابان لەناوخۆیاندا بۆ ئەوەندە ناکۆکن، برا و برا، براو برازا، ئامۆزاکان پێکەوە هەڵناکەن و دەستدەخەنە خوێنى یەکتر؟ وەڵامەکەى میر ئەوەندە قووڵە، هێندەى قوڵى زام و برینەکان کە بوونەتە نەریت و سیماى هەرە دیار و بەرچاوى رووداوەکانى سەردەمى بابان و سەرتاپاى مێژووەکەى، میر دەڵێت: هەتا دو میرى بابان بمێنن ئەو دەردە کوشندەیەش هەر دەمێنێت مەگەر (دەردێکى کوشندە بڵاو بێتەوە هەموومان بکوژێت و تەنها یەکێکمان بە زیندوویى بهێڵێتەوە، دووبەرەکى و خۆخۆریمان کۆتایى بێت). تۆ تەماشا ئەو دەستنیشان کردنە، دەڵێى نەخشى سەر بەردە، دوواهەمین شەڕى دەستەڵات، سەرەتاى کەوتنى بابان ێاڵى 1254 ک/ 1838ز لە نێوان مەحموود پاشا و ئەحمەد پاشادا (ئەحمەد لە جێگەى سڵێمان پاشاى باوکیدا بوو بووە میر) و دوواتریش مەحموود پاشا بەهاوکارى شازادەى ئێران دژ بە عەبدوڵڵا پاشاى براى ئەحمەد پاشا بە پشتیوانیى داوود پاشاى والى بەغدا، نەبڕایەوە هەتا سەرى هەموویانى خوارد و ێاڵى 1847 کەسێک لە نێو باباندا نەما جێگەى ئومێد بێت. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە