ئێستا چی؟

Monday, 04/05/2020, 1:27

5852 بینراوە


لە کۆتایی مانگی ٤ ی ٢٠٢٠ داین، لە ڕەمەزاناین. هێشتا هەڕەشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردوستان کۆتایی نەهاتوە. حکومەت موچەی مانگەکانی ١ و ٢ و ٣ و ٤ ی ٢٠٢٠ی نەداوە، چەند ملیارد دۆلارێک قەرزاری موچەخۆرانە ،هی پاشەکەوتی موچەی ساڵەکانی ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨ . حکومەتی عێراق بەشە بودجەی کوردوستانی بڕیوە. گەنجینەی حکومەتی هەرێم پارەی تێدا نیە، گەنجینەی بنەماڵە سیاسیە دەستڕۆشتوەکانی کوردوستان پڕە، گەنجینەی سەرمایەدارانی فرەملیۆنەر و فرەملیاردێر پڕە، ئەو سەرمایەدارانەی بە نزیکی لە پارتی و یەکێتی ، لە سامانی کوردوستان بە شێوەیەکی ناڕەوا ئەو ملێۆنەها و ملیاردەها دۆلارەیان پێکەوە نا. خاوەنەکانی ئەم دو گەنجینە پڕە ئامادە نین بەشداری بکەن لە چارەسەری ئەم قەیرانە داراییەی بەرۆکی کۆمەڵانی خەڵکی گرتوە. وا مەزەنە دەکرێت حکومەتی هەرێم بە بڕی پترلە٢٠ ملیارد دۆلار قەرزاری کۆمپانیاکانی نەوت بێت. نەوت کە بڕبڕەی پشتی ئابوریی کوردوستانە، وادیارە دۆسیەکەی تەنانەت نێچیروان بارازانی و وەزیری نەوتەکەی (ئاشتی هەورامی) ش سەری لێدەرناکەن ، یا دەتوانن بزانن، بەڵام ئەوەندە ترسناکە کە نایانەوێ بیزانن. نرخی بەرمیلی نەوت ئەوەندە دابەزیوە پارەی تێچوی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نزیک بۆتەوە لە نرخی فرۆشتنی! ڕێژەیەکی زۆری گەنجانی کوردوستان بە دەرچوی پەیمانگا و زانکۆکانەوە بێکارن و بێئایندەن. کابینەی ٩ ی حکومەتی هەرێم لە سەر بناغەی هەڵبژاردنی پەرلەمانێک دامەزراوە کە لە سەدا شەستی خەڵکی کوردوستان بەشداریی تێدا نەکردوە و دەنگی بۆنەداوە. ئەم حکومەتە هیچ پلانێکی کۆنکرێتیی ئابوری و دارایی نیە بۆ چارەسەری کێشەکان. دەسەڵاتی دادوەریی دادگاکانی کوردوستان، لە کێشە یاساییە گەورەکاندا وەک گەندەڵی و ئازادیی دەربڕینی بیروڕای سیاسی، لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوە بە چەکوشی دەستی پارتی ، لە دەڤەری ژێر دەسەڵاتی یەکێتیش بوە بە چەکوشی دەستی یەکێتی .
دەڤەری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە بەر ڕەحمەتی سوپای پاسداران و دەسگای جاسوسیی (ئیتیلاعت) دایە. دەڤەری ژێر دەسەڵاتی پارتی لە ژێر ڕەحمەتی فرۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی ڤانتۆم و دەسگای جاسوسیی تورکیا (میت) و سەربازگەکانی کە خەریکن نزیک هەولێری پایتەخت دەبنەوە، دایە. عێراقی دوای سەدام ئەگەر بێعەقڵیی سیاسیی ڕیفراندۆم ویستەکان نەبوایە، توانای ئەوەیان نەبو هێرش بکەنە سەر کوردوستان.
مام ئەمریکاش متمانەی تەواوی پێناکرێت، نزیکترین ئەزمون پەیەدەی سوریا بو کە چۆن پشتی تێکرد و بەرامبەر تورکیای خاوەن تازەترین چەک بەتەنیا جێیهێشت.
دەسەڵاتی سیاسی لە ناو پارتیدا گیریخواردوە لە نێوان ، یەکەم: خاوەن شکۆ مەسعود بارازانی کە (بارەگای بارزانی) ی کردوە بە چەق و ناوەندی دەسەڵاتی خێڵەکی و دەسەڵاتەکانی تری. دوهەم: نێچیروان بارزانیی برازای لە کۆشکی سەرۆکایەتیی هەرێم. سێهەم: مەسرور بارزانیی سەرۆک وەزیران.
دەسەڵاتی سیاسی لە ناو یەکێتیدا دابەشبوە بە سەر پێنج تەوەر دا: تەوەری یەکەم: کوڕانی مام جەلال. تەوەری دوهەم: کوڕانی شێخ جەنگی. تەوەری سێهەم: کچانی ئیبراهیم ئەحمەد. تەوەی چوارەم: کۆسرەت ڕەسوڵ و کوڕەکانی.تەوەری پێنجەم: سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی کە ناوبەناو وەک کیسەڵ سەریان لە قاوغەکانیانەوە دەردەهێنن و دەکەونە جۆرێک لە یاری و مناوەرە لە نێوان چوار تەوەرەکەی تردا ، نازانم بۆ دوای ڕەشەبای دوا کۆنگرەی یەکێتی ئاوا بێدەنگن یا بێدەنگکران؟

من نازانم چارە سەری ئەم هەموە کێشە تازە و کۆنانە چیە؟ بەڵام دەزانم چی چارەسەر نیە و نابێت بیکەین:
یەکەم: شەڕ بە هەمو جۆرەکانیەوە جگە لە شەڕی بەرگری ، بۆ نمونە دژی داعش و هاوشێوەکانی.

دوهەم: بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و کپکردنی دەنگە ئازا و ئازاد و دڵسۆزەکانی ئۆپۆزیسۆنی کوردوستان بە هەمو جۆرەکانیەوە.
سێهەم: ترساندنی خەڵکی کوردوستان بە نمایشکردنی هێزی چەکداری جۆراوجۆر، کە یەکێکە لە ناشرینترین و ناجوامێرترین ڕەفتارەکانی دەسەڵاتی کوردی بە هەردو بەشەکەیەوە، ئەم نمایشانە لە هەولێر و بادینان زۆرتربون و زۆرترن هەتا لە سلێمانی و ڕاپەڕین وگەرمیان.
چوارەم: نابێت هەرگیز بێهیوا بین و ساردبینەوە لە خەباتی درێژخایەنمان بۆ ئازادیی کورد و ڕزگاریی کوردوستان.
پێنجەم: نابێت متمانە وبڕوا بکەین بە هیچ حیزبێکی یا بزوتنەوەیەکی سیاسی ، یا بە هیچ سەرکردەیەکی سیاسی یا ڕابەرێکی دینی کە لافی ئەوە لێبدا و ئیدیعای ئەوە بکات ئەتوانێ کوردوستان و گەلەکەی لەم قەیران و کێشانە ڕزگاردەکات.
شەشەم: نابێت ئیرادە و بڕیاری خۆمان بدەینە دەست هیچ هێزێکی دەرەکی با زۆر دۆستایەتیشمان بکات.
حەوتەم: نابێت ڕاستیە تاڵەکانی دۆسیەی نەوت و گازی کوردوستان و قەرزەکانی سەر شان و کۆڵی کوردوستان ئاوا تائێستا بە نهێنی بمێنێتەوە.
هەشتەم: پۆپۆلیزم کە بریتیە لە سودوەرگرتن و بەکارهێنانی ناڕەزایەتیە ڕەواکانی خەڵک بۆ ئامانجی حیزبی و کەسیی تەسک ، بۆ نمونە بەکارهێنانی نائومێدی و توڕەیی خەڵک بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانی توندوتیژ.
نۆهەمەم: لە بەر ئەوەی کورد یەک نەتەوەیە و کوردوستان یەک کوردوستان، کەواتە نابێت بەشێک بە دژایەتیکردنی بەشێکی تر وابزانێ بۆ بەشەکەی خۆی باشە و ڕزگاری دەکات لە ستەم و چەوساننەوەی داگیرکەری بەشەکەی خۆی.
دەهەم: نابێت خۆمان بەکەمتر یا بەزیاتر بزانین لە هیچ نەتەوەیەکی تر.
یازدەهەم: نابێت بهێڵین ژن بە چاوی سوک سەیربکرێت و ستەمی لێبکرێت و ئازادیی لێ قەدەغە بکرێت.
دوازدەهەم: بۆ بەڕیوەبردنی ژیانی ڕۆژانەمان نابێ چاوەڕیی کۆمەکی حکومەتی هەرێمی کوردوستان بکەین، دەنا بە برسێتی سەردەنێینەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە