هەرێمى کوردستان و ئایندەیەکى نادیار ؟

Saturday, 02/05/2020, 1:55

4964 بینراوە


لە دەست پێکردنى شۆڕشى ئایلولەوە هەتا ئەم ساتەى ئێستا ، هیچ کاتێک  کوردى باشور وەکو  ئێستا بێ ئومێد نەبون . وەکو ئێستا  ئایندەیان  مەترسیدار نەبوە . وەکو ئێستا چارەنوسیان  نا دیار نەبوە .
   هیچ  ئاسۆیەکى ڕونیان لەبەردەمدا نەماوە  . لە ڕاستیدا ئەمە ئاشبەتاڵى ساڵى 2020 کوردە  بەڵام لە بەرگێکى ترو لە فۆڕمێکى تردا. ئەم ئاشبەتاڵە زۆر مەترسیدار ترە لە ئاشبەتاڵى 1975  و ئەمەشیان هەر پارتى و بنەماڵەى بارزانى بەسەر کوردیان هێنا .
 ئەمەیان ئاشبەتاڵى بی َئومێدبونە ، بێ ئیرادە بون و تەسلیم بونە . ساڵى 1975 ئاشبەتاڵمان کرد ، بەڵام شاخەکانمان لە دەست نەدا . ئەمجارەیان پێش ئەوەى ئاشبەتاڵ بکرێت شاخەکانیش ڕادەستى دوژمن کراون .  
مەسعود بارزانى نێوەى بادینانى تەسلیم بە تورکیا کردوەو ئەوەتا خەریکە زینوى وەرتیش تەسلیم بە تورکیا بکات  پەکەکە دەپەڕێنێت . 6-7 هەزار ئاوارەى سورى چەکدار کردوە بۆ ئاژاوە نانەوە لەناو کوردانى سوریادا . ئاشبەتاڵى سیاسى ئەمجارەمان  بە لەدەستدانى سامانى ژێر زەوى  نەوەکانى داهاتومان تەواوبوو .  بەدەستى خۆمان ماڵى خۆمان وێران کرد شاخ و سامانى سەر زەوى و ژێر زەویمان لەدەستدا  .  
سەرکردەکانى کوردى باشوور  خاوەنى  بەرنامەو ستراتیج و  ئەجینداى نیشتمانى نەبون . شارەزای  سیاسەت نەبون . بە میزاجى شەخسى و بۆ بەرژەوەندى  خۆیان و بنەماڵەو حیزبەکانیان ئیشیان کردوە .  خەلکانى ئەنانی و  خۆپەرست بون.  گوێیان بۆ کەس نەگرتوە . پارتى بێ  ڕەزامەندى  هاولاِتیان  تاک لایەنە   دەستى بە دەرهێنان و فرشتنى نەوت کردو  هەرێمى کوردستانى توشى ئیفلاسى سیاسى و دارایی کرد.
  مەسعود بارزانى تاک لایەنە  بڕیارى ڕیفراندۆمى داو بەو هۆیەوە نیوەى خاکى کوردستانمان لە دەست دا . ئەم کارەساتەى ئێستاى بەدوادا هات. گەڕانەوە بۆ بەغدا وتەسلیم بونى کورد  بەبێ مەرج تەنها لە پێناوى موچەدا ،خۆى لە خۆیدا ئاشبەتاڵە . هیچ باسێک لە بەغدا نییە جگە لە باسى موچە .  مادەى 140 و کێشەى  ناوچە دابڕێنراوەکان  کرانە قوربانى هەڵەى ئەم سەرکردە تاڵانچیانە . 
 لە هەموى سەیرتر ئەوەیە وەڤدى کوردى لە بەغدایە  بە سەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى ، بەڵام ئەندازیارى بەتاڵابردنى نەوتى کوردستان ، ئەندازیارى  ئیفلاسکردن  بە هەرێمى کوردستان  تا دەگاتە لە دەستدانى قەوارەى هەرێمى کوردستانیش  ئاشتى هەورامى لێی بەرپرسیارەو ئەندامى وەڤدەکە نییە  . ئەمە پرسیارەو وەڵامى دەوێت . 
لە ئێستادا حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بارودۆخێکى زۆر  خراپدایەو هەموو دەرگاکانى بە ڕودا داخراون  .  ژێرخانى ئابورى هەرێمى کوردستان لە ئاستى سفردایە . لە ساڵى 2020 هیچ موچەیک نەدراوە. حکومەتى عێراقیش قسەى سوارەو لە مەرکەزى قوەتەوە قسە دەکات ، چونکە حکومەتى هەرێم پابەندى ڕێکەوتنەکەى نێوانیان نەبوە . 
لە ئێستادا حکومەتى هەرێم ڕازییە  هەموو دۆسییەى نەوت ڕادەستى  بەغدا بکاتەوە  لە بەرامبەر ئەوەى بەغدا موچەى فەرمانبەران بدات ، بەڵام   حکومەتى بەغدا هەر بەڕادەستکردنى  نەوت ڕازى نییە بەڵکو داواى داهاتى گومرگ و ناوخۆش دەکات . کەواتە کورد هیچ کارتێکى بەدەستەوە نەماوە جگە  لە تەسلیم بون . تەسلیم بونیش بەماناى ئاشبەتاڵى سیاسى . 

ئایندەى خەڵکى کوردستان بە کوێ دەگات ؟

 هەروەکو لە سەرەوە وتم لە ساڵى 2020 حکومەتى هەرێم موچەى نەداوە .   لەوانەیە خەڵک هەرچۆنێک بێت  بەرگەى دوو مانگ یان سێ مانگى تر بگرن ، بەڵام دواجار بارى  گوزەرانى خەڵک زۆر خراپ دەبێت و شیرازەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیش لەبەر یەک هەڵدەوەشێـت .  هاولاِتیان  دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانى نەوەدەکانى دواى ڕاپەڕین .  بەدوریش نازانریت  دواجار ئەمە سەر نەکێشێت  بۆ ئەنجامدانى ڕاپەڕێنێکى گەورە.
 تا ئێستا حکومەتى هەرێمى کوردستان هەر ناو بوەو چەترێک بوە بۆ شاردنەوەى کارە قێزەونەکانى دوو حیزبى دەسەڵاتدار . لە ڕاستیدا   دامەزراوەیەکى پۆلیسى تاڵانچى  تۆقێنەربوە  نەک حکومەت .  ئەم حوکمڕانیەى ئێمە لە بنەڕەتەوە بۆ تاڵانى سامانى ئەم وڵاتە دروست بوە و هەر واش دەرچوو . 
مام جەلال و مەسعود بارزانى چون بۆلاى پۆڵ  برێمەر لە جیاتى داواى  گەڕانەوەى خاکى کوردستان و کەرکوک  بکەن، داواى پارەو پۆستیان کرد . زیاتر لە ملیارێک دۆلاریان وەرگرت و ئێستاش بۆ کەرکوک دەگرین .
 ئەم دوو سەرکردە مەزنە تا دروستبونى گۆڕان مانگانە هەر یەکەى 35 ملیۆن دۆلاریان لە بودجەى هەرێم دەبرد بۆخۆیان .  ئەم دوو بەڕێزە  4 ملیار دۆلارى  شیرینى گریبەستە نەوتییە کانیان بە یەک گوژمە  بۆخۆیان برد  لە کاتێکدا هەرێمى کوردستان ئێستاشى پێوەبێت کارەباى نییە .
 پاشماوەى ئەنفال ئاوى خواردنەوەیان نییە . بەم پارەیە ژێرخانى ئابورى هەرێمى کوردستانى پی َبنیات دەنرا .  بۆ ئاگادارى هەمولایەک پارەى شیرینى هەر ئەوە  نەبوە .  کەواتە ئومێدێک نییە لە ژێر سێبەرى حوکمڕانى  نەوەى ئەم سەرکردانە هیچ پێشکەوتنێک بەدەست بێت جگە لە ماڵ وێرانى  . 
پیرەمێردى نەمریش دەڵێت :
دزو پاسەوان کردەیان یەک خەن   - گاجوت بە کونەبانا سەردەخەن 
هەرگیز بە لیژنە ناکرێ چاکسازى - چۆن شەریکە دز دەکرێ بە قازى 

ئەرکى هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا چییە؟

دۆخەکە زۆر مەترسیدارە . پارتى دەستى گرتوە بەسەر هەموو جومگەکانى دەسەڵاتدا . ئیفلاسى بە هەرێمى کوردستان کردوە . سامانى ئەم وڵاتەى تاڵان کردوە .  دۆسیەى نەوت لە خۆیان زیاتر کەسى تر ئاگاى لە هیچ نییە . پەڕلەمانى بێ دەسەڵات کردوە . لە ئێستادا حکومەتێکى پۆلیسى تاڵانچى تۆقێنەر  حوکمى هەرێمى کوردستان دەکات و سەرۆکەکەى  وەکو قوتابیانى پۆلى یەکى سەرەتایی سەیرى وەزیرەکان دەکات . هیچ وەزیرێک ناتوانێت بڵێ بەرنامەم ئەمەیەو دەمەوێت ئەوەبکەم . بەڵکو دەڵێت : داوام کردوە ئەوە بکرێت . واتە بڕیار لاى وەزیر نییە . یەکێتى بەقەدەر پارتى تاوانبارە . ئەگەر شەریک نییە لە گەنەڵیەکان  بۆچى بۆتە پشتیوانى ئەم حکومەتە پۆلیسیە . 
لێرە بەدواوە گاڵتە بە خۆکردنە  کارمەندانى تەندروستى و مامۆستایان و کەم ئەندامان و فەرمانبەران و موچە خۆرەکانى تر جیابەجیا  مان بگرن و خۆپیشاندان بکەن . 
 حکومەت  حساب بۆ ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە  ناکات چونکە پێشتر خەڵکى تاقیکردۆتەوە  . کاتى ئەوەیە  هەموو چین و توێژەکان بەیەکەوە دەست بکەن بە خۆپیشاندان و داواکاریان هەبێت . نابێ چیتر ئەم بارودۆخە قبوڵ بکرێت . 
لە ڕاستیدا بونى حکومەتێکى ئاوا ماڵ وێرانکەر مانایەکى بۆ مانەوە نەماوە . پەڕلەمانێکى بێدەسەڵات  نەبونى  باشترە . دەزگاى سەرۆکایەتى هەرێم هەر لە بنەڕەتەوە زیادەیە .ئەم  سی َدامەزراوەیە  و بارەگاى بارزانیش  خەرجییەکى زۆریان هەیە و بونە بارێکى قورس بەسەر قوتى هاوڵاتیانەوە .
.کاتى ئەوەیە  هێزى پێشمەرگە بێنە سەرخەت و داوابکەن  لیستى ناوەکانیان  پاک بکرێتەوە  لە ناوى  بندیوار و ئەندامانى حزبى پارتى . با هیچى تر پێیان نەڵێن  میلیشیاى حیزبى    . 
کاتى خۆى حکومەتى بەغدا ڕازى بوو ناوى 70 هەزار پێشمەرگە بخاتە سەر وەزارەتى بەرگرى و هەموو موچەو پێداویستیان بۆ دابین بکات .  ئێستاش و ئەو کاتەش  70 هەزار پێشمەرگەى ڕاستەقینەمان نەبوە . ئەگەر ئەوە قبوڵ بکرایە ، موچەکانیشیان زیاتر و مسوەگەرتر دەبوو .  بەڵام پارتى بۆ شاردنەوەى ناوى بندیوارەکانى لەناو لیستى پێشمەرگەدا ، ئەوەى قبوڵ نەکرد  و ئەو زیانەشى بە پێشمەرگە گەیاند. هەتا ئێستاش  لیستى ناوەکانى هێزەکانى 80 نەداوە بە وەزارەتى پێشمەرگە  لە پێناوى  شاردنەوەى ڕاستییەکان 
کاتى ئەوەیە  هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگا هەموو موچەخۆران .  ڕێکخراوەکانى  کۆمەڵگاى مەدەنى  ، ڕۆشنبیران  ، هەموو خوێندکاران ، هەموو دەرچوانى زانکۆو پەیمانگاکان ، مامۆستایان و خوێنکارى زانکۆکان  کە ئایندەیان وەک تاریکە شەو وایە بەیەک جار بێنە دەنگو بە نوسراو داوا لە حکومەت بکەن :  کاتى ئەوەیە  دان  بە شکستى خۆتاندا بێنن . 
پارە دزراوەکانى میللەت بهێننەوە . واز لە قۆرخکردنى بازاڕ بهێنن . واز لە تاڵانکردنى پارەى گومرگەکان بهێنن . واز لە داگیرکردن و دابەشکردنى زەوى وزار بهێن . ئەو 7  هەزارئاوارەى سوریا کە پارتى کردونى بە موچە خۆر بۆ دژایەتى کوردانى سوریا ، موچەکەیان ببڕن و لە برى ئەوە بیدەن بە کارمەندانى تەندروستى  .
 ئەگەر وەلاِمیان  نەبو  دەست بکرێت بەمانگرتن و خۆپیشاندانى سەرانسەرى لە هەموو شارو  شارۆچکەکان هەتا وەڵامى داواکاریەکان دەدەنەوە .  پێیان بگوترێت : بەسە ماڵ وێرانکردن ، بەسە تاڵانى ، بەسە کوشتن و سزادان ، بەسە کلکایەتى بۆ دوژمنان ، بەسە قۆرخکردنى دەسەڵات و تاڵانکردنى  سامانى نیشتمان .
 پێیان بگوترێت :  ئێوە  لە دواى 29 ساڵى حوکمڕانیتان  سەرکەوت و نەبون و وڵاتتان توشى کارەسات کرد. ئەوە 5 مانگە موچەتان نەداوە. ئیتر بەس نییە تاڵانى قوتى ماڵ و مناڵمان و چیتان لێمان دەوێت .  تکایە بە ئاشتیانە دەست بەردارى دەسەڵات ببن .   ئەگەر وەڵامى خۆپیشاندەرانیان نەدایەوە ، هاوڵاتیان بەکۆمەڵ دەست بە ڕاپەڕینى سەرانسەرى بکەن ، داوا بکەن  حکومەتێکى ڕزگارى نیشتمانى لە کەسانى تەکنۆکرات و بێلایەن و دەسەت پاک و نیشمان پەروەر پێک بهێنرێت .  ئەوە حەقى شەرعى و یاسایی  میللەتە  . ئەم دەسەڵاتدرانە  ماوەى 29 ساڵە بۆخۆیان کاردەکەن و ئێمەش بۆ ئەوان .
 لەبرى ئەوەى گۆمەڵکا بە باشى بەڕیوەبەرن  و ژیان وگوزەرانى خەڵک باش بکەن ، کۆى کۆمەڵگایان  داگیرکردوە و تاڵانیشیان کردوەو دەستیشیان کردوە بە فرۆشتنى .  کاتى ئەوەیە لێرە بەدواوە ئێمەش بۆخۆمان کاربکەین .
 دواى هەموو ئەمانە ، ئەگەر خەڵک هەر بێ دەنگ بن  ، ئەوانیش دەستیان خۆشبێت  و میللەتیش ئەم بارودۆخەى پیرۆزبێت و هەر بۆ ڕیسواکردن باشن .  چونکە وادیارە شانیان ئەوە هەڵدەگرێت  و هەر قابیلى ئەوەن ئەمانە حوکمیان بکەن .  جان جاک ڕۆسۆ دەڵێت :
 هەر میللەتێک بێ مەرج خۆى ڕادەستى دەسەڵاتێک بکات  لە بەرامبەردا هیچ  وەر ناگرێت  .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە