پێغەمبەر و ئەبو جەهل بارزانی و ئۆجالان

Monday, 04/05/2020, 0:25

7519 بینراوە


کێشەی تاکی کورد کێشەی خۆ بچوک بینینە. لە سەرەوەی کۆمەڵگا بگرە تاخواری خوارەوە هەموی خۆی بەراورد بەیەکتری دەکات. واتا تاکێکی کورد نایەت خۆی بەراوردبکات بە تاکێکی تورک ،فارس ،عەرەب،داخۆ ئەمان چی دەکەن بۆوڵاتی خۆیان و ئەمیش چی دەکات. من لێرەدا ناچمە ناو ئەو بەراوردکاریە لەخوارەوەی کۆمەڵگا،چونکە کێشە کە لەسەرەوەیە.
من کارم بەوە نییە، کە خەڵکی ساویلکە و دۆگما چۆن لە پێغەبەرایەتی دەڕوانن،بەڵکو وەک کەسایەتییەک لەناو مێژودا لێی دەڕوانم. هەمومان دەزانین عەرەب پێش ئیسلام نۆکەری فارس و ڕۆمەکان بوون،قارەمانیەتی ئەوان لەناو خۆبوو، گەورەکانیان بەفیزو لەخۆبایی بون،لەناوخۆدا چەوسێنەر و ئاغابون،بەڵام لەئاستی هەردو ئیمپراتۆرەکەدا هەر وەک ئێستا ی یەکێتی و پارتی لەبەردەرک و هەیوانی سوڵتان و پاشاکان گەدابون. کاتێک پێغەمبەر هات و داوای یەکگرتویی لێکردن ،ئامانجێکی گەورەی خستە مێشکیانەوە گاڵتەیان پێدەکرد،دەیانگوت :شێتە و وازی لێبێنن.
محمدیش هیچی نەبو بیداتە ئەوخەڵکە تا شوێنی بکەون،جامرۆڤی خێڵەکی تەنها سودی کەسی و کاتی دەبینێت. لێرەدا پرسەکە پرسی تێگەیشتن بو؟ چونکە تێگەیشتن بەرپرسیاریەتی دەخستە سەر شانی هەر کەسێک ،دەبو قوربانییەکی زۆریش بدات.ئامانجێک کە محمد هەیبو مەحاڵ دەهاتە بەرچاو. لەناو هەموو گەلێکیشدا کەسانێک هەن، کە بیرکردنەوەیان کاتی و تێپەڕ نییە و دوربینن. زوو لەوە تێدەگەن کە چی ڕاستە و بەقازانجی گشتییە،لەم پێناوەدا سەرو ماڵی خۆیان دەبەخشن و قوربانیش ئەدەن،کەسانێکیش تێناگەن تا ئەوکاتەی ئەو شتەی بەگاڵتەی دەزانن دەبێتەواقیع و ئیتر وەک ەبوسۆفیان ملیان شۆڕ دەکەن. دەیان وتەی محمد هەیە کە گوزارشت لە وەدەکات کە ئەم کەسایەتییە، نیگەرانە لە و دۆخەی عەرەب تێیدایە،ئاخر ئەوان وەک سیاسیەکانی باشور سەرقاڵی ئەوەن لەناو خۆ سەریان بەرز بێت و خۆیان بەیەکتر بەراورد دەکەن،ئەبو جەهل دەیگوت:ئەو پێغەمبەر بازیە پیلانی بنەماڵەی مەنافە بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی ئێمە،وەک چۆن ئێستا بارزانی پەکەکە وەک پیلانێک دەبینێت بۆ نەهێشتنی بنەماڵەی بارزانی.لە ڕاستیدا هەم بارزانی و هەم ئەبو جەهل باش تێگەیشتبوون،چونکە محمد دەیهەویست کەسێتییە لەخۆبایی و فشەکەرە ناوخۆییەکە بکوژێت،نەک لەڕوی فیزیکییەوە.
ئاخر مرۆڤی ژیر دەزانێت هاوڵاتییەکی ئاسایی بیت لە ناو گەلێکی ئازاددا، گەورەترە لەوەی سەرۆکی شارێک و حیزبێک بیت و لەهەمانکاتدا گوێڕایەڵی ناچاری بەرهەیوانی سوڵتانی داگیرکەربیت،کارت پارێزگاری کردن بێت لەبەرژەوەندی وڵاتانیتر لەسەر حیسابی خاک و گەلی خۆت. خۆفشکردنەوەی عەرەب بەسەریەکتردا و خۆ بچوک بینین لە بەرامبەر فارس و ڕۆمەکان بۆ محمد شتێکی ناشیرین و مایەی شەرم بو،ئەوەی قوڕەیشیەکان بیریان لێدەکردەوە زیانی ئەو پارانە بو کە لە کەعبە دەستیان دەکەوت. محمد پێی دەگوتن کە ئەمەتان بۆ قەرەبو دەکرێتەوە! بۆ پیاوە ژیرەکانی کۆمەڵگا تێگەیشتن لە محمد ئاسانە،بەڵام وەک وتم هەندێکیان تەنها ئەوکاتە تێدەگەن کە شۆڕش سەردەکەوێت. ئەبوجەهل لەوەش تێگەیشتوە،بەڵام ئەو لە بەر ئەوەی تەنها بەرژەوەندی خۆی بینیوە،ئیتر بۆی گرنگ نەبوە کە عەرەب ببێتە سەروەری عەجەم،ئەو دەیەوێت سەروەری هۆزێک بێت،بۆ محمد پرسەکە پرسی دەسەڵات نیە ،پرسی ڕزگارییە،خۆ ئەگەر ئەبوجەهل توانای محمدی هەبوایە ڕەنگە محمد بە پێغەمبەرایەتی ئەبو جەهل ڕازیبوایە.

سەیرکەن پارتی و خودی بارزانی چۆن لە پەکەکە دەڕوانن،ئەوان دەڵێن ئەگەر کورد ئازادببێت چیتر ئاغایەتی بۆ ئێمە نابێت،چیتر کوردایەتییەک نامێنێت ئێمە بکاتە کوێخای نا و خۆ و سواڵکەری بەردەرکی کیسرا. بۆ ئەو مەبەستە وەک قوڕەیشیەکان خیانەت لەدژی ئەو شۆڕشە مەزنەی ئۆجالان بەڕێوە دەبەن، هەرچی سوکایەتییە پێی دەکەن، هێشتا ئۆجالان لەبەر ئەوەی ئامانجەکەی گەورەیە لێیان دەبورێت و بانگەوازی ئاشتی و برایەتی دەکات داوادەکات واز لە خۆ فرۆشی بێنن لە پێناو شتی بچوک. بەڵام ئەوان نایبیستن. وەک چۆن بە پێغەمبەریان وت :واز لەو بانگە وازیە بێنە چت ئەوێ ئەتدەینێ،بەڵام ئامانجی ئەو لەوە گەورەتربو ببێتە ئاغای مەککە. وەک بارزانی کە بۆخۆی ئاغایەتی هەولێری پێ لەسەرکردایەتی جیهان خۆشترە،تەنانەت بۆ ئەم کەمە دەسەڵاتەش ناچارە هەر ڕۆژەی داگیر کەرێک بێنێت بۆ سەر خاک و گەلی خۆی. وەک چۆن قوڕەیشیەکان دەچون فیتنەییان لە محمد دەکرد لای پاشای حەبەشە،ئەمانیش خێڵەکانی کوردایەتی بەردەوام لای ئەمریکییەکان خەریکی ڕەشکردنی پەکەکەن!بۆچی؟ چونکە پەکەکە کوردایەتی ناکات،بازرگانی خوێن نییە. لەولاوە محمد لەگەڵ جولەکە ڕێک دەکەوێت؟لەڕوانگەی قەومە جاهیلەکە ئەمە خیانەتە،نەک ئەوەی قوڕەیشی دەیکەن دژی محمد،جا هەربەم لۆژیکە پاتاڵەکانی کوردایەتی دەڵێن ئەوەتا پەکەکەش پەیوەندی هەیە لەگەڵ وڵاتان،ئێ ئامانجی ئۆجالان لەسوریا چیبو؟ئامانجی بارزانی لەکەرەج چی بوو؟بۆ قەومی نەزان شتەکان ڕواڵەتیان چۆن بێت ناوەڕۆکیش وەهایە. سەرە ڕای هەمو سەختییەک سەرکەوتن بۆ هێزی خاوەن ئیرادە و فیکرو ئامانجی گەورەیە. ئەوانەی کە وەک عسمان و ئەبو بەکر لە محمد تێگەیشتن کەمبون چونکە محمد پارەی نەبو،ئەوانەی کە لە ئۆجالان تێدەگەن کەمن عوسمان و ئەبوبەکرەکانی ئێمە کەمن چونکە بارزانی پارەیان ئەداتێ.ئەم ئەبوجەهلانەی کوردایەتی خۆشمان دەچون لەسوریا داوایان دەکرد ئۆجالان دەستبەرداری بیرو هزرو ماندوبونی بێت وەک ئێمە کوردایەتی بکات!ڕاستە بۆمحمد پرسەکە لەوە گەورەتربو تەنها پرسی ئازادی گەلبێت،بەڵکو پرسی زانین کۆیلایەتی دواکەوتویی عەدالەت و زۆر شتیتر هەڵبەت بەگوێرەی ئەوسەردەم تا ڕادەیەک پێشکەوتوتربووە لەبارەی ژنەوە بەبەراورد بە خەڵکیتر. بۆ ئۆجالان خەبات بۆئەوەنییە کە کورد ببێتە ئاغای ڕۆژهەڵات و ڕۆژ ئاوا،بەڵکو کێشەی ئازادی، و برایەتی و ..تاد.
نابێت بە تێگەیشتنێکی ڕواڵەتی ئەم بەراوردە بخوێننەوە. لێرە دا تەنها مەبەستم هەڵوێستە ،هڵوێستی ئۆجالان لەبەرامبەر پرسەکان و گەورەیی ئەم سەرکردە بەرامبەر قەو مو قیلەی کوردایەتی. کاتێکیش باسی ئەبوجەهل دەکەم مەبەستم ئەوەنییە کە نەزان بووە چونکە باوەڕی بەمحمد نەکردووە وخواڕافیاتەکانی ئاشکرا کردووە.وەک و جارێکیتریش وتومە بۆ عەماریان بیلال خوڕافیاتێک ئازادی بکات چاکترە لە لۆژیکێک بیکاتە کۆیلەی ئەبوجەهل،لێرەدا من وا لە ئەبو جەهل ناڕوانم کە ئیسلامییەک لێی دەڕوانێت،بەڵکو مەبەستم ئەوەیە کە ئەبوجەهل لە محمد تێنەدەگەیی، وەک ئەوەی عمرو عوسمان تێی دەگەیشتن . جا ئاخۆ مرۆڤ بەم دۆخەوە بژی لەباشور و بارزانیش جاش کۆبکاتەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ پەکەکە و داروبەردی خستۆتە خزمەت تورک تالوتبەرزی و فیزی ئەبو جەهلانەی نەشکێت،یاخود ئازاد بێت و واز لە کەرە کەری کوردایەتیەکەی بارزانی بێنێت،کە جاشایەتییەکی ئاشکرایە. بەکورتی ئەوانەی لە ئامانجەکەی تێگەیشتن زوو قبوڵیانکرد،لەوەنەبێت عمرو عوسمان نەزانن پەیامبەر شتەکانی ئەوەندە نائاسایینین،بەڵام وەک ئەبوجەهل کورتبین نەبون،خۆ ئەمان لەهەموشتێکی محمد ڕازی نەبون،بەڵام لە پێناو ئامانجە گەورەکە هاوکاریبون. بەڵام ئەمڕۆ خەڵکێک بەپاساوی بێبنەما و ڕوکەش خۆ لە تێگەیشتن لە ئۆجالان دور دەگرێت،لەم لاشەوە چەپڵە بۆ کوردایەتی بارزانی لێدەدات.کە کوردایەتی بارزانی بریتییە لەجاشایەتی هەر ڕۆژەی بۆ داگیرکەرێک کە تەنانەت مناڵیش هەستی پێدەکات..عمر و عسمان دەیانانی محمد سود لە ئاینەکانی کە وەردەگرێت،بەڵام وەک بورهان یاسین نەهاتن لەپێناو کوردایەتیەکەی بارزانی بڵێن ئۆجالان سودی لەکەسانیتر وەرگرتووە بۆ دروستکردنی سەنتێزێک. بۆ عمرو ابوبکر محمد ئەوەندە پیرۆز نەبو کە دوای ئەو هەموشت کۆتایی بێت،بەڵکو هەرزو شوێنین گرتەوە،بەڵام لەبەر ئەوەی دوژمنی هاوبەشیان هەبو بۆیەکتر دەیانشکاند تا دوژمنە هاوبەشەکە نەیان هاڕێت.
لە کۆتایدا دەبێ بڵێم ئەم بەراوردە لەڕوانگەی نەتەوە پەرستی نییە،بەڵام تا بارزانی مابێت وەک لوتبەرزێکی نەزان لەناوخۆدا کەش و فش دەکات و لەتورکیا و بەغداش چاوی شۆڕە،تا ئەمانیش هەرێم بەڕێوەببەن وەک کۆیلە چاو لەخەڵک دەکەن،دواجار دەبێت ئەم عەقڵیەتە نەمێنێت،.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە